قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەگەڵ عەبدوڵا مەتەر ئەلمەزروعی باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق کۆبووەوە و باسیان لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا و کارئاسانی بۆ بازرگانان کرد.
کۆبوونەوەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو و قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئیمارات کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیمارات لە هەموو بوارەکاندا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ستایشی رۆڵی باڵیۆزخانەی ئیمارات و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەی کرد لە هەرێم کە لە ماوەکانی رابردوودا رۆڵی بەرچاویان بینیوە لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە بە تایبەت لە بوارەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵ هەیە کە لە بەرژەوەندی هەردوو لادایە حکومەتی ئیمارات هانی وەبەرهێنەران و بازرگانەکانی وڵاتەکەی بدات لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد باڵیۆزخانەی ئیمارات کارئاسانی زیاتر پێشكەشی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکات و لەمبارەیەشەوە باڵیۆزی ئیمارات ئامادەیی خۆی دەربڕی هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ بازرگانانی هەرێم بکات تا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران هەوڵەکانی بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری و گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پشتگیریکردنی گەنجانی کارساز و داهێنەر و هەنگاوەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی دامەزراوەکانی حکومەت بۆ باڵیۆزی ئیمارات روون کردەوە و ئاماژەی بەوەشدا لەم بوارانەدا دەکرێت سود لە ئەزمونی سەرکەوتووی وڵاتی ئیمارات وەربگیرێت و داواشیکرد حکومەتی ئیمارات لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سودانی بە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند، هیوادارن هەمواركردنەوەی یاسا بودجە گرفتی موچەی هەرێم چارەسەر بکات.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، حكومەتی هەرێم هۆكاری دواكەوتنی موچەیە و پابەندی مەرج و رێكارەكان نەبووە، کە رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی یەکێکە لە گرفتەکان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا، د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەک فراکسیۆنی یەکێتی داوای خەرجکردنی سێ موچەی کۆتایی ئەمساڵی هەرێمیان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی هەمواری یاسای بودجە كە تایبەتە بە "هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم" ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە.
دوای رووداوەکانی دوێنێی کۆریای باشوور و بڕیارە تاکلایەنەکەی یون سوک یولی سەرۆک، ناڕەزایەتی لایەنە سیاسییەکان و توڕەیی شەقام کپ نەبووەتەوە و بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی وڵاتەکە بۆ دەنگدان لەسەر لەسەرکار لابردنی یون سوک کۆببێتەوە.
لە کۆریای باشوور چی روویدا؟
درەنگانی شەوی رابردوو، یون سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوور لەرێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە رایگەیاند، یاسای سەربازی دەسەپێنن و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کار بۆ کۆریای باکوور دەکەن.
ئەو سەرۆکە باسی لەوەکرد، ئەو حزبانە لەیاسا دەرچوون و کار دەکەنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و دەستیان گرتووە بەسەر پەرلەمان و بڕیارەکانیدا، چونکە یەکیان گرتووە لەسەر کۆمەڵێک پرس و لەناویشیاندا پێشنیازەکانی بودجەی حکومەت.
یاسای سەربازی کۆریای باشوور چییە؟
یاسای سەربازی کۆریای باشوور ئەو یاسایەیە کە لە دۆخی لەناکاودا رادەگەیەنرێت و لەو کاتەدا سەرجەم دەسەڵاتە تەشریعییەکانی وڵات لادەبرێت و راستەوخۆ کار بەو یاسایە دەکرێت.
بەڵام رێکارەکانی ئەو یاسایە بە جۆرێکن کە بەپێی دەستووری پەرلەمانی کۆریا دەبێت ئەنجومەنی نیشتیمانی وڵاتەکە بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمان داوای خستنەکاری یاساکە بکات.
بەکارخستنی یاسای سەربازی دەبێت لە دۆخێکدا بێت، کە وڵاتەکە بکەوێتە بارێکی نائاسایی وەک تێکچوونی دۆخی سیاسی، دۆخێکی لەناکاوی کۆمەڵایەتی یان کارەساتی سروشتی و هەر دۆخێکی دیکە کە ببێتە پرسێکی کتوپڕ و کار لە سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و حکومەت بکات.
کە لە ساڵی ١٩٨٠وە، ئەوە یەکەمجارە دۆخێکی لەو جۆرە لە کۆریای باشووردا رووبدات و یاسای سەربازی لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە بسەپێنرێت.
ناڕەزایەتییەکانی دوای بڕیارەکە
بڕیارە تاکلایەنەکەی سەرۆکی کۆریای باشوور ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانیان تەنییەوە.
هێزێکی سەربازی زۆر بەرەو باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێکران و دەرەوە و ناوەوەی باڵەخانەکەیان گرت.
کیم یۆنگ هیون وەزیری بەرگری کۆریای باشوور کۆبوونەوەی بەپەلەی فەرماندە باڵاکانی راگەیاند بۆ ئامادەباشیکردن بۆ هەر ئەگەرێک.
لەلایەکی دیکەوە لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکانیش ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی تەواوی بەدوای خۆیدا هێنا و هەر بەپەلە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانیان ئەنجامدا.
لە دانیشتنی پەرلەماندا، بە دەنگی ١٩٠ پەرلەمانتار یاساکەیان رەتکردەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش یاساکەی بە "پووچەڵ" ناوبرد.
لە دانیشتنەکەدا ١٩٠ پەرلەمانتار لە کۆی ٣٠٠ پەرلەمانتار ئامادە بوون و سەرجەمیان دەنگیان بە رەتکردنەوەی دا.
دوای ئەوەشی کە پەرلەمان سەپاندنی یاساکەی بە زۆرینەی دەنگ رەتکردەوە، یون لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی راگەیاند.
رووداوەکانی دوای رەتکردنەوەی سەپاندنی یاسای سەربازی
هەرچەندە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران سەپاندنی یاساکە رەتکرایەوە، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتی خەڵک و حزبە سیاسییەکانی کپ نەکردەوە و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن: ئەوە هەنگاوێکی نایاسایی بوو یون سوک یول گرتیە بەر و بە تۆمەتی یاخیبوون سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین.
چان دای پەرلەمانتاری حزبی دیموکرات باسی لەوەکردووە، "مەحاڵە سەرۆک یون سوک یول خۆی لە تۆمەتی یاخیبوون لابدات و پێویستە دەست لەکاربکێشێتەوە".
هان دۆنگ هۆنی پەرلەمانتاری حزبی 'هێزی گەل' یش وتی، پێویستە سەرۆک کۆمار ئەم دۆخە کارەساتبارە بەشێوەیەکی راستەوخۆ روونبکاتەوە، هەروەها خۆی و ئەوانەشی لەو بڕیارەدا بەشدار بوون دەست لەکار بکێشنەوە.
فشارە نێودەوڵەتییەکان
لەدوای رووداوەکەوە فشارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆسەر یونی سەرۆک دەستی پێکرد.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی کۆریای باشوور کرد، بڕیارەکەی بکشێنێتەوە.
ویشی، "ئەمریکا چاودێری ئەو دۆخە دەکات کە چی روودەدات و چاوەڕوانین بە شێوەیەکی ئارام و ئەو گژییە سیاسییە چارەسەر بکرێت".
داوای دەست لەکار کێشانەوەی یون سوک یولی سەرۆکی کۆریای باشوور دەکرێت
فشارەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها ناڕەزایەتی شەقام و رەتکردنەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کۆریا کۆتایی بەو پرسە هێنا، بەڵام کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان دژی یون سوک یول نەهێنا.
لە ئێستادا خەڵکی مەدەنی و حزبەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی یون سوک دەکەن.
ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەک لە یاریدەدەر و راوێژکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان پێشکەش کردووە.
لەم دوو ساڵەی دواییدا یون رووبەڕووی لەدەستدانی بەشێکی پاڵپشتییە جەماوەری و حزبییەکانی بووەتەوە و بە زەحمەت یاسا و پێشنیازەکانی لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا تێدەپەڕێنرێن، لە ساڵی ٢٠٢٢وەوە بە شێوەیەکی گشتی ئۆپۆزسیۆن زیاتر باڵادەستە.
ئەمەش دوای ئەو پرسە دێت، کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هاوسەری یون سوک یول بووە جێگای سەرنجی میدیاکان و باس لەو جانتا گرانبەهایە دەکرا کە بەدەستییەوە بوو.
جانتاکەی دەستی هاوسەرەکەی یون بە دیاری وەری گرتبوو لە براندی کریستیان دیۆر بوو و بەهاکەی نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ دۆلار بوو، کە ئەوەش دژی دەستووری وڵاتەکەیە و هاوسەری سەرۆک کۆمار رێگەپێدراو نییە هیچ دیارییەکی گرانبەها وەربگرێت کە بەهاکەی لە ٨٠٠ دۆلار زیاتر بێت.
هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ مانگی ١١ـی هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە و بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە رۆژی یەکشەممە، ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، هاوکاریی مانگی ١١ دابەشدەکرێت.
بەپێی ئامارێك، تەنها لە مانگی رابردوودا زیاتر لە ٣٠ ژن و كچ بە هۆكاری جیاجیا لە توركیا و باكوری كوردستان كوژراون.
پلاتفۆڕمی كوشتنی ژنان رادەگرین بڵاوكردووەتەوە، تەنها لە مانگی رابردوودا ٣٢ ژن و كچ لە توركیا و باكوری كوردستان كوژران.
ئاماژەی بەوەشكردووە، گومان لە كوژرانی ٢٦ ژن و كچ هەیە، چونكە پێشتر ژمارەیەك لە كچەكان رازیی نەبوون بە هاوسەرگیریی بەزۆر، هەروەها لە كۆی ئەو ٣٢ ژن و كچە حەوت كەسیان بەهۆی ئەوەی داوای جیابوونەوەیان لە هاوژینەكانیان كردووە كوژراون.
بە پێی ئامارەكان لە ئەمساڵدا ٤٠٦ حاڵەتی ژن كوشتن لە توركیا تۆماركراوە كە ١١٨ حاڵەتیان لە باكوری كوردستان بووە.
سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد لەگەڵ میری ئێزدییەكان كۆبووەوە و داوای دەستەبەركردنی مافی ئێزدییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات بۆ ناوچەكانی خۆیان.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد، چاوی كەوت بە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییەكان لە عیراق و جیهان.
لە دیداردەكەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان تاوتوێكران، جگە لە هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە كراو سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی عیراق و هاووڵاتیانی كرد.
هەروەها جەختی لە گرنگی زیادكردنی هەوڵەكان بۆ زامنكردنی مافەكانی هەموو عیراقییەكان و ئێزیدییەكان بەتایبەتی كردەوە، بەو پێیەی ئەوان بەشێكی جەوهەری و دانەبڕاون لە گەلی عێراق.
لای خۆیەوە میر حازم تەحسین بەگ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پاڵپشتییەكانی سەرۆك كۆمار بۆ ئێزدییەكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی جەمال یوسف لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی بادینان دەکات.
دەقی پرسەنامەکە
بەڕێز هەڤاڵ جەمال یوسف، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی بادینان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی (بایز کەمال یوسف بۆتانی) برازای بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەم كە هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەبات و تێكۆشانبوون لەپێناو كوردستان.
لە خوای گەورە داواكارم كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سوپای توركیا، لە سنوری قەزای ئامێدی هاووڵاتییەكی مەدەنی تەمەن ٤٥ ساڵ گیانیلەدەستدا.
كامەران عوسمان لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤی رێكخراوی"سی پی تی" ئەمریكی بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تەقەی هێزەكانی سوپای توركیاوە هاووڵاتیەكی مەدەنی لە نزیك هروورێ لە چیای بەرواری باڵا گیانیلەدەستداوە.
وتیشی، هاوڵاتییەكە ناوی"سەباح عەبدولستارە"و خەڵكی گوندی قومریە و تەمەنی ٤٥ ساڵە، لەگەڵ دوو كەسی دیكە چوونەتە هرورێ كە بارەگای سوپای توركیای لێیە و راستەوخۆ تەقەیان لێكراوە.
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی "سی پی تی" ئەمریكیش، لە ماوەی ئەمساڵدا ١٨ كەس بەهۆی هێرش و بۆردوومانەكانی سوپای توركیاوە لە هەرێمی كوردستان گیانیانلەدەستداوە و چوار كەسیش برینداربوون.
ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغداد دەكات و دۆخی سوریا تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی دەبێت لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو گەشتێكی ناوچەیی ئەنجامدا كە سوریا و توركیای لەخۆگرتبوو بۆ ڕاوێژ و دانوستان لەسەر پێشهاتەكانی رەوشی سوریا، رۆژی هەینی سەردانی بەغداد دەكات و بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری دەرەوە كۆدەبێتەوە.
پێشتر عراقچی ڕایگەیاندبوو، ئێران بیر لە ناردنی هێزی شەڕكەر بۆ سوریا دەكاتەوە لە ئەگەری ئەوەی ڕێككەوتنی ئەستانە نەتوانێت دۆخی ناوخۆی سوریا چارەسەربكات، وتیشی، ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە روودەدات زۆر مەترسیدارترە لەوەی كە وێنای دەكرێت و كاریگەری لەسەر ناوچەكە بەگشتی و عیراق و توركیا بە تایبەتی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، مەترسییەكان لە سەر عیراق و توركیا نزیكە و ئەگەر پێویستیش بكات هێزی شەڕكەر ڕەوانەی سوریا دەكەن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند حكومەتی ئێران بیر لە ناردنی هێزی شەڕكەر بۆ سوریا دەكاتەوە لە ئەگەری ئەوەی ڕێككەوتنی ئاستانە نەتوانێت دۆخی ناوخۆی سوریا كۆنتڕۆڵبكات، وتیشی، ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە روودەدات زۆر مەترسیدارترە لەوەی كە وێنای دەكرێت و كاریگەری لەسەر ناوچەكە بە گشتی و عیراق و توركیا بە تایبەتی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشكردەوە، ئەوان ئێستا جگە لە سعودیە گفتوگۆی جددی لەگەڵ توركیا دەكەن لەسەر بنەمای دەستەبەركردنی دۆخی سوریا.
عراقچی راشیگەیاند، رەنگە ئەو دۆخەی ئێستای سوریا بە زوویی كۆتایی بێت، چونكە پێشێلكاریەكی روونە بەرامبەر بە سەروەری ئەو وڵاتە.
شەڕ و پێكدادان لە نێوان گروپە چەكدارەكان و سوپای سوریا لە پارێزگای حەما بەردەوامە، سوپای سوریاش دەڵێت، گەورەترین كاروانی سەربازیی رەوانەی ئەو ناوچەیە كردووە بۆ روبەروبوونەوەی گروپە چەكدارەكان.
سوپای سوریا رایگەیاند فڕۆكەی جەنگی وڵاتەكەی و روسیا بە هاوكاریی یەكتر چەند هێرشێكیان دژی گروپە چەكدارەكان لە دەوروبەری ئیدلیب و حەلەب ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، گەورەترین كاروانی سەربازیی چوەتە دەروبەری حەما بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی چەكدارانی تەحریرشام و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ناوچەكانی ژێر دەستی ئەو چەكدارانە.
پێشتر گروپی تەحریر شام رایانگەیاندبوو دەستیان بەسەر نزیكەی ١٤ گوند و شارۆچكە لە دەوروبەری حەما كۆنترۆڵكردووە و لە شەڕ و پێكدادانەكانیشدا زیاتر لە ٥٠ سەربازی سوپای سوریا كوژراون.
بەهۆی دواكەوتنی موچەی مانگی 10ەوە، بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە.
پەیامنێری كورسات نیوز رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان راگەیەندراوە و فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەڵێن، تا موچە دابەشنەكرێت ناچنەوە دەوام.
وتیشی، لەو فەرمانگانەی دەوام دەكرێت كاتەكانی كاركردن و ژمارەی فەرمانبەران بە تەواوەتی كەمكراوەتەوە، هەروەها بەشێك لە مامۆستایانیش سەرەڕای بایكۆت بەشداری تاقیكردنەوەی خوێندكارانیان كردووە.
موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ماوەی 47 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا بەغداد ماوەی چەند رۆژێكە 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێم 235 ملیار دینار كورتهێنانەوە ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی موچەی مانگی 10ی پێ بدرێت، هەربۆیە نازانرێت كەی موچەی مانگی 10 دابەشدەكرێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سودانی كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە دەكات كە تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی بڵاوكردەوە كە تەوەری یەكەمی بریتیە لە میوانداریكردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڵاویكردەوە، میوانداری سودانی بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتەكانی حكومەت و ئەو ڕێوشوێنانەیە كە دەیگرێتەبەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگ و پێشهاتە بەردەوامەكانی ناوچەكە، هەروەها باس له ئامانجەكانی بەرنامەی حكومەت و ئەولەویەتەكانی و ئەوەی بەدەستهاتووە دەكرێت، لەگەڵ پڕۆژەیاسا گرنگ و پێویستەكان بۆ تەواوكردنی ئامانجەكانی پلانەكانی گەشەپێدان.
هەر بەپێی كارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران، جیا لە بانگهێشتكردنی سودانی، خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت، لەوانەش خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە و دەنگیش لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دەدات و هەروەها هەمواری یەكەمی پێشنیازەیاسای رەگەزنامەش دەنگی لەسەر دەدرێت، خوێندنەوە و گفتوگۆش لەسەر پڕۆژەیاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.
عیراق تانك و زرێپۆش رەوانەی سنورەكانی لەگەڵ سوریا دەكات و جەختدەكاتەوە، رێگە بە هیچ لایەنێكی عیراقی نادرێت لە دەرەوەی ئەو پلانەی سەبارەت بە سوریا داڕێژراوە هەنگاو بنێت.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٢٠١٤ پلانیان بۆ پاراستنی سنوورەكان هەیە و پێویستە نێوەندگیرییەكی كاریگەری عەرەبی هەبێت بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی سوریا.
وتیشی، ئێران ئاگاداری نەكردووەتەوە لەوەی لەرێی عیراقەوە هێز رەوانەی سوریا بكات.
هاوكات لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بەهێزكردنی سنوورەكانی عیراق بە چەند لیوایەكی زرێپۆش راگەیاند و دەڵێت، سنوورەكان بە تانك و تەكنیكی سەربازی و كامێرای گەرمی و تاوەرەكانی چاودێری بەهێزكراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، سوپا و حەشدی شەعبی لە پشت هێزەكانی سنوورن، بۆ پشتیوانیكردنیان و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە دانانی بۆسە و چاودێریكردنی ناوچەكە.
سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سودانی كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە دەكات.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی سبەی چوارشەممە بڵاوكردەوە كە تەوەری یەكەمی بریتییە لە میوانداریكردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی كارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران، جیا لە بانگهێشتكردنی سودانی، سبەی خوێندنەوە بۆچەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت، لەوانەش خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسی بودجەی سێ ساڵت.
هاوكات ئەنجومەنەكە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی دەدات و هەروەها هەمواری یەكەمی پێشنیارە یاسای رەگەزنامەش دەنگی لەسەردەدرێت.
لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە و گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت و وابڕیارە كۆبوونەوەكە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
وەزیری بازرگانی تورکیا رایگەیاند، عێراق سێیەم وڵاتە کە زۆرترین پڕۆژەیان لەسەر ئاستی جیهان تێدا ئەنجامداوە. دەشڵێت، "ئەو هەناردەیەی لە ١٠ ساڵی رابردوودا بۆ عێراقمان کردووە، زیاتر ٥٪ی کۆی هەناردەی تورکیایە".
عومەر بۆڵات وەزیری بارزگانی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەناردەیەی لە ١٠ ساڵی رابردوودا تورکیا بۆ عێراقی کردووە ٥٪ی کۆی هەناردەی تورکیایە، بە جۆرێک لە ساڵی رابردووەوە بەبڕی ١٢.٨ ملیار دۆلار هەناردەی کەلوپەل و خۆراک و پێداویستییەکان بۆ عێراق کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا قەبارەی بازرگانی دووقۆڵی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە ٢٠ ملیار دۆلار.
وەزیری بازرگانی تورکیا ئەوەشی خستە روو، تورکیا هەزار و ١١١ پڕۆژەی لە عێراق بە بڕی ٣٥ ملیار دۆلار ئەنجامداوە، بەوەش عێراق دەبێتە سێیەم وڵات لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی تورکیا زۆرترین پڕۆژەی تێدا ئەنجام داون.
بەهۆی پشتبەستنی زیاتری عێراق بە داهاتی نەوتی و لاوازی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان، پێداویستی ناوخۆ لەرووی کەلوپەل و پێداویستی و خۆراکەوە پڕنابێتەوە و ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆری ئەو پێداویستیانە عێراق لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی بکات، کە تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانە.