هەواڵەکانهەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دەستگیركردنی دوو باندی بازرگانیكردنی بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند.


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەفەرمانی دادوەر دوو باندی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەریان دەستگیركردووە كە ژمارەیان پێنج كەسە.


وتیشی، لەكاتی دەستگیركردنیانی تۆمەتبارەكەكاندا، دەستبەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ و مەریجوانە و كەلوپەلی كێشانی ماددەی هۆشبەردا گیراوە.


ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، چوار تۆمەتبار لەوانەی دەستگیركراون، خەڵكی شارەكانی خوارووی عیراق و دەرەوەی هەرێمی كوردستانن.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەمڕۆ دووشەمە (16/12/2024) لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی راپەڕین، بە ئامادەبوونی جەزای سەید مەجید بە جیا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بازنەکانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کۆبووەوە.

 

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سوپاسی کادیران و ئەندامانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کرد کە خەمخۆرانە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی سەرخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، داواشی لێکردن بە هەمان ئیرادە و روحییەتەوە خۆیان ئامادەبکەن بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورەتر لە هەڵبژاردنی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.


لە تەوەرێکی دیکەدا قوباد تاڵەبانی لەهەردوو کۆبوونەوەکەدا باسی لە قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکان کرد، لەم چوارچێوەیەدا روونی کردەوە کە پابەندن بە هەموو ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بە خەڵکی کوردستانیان داوە و یەکێتی بە هەموو هێز و تواناوە کار دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندابێت.

 

لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داواشی لە هەڤاڵانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کرد کە دەبێت بەر لە هەر کەسێکی دیکە ئەوان چاودێر بن بەسەر تیمی حکومەتی خۆجێیی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین، چونکە ئامانجی یەکێتی گەڕانەوەی متمانەیە بۆ خەڵک و هەر کەسێک کە بەرپرسیارێتییەکی پێ دەدرێت تەنها بۆ خزمەتکردنی خەڵکە.

 

وتیشی لەمەودوا یەکێتی لەسەر بنەمای پاداشت و سزا کار دەکات و هەر بەرپرسێکی یەکێتی نەتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدابێت بێ هیچ دوودڵییەک سزا دەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا دەکرێت
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەرمی كارمەندێكی پۆلیسی پاسەوانی سنور گەیەندرایە نەخۆشخانەی سەیدسادق كە شوێنەواری دوو فیشەكی پێوەیە، پۆلیسیش لێكۆڵینەوەكانی لە رووداوەكە دەستپێكردووە.


سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی "شەهید شەوكەت حاجی مشیر"ی سەیدسادق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، تەرمی كارمەندێكی پۆلیسی پاسەوانی سنور گەیەندراوەتە نەخۆشخانەكە، كە دوو فیشەكی پێوەبووە.


كەسوكاری ئەو كارمەندەی پۆلیسیش بە كوردسات نیوزیان وت، ناوبراو لەگەڵ كوڕەكەیدا سەرقاڵی پاككردنەوەی چەكەكەی بووە و لەوكاتەدا فیشەك لە چەكەكە دەرچووە و بەری كەوتووە، لەئێستاشدا پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵینەوەكانی لە رووداوەكە دەستپێكردووە.


هاوكات، بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، ئەو كارمەندی پۆلیسەی گیانی لەدەستداوە، ناو " بەختیار عەبدوڵا"یە و تەمەنی 45 ساڵە و خێزاندارە و باوكی منداڵێكە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ یەكەمجار لەدوای رووخانی رژێمەكەی لە سوریا، بەشار ئەسەد پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو دیمەشقی جێنەهێشتووە.


بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سوریا لە پەیامێكدا كە لە تێلیگرامی سەرۆكایەتی سوریا بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاند، بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو دیمەشقی بەجێنەهێشتووە، لە دوایین سەعاتەكانی شەڕیشدا نەڕۆشتووە، بەڵكو تاكو سەعاتەكانی سەرەتایی رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە دیمەشق ماوەتەوە.


دەشڵێت، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی گروپە چەكدارەكان بۆ ناو دیمەشق، لەگەڵ هێزەكانی روسیا چووەتە سەربازگەی حەمیمیم لە لازقیەوە و دواتریش بەرەو روسیا بەڕێكەوتووە، شەوی 8ـی ئەم مانگەش گەیشتووەتە ئەو وڵاتە، رۆژێك بەر لە كەوتنی دیمەشق و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریا.


بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوەشداوە، پرسی داواكردنی مافی پەنابەری یەكێكنەبووە لە بژاردەكان و تاكە بژاردە وەستانەوە بووە دژی گروپە  چەكدارەكان.


لە كۆتایی پەیامەكەیدا، ئەسەد دەشڵێت، كەوتنی حكومەتەكەی، بە واتای پشتكردن لە ئینتمای نیشتمانی و دەستبەرداربوونی لە گەلی سوریا نایەت و ئینتیمای بەرامبەر پۆست و دۆخەكە نەگۆڕە.

 

کلیک لێرە بکە بۆ خوێنەنەوەی بەیاننامەکە

41e4637b-185d-4df8-8d8b-dea86cdb9146.jpg
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی ئیدارەی راپەڕیندا کۆبوونەوە و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ بەڕێوەبەرەکانی سنوورەکە کراوە، گۆڕانکاری لە پۆستەکانیاندا دەکرێت.

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێیی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، "خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ئیدارەی راپەڕین ئامانجی سەرەکی ئێمەیە و ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییانیش پێوەری سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەرپرسێک لە پۆستەکەیدا".

ئاماژەی بەوەشكرد، لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە ئەدای بەرپرسانی حکومی لە ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە کردووە و هەڵسەنگاندنی ورد کراوە بۆ ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییان لە ئەدای بەرپرسەکان و دەرکەوتووە دانیشتووانی دەڤەرەکە لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسان رازی نین.

وتیشی، لەمەودوا سیستمی پاداشت و سزا جێبەجێ دەکرێت و هەر بەرپرسێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبێت بەبێ هیچ دوودڵییەک سزا دەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکەیدا دەکرێت.

هاوکات، سوپاسی ئەو بەرپرسانەشی کرد کە لەماوەی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی راپەڕاندووە و جێی متمانەی هاوڵاتییان بوون، داوایکرد، زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و چی پێویست بوو لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان درێخی نەکەن.

بەپێی راگەیانراوی دوای کۆبوونەوەکە، باس لە دۆخی خزمەتگوزاریی لە دەڤەری راپەڕیندا کراوە و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی وتی، بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدەن ئەو پڕۆژانەی کە هێشتا تەواو نەکراون لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندن بەو بەڵێنانەی بە دانیشتووانی دەڤەرەکەیان داوە و هەوڵی تەواو دەدەن داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن و زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا جێبەجێ بکرێت، کارئاسانی تەواویش بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، باسیان لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال روونی کردەوە، هەموو هەوڵی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا دەبێت تا بتوانرێت کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.

No description available.
No description available.
No description available.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی کۆشکی کرێملن رایگەیاند، هیچ بڕیارێکیان لەبارەی داهاتووی هێزەکانی روسیا لە سوریا نەداوە.

وتەبێژی کۆشكی کرێملنی روسیا رایگەیاند، رەتی دەکەنەوە هیچ بڕیارێکیان لەبارەی داهاتووی هێزەکانی روسیا لە سوریادا دابێت و گفتوگۆ لەگەڵ هێزی باڵادەستی سوریادا دەکەن لەبارەی ئەو پرسەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکو ئەم ساتە هیچ بڕێارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ٨ی ئەم مانگەدا، بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بەرەو روسیا هەڵهاتن و ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا باس دەکرێت ئەوەیە، روسیا پشتگیری رژێمەکەی پێشووی سوریا بووە، بۆیە هەڵوێستی روون نییە بۆ داهاتوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٠ی بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە، سبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێ و ئەوەش هاتووە، هەر موچەخۆرێک بایۆمێتری ئەنجام نەدابێت، موچەکەی لە فەرمانگەکەی رادەگیرێت.

بەپێی ئەو لیستی موچەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، سبەی سێشەممە ١٧ی ١٢، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێ و یەکەم شوێن "خانەنشینی شارستانی، خانەنشینی پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەن پێداویستی تایبە و زیندانە سیاسییەکان" موچە وەردەگرن.

هەر بەپێی لیستەکە، لەماوەی شەش رۆژدا کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەهێنرێت و وەزارەتەکە دەڵێت، هەر فەرمانبەر و موچەخۆرێک کە تا ئێستا خۆی لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارنەکردووە، مووچەکەی لە فەرمانگەکەی خۆی رادەگیرێت تاوەکو لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵدا کۆدی بایۆمەتری بۆ دەکرێت، ئەوسا موچەکەی بۆ خەرج دەکرێت.

ئەوەش هاتووە، "ئەو بڕە پارەیەی کە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە بڕیاری گواستنەوە (مناقلة)ی لەسەر دراوە هێشتا تەمویلەکەی نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، تەمویلی موچەی مانگی ١١ کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنی دراوە بەهەمان شێوە هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیمان".

ئەو موچەیەی سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێمە، چاوەڕواندەکرێت، هەفتەی داهاتووش موچەی مانگی ١١ دابەشبکرێت.

دوای دوو مانگ لە دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچە، دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆکان ئەرێنین و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی موچە، موچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ش بە زووترین کات دابەش دەکەن. 

May be an image of map and text
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەکانی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، چەند بنکەیەکی سەربازییان لە سوریا کردە ئامانج و ناتانیاهۆش دەڵێت، "سوریا چیدیکە سوریای پێشتر نییە و گۆڕانکاریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەین".

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "وتمان گۆڕانکاری لە رۆژهەڵات یناوەڕاستدا دەکەین، ئەوەتا ئێستا روودەدات".

ناتانیاهۆ نووسیویشییەتی، "سوریا چیتر ئەو سوریایەی پێشوو نییە، لوبنان چیتر لوبنانی پێشوو نییە، غەززە و ئێران چێتر ئەوانەی پێشوو نین".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ١١ رۆژدا کۆتایی بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هات و شکستی پێهێنرا، لە سەروبەندی تێکشکانی رژێمەکەی ئەسەددا، دەنگۆی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بۆ روسیا میدیاکانی تەنی و دواتریش بە فەرمی ئەوە یەکلا کرایەوە، کە بەشار ئەسەد لە روسیایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ٢١ ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی، سەیفوڵا حسێنی ٤٧ ساڵ، لە ئەفریقاوە هەواڵی دایە کەسوکارەکەی لە رانییە، کە زیندووە و لە ژیاندا ماوە و دەگەڕێتەوە ناویان.

سەیفوڵا حسێن، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی سەروچاوەیە لە ئیدارەی راپەڕین. سەیفوڵا لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ـە، لە ساڵی ١٩٩٦دا بڕیار دەدات بەرەو ئەوروپا بچێت و ئەو رێگایە دەگرێتە بەر، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە وڵاتی کینیا بێسەروشوێن دەبێت و سۆراغی نامێنێت.

کەسوکارەکەی باس لەوە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کینیا بێسەروشوێن بوو و دەنگ و هەواڵی نەما.

هونەر برای سەیفوڵایە و دەڵێت، دوێنێ پیان وتراوە کە براکەی لە ژیاندا ماوە و لە ئەفریقا زیندانی کراوە.

هونەر بۆ کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی، دوێنێ یەکشەممە، پێی راگەیاندوون، براکەیان زیندووە و لە ژیاندا ماوە، بەدرێژایی ئەو ٢١ ساڵە لە زینداندا بووە.

ئەمڕۆ دوای ٢١ ساڵ، تەکنەلۆجیا بووە ئەو ئامڕازەی سەیفوڵا و کەسوکارەکەی بۆ یەکەمجار رووخساری یەکتر ببیننەوە و لەرێگای ڤیدیۆوە قسەیان کرد. هەر لەمڕۆشەوە سەرجەم رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی لە ئەفریقاوە دەگیرێنە بەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان دەستپێشخەرییەكی ١٠ خاڵی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سوریا راگەیاند و دەڵێت، دەستپێشخەرییەكە بۆ بنیاتنانی سوریای نوێیە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق لە بەرژەوەندی گەلی سوریایە و پێویستە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بەبەشداری سەرجەم لایەنەكان لە دیمەشق سازبكرێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە پێویستە ژنان بەشداری كاریایان هەبێت لە پڕۆسەی سیاسیدا، هەروەها یەكێتی و سەروەری خاكی سوریا بپارێزرێت و سوریا لە هێرشەكانی توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بپارێزرێت.

راشیگەیاندووە، پێویستە سەرجەم پڕۆسە سەربازییەكان لە سوریا بوەستێنرێن و پارێزگاری لە پێکهاتەکانی سوریا بکرێت.

داواش دەکات، گفتوگۆیەكی نیشتمانی گشتگیر دەستپێبكات و دەشڵێت، پێویستە سامان و داهاتی سوریا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت. هەروەها گرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بكرێت.

لە رۆژی ٨ی ئەم مانگەدا بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و لەدوای ئەو رۆژەشەوە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەردەوامن و هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ئەوەیە، سوریای نوێ بە جۆرێک بێت کە بەرژەوەندی باڵای گەل پارێزراو بێت و دۆخێکی سەقامگیر بۆ خەڵکی سوریا بونیاد بنرێت، لە پاڵ ئەوانەشدا سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی پارێزراو بێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لە دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە. نزمترین پلەی گەرماش بۆ سفر و سێ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان بە گشتی لە نێوان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، ئاسمان بەگشتی بەرزەهەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆدا کەمێک بەفر لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم دەبارێت، پاشان لە کاتەکانی شەودا ئاسمان بەرەو ساماڵ دەڕوات و کەش جێگیر دەبێتەوە.

کەشناسی روونیشی کردووەتەوە، سبەینێ پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ، تەنها ناوچە شاخاوییەکان نەبێت ١ بۆ ٢ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

بەپێی نەخشەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەشێوەیەکی گشتی نزمترین پلەکانی گەرما لە هەرێمدا بۆ سفر و سێ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، بەجۆرێک لە سۆران نزمترین پلەی گەرما سێ پلە لەژێر سفری سیلیزی و لە هەڵەبجە دوو پلە لەژێر سفری سیلیزیەوە دەبێت. جگە لە حاجی ئۆمەران کە بەرزترین پلەی گەرمای بۆ ئەمڕۆ ١ پلە و بۆ سبەینێ سفر پلەی سیلیزی دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر: 11 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 10 پلەى سیلیزى

دهۆک: 10 پلەى سیلیزى

کەرکوک: 13 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 11  پلەى سیلیزى

زاخۆ:  10 پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: 0 پلەى سیلیزى

سۆران: 8 پلەى سیلیزى

گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەدوای ١٣ ساڵ لە داخستنی باڵیۆزخانەی قەتەر لە سوریا، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە، لە رۆژی سێشەممەوە دووبارە باڵیۆزخانەکەیان دەکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی سێشەممە ١٧ی ١٢ی ٢٠٢٤ـەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە سوریا دەکەنەوە و باڵیۆزخانەکە دەست بە کارەکانی دەکاتەوە. کە ئەوەش دوای ١٣ ساڵ لە داخستنی دێت، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە سەرجەم پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی قەتەر لەگەڵ رژێمی سوریادا راگیران.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کردنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە سوریا دەرخەری ئەوەیە کە دەمانەوێت لەپاڵ گەلی سوریادا بووەستین و پشتگیرییان بکەین بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانە، هەروەها وەک پشتڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەوەی قەتەڕ هەموو سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو رەتدەکاتەوە".

ئەوەش هاتووە، "وڵاتەکەمان هاوکارییەکانی بۆ گەلی سوریا زیاتر دەکات، لە سەرەتاشدا بە پردێکی ئاسمانی دەستمان پێکرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، هەروەها هەر هاوکارییەکی دیکەی مرۆییش پێشکەشی وڵاتەکە دەکەین کە پێویستیان پێبێت".

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر راشیگەیاندووە، قەتەر خوازیارە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گونجاو کە یەکپارچەیی وسەروەری و سەقامگیری خاکی سوریا بەدی بهێنێت، هەروەها سوریای نوێ بەرەو ئایندەیەک ببات کە تیایدا گەلەکەی لە پارێزراوی و گەشەسەندندا بژین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ١١ رۆژ لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریادا، رۆژی ٨ی ئەم مانگە بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و بەوەش کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای میدیایی كوردسات روونكردنەوەیەك لەبارەی زانیارییەكی ناڕاست بڵاودەكاتەوە و سكاڵای یاسایش لەسەر ئەو كەسە تۆمار دەكات كە زانیارییە ناڕاستەکەی بڵاوكردووەتەوە.

دەزگای میدیایی كوردسات لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، كەسێك چەندین زانیاری ناڕاستی لەسەر دەزگاكە بڵاوكردووەتەوە، راستەوخۆ پێش بڵاوكردنەوەی بابەتەكە، لە رێگەی راوێژكاری یاسایی دەزگای میدیایی كوردساتەوە پەیوەندی بەو كەسەوە كراوە و روونكردنەوەی تەواوی لەسەر بابەتەكە پێدراوە كە ئەو بابەتە دوور و نزیك پەیوەندیی بە كوردساتەوە نییە و كۆنە و بۆ ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەکە لە بانکەکەوەیە و هەر ئەو كاتەش ئەو بانكەی ناوی هێنراوە روونكردنەوەی بڵاوكردەوە، بەڵام نازانرێت لەئێستادا كە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە رەوشێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، مەبەست لە گەرمكردنەوەی بابەتێكی ساڵی رابردوو چییە.

راشیگەیاندووە، بە مافی یاسایی دەزانن كە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن لەسەر ئەو كەسە و لە رێگەی پارێزەرانیشەوە ئامادەن لە هەر وڵاتێكی ئەوروپا سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن لەسەر ئەو كەسانەی زانیاری هەڵە لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەكەنەوە.

دەقی روونكردنەوەكەی دەزگای میدیایی كوردسات

روونكردنەوەیەك لە دەزگایی میدیایی كوردساتەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی بابەتێك لە چەند میدیا و پەیجێكدا

‎كەسێك چەندین زانیاری ناڕاستی لەسەر دەزگاكەمان بڵاوكردووەتەوە، راستەوخۆ پێش بڵاوكردنەوەی بابەتەكە، لە رێگەی راوێژكاری یاسایی دەزگای میدیایی كوردساتەوە پەیوەندیمان بەو كەسەوە كرد و روونكردنەوەی تەواومان لەسەر بابەتەكە پێدا كە ئەو بابەتە دوور و نزیك پەیوەندیی بە كوردساتەوە نییە و كۆنە و بۆ ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەکە لە بانکەکەوەیە و هەر ئەو كاتەش ئەو بانكەی ناوی هێنراوە رونكردنەوەی بڵاوكردەوە، بۆیە دەمانەوێت بۆ ئەو كەسە و و سەرجەم رۆژنامەنوسانی رونبكەینەوە كە بابەتێكی لەو جۆرە دوور و نزیك رووینەداوە و ئەو كێشەیە نە دەزگاكەمان و نە كارمەندان لێی بەرپرس نین، ناشزانین لەئێستادا كە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە رەوشێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، مەبەست لە گەرمكردنەوەی بابەتێكی ساڵی رابردوو چییە، بۆیە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین كە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سكاڵای یاسایی تۆمار بكەین لەسەر ئەو كەسە و لە رێگەی پارێزەرانیشەوە ئامادەین لە هۆڵەندا و هەر وڵاتێكی ئەوروپا سكاڵای یاسایی تۆمار بكەین لەسەر ئەو كەسانەی زانیاری هەڵە لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەكەنەوە، چونكە سەرەڕای ناوزڕاندنی دەزگاكەمان پێشتر روونكردنەوەمان پێداوە و تەنانەت ئەو بەڵگەیەی بڵاویكردووەتەوە خۆمان بۆمان ناردووە، بۆیە داواكارین هاوڕێیان و هاوكارانیشمان .لە میدیاكارانی بەڕێز بەهەمان شێوە نەكەونە هەڵەی ئەو كەسانەوە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی خانەنشینی عیراق راگرتنی موچەی كەسێكی راگەیاند كە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە موچەی شەهیدانەی بۆ بڕدراوەتەوە، دەڵێت ئەو كەسە ئێستا لە سوریایە و لەناو گروپە توندڕەوەكاندایە.

بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی خانەنشینی عیراق، دوای ئەوەی نەزهان لهێبی لە ساڵی ٢٠١٤دا ون بوو، وەك شەهید مامەڵەی بۆ كراوە و موچەی بۆ بڕاوەتەوە كە لەو كاتەوە تاوەکو ئێستا كەسوكارەكەی ئەو موچەیە وەردەگرن.

ئەوەش خراوەتە روو، ئێستا نەزهان لهێبی لە شاری سەراقب لە سوریا دەركەوتووە كە چەكداری گرووپە تیرۆریستییەكانە و چێشتخانەیەكیشی لە شاری ئیدلب بەناوی شەوانی بەغداد كردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیاردراوە سەرجەم ئەو مووچانەی كەسوكاری ئەو تیرۆریستە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵ لقی كەركوكی دەستەی خانەنشینی عیراق دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عیراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەوە بڵاوکردەوە کە چەند ناوچەیەکی عیراق و پارێزگای سەڵاحەدینی گرتووەتەوە و دەڵێت، پێویست بە نیگەرانی ناکات.

دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عیراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەی کە لە ناوچەی شەرقاتی پارێزگای سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەکی دراوسێی روویاندا و لە بەشێکی زۆری شارەکانی دیکەش هەستیان پێکرا، بەهۆی جیاوازی لە بۆشایی نێوان چینە تەکتۆنییەکانی زەوی و رووکاری بڵاوبوونەوەیەتی لەو ناوچەیەدا کە بە هەڵەی رووکار ناو دەبرێن و بە ملیۆنان ساڵە لەو ناوچەیەدا بەو جۆرە بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو رووکارانە بەشێوەی کتوپڕ بخزێن و وزەی نێوانیان دەربدەن و ئەو بومەلەرزانە دروست بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری دەردانی وزەی نێوان ئەو رووکارانە سروشتییە، بەهۆی فشاری ئەو چینە تاکتۆنییانەوەیە کە لە بەریەککەوتنی پلێتەکانی عەرەبی و ئێرانیدا دروست دەبن و هیچ پێویستی بە نیگەرانی نییە.

دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئەوەشی خستووەتە روو، ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی ٥.١ پلە بە پێوەری رێختەر بەخۆوە بینی، دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا هەمان شت دووبارە بووەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، بەشێوەیەکی گشتی لەدوای بوومەلەرزەی لەو جۆرەوە چەند پاشەلەرزەیەک بە گوڕی کەمتر روودەدەن، تاوەکو ئەو رووکارانە دەچنە دۆخێکی جێگیرەوە و لە شوێنەکانیاندا جێگیر دەبن.

دەستەی کەشناسی دەشڵێت، ئەوە دیاردەیەکی سروشتییە و هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات، پێویستە هاوڵاتیان خۆیان لە هەواڵە ناڕاستەکانی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەکرێتەوە بەدووربگرن و تەنها لە سەرچاوە راستەکانەوە زانیاری وەربگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەند بوومەلەرزەیەکی بەدوای یەک لە پارێزگای سەڵاحەدین روویاندا و لە ناوچەکانی دیکە و هەرێمی کوردستانیشدا هەستیان پێکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سەرەڕای پشووی سەکۆی بازاڕە داراییەکان، نرخی هەریەکە لە نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بووەنەتەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٢٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، نرخەکەی زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبووەتەوە.

هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٧٠ دۆلار و ٩٢ سەنتە، ئەویش بەهەمان شێوەی نەوتی برێنت نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، یەک ئۆنسە زێڕ بە دوو هەزار و ٦٥١ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕیش بە ٨٥ هەزار و ٢٣٧ دۆلارە، نرخی یەک گرامیش بە ٨٥ دۆلار و ٢٣ سەنتە.

بەوپێیەش، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٥٦٦ هەزار دینارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...362363364365366...991