گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرەو دیمەشق دەڕۆن و باڵیۆزخانەی روسیاش لە سوریا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی سووریا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە روسیا.
لە راگەیاندراوێکدا باڵیۆزخانەی روسیا لە دیمەشق داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات کە لەدیمەشق نیشتەجێن، لە رێگەی فرۆکەخانەی دیمەشقەوە بگەڕێنەوە بۆ روسیا.
باڵیۆزخانەی روسیا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی نا سەقامگیری دیمەشق و پێشرەوی گروپە چەکداریە توندڕەوەکانی تەحریر شام بۆ دیمەشق ئەم بڕیارەمان داوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی هەینی ٦-١٢-٢٠٢٤ لە کۆشکی سەلام لەبەغداد پێشوازی کرد لە بەسام سەباغ وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریا و وەفدی یاوەری کەلەدیدارەکەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەبوو .
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەرتاسەری ناوچەکە کرا و سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی و سەلامەتی گەلەکەی بپارێزێت و هۆشداریشی دا لە ئاکامەکانی ئەم رووداوە ئەمنیانە کە پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرۆک کۆمار هەڵوێستی عیراقی بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی و سەروەری دەوڵەتی سوریا دووپاتکردەوە و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەک کرد کە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێک کە ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر بۆ هەموو خەڵکی سوریا دەستەبەر بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق هەموو هەوڵەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکانی ئێستای سوریا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی و سوپاسی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد لە پشتیوانی سوریا .
وەزیری دەرەوەی سوریا باسی ئەو پەیوەندی و ڕاوێژانەی کرد کە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا و تەئکیدیشی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە.






روسیا هەر یەكە لە ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل تۆمەتباردەكات بە تێكچونی رەوشی سوریا و دەڵێت، ئەوەی لەو وڵاتە رودەدات بۆئەوەیە سەرنجی جیهان لەسەر غەززە دووربخرێتەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە كە هەر یەك لە ئەمریكا، بەریتانیا و ئیسرائیل هەوڵی تێكدانی رەوشی سوریا دەدەن.
دەشڵێت، ئەو سێ وڵاتە ئاماجیانە لەو رێگەوە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێشێلكاریەكانی ئیسرائیل لە غەززە دووربخەنەوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا وتیشی، چەندین سیناریۆ هەیە لەبەردەم وڵاتەكەی بۆی رێگری بكات لە بەرەوپێشچوونی زیاتری ئەو گروپە چەكدارانە لە سوریا، لەوانەش وشككردنی سەرچاوەی دارایی گروپەكان.
لەسەر دەستپێشخەری عیراق، سبەینێ وەزیرانی دەرەوەی عیراق و سوریا و ئێران لە بەغداد كۆدەبنەوە و تاوتوێی دواین پێشهاتەكانی دۆخی سوریا دەكەن.
سەرچاوەیەكی حكومەتی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق سبەینێ لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا لە بەغداد كۆدەبێتەوە.
دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ناوچەكە و بەتایبەتی دواین پێشهاتەكانی دۆخی سوریا دەكرێت، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكەش، ئێوارەی ئەمڕۆ بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سوریا گەیشتە بەغداد.
بڕیارە سبەینێش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئامانجی گفتوگۆ لەسەر دۆخی سوریا بگاتە بەغداد.

سەرۆك كۆماری توركیا داوا لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا دەكات بەپەلە چارەسەرێكی سیاسی گشتگیر بۆ دۆخی ناوخۆی وڵاتەكەی بدۆزێتەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری وڵاتەكە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان تاوتوێی دۆخی سوریایان كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەردۆغان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بە گۆتیرێسی وتووە، لە سوریا قۆناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، بەڵام بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزیی و گرژییەكان پێویستی بە كرانەوەی سیاسی هەیە و توركیاش لە هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوە گرژییەكان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕێگەخۆشكردن بۆ پڕۆسەی سیاسی بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان راشیگەیاندووە، توركیا نایەوێت ئاسایش و سەقامگیریی سوریا گرژیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و پێویستە بە دانبەخۆداگرتن ناكۆكییەكانی ناو وڵاتەكە چارەسەربكرێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی وڵاتەكە نەگات.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانی داوا لە حكومەت و گەلی عیراق و لایەنەكان دەكات دەست لە كاروباری سوریا وەرنەدەن.
موقتەدا سەدر رێبەڕی رەوتی نیشتمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، چاودێری دۆخی سوریا دەكەن و دەستوەردان لە دۆخی ئەو وڵاتە ناكەن و دژی بڕیاری گەلی سوریا ناوەستنەوە و جگە لە نزا ناتوانن هیچیان بكەن.
داواشدەكات هەموو لایەك بە دوای پلانەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئیسرائیل نەكەوێت، چونكە ئایین و یەكڕیزی ناهێڵن و جیاكاری دروستدەكەن.
سەدر جەخت لەوەشدەكاتەوە، حكومەت و گەل و لایەنەكان و گروپە چەكداری و هێزە ئەمنیەكانی عیراق دەستوەردان لە كاروباری سوریا نەكەن و حكومەت رێگری لەوانە بكات كە ئاسایش و ئارامی عیراق تێدەدەن.
ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویكردەوە، ناوی محەمەد لە ئینگلتەرا و وێڵز بەربڵاوترین ناوە و پێش ناوی نوح كەوتووە.
ماڵپەڕی بی بی سی ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی زانیارییەكانی نوسینگەی ئاماری نیشتمانی، ناوی محەمەد یەكێكە لە ١٠ بەربڵاوترین ناوی كوڕان لە ساڵی 2016ەوە و لەئێستادا لە پێش ناوی نوحەوەیە.
دەشڵێت، ناوی محەمەد لەبەرئەوەی شێوازی نوسینەكەی جیاوازە، وایكردووە لە ئامارەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و كاریگەری لەسەر ریزبەندیەكەی هەبێت.
وتیشی، ناوی منداڵان لە بەریتانیا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ناوی هونەرمەندان زۆر بەربڵاوە و دایكان و باوكان، ناوی رۆژەكانی هەفتەش بۆ منداڵەكانیان هەڵدەبژێرن.
وەفدێكی ئەنجومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق كۆبووەوە و تاوتوێی رێكخستنەوەی میلاكات و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنیان كرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی راژەی هەرێم لەگەڵ عەمار سوبحی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق ئاماژەی بە رێكخستنەوەی میلاكاتی هەرێم كردووە.
دەشڵێت، چاودێری دارایی فیدڕاڵ، پشتگیریی خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تایبەت بە پەسەندكردنی میلاكاتی گشتی، وەكو هەنگاوێك بە ئاراستەی ڕێكخستنەوەی میلاكاتی هەرێم دەربڕیوە كە كاریگەریی ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر كردنەوەی دەرگای دامەزراندن، هەروەها دووبارە دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی، بەپێی یاسای بودجەی.
هەروەها چاودێریی دارایی فیدڕال ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی یاسای ژمارە ٧ی ٢٠١١ی ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێم، پێویستە دۆسیەی دامەزراندن لەسەر میلاكی گشتی، هاوشێوەی حكومەتی فیدڕال ئەنجام بدرێت.
گروپە چەكدارەكانی سوریا كۆنترۆڵكردنی شاری حەمایان راگەیاند، جۆلانیش داوادەكات تۆڵە لە لایەنگرانی حكومەتی سوریا نەكرێتەوە.
دەستەی تەحریر شام رایگەیاند چوونەتە ناو شاری حەما و دەستیانگرتووە بەسەر فڕۆكەخانەی سەربازی و زیندانی شارەكەدا، ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆكی تەحریر شام لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا دوای كۆنتڕۆڵكردنی حەما داوای لە چەكدارەكانی كرد تۆڵە لە كەسانی مەدەنی و لایەنگری حكومەتی بەشار ئەسەد نەكەنەوە و ژیانی خەڵكی مەدەنی بپارێزێرێت.
هاوكات سوپای سوریاش لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی خۆی لەناو شاری حەما راگەیاند و دەڵێت، ئەو كشانەوەیە بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان بووە و هێزەكانیان لە دەوروبەری ئەو شارە ماونەتەوە. دەشڵێت، چەكدارانی تەحریر شام لەدوای دەستبەسەرداگرتنی حەما زۆربەی زیندانیەكانیان ئازاد كردووە.
شاری حەما خاڵی سەرەكی بەیەكەوە گرێدانی باكور و باشوری وڵاتەكەیە، بە كۆنترۆڵكردنی ئەو شارەش لەلایەن گروپە چەكدارەكان لە ناوەندی وڵاتەكە نزیكبوونەتەوە و بونەتە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر حكومەتی سوریا.
وەفدێكی ژوورەكانی بازرگانی شارەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر كێشەی كارگەكانی هەرێم و رێگریكردن لە بەرهەمەكانیان لەلایەن بازگەكانی عیراق سەردانی بەغداد دەكات.
گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر رایگەیاند، سبەینێ وەفدەكە سەردانی بەغداد دەكات بۆ دوو بابەتی سەرەكی كە یەكێكیان بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەی ئاسایی خولی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عێراق.
دەشڵێت، بابەتی دووەم گفتوگۆكردنە لەسەر كێشەی كارگەكانی هەرێمی كوردستان و رێگریكردن لە بەرهەمەكانیان لەلایەن بازگەكانی عیراق و هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەدەن لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی پیشەسازییەكانی عێراق.
وتیشی, لە كۆبوونەوەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی عیراق ئەم بابەتە دەوروژێنن و كاری جدی لەسەر دەكەن.
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهۆی دروستبوونی شەڕەوە لە كەمپی كۆلێژە تەكنیكییەكان، ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتیی بریندار بوون، كە برینی هەندێكیان سەختە.
لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، شەڕ لە نێوان ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتیی روویداو بەهۆیەوە چەند كەسێك برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، شەڕەكە لەناو حەوشەی كەمپی كۆلێجە تەكنییەكانی چوارچرا لەنێوان دوو خوێندكاری بەشی ژمێریاری روویداوەو یەكێك لەو خوێندكارانە كە دانیشتووی شاری سلێمانییە، برا و خزمەكانی لە شەڕەكە ئاگاداركردووەتەوە.
بە وتەی شایەتحاڵەكانیش كە قسەیان بۆ كوردسات نیوز كرد، دواتر دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوان هەردوولا ڕوویداو ئەوانەی لە دەرەوەی زانكۆ بۆ بەشداری لە شەڕەكە هاتبوون چەكوش و چەقۆیان پێ بووە، لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكاری بەشەناوخۆیی شەڕیان كردووە.
راشیانگەیاند، یەكێك لەو خوێندكارانەی بەشە ناوخۆیی، چەكوش بەر سەری كەوتووە و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربووە و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، لەو شەڕەدا، چوار كەس بریندار بوون كە برینی دوانیان سەختە.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینییەكان لە غەززە تۆمەتبار دەكات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كە ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤە و بنكەكەی لە لەندەنە لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت، دوای چەند مانگێك لە شیكردنەوەی راستییەكان و لێدوانەكانی لێپرسراوانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ئیسرائیل تۆمەتبار كراوە بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینییەكان لە شەڕی غەززە، بەڵام سەركردەكانی ئیسرائیل تۆمەتەكە رەتدەكەنەوە.
راشیگەیاند، ئەو كردەوانەی ئیسرائیل لە جەنگی غەززە ئەنجامیداوە دژی مەدەنیەكان زۆرینەی بە مەبەست بووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی مامۆستا "محەمەدی شەڵماشی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و زانای ئاینی و پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و رایگەیاند؛ مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی زانایاكی پایەبەرز، نووسەرێكی لێهاتوو و وەرگێڕێكی شارەزا بوو. هەوڵ و بەرهەمەكانی بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە.
دەقی پرسەنامەکە...
کۆچی دوایی مامۆستا مەلا محەمەدی شەڵماشی، زانا و نووسەری دیاری کورد لە دڵەوە نیگەرانیكردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵە سەربەرزەكەی دەكەم كە رۆڵێكی كارگەریان لە بزووتنەوەی سیاسی و رووناكبیریی كوردستان گێڕاوە و مایەی شانازیی هەموومانن.
مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی زانایاكی پایەبەرز، نووسەرێكی لێهاتوو و وەرگێڕێكی شارەزا بوو. هەوڵ و بەرهەمەكانی بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە و لەیادی ناكەین.
خوای گەورە مامۆستای پایەبەرزمان بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمرۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چوار پرۆژە یاسا بەرێوەدەچێت .
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، ئەو پرۆژە یاسایانەی دەنگیان لەسەر دەدرێت، پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری و یاسای پێشنیازكراوی هەمواركردنی یەكەم بۆ یاسای پاسپۆرت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ رەشنووسی یاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.
رۆژی چوارشەممەش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو كە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی رەوشی ئەمنی عیراق و ئاڵۆزییەكانی سوریا و تاوتوێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، لە كۆبونەوەكەدا سودانی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد هەمواری یاسای بودجە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم تێپەڕێنرێت.
ماوەی ٤٧ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە و دژی دواكەوتنی موچەی مانگی ١٠، بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راپەڕینیش بایكۆتی دەوامی راگەیاند.
پەیامنێری كورسات نیوز رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێكردووە، فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەڵێن، "تا موچە دابەشنەكرێت ناچنەوە دەوام".
هاوكات ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راپەڕین لە راگەیەنراوێكدا داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات، "لە بەرانبەر بێ باكیی دەسەڵات بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەرگرن لە بەرانبەر هەر ٣٠ رۆژ جارێك موچەیەكی شایستە هەیە، چەند رۆژ مووچە دواكەوت ئەوەندە بایكۆت بكەن، چونكە ئەرك بەرانبەر مافە".
ماوەی چەند رۆژێكە بەغداد ٧٦١ ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی ١٠ خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ٢٣٥ ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی موچەی مانگی ١٠ـی پێبدرێت، ناشزانرێت كەی موچەی مانگی ١٠ دابەشدەكرێت.
ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی یەکی مەشق و ڕاهێنانی بنەڕەتی لە لیوای ٧١٣ بەڕێوەچوو و تیایدا ۱۰۱ پێشمەرگەی بەشداربوو لە خولەکە بۆ ماوەی مانگێک مەشق و ڕاهێنانیان پێکرا و وانە سەربازیەکانیان وەرگرت.
لەم خولەدا ١٠١ پێشمەرگە ئاشنا کران بە دسپلین و بنەما بنەڕەتیەکانی سەربازی و چۆنێتی بەکارهێنانی چەک بەشێوەیەکی دروست، جگە لە چەندین مەشق و ڕاهێنانی جەستەیی و وانەی سەربازی دیکە.
لەوبارەیەوە عەمیدی مافپەروەر "یاسین مەولود عەوڵا" فەرماندەی لیوای ٧١٣ هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایان و ڕاهێنەران و ئەفسەران و سەرپەرشتیارانی خولەکەی بەرز نرخاند و دەست خۆشی لێکردن لەپای بەڕێوەبردنی خولەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو، هەروەها پیرۆزبایی لە پێشمەرگە بەشداربووەکانی خولەکە کرد کە توانیان سەرکەوتوانە تەواوی قۆناغەکانی خولەکە ببڕن و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆخواستن.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا خەڵات بەخشرایە ڕاهێنەر و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی خولەکە و بڕوانامەی سەرکەوتن بەخشرایە تەواوی بەشداربووانی خولەکە، دواتر بە چەند چالاکی و نمایشێکی سەربازی کۆتایی بەڕێوڕەسمەکە هات.