سیناتۆرێكی كۆمارییەكان رایدەگەیەنێت، ترەمپ دەیەوێت پێش دەستبەكاربوونی ئاگربەستی جەنگی غەززە رابگەیەنرێت.
لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریخوازەكانی ئەمریكا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پێداگریی لەوەكردووە کە دەبێت پێش رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت.
دەشڵێت، ترەمپ دەیەوێت كۆتایی بە جەنگ لە غەززە بهێنێت، هاوكات چارەنووسی بارمتە ئیسرائیلییەكانی لای حەماسیش یەكلایی بكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، وەفدێكی حەماس بە ئامانجی وەرگرتنی پێشنیازەكانی میسر بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەكان سەردانی قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتەی كردووە.
تا ئێستا چەندجارێك هەر یەكە لە وڵاتانی میسر، ئیمارات و ئەمریكا هەوڵی ئاگربەستیان بۆ جەنگی غەززە داوە، بەڵام زۆربەی هەوڵەكانیان شكستیان هێناوە.
جێبەجێكردنی پرۆژەی رووناكی لە گەڕەكەكانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا، حەوت گەڕەكی دیكەی هەولێر كارەبایان بكرێتە ٢٤ سەعاتی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، جێبەجێكردنی پرۆژەی رووناكی لە گەڕەكەكانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە، لە ئایندەیەكی نزیكدا، گەڕەكەكانی شەهیدانی كوران و بەهاری كۆن و كرێكاران و كوردستان و نەسیج و رزگاری كارەبایان بكرێنە ٢٤ سەعاتی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا دەستكراوە بە چاككردنی پێوەری كارەبای ماڵەكانی ئەو حەوت گەڕەكە و هەڵسەنگاندنی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تێیاندا دەكرێت، بەوهۆیەشەوە، لە سەعات ٨ـی بەیانی بۆ ٥ـی ئێوارە كارەبای نیشتمانی و موەلیدەیان نییە.
پێشتر حكومەتی هەرێم پرۆژەی رووناكی راگەیاند، بۆ دابینكردنی كارەبای ٢٤ـی سەعاتی و بڕیارە لەماوەی دوو ساڵدا، پرۆژەكە لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێكرێت.
لەمیانەی سەردانەکانی وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٤، وەفدەکە بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەل محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەووکەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەردوولا ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئامادەکارییەکانی قۆناغی باش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.
سەبارەت بەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی هەماهەنگی باشی لایەنەکان لەپێناو دروستبوونی تێگەیشتنی زیاتر بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بتوانرێت خزمەتی باشتری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پتەو کردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە و بۆ قۆناغەکانی داهاتوو هەماهەنگی زیاتر و باشتریان هەبێت.



یەکێتی و پارتی سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سلێمانی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە
دەقی راگەیەنراوەکە
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسلێمانی لەکەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، پێکەوە باسیان لەبابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە هەردوو وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش.
سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کەبڕیارە ٢ی ١٢ بەڕێوەبچێت، هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.
وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، "زۆربەی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەربوون" و دڵنیاییدا لە چارەسەربوونی ئەو گرفتانەشی کە ماون.
د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "زۆربەی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەربوون و ئەوانەشی کە ماون چارەسەردەکرێن".
ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دوو کێشەی سەرەکی هەرێم و بەغدابوون.
هەروەها پەیامنێری کوردستان رایگەیاند، سبەی مووچەی مانگی ١٠ـی فەرمانبەرانی هەرێم دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرانی عیراقیش دڵنیاییان داوە لە زامنکردنی مووچەی مانگی ١١ و ١٢ـی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها چاوەڕێش دەکرێت رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت سەبارەی بە مووچەی ساڵی ٢٠٢٥.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرلین چاوی بە دکتۆر تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کەوت.
لەکۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ دکتۆر لیندنەر و تیمەکەی کرد.
هەروەها جەختیان لە هاوبەشییە بازرگانییەکانی داهاتوو و رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجانی کوردستان کردەوە.
لە هەمان رۆژدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر ڤۆڵکەر پێرسس، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش (SWP) کە سەنتەرێکی پێشەنگی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئەڵمانیایە کۆبووەوە کە ساڵانێکی زۆرە دڵسۆزی دۆزی کوردە و بەردەوام سەردانی کوردستانی کردووە .
لەکۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دواین پێشهاتەکانی کوردستان و عیراقی بۆ پڕۆفیسۆر ڤۆڵکەر خستەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ تیشکی خستەسەر رۆڵی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تواناکانی بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ کوردستان بۆ گەشەپێدانی ئابووری بۆ رەخساندنی خۆشگوزەرانی و دەرفەت بۆ خەڵکەکەی.

هاوسەرۆكی شارەوانی دێرسیم لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەرە و دەڵێت، بیانبەن بۆ زیندان یان بە بارمتەیان بگرن یخود لە ماڵەكانیان بیانهێڵنەوە لە خەبات بەردەوام دەبن.
بیرسن ئۆرهان هاوسەرۆكی شارەوانی دێرسیم،كە لە ٢٢ی ئەم مانگە دەرخرایەوە و قەیوم لە شوێنەكەی دانرا، لە ئێستادا لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەرە و لە ژێر چاودێریدایە رایگەیاند، لە ٢٠ی ئەم مانگە، جموجۆڵێكی نائاسایی لە دێرسیم دەستیپێكردووە و ڕێوشوێنی ئەمنی لە دۆسیەی جەودەت كۆناك هاوسەرۆكی شارەوانی دێرسیم و مستەفا ساریگول هاوسەرۆكی شارەوانی پولور گیراوەتەبەرلە ٢٢ی مانگیش لەناكاو گەمارۆدراون.
راشیگەیاندوە، بە بیانووی دژایەتی دژی یاسای خۆپیشاندان و ڕێپێوان و بەرخۆدان لە دژی پۆلیس دەستبەسەركراوە، جەختی لەوەشكردوەتەوە ئەگەر لە ماڵەكانی خۆیاندا بیانهێڵنەوە، یان بیاننێرن بۆ زیندانەكان، یاخود بە بارمتیمان بگرن، مەیدانی خەبات چۆڵناكات و لە خەبا بەردەوام دەبێت.
گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دەستیان بەسەر فڕۆكەخانەی سەربازی ئەبو زههور لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب دا گرتووە و لە ٧٥٪ی گەڕەكەكانی حەلەبیان كۆنترۆڵ كردووە، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆیان لەكاتەكانی شەودا لەناو گەڕەكەكاندا ڕاگەیاند.
لە ٢٧ی ئەم مانگەوە چەكدارەكانی تەحریر شام، بەردەوامن لە پێشڕەوی بە ئاراستەی شاری حەلەب، بەبێ بەرهەڵستكاری هێزەكانی حكومەتی سوریا لە ٧٥٪ی شارەكە كەوتووەتە ژێر دەستی چەكدارەكان، دوای دەستبەسەرداگرتنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیش سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان ڕاگیراون.
ژمارەی كوژراوانی سەربازی و مەدەنی بەهۆی شەڕەكەوە كە چوار ڕۆژە لە ناوچەكانی ئیدلب و حەلەب بەردەوامە، گەیشتووەتە ٣٠١ كەس و برینداربووی دەیانی دیكە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، تا ئێستا هەردوو گەڕەكی كوردنشینی "شێخ مەقسود و ئەشرەفییە" كە دەكەونە بەشی باكوری حەلەبەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدان و شەڕڤانان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ روبەڕووبونەوەی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر ئەو دوو گەڕەكە.
دوای رێككەوتنی ئاگربست لە لوبنان، ئاوارە لوبنانییەكانی عیراق دستیان كردووە بە گەڕانەوە بۆ وڵاتەكانیان و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو هەزار و ٥٠٠ ئاوارە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان.
توركی محەمەد مەحلاوی قائیمقامی قائیم لە پارێزگای ئەنبار ئاماژەی بەوەكرد، گەڕانەوەی لوبنانییەكان دوای بڕیاری ئاگربەست لە عیراقەوە بۆ وڵاتەكەیان لە ڕێگەی دەروازەی سنووری قائیمەوە دەستیپێكردووە ژمارەی ئەو كەسانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەڕاونەتەوە گەیشتووەتە (٢٥٠٠) هاووڵاتی لوبنانی كە لە عیراق نیشتەجێبون.
قائیمقامی قائیم دەشڵێت، حكومەتی خۆجێی ئەنبار ئاسانكاری كردووە بۆ ئەو كەسانەی كە دەگەڕێنەوە و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش پاسی تایبەتی بۆ گواستنەوەیان دابین كردووە و هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابینكراوە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق ئیسرائیل و ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی لە پشت روداوەكانی ئێستای سوریایەوەن و دەڵێت بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكەن.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بەوردی چاودێریی دۆخی سووریا دەكەن، لەو وڵاتە چەند رێكخراوەی تیرۆریستی بە پلانی ئەمەریكا و ئیسرائیل سەرقاڵی گێرەشێوێنین كە هاووڵاتی چەندین وڵاتی جیاوازیان تێدایە.
دەشڵێت، ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات كاردانەوەشی لەسەر وڵاتانی ناوچەكە دەبێت، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی سوریا و هەركەس ئاگر هەڵگیرسێنێت پریشكی ئەو ئاگرە بەرخۆشی دەكەوێت.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاند، لە زنجیرە چیای حەمرین پێنج تیرۆرست كوژراون و چەند ئامێرێكی پەیوەندی و تەقەمەنی دەستیان بەسەردا گیراوە.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، ئێوارەی هەینی بە پشت بەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان لە زنجیرە چیای حەمرین لە نزیك كەركوك بە فرۆكەی ئێف ١٦ ئۆپراسیۆنێكیان ئەنجامداوە.
وتیشی، دوای بۆردومانەكە و پشكنینی ناوچەكە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی پێنج تیرۆرست دۆزرانەوە و چەك و تەقەمەنی و ئامێری پەیوەندی ئەو گروپە دەستیان بەسەردا گیرا.
كۆریای باكور و روسیا رێككەوتنێكی نوێ بۆ زیاتر فراوانكردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوانیان ئیمزا دەكەن.
میدیاكانی كۆریای باكوور بڵاویانكردووەتەوە، كیم جۆنگ ئون سەرۆكی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئەندیە بیلۆسۆڤ وەزیری بەرگری روسیا كۆبووەتەوە و رایگەیاندووە، روسیا توانیویەتی لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆكردندا نەیارەكانی والێبكات باجێكی قورس بدەن لەسەر دژایەتیكردنی مۆسكۆ، بۆیە كۆریای باكوریش بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە روسیا و سەروەری خاكەكەی دەكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆریای باكوور و وەزیری بەرگری روسیا رێككەوتنێكی نوێیان ئیمزاكردووە بۆ زیاتر فراوانكردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوانیان و هاوبەشییە ستراتیژییەكانیان كە زیاتر كەرتی بەرگری و پاراستنی سەروەری و ئاسایش دەگرێتەوە.
كڕینی كتێبێكی دژە ئیسرائیل لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاوە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دوێنێ لە رۆژی بلاك فڕایدەی كتێبێكی كڕیوە كە ئیسرائیل بە داگیركەر ناودەبات و باس لە مقاوەمەی فەڵەستین و دروستكردنی ئیسرائیل دەكات لە ساڵانی ١٩١٧ بۆ ٢٠١٧ .
دەشڵێت، كتێبەكە لەلایەن رەشید خالیدی پرۆفیسیۆر لە زانكۆی كۆڵۆمبیا نوسراوە و ئاماژە بە سیاسەتەكانی ئیسرائیل دەكات بەرامبەر فەڵەستینیەكان و نازانرێت ئەوكتێبەی بایدن كڕیویەتی خۆی هەڵیگرتووە یان یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی كڕیویەتی.
دەستەی كەشناسی عیراق رایگەیاند، كاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەی رووی لە عیراق و هەرێم كردووە بەردەوام دەبێت و لە سلێمانی پلەكانی گەرما دەگاتە ژێر سفری سەدی.
دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەی ماوەی چەند رۆژێك رووی لە وڵات كردووە بەردەوام دەبێت و لە شەو و بەرەبەیاندا پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
دەشڵێت، رەشەبا لە ناوەڕاست و باكوری عیراق و هەرێم هەڵدەكات و پلەكانی گەرما لە سلێمانی بۆ دوو پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزن.
هاوكات، بەرگریی شارستانی هەولێر چەند رێنماییەكی بۆ هاووڵاتیان بڵاوكردەوە وەكو ئامادەكارییەك بۆ هاتنی سەرما و دەڵێت، پێویستە هاوڵاتیان دڵنیا ببنەوە لەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان ئامادەكراوە بۆ روبەڕوبونەوەی كەشوهەوایەكی سارد و گرنگە كە پشكنین بۆ ئامێرە گەرمكەرەوەكان بكرێت.
ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی سەعات یەک لە سلێمانی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە
وەفدەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی دەبێت و ئەندامەکانیش بریتیدەبن لە رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
هەروەها وەفدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری دەبێت و ئەندامەکانیش بریتیدەبن لە پشتیوان سادق ئاندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و دڵشاد شەهاب ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی
عیراق چەند لیوایەكی رەوانەی سنورەكانی لەگەڵ سوریا كرد، وەزیری بەرگریش دەڵێت سوپا ئامادەیه سنوور و ئاسمانی عیراق لەهەر هەڕەشەیەك بپارێزێت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی عیراق رایگەیاند، ٥ لیوای سوپا و حەشدی شەعبی له سنووری عیراق و سوریا جێگیركراون.
هاوكات سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عیراق رایگەیاند، سوپا ئامادەیه سنوور و ئاسمانی عیراق لەهەر هەڕەشەیەك بپارێزێت و ڕێگە نادەن هیچ تیرۆریست و تێكدەرێك دزە بكاتە ناو خاكی عیراق.
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری عیراق لەكاتێكدایە، گرژییە ئەمنییەكان لە سوریا و سنووری عیراق زیادیكردووە، دوای ئەوەی گروپی چەكداریی تەحریر شام بەشێكی حەلەبی كۆنتڕۆڵكرد.
لای خۆیەوە، لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، سنووری عیراق لەگەڵ سوریا بەتەواوی پارێزراوە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، وتیشی هێزەكانی سنوور جگە لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و كامێرای گەرمیی، نوێترین چەك و كەلوپەلی سەربازییان پێیە.