لیژنەی ئەمنی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "گۆڕانكاری لە بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا نەكراوە و كۆتایی بە پاشاگەردانی و یاساشكێنی دەهێنین".
دەقی روونکردنەوەکە
روونکردنەوەیەک لە لێژنەی ئەمنی سلێمانی
بۆ ڕای گشتی
لە چەند پەیج و ماڵپەر و کەناڵێکی راگەیاندن ھەواڵێکی ناڕاست و بەمەبەست وچەواشەکارانە بڵاو کراوەتەوە کە گۆڕانکاری بەسەر بڕیاری دەستبەسەرا گرتن و قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کراوە ، یاخود بڕیارەکە گۆرانگاری بەسەر ھاتووە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا ناگرێتەوە .
ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی سلێمانی و بۆ ھەموو لاێکی رادەگەێنین کە ئەم ھەواڵە دوورە لە راستییەوە و بەھیچ جۆرێک ھیچ پاشگەز بونەوە و گۆرانگاری بەسەر بڕیارەکەمان نەھاتووە چونکە بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە و زۆر بەووردی دیراسە کراوە و کۆدەنگی و ھەماھەنگی سەرجەم لاێنەپەیوەندیدارەکانی لەسەرە وبەتەواوی نییەتمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی ویاساشکێنی وشێواندنی سیمای شارستانی و ئارامی شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرین ، و زۆر جدی و سوورین لەسەر جێ بەجێ کردنی ھەر بڕیارێک دەبین کە بڕیاری لەبارەوە بدەین .
هەسەدە كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەوت گوندی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای سوریادا بوون.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هەسەدە ئۆپەراسیۆنێكی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەوت گوند دەستپێكرد و دوای روبەڕوبوونەوەیەکی سەخت لەنێوان هەسەدە و سوپای سوریادا، هەسەدە توانی گوندەكانی 'حسێنییە، ساڵحییە، حتە، مەڕات، مەزڵوم، خشام و تابیە' كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.
هاوكات ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، مەترسیی پەلاماری شانە نوستووەكانی داعش دروستبووە و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو حەوت گوندەش لەسەر داوای دانیشتووانیان بووە.
لە رۆژی ٢٧ی مانگی رابردووەوە شەڕ و پێکدادان لە سوریا دەستی پێکردووە و گروپە چەکدارەکانی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون هێرشەکانیان بەرەو ناو حەلەب دەستپێکردووە، لە ئێستاشدا بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای بەپەلە راگرتنی شەڕ دەکات لە سوریا.
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە بارودۆخی کارەبا دەکات و دەڵێت، "لە مانگی ١١ دا،زیاتر لە ١٦ سەعات کارەبای نیشتمانیمان دابینکردووە".
د. کەمال محەمەد وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە مانگی ١١دا، ١٦ سەعات و ٢٠ خولەک کارەبای نیشتمانیمان دابینکردووە".
ئاماژە بەوەدا، "لەم چەند رۆژەدا بەکارهێنەرانی کارەبا زیادیکردووە، بۆیە هەشت تا دە سەعات کارەبامان دابینکردووە و هەندێک جاریش لەنێوان شارەکاندا کاتەکەی گۆڕانکاری تێدایە".
هەسەدە ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی حەوت گوندی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستپێكرد و روانگەی سوریش دەڵێت، "رووبەڕووبوونەوەی قورس لەنێوان هەسەدە و رژێم هەیە"
روانگەی سوری رایگەیاند: ئۆپراسیۆنەكە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و روبەڕوبوونەوەی قورس لەنێوان هەسەدە و رژێم هەیە.
ئەنجومەنی سەربازی دێرەزووریش ئاماژەی بەوەداوە: ئۆپراسیۆنەكە لەسەر داوای گوندەكان ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەهۆی رووداوەكانی رۆژئاوای سوریا مەترسی پەلامارەكانی داعش سەریهەڵداوە
لە ئەمڕۆوە تۆماری بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە تۆماری بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.
وتیشی، ئەو دەنگدەرانەی كێشەی پەنجەمۆریان هەیە، پەنجەمۆریان لێوەردەگیرێت و بۆ كارتی بایۆمەترییەكەیان زیاددەكرێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی ١٥ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان راگیرا.
ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور لەژێر ناوی گەڕاندنەوەی حەوت گوند، ئامادەكاری دەكات بۆ ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی شارەكە.
لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ڕادەگەیەنێت ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەمنی كە لە ئەنجامی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای سوریا هاتووەتە ئاراوە.
ئەنجومەنەكە دەڵێت، مەترسیی جددی پەیوەست بە جوڵەی شانەكانی سەر بە داعش بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە نەپارێزراوەكان دروستبووە بەت ایبەتی لە باكور و ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر.
دووپاتیشكردووەتەوە، هێزەكانیان بەرپرسیارن لە پاراستنی خەڵكی گوندەكانی حسێنییە و ساڵحییە و حتە و مەڕات و مەزڵوم و خشام و تابیە و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی هەسەدە كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی رژێمدان.
دووپاتیكردووەتەوە كە هاتنەناوەوەی هێزەكانیان بۆ ناو ئەو حەوت گوندە لە وەڵامی بانگەوازی خۆیان دێت، ئەمەش دوای زیادبوونی مەترسییەكانی داعش بۆ سەریان.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی شەڕ و ئاڵۆزییەكان ئامادەن لەگەڵ توركیا و هەموو لایەنەكان گفتوگۆ بكات.
لە بەیاننامەیەكدا مەسەدە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە فشار لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی سوریا بكات، شەڕ بوەستێنن و پرۆسەی سیاسی بە بەشداری هەموو لایەنەكان دەستپێبكرێت.
دەربارەی ڕەوشی كۆچبەرانی هەرێمی شەهبا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش كردووە دەستوەردانی پەلەبكەن، خەڵكی مەدەنی و پێكهاتەكان لە شەڕ و قڕكردن و كۆچ بپارێزن.
داواشی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە پشتگیری هەسەدە بكات و هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی عیراق و هەسەدە دروستبكات.
هەروەها ئامادەیی نیشانداوە لەگەڵ توركیا و هەموو لایەنەكان دیالۆگ بكات و بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێبكرێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە سێ پڕۆژەیاساكەی تایبەت بە كورد و سوننە و شیعە كۆدەبێتەوە و هەر سێ پڕۆژەیاساكە بە یەك پاكێج دەخاتە دەنگدانەوە.
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوز راگەیاند، لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی بە ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك و لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری كەسێتی داوە، بەڵام بەهۆی گرژییەكان و بێ متمانەی نێوان كورد و سوننە و شیعەوە، دەنگدان بەكۆی پڕۆژەیاساكان خراوەتە دانیشتنی ئەمڕۆوە.
وتیشی، سوننەكان رێگرن لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان لە ناوچەكانی سنوری مادەی ١٤٠ كە بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەسنوری كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێتەوە.
بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان و دژی هێرشی گروپە چەكدارەكان، لە ئیستەنبوڵ گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچوو و ژمارەیەك خۆپیشاندەریش لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستگیركران.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان و دژی هێرشی گروپە چەكدارەكان بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا" گردبونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوچەی (شیشانە) لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ژمارەیەكە لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەمپارتی بەشداری گردبوونەوەكەیان كردووە و پۆلیسی توركیاش بە مەبەستی بڵاوپێكردنیان هێرشی كردووەتە سەر بەشداربوانی گردبوونەوەكە و زیاتر لە 50 كەس بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستگیركردووە.
حكومەتی عیراق موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هەزاران كوردی دانیشتووی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی راگرتووە بە پاساوی ئەوەی ئەو موچەخۆرانە شەش مانگ لەسەریەك موچەكانیان لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، حكومەتی عیراق موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هەزاران كوردی دانیشتووی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی راگرتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاساوی حكومەتی عیراق بۆ راگرتنی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی ئەو كوردانە ئەوەیە، شەش مانگ لەسەریەك موچەكانیان لەڕێی هەژماری بانكییەوە لە نوسینگەكانی دراو لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، حكومەتی عیراقیش بە پشتبەستن بە شوێنی وەرگرتنی موچەكانیان، ئەو موچەخۆرانی بە دانیشتووی هەرێم هەژماركردووە و موچەكانیانی بڕیووە، لەبەرئەوەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی كوردسات نیوز، ئەو كەسانەی موچەی چاودێرییان لەلایەن حكومەتی عیراق راگیراوە دەیانەوێت موچەكانیان بەردەوامی هەبێت، دەبێت سەردانی یەكەیەكی چاودێری كۆمەڵایەتی بكەن و ئەستۆپاكی بدەن كە خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێل و موچەی دیكە نین و داواش بكەن پێداچوونەوە بەو بڕیارە بكرێت، تاكو بەغداد دابەشكردنی موچەكانیان دەستپێبكاتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی بە ماددەكانی سێ پڕۆژەیاسا مشتومڕاوییەكەی تایبەت بە كورد و سوننە و شیعە دا، سبەینێش بە یەك پاكێج دەنگ بەكۆی هەر سێ پڕۆژەیاساكە دەدات.
دوای مشتومڕو دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی چەند خولەكێك، دواجار ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی ١٩٣ ئەندام كۆبوەوە و دەنگیدا بە ماددەكانی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری كەسێتی.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كورد و عەرەب و سوننە ترسیان هەبووە لە رەتكردنەوەی هەر یەكێك لەو پرۆژەیاسایانە، هەربۆیە كۆبوونەوەكە بۆ سبەینێ دواخرا و بڕیاردراوە لە دانیشتنی سبەینێدا كۆی سێ پرۆژەیاساكە بە یەك پاكێج دەنگیان لەسەر بدرێت و تێپەڕێنرێن.
پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان تایبەتە بە ناوچەكانی سنوری مادەی ١٤٠ و زەویوزاری ناوچەكانی خانەقین و مەندەلی.
بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە، نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەسنوری پارێزگای كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێتەوە، بەڵام هەوڵی لایەنە كوردییەكان بۆ ئەوەیە لەرێی زیادكردنی ماددەی دیكەوە زەویوزارە داگیركراوەكان لە تەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان، كە بە نزیكەی یەك ملیۆن و ٢٢٨ هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئەلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (2/12/2024) لە هەولێر بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێم ئامادەی بوون، باس لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان کرد و هیوای خواست لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بە قۆناغی زۆر قورسدا تێپەڕبووەوە و پێویستە حکومەتی داهاتوو بە شێوەیەک پێکبهێنرێت کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت و دادپەروەرانە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.
هەردوولا هیوایان خواست لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک مامەڵە بکەن سەقامگیری عێراق و کوردستان پارێزراوبێت.
دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێکرد و تێیدا خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی بۆ خاوەنەكانیان لە ناوچە جێناكۆكەكان دەكرێت.
دانیشتنەکە بە بەشداری ١٧١ ئەندام دەستیپێكرد و خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی بۆ خاوەنەكانیان لە ناوچە جێناكۆكەكان دەكرێت، هەروەها ئەنجومەنەکە دوو ماددەی لە پرۆژەیاساکە پەسەند كرد.
نوێدەکرێتەوە....
گوندی '' داریبوکو'' ناسراو بە گوندە نوقومبووەکە لە پارێزگای ئیسپارتا لە تورکیا، پاش ١٠ ساڵ دیار نەمانی لە ژێر ئاوی بەنداوی قاسملار، دووبارە دەرکەوتەوە.
دانیشتوانی گوندەکە لە ساڵی ٢٠١٢ گوازراوەتەوە بۆ خانووی تازە لە کاتی بنیاتنانەوەی بەنداوەکە تاکوو کاتی تەواوبوونی لە ساڵی ٢٠١٦.
لەگەڵ کەمبوونەوەی باراندا و کەمبوونەوەی ئاو لەم دوایانەدا، شوێنەوارەکانی گوندەکە دووبارە دەرکەوتونەتەوە کە چەند خانوویەک و مزگەوت، هێڵی کارەبا، هەروەها شەقامەکانیەتی کە بووەتە باس و خواستی گەشتیاران بۆ سەردانیکردن و وێنەگرتن لە شوێنەکەدا
هاوشێوەی ئەم ڕووداوە لە ئیسپانیا کە لە ناوچەی گالیسیا لە ئیسپانیا گوندی ئەسیریدۆ دووبارە دەرکەوتەوە کە لەساڵی ١٩٩٢ ژێر ئاو کەوتبوو
وە لە ئیتاڵیا گوندی فابریچ دی کاریجین لە پارێزگای لوکا دووبارە دەرکەوتەوە دوای نقومبوونی لە ساڵی ١٩٤٦ بەهۆی دروستکردنی بەنداوێک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ڕووباری فاجیلی کە ڕووبارێکی دەستکردە، وە گوندەکە لە کاتی بەتاڵکردنەوەی ئاوی بەنداوەکە دووبارە دەردەکەوێتەوە کە کۆمەڵێک خانووی بەردین و پرد و گۆڕستان و کڵێسایەکی تێدایە
پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خوارد و دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی كرایەوە و ١٦ پەرلەمانتار خۆیان كاندیدكرد.
لە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاجیاكان سوێندی یاساییان خوارد و دواتر محەمەد سلێمان سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان، دەرگای خۆ كانددیكردنی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردەوە.
هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، د. میران محەمەد، كوردەوان جەمال، د. ڤالا فەرید، هەڵگورد نەجیب بۆ سەرۆكی پەرلەمان و هەریەك لە ئازاد محەمەد ئەمین، ئومێد عەلی حەمەساڵح، مەرد علی رەسوڵ، بەهجەت عەلی ئیبراهیم، عەدنان حسێن، بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان و شەش پەرلەمانتاریش خۆیان بۆ سكرتێری پەرلەمان كاندیدكرد.
دواتر بەهۆی ئەوەی تەنیا ٤٧ ئەندام لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبوون، كۆبونەوەكە رێژەی یاسایی لەدەستدا و دواخرا تا ئەو كاتەی رێژەی یاسایی تەواو دەكات.
لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا، کاندیدە دەرچووە ئامادەبووەکان سوێندی یاساییان خوارد.
لە دانیشتنەکەدا بەتەمەنترین کاندیدی دەرچوو دانیشتنەکری بەڕێوەبرد و بەپێی کارنامەی پەرلەمان سەرجەم کاندیدە دەرچووە ئامادەبووەکان سوێندنی یاساییان خوارد.
هەروەها سەرۆكایەتی كاتی پەرلەمانی كوردستان داوای لە پەرلەمانتاران کرد، یاسای گونجاو بۆ ئاسانكردنی ژیانی هاووڵاتییان پەسەند بكەن.
محەمەد سلێمان سەرۆكی كاتی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە وتاری كردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند، خولی شەشەم لە قۆناغێكدا دەستبەكار دەبێت، كە دووچاری چەندین قەیرانی قورس بونەتەوە.
وتیشی، پەرلەمانتاران لەبەردەم ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانیدان كە خەڵكی كوردستان خستویەتیە سەرشانیان، ئەویش بەرگریكردنە لە قوت و ژیان و پاراستنی خەڵكی كوردستان، بە پەسەندكردنی یاسای گونجا و بۆ ئاسانكاری ژیانی هاووڵاتیان.