بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێک لە رانیە کرایە ئامانج و چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: لە سنوری رانیە ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج و لە بۆردومانەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش برینداربوو.
ئاشکراشیکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر لەسەر رێگای سەرەکی گوندی گردجان لە ئیدارەی راپەڕین کراوەتە ئامانج.
رێکخراوی CPTی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە.
جێگەی ئاماژەیە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە لە سنووری ناحیەی دینارتە، دوو هاووڵاتی شەهیدبوون
وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەکیان لە ئەمریکاوە وەرنەگرتووە بۆ کۆبوونەوەی پوتین و تڕەمپ، دەشڵێت، کۆبوونەوەی پوتین و تڕەمپ کاتێکی دیاریکراوی پێویستە.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملینی روسیا رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەکیان لە ئەمریکییەکانەوە وەرنەگرتووە بۆ ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا و دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا.
وتیشی، کاتێک راوێژ لەسەر چوونی پوتین بۆ ئەمریکا دەکەن، کە سەرکردەکانیان بە باشی بزانن ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، چونکە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی رەسمیان پێنەگەیشتووە، لەسەر رۆژمێری خۆیان کار دەکەن.
ئەوەشی خستە روو، روسیا ئامادەی کۆبوونەوەیە و وادەبینرێت کە ئەمریکاش ئامادەیە، بەو پێیەش کاتێکی دیاریکراوی پێویستە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد، لەبارەی شەڕی ئۆکرانیاوە بە زووترین کات لەگەڵ پوتیندا قسە دەکات.
یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی وزە و گواستنەوە و دارایی سوریا هەڵپەسێرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی سوککردنی سزاکانی سەر سوریا بکەن بەتایبەت لە کەرتەکانی وزە و گواستنەوە و داراییدا، لەو بارەیەوە کایا کالاس نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت بڕیارێکی سیاسیی بدرێت.
دەشڵێت، "بەڕاستی ئامادەین شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە دیمەشق بەڕووی تەواوی ستافەکەیدا بکەینەوە. داهاتووی سووریا ناسکە بەڵام جێگەی دڵخۆشییە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بواریان پێبدەین بۆ ئەوەی هەنگاوی دروست بنێن، پێویستە ئەوە ببینین. لە ئێستادا وتەی دروست دەڵێن. بەڵام ئایا کاری باشیش دەکەن؟ بۆیە ئەمە هەڵوێست و رێبازێکە 'هەنگاو بەرامبەر هەنگاوە'. ئەگەر هەنگاوی دروست بنێن، ئێمەیش ئامادەی هەڵنانی هەنگاوین''.
لەلایەکی دیکەوە ژان ئۆنێلی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوەکردووە، لەبارەی هەڵپەساردنی سزاکانەوە بڕیار دەدرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەو سزایانە رێگرن لەوەی لە ئێستادا ئابووریی وڵاتەکە سەقامگیر ببێت و دەست بە پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە بکرێت.
وتیشی، هەرجۆرە بڕیارێک بۆ هەڵپەساردنی سزاکان، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو پێشهاتانەی لە سوریا روودەدەن.
دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی عەبدوڵا ساڵح دەرکرد، ئەو گەنجەی لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە کوژرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لەزاری ساڵح محەمەد، باوکی عەبدوڵاوە باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ لە هۆڵی دادگای کەرکوک- گەرمیان لە یەکەم دانیشتندا دادوەر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی کوڕەکەی دەرکردووە کە دوو هاوڕێی خۆی بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستە روو، ئەمڕۆ بۆ داواکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کەسوکاری عەبدوڵا کۆبوونەوە و داوایان کرد مافی کوڕەکەیان وەربگرنەوە بە جێبەجێکردنی سزاکە.
عەبدوڵا ساڵح ئەو گەنجەی کەلار بوو، کە رۆژی 28ی ئەم مانگە بێسەروشوێن بوو و دوو رۆژ دوای دیارنەمانیشی تەرمەکەی دۆزرایەوە، کە بەپێی وتەی پۆلیس لە گوندێکی نزیک کەلار لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە رفێنراوە و دواتر کوژراوە.
عەبدوڵا ساڵح لەدایکبووی ساڵی 2003 بوو و پیشەی پێشمەرگە بوو، هەروەها تاقانەی شەش خوشک بوو.
هاتوچۆی هەرێم خولی پێگەیاندنی مامۆستا و راهێنەری شۆفێری دەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش فۆڕمی بڵاوکردووەتەوە.
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، بەپێی رێنمایی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ی وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی تۆتاڵ بۆ راهێنان و پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنی هاتوچۆ، لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، خولی پێگەیاندنی مامۆستا و راهێنەری شۆفێری دەکاتەوە.
ئەوەش هاتووە، لە خولەکەدا سیستم و پڕۆگرامی نوێ بەکاردەهێنرێت.
هاتوچۆ ئەوەشی خستووەتە روو، هەرکەس ئارەزومەندە بەشداری خولەکە بکات، دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە، بکوژی گەنجەکەی رانیە دەستگیر کرا، کە هەوڵی داوە هەڵبێت و لە هەرێم بچێتە دەرەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە، شەوی 26ی ئەم مانگە لە گەڕەکی شەهیدانی رانیە، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند گەنجێکدا کەسێک کوژرا بەناوی (ژیناڵ ئیبراهیم کەریم) لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤ و سێ کەسیش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، پاش روداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بکوژەکەیان بەناوی ( م ، م ، أ ) دەستگیر کرد لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لە هەوڵی دەربازبوونیدا بووە بۆ ئەودیو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( ٤٠٦) لە یاسای سزادان راگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ یەکشەممە، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، شەوی 26ی کاوونی دووەم، چوار کەس بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کە شوێنەواری یشەک بەسەر جەستەیانەوە بووە و دواتر یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
دوای ئەوەی دوێنێ بە هەزاران ئاوارەی فەلەستینی ناڕەزایەتییان دەربڕی و گردبوونەوە، سوپای ئیسرائیل بەرەی نەتساریمی چۆڵ کرد و ئاوارەکانیش دەستیان کرد بە جوڵە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
دوای ئەوەی دوێنێ ھەزاران ئاوارەی فەلەستینی لە شەقامی رەشید لە نزیک میحوەری نەتساریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە گردبوونەوە، داوایان دەکرد لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا رێگایان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل نەتساریمی چۆڵ کرد و لە ئێستاشدا خەڵکی غەززە دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵیش لە ئێستادا چەندین تیمی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بە درێژایی رێگاکە چاودێری گەڕانەوەیان دەکەن.
لەو بارەیەوە سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی ناوخۆی کەرتی غەززە کە سەر بە حەماسە ئەوەیان خستووەتە روو، لە سەعات 7ی بەیانییەوە شەقامی رەشید کراوەتەوە بۆ تێپەڕبوونی خەڵکەکە.
زانایانی بواری خۆراک باس لەوە دەکەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیریی خواردنی گوێز باشترین بژاردەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا گوێزی هەورامان یەکێکە لەو جۆرانەی گوێز کە زۆرترین خواستی لەسەرە، هەم لە رووی تامەوە هەم لەرووی ناسکییەکەی، کە وەک دەڵێن: گوێزی هەورامان بە دەست دەشكێت.
نزیکایەتی خەڵکی کوردستان لە سروشتەوە، بەشێوەیەکی گشتی گوێز بەشێکە لە خواردنی سەر سفرەکان و بەدەر لە خواردنی لە ژەمی بەیانیاندا، لە ژەم و کاتەکانی دیکەشدا تێکەڵ بە چێشت و شیرینی دەکرێت.
سودە تەندروستییەکانی گوێز لەمێژە باسدەکرێن و لەناو کوردستانیشدا وەک ئیدیۆمێکی گاڵتەوگەپ بەیەکتر دەڵێن: "ئەوە گوێزی هەورامان دەخۆیت ئەوەندە زیرەکیت".
لە نوێترین توێژەوەدا زانایان وەک خۆراکێکی دژە پیریی ناوی دەبەن و باس لەوەدەکەن، ژەمێکی سوک و دەوڵەمەندە، کە بەهای خۆراکی بەرزە و دەتوانێت بەرەنگاری نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە ببێتەوە و بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێش دابگرن.
زانایان ئەوەیان خستووەتە روو، خواردنی گوێز بەجۆرێک بەسوودە، رێگە دەگرێت لە دەرکەوتنی نیشانەکانی پیریی و سەرچاوەیەکی باشی چەوریی تەندروستە بۆ جەستە.
میلیسیا گایگر پسپۆڕی تایبەتی بواریی خۆراک باسی لەوەکردووە، سەرجەم ئەو خۆراکانەی دەکرێت وەک چەرەس بخورێن دەوڵەمەندن بە چەوریی بەسوود، بەڵام چەورییە سوودبەخشەکانی گوێز جیاوازە و رێژەیان لەناو گوێزدا بەرزترە، بەتایبەت بەرزی رێژەی ئۆمیگا-3 و ترشی ئەلفا لینولینیک.
ئەو پسپۆڕە روونیشیکردووەتەوە، خواردنی رۆژانەی گوێز بە بڕێکی گونجا وادەکات رێژەی هەوکردن لە جەستەدا داببەزێت، چونکە گوێز بەرەنگاری گرفتەکانی ناوەوە و دەرەوەی جەستەش دەبێتەوە.
دەشڵێت، بەدەر لەوانە گوێز بە ڤیتامینەکانیش دەوڵەمەندە، ئەو بەرزی بەها خۆراکییەشی هاوکارە لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، خەمۆکی، شەکرە، بەهێزکردنی مێشک و توانای سەرنجدان.
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ، جارێکی دیکە دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکی رایگەیاندووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەدا گەشەی پێدراوە و لەخۆوە و لە سروشتەوە بڵاونەبووەتەوە.
جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوان بەشێوەیەکی تەواوەتی گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەدا گەشەی پێدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ میدیاکان ئەوەی خستووەتە روو، ویلیام بیرنزی بەڕێوەبەری پێشووی دەزگاکە، لە ماوەی کۆتایی ئیدارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکدا، داوای لە شیکارکاران و زانایانی دەزگاکە کردووە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ڤایرۆسەکەوە بدەن.
ئەوەشی خستووەتە روو، هێشتا پرسەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و باس لە هەردوو ئەگەرەکە دەکرێت.
لە مانگی 12ی رابردوو و لەدوای پێنج ساڵ لە بە فەرمی راگەیاندنی یەکەم کەیسی توشبووی ڤایرۆسەکە، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی باسی لەوەکرد، هێشتا چاوەڕوانی ئەوەن لەگەڵ چیندا هەماهەنگی بکەن و چین زانیاریی تەواویان لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و وردەکاریی ئامارەکان بداتێ.
سەرۆكی توركیا رایگەیاند، توركیا جیاوازی لە نێوان تورك و كورد و زازا و عەلەوی و سوننە ناكات و ئامێزی بۆ هەموان واڵا كردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وان بەشداری لە هەشتەمین كۆنگرەی پارتەكەیدا كرد و وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە لەئامێزگرتنی هەموو هاووڵاتیانی توركیا بەبێ جیاوازی، كورد بێت یان تورك، عەلوی یاخود سوننە بێت.
دەشڵێت، بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێیت كە لەدوای 40 ساڵ توركیایەكی ئارامیان هەبێت و پرسی كورد بە ئارامی چارەسەر بكەن.
وتیشی، رێگە نادەن حوكمەت جیاوازی لەسەر بنەمای نەتەوە و زمان و كلتور بكات.
جەختی لەوەشكردەوە، رێگە نادات دووبەرەكی لەناو گەلی توركیادا هەبێت و دەرفەتی تۆمەت و قسەی بێ بنەما نادەن بۆ ئەوەی توركیا پەلكێشی پشێویی بكەن.

ئەمڕۆ 26ی 1ی 2025، 10 ساڵ بەسەر ئازادکردنی کۆبانێ لە دەستی چەکدارای داعشدا تێدەپەڕێت. دوای 10 ساڵ لە رزگاربوون لەو گروپە تیرۆرستییە هێشتا شەڕ یەخەی شارەکە بەرنادات و تورکیا چاوی تەماحیان لەسەر هەڵناگرێت.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا چەکدارانی داعش سەریان هەڵدا و موسڵیان داگیرکرد، بە ماوەیەکی کەم بەرەو کۆبانێ هەنگاویان نا، کە لەسەرەتادا هەوڵی داگیرکردنی 'گردی مشتەنور، ناوەندی چاند و هونەر، چوارگۆشەی ئەمنی و رێڕەوی مورشید پنار'یان دا، جگە لە رێڕەوی مورشید پنار، داعش دەستی بەسەر سێ شوێنەکەی دیکەدا گرت.
دواتر لە 15ی 9ی هەمان ساڵدا، بە ژمارەیەکی کەم لە شەڕڤانانەوە بەماوەی 20 رۆژ توانرا رێگا لە چەکدارانی داعش بگیرێت پێشڕەویی ئەنجام بدەن.
لە شەڕەکەدا شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل 'یەپەگە' و یەکینەکانی پاراستنی ژن 'یەپەژە' بەرپەرچی هێرشەکانی چەکدارانی داعشیان دایەوە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش چوون و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کرد، کە دواتر لە 18ی 12ی هەمان ساڵدا، رایانگەیاند، دەچنە قۆناغی سێ شەڕ لەگەڵ داعش و کۆبانێ رزگار دەکەن.
شەڕڤانان قۆناغی سێیەمیان لەژێر دروشمی "لە کەسایەتی جودی، ساریا، زنار و هەڤاڵانیان" دەست پێ کرد.
دواتریش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هاوكاری شەڕڤانان و گەلی كورد لە رۆژئاوا، چوونە كۆبانی. وڵاتانی دەرەوەش دەستیان کرد بە هاوکاریکردنی شەڕڤانان و ناردنی پشتیوانی بۆیان.
لە ئازادکردنی کۆبانێدا ئارین میرکان بووە هێمای شەڕەکە
ئارین میرکان فەرماندەیەکی یەپەژە بوو، کە ناوی خۆی دیلار بوو، ئارین لە 5ی 10ی 2014دا لەپێاو رزگارکردنی هاوڕێکانی خۆی بە ژمارەیەک چەکداری داعشدا تەقاندەوە، کە یەکەم چالاکی لەو جۆرە بوو شەڕڤانان ئەنجامی بدەن.
ئارین لە گردی مشتەنوردا دژی داعش شەڕی دەکرد و دواتر بووە فەرماندەی گشتیی یەپەژە. وەک حاجی مەنسووری فەرماندەی ئەمنیی کۆبانێ باسی دەکات، شەڕڤانان ناچاربوون لە گردەکە بکشێنەوە، بەڵام ئارین لە پشتییانەوە مابووەوە و لەلایەن داعشەوە گەمارۆ درابوو، ئەویش بۆ رزگارکردنی هاوڕێکانی، ئەو گەمارۆیەی قۆستەوە و ئەو تەقەمەنیانەی تەقاندەوە کە بە جەستەیەوە بوون.
ئارین سەرەڕای ئەوەی دایک بوو و خاوەنی دوو منداڵ بوو، بەڵام لەپێناو رزگارکردنی هاوڕێکانیدا کە پێکەوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان شەڕیان دەکرد، خۆی کردە قوربانی و دواتریش بووە هێمای ئازادکردنی کۆبانێ.
ئێستا پەیکەری ئارین لە ناوەندی کۆبانێدا دروستکراوە و وەک هێمایەکی بەرزی شارەکە و بەرخۆدان لێی دەڕوانرێت.
دواجار لە 26ی 1ی 2015 و دوای 39 رۆژ لە دەستپێکی قۆناغی سێیەم، زەنگی سەرکەوتن لێدرا و کۆبانێ لەژێر دەستی چەکدارانی گروپێکی تیرۆرستی گەورە ئازاد کران.
کۆبانێ سەربەرزە
لەو رۆژەدا شەڕڤانان دروشمی سەرکەوتنیان دەوتەوە و یەکدەنگ دەیانوت، "کۆبانێ غەمگین نییە، کۆبانێ سەربەرزە، کۆبانێمان ئازاد کرد".
زیانەکانی شەڕی داعش
لە شەڕی داعشدا کۆبانێ زیانی زۆری بەرکەوت، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، بەپێی دوایین راپۆرتەکان، نزیکەی 80٪ی شارەکە وێران بوو، هێڵی ئاو و کارەبا بە تەواوی پەکی کەوت و نزیکەی نیوەی شەقام و رێگاوبانەکانی تێکچوون، هەروەها زیاتر لە 500 گوند وێران بوون و بە سەدان هەزار ئاژەڵ دزران و مرداربوونەوە.
ئەوە جگە لەوەی چيکدارانی داعش گوندەکانیان تاڵان کرد و بە سەدان ئامێر و ئۆتۆمبێلی جوتیارانیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
دواتر لە 2018 و چوار ساڵ دوای ئازادکردنی کۆبانێ، لە ساڵیادی ئازادکردنیدا پاککردنەوەی تەواوی گوند و ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ راگەیەنرا و کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵی دەوروبەری کۆبانێش لە داعش پاک کرانەوە.
ئازادکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش و بوێری شەڕڤانان بە جۆرێک بوو، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و دوابەدوای ئەو رووداوانە 1ی 11ی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی کۆبانێ ناسێنراوە.
دوای 10 ساڵ رۆژئاوا و کۆبانێ ئارام نین و تورکیا چاوی تێی بڕیوە
کۆبانێ لە داعش پاککرایەوە، بەڵام هەر لەدوای داعش و تاوەکو ئەم ساتەش 10 ساڵ دوای ئەو روداوە؛ هێشتا کۆبانێ خاکەکەی ئارامی بەخۆوە نەدیوە و تورکیا چاوی تێی بڕێوە.
نەک تەنها کۆبانێ، خاکی رۆژئاوای کوردستان ئەو جێگەیەیە تورکیا ساڵ بە ساڵ هەرجارە و بە بیانوویەک هێرش دەکاتە سەری، هێشتا برینی کۆبانێ ساڕێژ نەببوو، لە ساڵی 2019دا تورکیا دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی و چەند شارێکی دیکە، کە لە هێرشەکانیدا چەکی قەدەغەکراویشی بەکارهێنا.
تورکیا چەکی فۆسفۆڕی دژ بە کورد بەکارهێنا
لەدوای هێرشەکانی تورکیا چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی بە بەڵگەوە سەلماندیان کە تورکیا چەکی فۆسفۆڕی سپی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە و بە سەدان کەس بەهۆی ئەو چەکە کیماییە قەدەغەکراوانەوە بە سەختی برینداربوون و گیانیان لەدەستدا.
ئەمساڵیش لە ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێدا کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان 'کەنەکە' رایگەیاندووە، "دەوڵەتی تورکیا تۆڵەی داعش لە خەڵکی رۆژئاوا دەکاتەوە و ئەو کارەی لە رێگەی داعشەوە نەیتوانی بیکات، دەیەوێت خۆی ئەنجامی بدات، ئامانجی سەرەتا کۆبانێ و پاشان هەموو دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمڕۆ پرۆسەیەکی هاوشێوەی کۆبانێ لەبەردەمماندایە، پێویستە وەک 10 ساڵ لەمەوبەر کۆبانێ و شۆڕشی رۆژئاوا بپارێزین. بەرگریکردن لە رۆژئاوا بەرگریکردنە لە کوردستان".
هێشتا رۆژانە تورکیا لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە رۆژئاوا بەردەوامە و بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە رۆژانە دەیان بریندار و گیانلەدەستدان دەکەونەوە، یەکێک لەو هێرشانەش کە هەفتەی رابردوو لەکاتی هەڵپەڕکێ و خۆشی دەربڕینی کورداندا هێرشی راستەوخۆی کردە سەر بەنداوەکە.
لە 19ی ئەم مانگەشدا، ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" رایگەیاند، توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانیی هەوڵدەدەن بەنداوی تشرین و شاری مەنبج داگیر بكەن، ئامانجی سەرەكیی توركیا لە پشتیوانیی سەربازیی و ئاسمانیی بۆ چەكدارانی سوری بە ئامانجی داگیركردنی كۆبانێیە.
نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان دیاری کرا و بەپێی راگەیەنراوی کارەبای سلێمانی، بۆ هەر کیلۆواتێک 272 دینار دیاری کراوە.
کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون 'سیتییەکان' کۆبوونەوە و تیایدا نرخی کارەبای موەلیدەیان دیاری کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ مانگی کانوونی دووەم، نرخی یەک کیلۆوات کارەبا بە 272 دینار دیاری کراوە.
ئەوەش هاتووە، نرخەکە بەگوێرەی نرخی گاز لە بازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە، دیاری کراوە.
کارەبای سلێمانی دەشڵێت، پێویستە سەرجەم ستیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بە نرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
لە هەرێم موەلیدە ئەهلییەکان هاوشانی کارەبای نیشتیمانی، کارەبا بۆ ماڵان دابین دەکەن و بەشێک لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونیش هاوشێوەی گەڕەکەکان، هەردوو کارەبای نیشتیمانی و موەلیدەیان هەیە و بە نۆرە کارەبایان پێدەدرێت.
پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو چوار کەس بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کە دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستداوە، پەیامنێری کوردسات نیوزیش دەڵێت، سەرەتا بووەتە دەمەقاڵێیان.
پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر ١ی شەوی رابردوو، چوار کەس کە دووانیان مێردمنداڵ بوون بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار کەسە سەرجەمیان لە رەگەزی نێر بوون، کە دوو مێردمنداڵەکە یەکیان بەناوی (د، ج، ئـ) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰۷ و خوێندکار بووە، یەکێکی دیکەیان بە ناوی (ب، م، ئـ) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰۹ و بەهەمان شێوە خوێندکار بووە.
دوو گەنجەکەی دیکەش یەکیان بەناوی (ژ، ئـ، ک) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰٤ و ئەوەی دیکەش بەناوی ( بــ، ف، ک) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰٤، کە کاسبکار بوون.
پۆلیسی راپەڕین نووسیویشییەتی، سێ لە بریندارەکان چارەسەریی سەرەتاییان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون، بەڵام دواتر یەک لە بریندارەکان بە ناوی (ژ. ئـ. ک) بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە رێگادا گیانی لەدەستداوە.
ئەوەش هاتووە، لەئێستادا تۆمەتبارەکانی دیکە راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوزیش لەبارەی رووداوەکەوە باسی لەوەکرد، ئەو چوار کەسە سەرەتا بووەتە دەمەقاڵێیان.
دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە، دەشڵێت، غەززە پاکدەکەنەوە.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پلانی پاککردنەوەی غەززە، لەگەڵ ئوردون و میسڕ قسەی كردووە بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دیكەی دراوسێی غەززە.
تڕەمپ غەززەی بە شوێنێکی وێران ناوبرد و وتیشی، دەکرێت ئەو رێکارە کاتی بێت یان درێژخایەن بێت.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی روونکردەوە، ئۆکرانیاش هەروا جێناهێڵن و پلانی راگرتنی شەڕی ئۆکرانیا و روسیاشیان هەیە، وتیشی، بە زووترین کات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیادا قسە دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ١٥ مانگی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززەدا، بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ماوەی چەند مانگێکە باس لە قەیرانی خۆراک و مرۆیی دەکەن لەو کەرتەدا، ئەوە جگە لە سەختی دەستڕاگەیشتن بە غەززە و ناردنی هاوکارییەکان.
زانایانی شوێنەوارناسی لە زانکۆی ئەودینی لە ئیتاڵیا، شوێنەواری کەشتییەکیان دۆزییەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ بەر لە زایین.
زانایانی شوێنەوارناسی ئیتاڵیا کەشتییەکەیان لە کەناراوەکانی سانتا ماریا دیل فۆکالۆ دۆزیوەتەوە، کە شەش مەتر لە ژێر لم و بەردەوە بووە و بەپێی وتەی ئەو زانایانە تەمەنی کەشتییەکە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ دەبێت.
زاناکان دیزاینی دروستکردنی کەشتییەکەیان باسکردووە و دەڵێن بە تەکنیکێکی سەرەتایی دروستکراوە و ماددەی سەرەکی کە تێیدا بەکارهێنراوە تەختەیە و سەرەتا چوارچێوەکەی دروستدەکرێت پاشان رووپۆش دەکرێت.
ئەو شێوە دیزاینکردن و دروستکردنەی کەشتی، بەتایبەت لەو شوێنانە باو بووە کە کەوتوونەتە سەر دەریای سپی و دەریای ناوەڕاست و شێوەی دروستکردنەکەی ئاسانە و لە پارچە تەختەی بچووک دروستدەکرێت، هەروەها کاتی کەمی پێویستە.
ئەو زانایانە دەشڵێن، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە ئەو کەشتییە لەناو ئاو و لمدا ماوەتەوە، بەڵام لەرێگای وێنەی سێ دووری و چەند تەکنیکێکەوە دەتوانن لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکەن و تێبگەن لەوەی پێکهتاە بنەڕەتییەکانی کەشتییەکە چین.
هەسەدە تاكو رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو مۆڵەت دەداتە سەربازانی رژێمی پێشووی سوریا چەكەكانیان رادەستبكەن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر خواستی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییەكانی ناوچەكە و لە پێناو رێگریكردن لە دروستبوونی گرژی و شەڕ، تاكو رۆژی 10ـی مانگی شوباتی داهاتوو، مۆڵەت دەدرێتە سەربازانی رژێمی پێشووی سوریا لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە چەكەكانیان رادەستبكەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا، لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە كارەكانیان بۆ كۆكردنەوەی چەك و تەقەمەنی لە دەست سەربازانی رژێمی پێشوو دەستپێكردووە.
دەشڵێت، تاكو ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی رژێمی پێشوو، بە دەم بانگەوازەكەوە هاتوون و چەكەكانیان رادەستكردووە.
هەسەدە راشیگەیاندووە، لەدوای رۆژی 10ـی مانگی داهاتووەوە، بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو سەربازانە دەكرێت كە چەكەكانیان رادەستنەكردووە.