بۆ یەكەمجار لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، وەفدێكی باڵای روسیا گەیشتە سوریا، بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لەسەرجەم بوار و ئاستەكاندا.
میدیاكانی روسیا بڵاویانكردەوە، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی میخائیل بوگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا و ئەلیكساندەر لاڤرینیتڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ سوریا لە دیمەشقە، بڕیارە لەسەر چەند پرسێك لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی نوێی سوریا گفتوگۆ بكەن لەنێویاندا، ئەحمەد شەرع.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، بەشێكی گفتوگۆكانی وەفدەكە دەبێت لە دیمەشق. .
تائێستا میدیاكانی سوریا، زانیارییان لەسەر سەردانی ئەو وەفدە روسییە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام پێشتر، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو، مۆسكۆ لەگەڵ سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاكی سوریایە و بۆ ئەو مەبەستەش، لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە گفتوگۆدان
رۆژی 8-12-2024، رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لەسەر دەستی دەستەی تەحریر شام رووخاو و بەشار ئەسەد دیمەشقی بەجێهێشت و خۆی گەیاندە مۆسكۆی پایتەختی روسیا.
ترەمپ فەرمانی دروستكردنی گەورەترین قەڵغانی دژەموشەكیی بۆ ئەمریكا دەدات و بەشداریی هاوڕەگەزخوازانیش لە ریزەكانی سوپادا قەدەغە دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریکا بڕیاری دروستكردنی گومەزی ئاسنینی وەك گەورەترین قەڵغانی دژە موشەكیی بۆ وڵاتەكەی ئیمزا كرد.
بڕیارەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە ئەمریكا لە ساڵی 2011 هاوكاریی ئیسرائیلی كرد بۆ دامەزراندنی سیستمی گومەزی ئاسنین لەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ هەر رۆژی سێشەممە هاوكات لەگەڵ بڕیاری دامەزراندنی سیستمی گومەزی ئاسنین، فەرمانی كرد تەنها رێگە بە بەشداریی دوو رەگەزی ژن و پیاو لە ریزەكانی سوپای ئەمریكادا بدرێت و هیچ رەگەزێكی دیكە یان هاوڕەگەزخوازان لە ریزەكانی سوپادا بەشدارییان پێ نەكرێت وەك سەرباز.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو گەورەترین و بەهێزترین قەڵغانی موشەكیی بۆ وڵاتەكەی دابمەزرێنێت و رێگرییش لە بەشداریی هاوڕەگەزخوازەكان لە ریزەكانی سوپا و زۆربەی پلە و پۆستە ئیدارییەكان بكات.
هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ترافیکلایتی 15 چوار ریان کامێرای چاودێری دەخرێتە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەعات 12ـی ئەمشەوەوە 15 کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی دەخرێنە کار، کە چەندین سەرپێچی تۆماردەکەن لەوانە، "نەوەستان لە گلۆپی سوری ترافیک لایت، لێخورین بە خێرای زیاتر لەو خێرایەی کە رێگەی پێدراوە بۆ تێپەڕین لەوکاتەی گلوپی ترافیک لایت سەوزە. "
ئاماژەی بەوەشکرد، کامێرەکان بۆماوەی 10 رۆژ بەشێوەی تاقیکردنەوە(تێست) کاردەکەن و لە ڕۆژی 7-2-2025ەوە سەرپێچی تۆماردەکەن و دەچنە سیستمی سزادانی هاتوچۆ.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیران نزیکەی 400 ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق تەرخانکرد کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا لە چوارچێوەی خشتەکانی خەمڵاندنەکانی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025 رەزامەندی دەربڕیوە، بۆ دابینکردنی پاڵپشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، ، بە بڕی 398 ملیار دینار بۆ تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە.
بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، هاوکات لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئاگادارکردوەتەوەە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستەدەستپێبکەن، لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دارایی راسپرێدراوە بوجەی تەواو بۆ هەڵبژاردنەکان تەرخان بکات.
سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیی بەسەر هاوسەرۆكی شارەوانی سێرت لە باکوری کوردستان سەپێندرا.
میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردەوە، دانیشتنی حەوتەمی دۆسیەی سۆفیا ئالاگاش هاوسەرۆكی شارەوانی سێرت، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بە ئامادەبونی پارێزەرەكانی لە دادگای باڵای تاوانەكانی پێنجەمی ئامەد بەڕێوەچووە، دادگا بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی قەدەغەكراو، سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، دادگاكە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیكردنی بەسەر هاوسەرۆكی شارەوانی سێرتدا سەپاندووە.
لە بەرانبەر ئەو بڕیارەدا سۆفیا ئالاگاش پارێزەری دۆسیەكە رایگەیاند، دۆسیەكە هەر لە سەرەتاوە نا یاسایی بووە، دادگا جارێكی تر دوژمنایەتی دەوڵەتی بەرامبەر كورد نیشاندا.
هاوكات سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش پەرلەمانتاری سێرت ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەو بڕیارە سیاسییە، ئەو یاسایە دوژمنایەتییە، دان بەو بڕیارە نایاساییەدا نانێن.
لە بەریتانیا ڤایرۆسێكی نوێ بڵاوبوەتەوە و كاریگەری زۆری لەسەر منداڵان و كەسانی بە تەمەن دروستكردوە.
بەپێی وێزگەی "جی بی نیوز"ی بەریتانی ، ڤایرۆسەكە هەمان ڤایرۆسە كە مانگی رابردوو لە چین بڵاوبوەوە و بە "ئێچ ئێم پی ڤی" ناسراوە ، لە ئێستاشدا رێژەی توشبون لە بەریتانیا گەیشتوەتە لە 4.9%، سەرەتا ڤایرۆسەكە لە ناوچە كەناراوەكانی بەریتانیا بڵاوبوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا سەرتاسەری بەریتانیای گرتوەتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە توشبووان لە نەخۆشخانەكاندا چارەسەر وەردەگرن .
ئەو ڤایرۆسە راستەوخۆ كاریگەری لە كۆئەندامی هەناسە دەكات و زۆرینەی نیشانەكانی هاوشێوەی نیشانەكانی كۆرۆنان ، زۆرترین كاریگەرییەكانیشی لەسەر منداڵان و كەسانی بە تەمەنە .
دوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، كۆمپانیای گوگڵ ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا گۆڕی.
كۆمپانیای گوگڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا گۆڕی، ئەوانیش لە سایتی نەخشەی گوگڵدا ناوی بەنداوەكەیان گۆڕیوە.
دەشڵێت، گۆڕانكارییەكە تەنیا لە ئەمریكادا بەدی دەكرێت، بەڵام لە ناوخۆی مەكسیكدا هەر بە كەنداوی مەكسیک دەمێنێتەوە. هەروەها بەكارهێنەرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتەش هەردوو ناوەكە لەسەر نەخشەی گوگڵدا دەبینن.
24ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا بە رەسمی ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا و ناوی لوتكەی دێنالی لە ئەلاسكا بۆ چیای ماكینلی گۆڕی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی ئەو 500 کەسەی بڵاوکردەوە کە لە پارێزگای هەڵەبجە بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن.
ئەو 500 کەسە لە رۆژی دامەزراندنیانەوە موچەیان بۆ هەژمار دەکرێت و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو کەسانە بەسەر قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگاکەدا دابەشدەکرێن.
ئەوەشی خستەروو، ئەو کەسانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە دەتوانن لە سبەینێ چوارشەممەوە دەست بە مامەڵەکانیان بکەن.
سەرەتای ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دامەزراندنی 500 کەس وەک گرێبەست لە پارێزگای هەڵەبجە و چوار مانگ دوای بڕیارەکەش فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی کارا کرا بۆ پێشکەشکردنی داوای دامەزراندن.
سبەینێ سەرۆك وەزیرانی میسر سەردانی بەغداد دەكات و ژمارەیەك یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا دەكرێت .
رۆژنامەی سەباحی عیراقی ئاشكرایكرد، رۆژی چوارشەممە "مستەفا مەدبولی" سەرۆك وەزیرانی میسر سەردانی بەغداد دەكات و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێدەكرێت، چاوەروانیش دەكرێت 11 یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان عیراق و میسر ئیمزا بكرێت.
یاداشتنامەكانیش لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستی و كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان و كەرتی تایبەت و پەیوەندییەكان و سایلۆكان و شوێنەوار و گواستنەوەی وشكانیدا دەبن.
حکومەتی غەززە رایگەیاند، لە دوێنێوە دوای کردنەوەی شەقامی رەشید و گەڕانەوەی ئاوارەکانی غەززە، زیاتر لە 300 هەزار فەڵەستینی لە باکووری کەرتەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئۆفیسی راگەیاندنی حکومەتی غەززە بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، دەست کرا بە گەڕانەوەی ئاوارەکان لە باشووری کەرتی غەززەوە بەرەو باکوور.
دوای ئەوەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا بە ھەزاران ئاوارەی فەڵەستینی لە شەقامی رەشید لە نزیک میحوەری نەتساریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە گردبوونەوە و داوایان کرد لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا رێگایان پێ بدرێت بگەڕێنەوە باکووری کەرتی غەززە، ئیسرائیل نەتارسیمی چۆڵ کرد و دوێنێ ئاوارەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و عیراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە، وەزیری نەوتی عیراقیش دەڵێت، دوای نەوتەكە بەدواداچوون بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەی غازی هەرێم دەكەن.
سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم 22 ملیار دۆلار زیانی بە عیراق گەیاندووە و لەگەڵ عیراق لەسەر هێڵن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لەلایەکی دیکەوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق پرۆژەیاسایەكی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم.
وتیشی، وەك قۆناغی سەرەتا بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 16 دۆلار دیاریكراوە.
باسی لەوەشکرد، لە داهاتوودا بەدواداچوون بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەی غاز لە كێڵگەكانی هەرێم دەكەن و وەبەرهێنانی تێدا دەكەن.
پاسێكی عومرەكارانی كورد لەناو خاكی سعودییە تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بوو، بەهۆیەوە عومرەكارێك گیانی لەدەستدا و 13ـی عومرەكاری دیكەش بریندارن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمشەو پاسێكی عومرەكارانی كورد، لە ناوخاكی سعودییە، لە نزیك ناوچەی " ئەلحال" لەگەڵ بارهەڵگرێكدا تووشی پێكدادان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی رووداوەكە، لە سەرنشینانی پاسەكە عومرەكارێك گیانی لەدەستدا و 13ـی دیكەش بریندارن، رەوشی تەندروستی دووان لە بریندارەكانیش ناجێگیرە. هاوكات سەرنشینانی بارهەڵگرەكە كە دوو كەس بوون، گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاند، عومرەكارە كوردەكان خەڵكی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەرین. وتیشی، تیمە تەندروستییەكانی سعودییە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش لەسەر هێڵن، بۆ بەدواداچوون بۆ رەوشی عومرەكارەكان.
حكومەتی هەرێم رێككارەكانی دامەزراندنی 500 كارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەكانی سنووری هەڵەبجە تەواو كرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەنجومەنی راژەی گشتی هەرێم، بە رەسمی زانیاری پێویستی لەسەر ئەو كارمەندانە و شوێنی دەوامیان ئاڕاستەی فەرمانگەكانی سنووری هەڵەبجە كردووە، تاكو رێوشوێنە كارگێڕییەكانی پێش دەستبەكاربوونیان تەواو بكرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنێو ئەو كارمەندانەی دادەمەزرێنرێن، 48 كارمەندیان كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراونن، هەروەها 25 كارمەندی دیكەیان كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشداوە، دامەزراندنی ئەو كارمەندانە لەسەر بنەمای پسپۆڕی و بڕوانامەكانیان و هاوكات، پێداویستی فەرمانگەكانی سنووری هەڵەبجە دەبێت، كە 45 جۆری كاریان بۆ ئەو كارمەندانە لەخۆگرتووە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی 4-6-2024، ، دیوانی پارێزگای هەڵەبجە فۆڕمێكی ئۆنلاینی بۆ دامەزاندنی 500 كارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ دامەزراوە ئیدارییەكانی هەڵەبجە بڵاوكردەوە.
37 ساڵ بەسەر داستانی سەری رەشدا تێدەپەڕێت كە تێیدا سەری رەش و كۆشكی هاوینەی سەدام حسێنی دیكتاتۆری پێشووی عیراق، لەلایەن پێشمەرگەكانی مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رزگاركرا.
لە دوای داستانی حەمك پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەكنیك و دیسپلینێكی نوێ توانیان قۆناغێ شەڕ ببەنە قۆناغێكی نوێ و چەندین داستان و چالاكی گەورە تۆمار بكەن، كە تیایدا رزگاركردنی سەری رەشبوو لەلایەن پێشمەرگەكانی مەڵبەندی سێی هەولێرەوە كە ئەوكات لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە سەركردایەتی دەكرا.
لەو كاتەدا چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە ناو ناوبانگی زۆری پەیداكردبوو، بەوپێیەی رژێمی بەعس لەو كاتەدا سوپایەكی زۆر بەهێزی هەبوو سەرۆكەكەشی لەناو سەركردە عەرەبییەكاندا ناوبانگێكی زۆری هەبوو، سەری رەش بۆ یەكەمین جار لە شەوی 27 لەسەر 28ی 1ی ساڵی 1988 رزگاركرا و دەنگدانەوەی زۆری لەناو میدیاكانی ئەو سەردەمە هەبوو، بەتایبەت لە میدیا عەرەبییەكاندا باس و خواسی زۆری بەدواداهات.
چین وەڵامی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکا دەداتەوە سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید 19" و لە وەڵامەکەیدا هەواڵگری ئەمریکا بە زانیاری پێدەری ناڕاست بە جیهان تۆمەتبار دەکات.
لە پاش ئەوەی هەواڵگری ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی توێژینەوەوە دزەیکردووە و بڵاوبووەتەوە نەک لە ئاژەڵێکەوە، ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "تیمی پسپۆڕی هاوبەشی چین و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە پشت بەستن بە سەردانە مەیدانییەکانیان، گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری شتێکی وا زۆر کەمە.
وتیشی: پێویستە ئەمریکا واز لە بەسیاسیکردن و بەکارهێنانی پرسی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بهێنێت و دەست لە تاوانبارکردنی وڵاتان هەڵبگرێت.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی) ڕایگەیاند، ئەو تیۆرییەی کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی چینییەوە دزەی کردبێت "ئەگەری زیاترە" لەوەی کە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە گوازرابێتەوە، ئەمەش بە تاوانبارکردنی چین لێکدرایەوە و ناڕەزایی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.
ئەمریكا درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بۆ 18ی مانگی داهاتوو راگەیاند.
كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تا 18ی دوو بەردەوام دەبێت و ئیسرائیل و لوبنان و ئەمریكاش دانوستان دەستپێدەكەن لەبارەی گەڕانەوەی ئەو لوبنانیانەی لە دوای 7ی ئۆكتۆبەری 2023ەوە دەستگیركراون.
حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنانیش رایگەیاند، رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئاژانسی هەواڵی لوبنان ئاشكرایكردوە، ئیسرائیل تەقینەوەیەكی بەهێزی لە ناوچەی كەفەركەلا لە باشوری لوبنان ئەنجامداوە، بەپێی ئامارێكیش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی لوبنانەوە بڵاوكراوەتەوە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە، 22 كەس لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ شارۆچكەكانیان لە باشوری لوبنان كوژراون.