ئەمڕۆ سەرەڕای پشووی سەکۆی بازاڕە داراییەکان، نرخی هەریەکە لە نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بووەنەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٢٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، نرخەکەی زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبووەتەوە.
هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٧٠ دۆلار و ٩٢ سەنتە، ئەویش بەهەمان شێوەی نەوتی برێنت نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، یەک ئۆنسە زێڕ بە دوو هەزار و ٦٥١ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕیش بە ٨٥ هەزار و ٢٣٧ دۆلارە، نرخی یەک گرامیش بە ٨٥ دۆلار و ٢٣ سەنتە.
بەوپێیەش، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٥٦٦ هەزار دینارە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەدوای هەڵکردنی ئاڵای داعش لەسەر قوتابخانەیەکی سنوری قەزای حەویجەی سەر بەکەرکوک، وەزارەتی ناوخۆی عیراق هەواڵی دەستگیرکردنی گروپەکەی بڵاوکردەوەو بە شانەی نوستوویان ناودەبات.
راشیگەیاند، بەپێی راگەیەندراوێک لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق شانە نوستووەکەی داعش لەگوندی عریشەی ناحیەی عەباسی دەستگیرکراون و ٦ کەس بون، دەستیش گیراوە بەسەر ( ئاڵای رەش و گولە ئاربیجی و تەقەمەنی )دا کە بۆ کردەوەی تیرۆرستی ئامادەیان کردووە.
وتیشی، رۆژی هەینی ئاڵای داعش لەسەر قەتابخانەی عوفیەی قەزای حەویجە هەڵدرا
ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن، بە وەرگرتنی یەك موچە بایكۆت ناشكێنن.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، پێویستە دەستبەجێ حكومەتی هەرێم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ بكەن و واز لە سیناریۆ و چەواشەكارییەكانیان بهێنن، بۆ لەبیربردنەوەی تەوتینی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
دەشڵێن، بۆ ئەوەی ئەزموونی دابەشنەكردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، ناڕەزایەتی و چالاكییەكانیان فراوانتر دەكەن و فشاری نوێ و كاریگەر و سەرتاسەری لە بەغداد و هەولێرەوە دەستپێدەكەن.
ئەنجومەنەكە دەشڵێت، بە كەمتر لە وەرگرتنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و تەوتینكردنی مووچەكانیان لە رێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە، ئامادەنین بایكۆت بشكێنن.
سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لە ١٥ی مانگی رابردوەوە خانەنشینكراوە، ئەنجومەنی وەزیرانیش هەوڵدەدات دادوەرێك بكرێت بە سەرۆكی داواكاری گشتی ئەوەش ناڕەزایەتی لێكەوتوەتەوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لە ١٥/١١ی ئەمساڵ خانەنشینكراوە، وەزارەتی دادیش داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە، تەمەنی خانەنیشنی سەرۆكی داواكاری گشتی درێژ بكرێتەوە، چونكە لە ١٥ی ١١ەوە كاروباری هاووڵاتیان و ژمێریاری وەستاوە، تائێستاش ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی دادی نەداوەتەوە.
وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵی ئەوەدایە دادوەرێك بكات بە سەرۆكی داواكاری گشتی ئەوەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی لە نێوان داواكارانی گشتی لێكەوتوەتەوە، لەبەرئەوەی كاری داواكاری گشتی لەگەڵ دادوەر جیاوازن، دادوەر بڕیار دەردەكات و داواكاری گشتیش پارێزەری مافی گشتییە و چاودێری پێشێلكارییە یاساییەكانیش لەسەرجەم دام و دەزگاكاندا دەكات بە دادگاكانیشەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ٢٠٠ داواكاری گشتی لە هەرێم هەیە، دەستنیشانكردنی دادوەرێك بۆ ئەو پۆستە، نیگەرانی داواكارانی گشتی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان لێكەوتووەتەوە، دەڵێن، كەسێك دەكرێت بە سەرۆك كە ئەندامی ئەو دامەزراوەیە نییە.
وتیشی، لەئێستادا ١٠٧ ئەندامی داواكاری گشتی یاداشتێكیان بەرزكردوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری و وەزیری داد، تێیدا داوا دەكەن هەڵوێستییان هەبێت و لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییە بێنە دەنگ و دەستوەردان لە كاروباری داواكاری گشتیدا نەكرێت.
هاوڵاتییەک لە کۆیە لەبەردەم ماڵی براکەیدا تەقەی لێکرا و بەو هۆیەوە گیانیلەدەستدا
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، هاوڵاتییەک بە ناوی سەرتیپ عەبدوڵا کە پۆلیسی دارستانە لەبەردەم ماڵی براکەیدا تەقەی لێکرا و بەوهۆیەوە گیانیلەدەستدا
راشیگەیاند، لە ئێستادا تۆمەتبار دەستگیرکراوە
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هیچ بەرژەوەندییەكیان لە روبەڕوبوونەوەی سوریا نییە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئەنجامداوە و تێیدا، گفتوگۆیانكردووە لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریا و ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان لە غەززە.
ئەوەشهاتووە لە پەیوەندییەكەیدا ناتانیاهۆ ترەمپی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی كە وەكو ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندییەكیان لە رووبەڕبوونەوەی سوریادا نییە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا لە سوریا سەرنجیان خستوەتە سەر پووچەڵكردنەوەی هەڕەشە چاوەڕوانكراوەكان و رێگریكردن لە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی نزیك سنوری ئیسرائیل لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە.
حكومەتی ئێران جێبەجێكردنی یاسای نوێی باڵاپۆشتی دوادەخات كە سزای قورسی بۆ ئەو كچ و ژنانە داناوە پابەندی یاساكە نابن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ئێران گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی بە رەسمی جێبەجێكردنی یاسای باڵاپۆشی دوابخرێت لەماوەی رابردوودا لە پەرلەمانی ئێران پەسەندكرا و سزای قورسی تێدایە بۆ ئەو كچ و ژنانەی پابەندی یاسای نوێی باڵاپۆشی نابن.
دەشڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتی ئێران هەمواری یاساكە رەوانەی پەرلەمان دەكاتەوە.
عەلی رەبیعی یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆمار لە پێناو دروستنەبوونی گرژی و ئاڵۆزی كۆمەڵایەتی، بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جێبەجێكردنی یاسای نوێی باڵا پۆشتی دواخستووە، چونكە كاردانەوە و ناڕەزایی زۆری لێكەتووەتەوە.
حكومەتی هەرێم وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراقیش، هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ وەفدێكی هەرێم چونە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی و لێپرسراوانی تری وەزارەتی دارایی عیراق كۆبونەوە.
لە بارەی كۆبونەوەكەشەوە حكومەتی هەرێم رایگەیاند، كۆبونەوەی هەردولا ئەرێنی بووە و رۆژی سێ شەممە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ دەكەن، هەركات پارەی تەواوكاریش هات موچەی مانگەكانی تریش دابەشدەكەن.
دواتریش وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكردوە، رەزامەندیش لەسەر گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار دینار بۆ تەواوكاری موچە كراوە، لەماوەی ١٠ رۆژیشدا سەرنج و تێبینییەكان لەسەر لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەردەكرێت، حكومەتی هەرێمیش پابەندكراوە موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەران دابەش بكات.
بەپێی راگەیەنراوەكە، وەفدێكی تەكنیكی ژمێریاری سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات، بۆ ئامادەكاركردنی بودجەی پێداچوونەوەی مووچەی مانگە كێشەلەسەرەكان.
سەرچاوەیەكیش لە كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی هەرێم و عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەم هەفتەیە عیراق بڕی ٧٦٠ ملیار دینار بۆ موچەی مانگی ١١ رەوانەی هەرێم دەكات، ئەگەر لە ماوەی ١٠ رۆژیشدا، تەرازووی پێداچونەوە تەواو بكرێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو دەست بە تەمویلیكردنی موچەی مانگی ١٢ش دەكات.
وتیشی، حكومەتی هەرێمیش بەڵێنیداوە داواكارییەكانی بەغداد جێبەجێبكات و تەرازووی پێداچونەوە رێكبخاتەوە.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، فەرمانگەكانی بەشداری پرۆسەی وەبەرهێنانی سلێمانی راسپارد، پلانێكی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی شارەكە ئامادەبكەن و راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو پرۆژەی دووسایدی كەلار- دەربەندیخان تەواو دەبێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆكی فەرمانگەكانی بەشدار لە پرۆسەی وەبەرهێنانی سلێمانی كۆبوەوە و بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی راسپارد، بەردەوامبن لە هەوڵ و ئاسانكارییەكان بۆ وەبەرهێنەران، وتیشی، بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پشتیوان دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم وەبەرهێنەران.
هەروەها فەرمانگەكانی بەشداری پرۆسەی وەبەرهێنانی راسپارد، پلانێكی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان ئامادەبكەن و تێیدا، شێوازی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە دەستنیشان بكەن.
هاوكات، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی قەزای دەربەندیخان كۆبوەوە و رایگەیاند، لەپێناو باشتر خزمەتكردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانكاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەكانی قەزاكەدا دەكرێت، راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی كەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی یەکشەممە ١٥ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، لە بەغداد پێشوازی کرد لە محەمەد ئەلحسان نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق.
لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی عیراق و دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە کرا و بەتایبەتی پێشهاتەکانی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەچارەسەر بۆ قۆناغی گواستنەوە کە گەرەنتی یەکڕیزی و سەقامگیریی سوریا و مافەکانی گەلەکەی بکات .
سەرۆک کۆمار پێویستی رۆڵی نێردەی نێودەوڵەتی لەپشتیوانیکردن لەسەقامگیری و گەشەپێدان لەعیراق و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ئێستادا ڕوونکردەوە .
هەروەها جەختی لەسەر گرنگی تێڕوانینی رێبەری باڵا عەلی سیستانی کردەوە لەبەر رۆشنایی گفتوگۆی سەرۆک وەزیران لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرۆشی بۆ سەقامگیری عیراق و دوورخستنەوەی لە گرژییە ناوچەییەکان.
لای خۆیەوە ئەلحسان پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی بەردەوامی ئەو دەستکەوتانەی لەعیراقدا بەدەستهاتوون لەئاستی ئاسایش و گەشەپێدان و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنیان.
پەیەدە پێشوازی لە وتەكانی محەمەد جۆلانی دەكات لەبارەی پێگەی كورد لە سوریا و دەڵێت بەشداری كورد لە پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆیە و پێویستە ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا رابگەیەنرێت.
هاوسەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" راگەیەنراوێكی لەبارەی وتەكانی ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام و فەرماندەی پڕۆسە سەربازییەكانی سوریا بڵاوكردەوە و جەختی لەوە كردەوە بەشداری كورد لەم قۆناغە راگوزاریەدا بۆ دامەزراندنی سوریای نوێ گرنگە، بەدیهێنانی ئەوەش پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێكهاتەی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر نەخشەڕێگای هاوبەش.
راشیگەیاند، لێدوانەكانی ئەمدواییەی جۆلانی سەبارەت بە كورد و پرسی كورد ئەرێنی و بنیاتنەرە.
پەیەدە ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی شۆڕشدا كورد پارێزگاری لە یەكێتی خاكی سوریا كردووە و بەشداری كورد لە پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆیە.
هەروەها داوادەكات ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا رابگەیەنرێت و هێرشەكانی سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش رابگیرێت.
وەزیری بەرگریی توركیا داوا لە ئەمریكا دەكات هەڵوێستی بەرانبەر هێزە كوردییەكان لە سوریا بگۆڕێت و دەڵێت ئامادەن هاریكاری سەربازی دیمەشق بكەن.
یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاند، ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كورد لە عێراق و سووریادا نییە. كێشەی ئەوان لەگەڵ پەكەكەدایە.
وتیشی لە سوریا، لەپێشینەی كارەكانیان كۆتایی پێهێنانە بە پەكەكە و یەپەگە و ئەوەشیان بە ئەمریكییەكان وتووە چاوەڕوانن ئەوانیش هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن.
جەختیشیكردەوە، ئامانجی سەرەكیمان لە سوریا، پاراستنی یەكپارچەیی و یەكگرتوویی خاكی وڵاتەكەیە و ئامادەن هاریكاریی و مەشقی سەربازیی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بكەن.
نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ پارتە كوردییەكان كۆبووەوە بەمەمەبەستنی یەكسختنی هەڵوێستەكانیان لە سوریا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت كورد لە دیمەشقەوە رۆڵی گرنگی لە داهاتوی سوریادا دەبێت.
كۆبونەوەی پارتە كوردییەكان لەگەڵ نوێنەری پارت و رێكخراوەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەڕێوەچوو لە بەیاننامەیەكی حەوت خاڵیشدا جەخت لە یەكڕیزیی كورد و رۆڵی لە داهاتوی سوریا كراوەتەوە.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند: كار دەكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە ئێستا و داهاتوی سوریادا.
وتیشی پێویستە كورد بە یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتن لە ناوخۆیاندا ئامادەكاریی بكەن بۆ ئەوەی لە دیمەشقی پایتەخت رۆڵی گرنگ لە داهاتوی سوریادا ببینن.
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پارتە كوردییەكان لە باكور و رۆژئاوی كوردستان ناكۆكییەكانیان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان چارەسەر بكەن و بە یەكڕیزیی رۆڵیان لە بونیادنانەوەی سوریا هەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی دابەشکردنی موچەی راگەیاند و دەڵێت، "سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "وەفدێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەش هاتووەتەدی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم".
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "لەڕۆژی سێشەممەوە ١٧ـی ١٢ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی تریش بە زووترین کات دابەش دەکرێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، " سوپاسی خۆڕاگری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانیان نابین".
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێشوازی لە راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی عەقەبە دەکات و دەشڵێت، "پێویستە پڕۆسە سەربازییەکان بوەستێندرێن".
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)رایگەیاند: "پێشوازی لە راگەیەنراوی كۆتایی لوتكەی عەقەبە دەكەین لەبارەی دۆخی سوریا، هەروەها وەستانی پڕۆسە سەربازییەكان هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی سوریای نوێ".
فەرماندە مەزڵوم دەشڵێت،بەشداری سەرجەم لایەنەكان و پاراستنی یەكپارچەیی سەقامگیریی لێدەكەوێتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی قەزای دەربەندیخانی کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە (15/12/2024) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی خزمەتگوزارییەکانی قەزای دەربەندیخان و گرفت و کەموو کوڕییەکان کرا. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ لەگەڵ تیمی حکومەت و بەرپرسانی قەزای دەربەندیخان بەردەوام لەسەر هێڵ دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدەن تا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن تاکو باشتر خزمەتی دەڤەرەکە و هاوڵاتییان بکرێت.
هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی قەزاکە کرد هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ کارئاسانیکردن و راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان. وتیشی: لەپێناو باشتر خزمەتکردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانکاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەکانی قەزاکەدا دەکرێت.
دواتر قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە راپۆرتێکیان لەبارەی ئەو پڕۆژانە خستەڕوو کە لە پێشینەی داواکارییەکانی هاوڵاتییانی دەڤەرەکەن و لای خۆییەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە خۆی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دەکات تاوەکو زۆرترین خزمەت بە ناوچەکە بکرێت.
لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی کەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەتەواوەتی دەکرێتەوە بەڕووی شۆفێران کە ئەوەش یەکێکە لەداواکارییە گرنگەکانی دەڤەرەکەیە، هەروەها وتی؛ بەم نزیکانە کار لە پڕۆژەی تۆڕی ئاوی دەربەندیخان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش کە یەکێکە لە داواکارییەکانی هاوڵاتییان، چارەسەر بکرێت.
جەختیشکردەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە گەشتوگوزار بدرێت و هانی وەبەرهێنەران بدرێت لەم بوارەدا وەبەرهێنان بکەن تا ئەو کەرتەش وەک پێویست گەشە بکات و دەرفەت و هەلی کار بۆ دانیشتوانی سنوورەکە دابین بکات.