
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، گەشتیار جگە لە كارتی بانكی خۆی، نابێت هەڵگری هیچ كارتێكی تر بێت، هەروەها كڕینەوە یان بەكرێدانی كارتە بانكییەكان كارێكی نایاساییە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم چەند رێنماییەكی بۆ بەكارهێنەرانی كارتە بانكییەكان لەكاتی گەشتەكانیان لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، گەشتیار جگە لەكارتی بانكی خۆی نابێت هەڵگری هیچ كارتێكی تربێت، بەپێچەوانەوە تۆمەتبارە بەیاسای سپیكردنەوەی دراو و پارەداركردنی تیرۆر.
راشیگەیاندووە، ئەگەر گەشتیار هەڵگری چەند كارتێكی بانكی بوو كە بەناوی خۆییەوە نەبوو، گەشتیار و خاوەنی كارتەكان بەرپرسیارن بەرامبەر بەیاسا، كارتە بانكییەكانیش دەستی بەسەردا دەگیرێت و بلۆك دەكرێن، هەروەها كڕینەوە یان بەكرێدانی كارتە بانكییەكان كارێكی نایاساییە، بەپێچەوانەوە مامەڵەكار و خاوەنی كارتەكە ڕووبەووی یاسا دەكرێنەوە.
دەزگای ئاسایش هەرێم داوا لە هاووڵاتییانیش دەكات، پارێزگاری لە بەڵگەنامە كەسییەكانیان بكەن، رێگە نەدەن بەكار بهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە.
کەشناسی هەرێم بڵاوی کردەوە شەپۆلی بەفر و باران ناوچەکە دەگرێتەوە و هەتا رۆژی هەینیش کاریگەرییەکەی بەردەوامدەبێت.
بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى/بەشى پێشبینى رایگەیاند؛ ئێوارەى ڕۆژى چوار شەممە کاریگەری شەپۆلێک لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەکەمان و دەبێتە هۆی بارینی بەفرو باران.
لە راگەیەندراوەکەی کەشناسیدا هاتووە: سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان وسنوورییەکان نمە باران دەستپێدەکات، لەکاتەکانى ئێوارەشدا بەفرێکى کەم لە سەر ناوچە سنوورییەکان دەبارێت و ڕۆژى پێنجشەممەش کاریگەرى شەپۆلەکە زیاد دەبێت لەسەر ناوچەکەمان وهەندێ کات لێزمە باران دەبێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، کاریگەرى شەپۆلەکە لە ئێوارەى ڕۆژى چوار شەممەوە دەست پێدەکات تاکو بەیانى ڕۆژى هەینى بەردەوام دەبێت.
لەلایەن تیمی نیشتمانی عیراقەوە، هەڵمەتی دووەم بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفلكراوانی كۆیە دەستیپێكرد.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەك كە پێكهاتوون لە دەزگای شەهیدانی عیراق و فەرمانگەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و پزشكی داد لە كۆیە دەستیان بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان كردووە، بڕیارە لیژنەكە شەش رۆژ بمێننەوە.
وتیشی، وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە، كە لە ماوەكانی رابردوودا بە هەوڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لە تەلشێخە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵ دۆزرانەوە، لە مانگی 12ی 2024 و سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵیش دەستكرا بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان.
ئەمڕۆ 28 رۆژە پشتێنەی مرۆیی بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین پێكهێنراوە، بەهۆی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیش بۆ سەر بەنداوەكە 24 كەس شەهید بوون و 221 كەسیش برینداربوون.
بە مەبەستی پاراستنی بەنداوی تشرین لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دانیشتوانی ناوچە جیاجیاكان دەچنە سەر بەنداوی تشرین، سوپای توركیا و گروپەچەدارەكانیش بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر بەنداوەكە، بەپێی ئامارەكانیش لە 8ی كانوونی دووەمی رابردوو تائێستا 24 هاووڵاتی شەهیدبوون و 221 هاووڵاتیش برینداربوون.
لەلایەكی ترەوە دەستەی تەندروستی ئیدارەری خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاندووە، لە هێرشەكان بۆسەر ناوچە جیاجیاكان لە 8ی مانگی رابردوو تا 1ی ئەم مانگە 41 كەس شەهید بوون و 258 كەسی تریش برینداربوون.
ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی لە رێی نامەیەكی هاوبەشەوە كە ئاراستەی ئەمریكایان كردووە، پلانی گواستنەوەی فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە رەتدەكەنەوە .
پێگەی ئەكسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی كە هەریەك لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر و میسر و ئوردنن لەگەڵ راوێژكاری سەرۆكی فەلەستین، نامەیەكی هاوبەشیان ئاراستەی ماركۆ رۆبیرۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە و تێیدا پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایان بۆ گواستنەوەی فەلەستینیەكان لە كەرتی غەززە رەتكردووەتەوە و داوایان كردوە فەلەستینییەكان بەشدارییان پێ بكرێت لە ئاوەدانكردنەوەی غەززەدا نەك ئاوارە بكرێن .
هەروەها رایانگەیاندووە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین ژمارەی ئاوارە و پەنابەری تێدایە و بۆیە نابێت هێندەی تر سەقامگیری هەرێمیی لە رێی ئاوارەبوونی زیاترەوە تێك بدرێت.
دوپاتیشیان كردووەتەوە كە فەلەستینیەكان نایانەوێت خاكەكەیان جێبهێڵن .
هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، دەسەڵات لە بری هەنگاوی باوەڕپێكراو قەیوم دادەنێت، بەوەش گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات.
تولای حاتەم، ئۆغۆلاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاندوە، ئامادەن درێژە بە پرۆسەی ئاشتی بدەن، وەك دەم پارتیش ئامادەن بۆ دانوستان و دیالۆگ، بەڵام هێشتا بەرنامەیەكی چارەسەر لەلایەن دەسەڵاتەوە دیاری نەكراوە، هێشتا هەنگاوێكی ئەرێنی نەهاویشتووە، داوا لە دەسەڵاتی توركیاش دەكات هەنگاوی باوەڕپێكراو بۆ ئەو پرۆسەیە بنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دەسەڵات لەبری هەنگاوی باوەڕپێكراو و ئەرێنی بنێت، قەیوم لە شارەوانییەكان دادەنێت، بەوەش گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات، پێویستە دەسەڵات و دەوڵەت هەنگاوی روون بنێن.
سەبارەت بە سوریاش هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە سوریایەكی دیموكراتی دابمەزرێنرێت، توركیا و گروپە چەكدارەكان دەستبەجێ هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوا و گەلی كورد بوەستێنن.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی مامۆستاکەی چەمچەماڵ دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە میانەی بەدواداچون و گەڕان بەدوای تاوانباری سەرەکی و کۆکردنەوەی زانیاری و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بکوژی مامۆستا( ل.ا.ح)، سەرجەم رێکارە پێویستەکان گیرانە بەرو توانرا لە لەلایەن ب.ئاسایشی بازگەکان تاوانبار (ه.ح.س) دەستگیر بکات و رووبەڕوی یاسای بکاتەوە ،هەروەها لەئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ تاوانباردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لێکۆلینەوە بەردەوامە بۆ .گەیشتن بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە
تاوانبار پێشینەی تاوانی هەیە و ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراوە بەمادەی تیرۆر لەسەر بیری توندڕەوی چونە ناو گروپی تیرۆریستی داعش و کارکردن لەگەڵیاندا.
ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەکۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی گرتنەبەری دیالۆگی کاریگەر و جددی کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا.
هەروەها باس لە دەنگدانی ئەنجومونی نوێنەران کرا لە سەر پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوجەی گشتی فیدراڵی و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم هەموارکردنە ببێتەی مایەی خەرجکردنی شایستەدارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و خواستەکانی هاوولاتیان بەدیبهێنێت و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بۆ هەموو خەڵک مسۆگەر بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، چاوی بەسکرتێری گشتی بزووتنەوەی بابلیون، رەیان کلدانی کەوت.
لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و ناوچەکەو کاردانەوەکانیان تاوتوێ کران.
سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی هاوبەش کردەوە، روونیشیکردەوە کە لێکتێگەیشتن و وتووێژی بنیاتنەر بنەمای سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نیشتمان و گەیشتنە بە خواستەکانی هاووڵاتیان لە داهاتوویەکی ئارامتر و ئاوەدانتر .
لەلای خۆیەوە رەیان کلدانی، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و جەختی لەپاڵپشتی خۆی بۆ هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی وڵات دەکەن، لە رێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پشتیوانیکردن لە رێچکەی بونیادنان و چاکسازی.
قوباد تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی لە بەغداد كۆبوونەوە و پرسی موچەی موچەخۆران و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیان تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق پێداچوونەوە بە دیارترین كێشە و دۆسییەكانی نێوان هەردوو حكومەت كرا، بە شێوەیەك كە هاوتای خواستی هاووڵاتیان بێت.
سودانی پاڵپشتی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دیالۆگە بەردەوامەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و عیراق دووپاتكردەوە، هەروەها وتی، گرنگە بە خێرایی حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنرێت.
سەردانەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغداد لە كاتێكدا بوو كە كێشەی موچە لە نێوان هەرێم و عیراق گەیشتبووە لوتكە، بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، كێشەی موچەی هەر 12 مانگەكەی 2025 چارەسەر كرا.
وەزارەتی دارایی هەرێم راگەینراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، پێویستە موچەخۆرانی هەرێم وەک تەواوی موچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق بەبێ کێشە مووچەکانیان وەربگرن.
دەقی راگەینراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم..
دوای ١٥ رۆژ کاری بەردەوام لە نێوان وەفدە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێکكەوتنی کۆتایی.
هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ لە بینای ئەنجومەنی ئابوری عێراق بەڕێوەچوو، وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی (ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابوری و ئامادەبوونی هەریەک لە دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، وەفدی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێكکەوتن.
لەلایەکی ترەوە وەفدی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (2025 )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
شایانی باسە وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی رابردوو لەبواری لیستی موچە و خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی موچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە موچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت: پشتیوانێكی راستوڕەوانی هەموو داخوازییەكی رەوای مامۆستایان چین و توێژەكانی .كوردستانین و دیاردەی دواكەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت
دەقی راگەیەنراوەکە...
راگەیەنراوێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی راستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانە، کە داکۆکی لە موچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن، هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی هاووڵاتیان بکات .
وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی، لە پێناو موچە و قوتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی موچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت، بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە سەر ئیستحقاقی موچە روون و ئاشکران و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالی دوور لە دەست شکاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبکرێت.
یەکێتیی وێرای داکۆکی لەم داخوازییە مەدەنیانە و پشتیوانی و شانازی دەکات بەم فەزا ئازادییە شایانەی لە دەڤەرەکە هەیە، تەئکید دەکاتەوە خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییە و پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بە دواوە بێت، هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاووڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن.
پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ریشەوە چارەسەر بکرێت.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە پارێزگای هەڵەبجە سەردانی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی دیاری هەڵەبجە و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال هەڤاڵ نەجیب عەبدولڕەحیم ناسراو بە "خاڵە سەید نەجیب هانەسورە" یانکرد.
لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بارودۆخی تەندروستی خاڵە سەید نەجیبی هانە سورە یان پرسییەوە و سڵاو و رێزی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیان پێگەیاند و هیوای تەندروست باشییان بۆ خواست.
مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەو بەسەرکردنەوەیەدا ئاماژەیان بە رۆڵی خاڵە سەید نەجیب دا، کە وەک خەباتگێڕ و تێکۆشەرێکی سەر راستی رێگای بەرزی کوردایەتی هەمیشە وەک کەسایەتیەکی دیار لە دەڤەری هەڵەبجە و شارەزوور، بە هەڵوێستە بەرزەکانی ببووە جێی متمانەی سەرۆک مام جەلال و ئەو رابردووەش لە لامان جێگای رێزو پێزانینە.
ماوەی حەوت رۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و هیچ خواردنێک ناخۆن، لە پەیامێکیشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایان دەکات دەست لەمانگرتن هەڵبگرن.
نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: له نزیكهوه چاودێری دۆخی مامۆستایان و فهرمانبهرانی مانگرتوو دهكهم كه ماوهی چهند رۆژێكه له سلێمانی بۆ داوای چارهسهركردنی كێشهی موچه، مانیان له خواردن گرتووه، چارهسهركردنی كێشهی موچه و شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان داوایهكی رهوایه و ههموومان پشتگیری لێ دهكهین.
جەخت لەوەش دەكاتەوە، لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت هەوڵێكی زۆریان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی داوەو ئومێدی چارەسەری یەكجاریی پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەکرد، پهیام و داواكاری مامۆستایان و موچهخۆران بهگشتی، به تهواوی به لایهنه پهیوهندیدارهكان گهیشتووه، بۆیه داوایان لێ دهكهم رهچاوی باری تهندروستییان بكهن و دهست له مانگرتن ههڵبگرن.
كرملن رایدەگەیەنێت، روسیا بەردەوامە لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لەبارەی چارەنوسی بنكە سەربازییەكانی لەو وڵاتە.
سەرۆكایەتی روسیا كە بە كرملن ناسراوە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، گفتوگۆكان چەند تەوەرێك لەخۆدەگرن كە لەنێویاندا چارەنوسی بنكە سەربازییەكانە كە بەلای مۆسكۆوە چارەنووسسازن.
هەفتەی رابردوو میخائیل بۆگدانۆف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا سەردانی سوریای كرد و لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق كۆبووەوە.
روسیا ماوەی چەندین ساڵە بنكەی ئاسمانی حەمیمیم و بنكەی دەریایی لە تەرتوس لە لازقیەی سوریا دامەزراندووە كە لە رێگەیانەوە هاوكاری رژێمی پێشووی بەشار ئەسەدیان دەكرد، بەڵام لە ئێستادا چالاكی ئەو دوو بنكە سەربازییە راگیراوە و چارەنووسیان لە ئیدارەی نوێی سوریا نادیارە.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە 47 هەزار و 518 کوژراو و 111 هەزار و 612 بریندار تا ئێستا، تۆمارکراوە.
لەو ئامارە بڵاوکراوەیەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە: ژمارەی قوربانییەکان بەردەوام لە زیادبوندایە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 20 تەرمی تر، لە ژێر باڵەخانەکاندا دۆزراونەتەوە.
لای خۆیەوە یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئاماژەی بەوەدا، ئەو یارمەتییە پزیشکییانەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەبرێنە ناوەوە 20%ی پێداویستییەکان پڕناکاتەوە..
ڕوونیشی کردەوە، لای خۆیانەوە لیستی وردی پێداویستییە پزیشکییەکانیان ناردوە بۆ ئەو وڵاتانەی بەڵێنی هاوکاری کردنیان پێداون و هۆشداریشیدا لە دواخستنی هاوکارییەکان بە بیانووی جیاواز بۆناو غەززە.
وتیشی؛ داوا لە کەسوکاری قوربانیان و بێسەروشوێنانی جەنگ دەکەین، هاوکاریمان بکەن، بەتۆمارکردنی ناوی کەس و کارییان مەبەستی تەواوکردنی داتایەکی تەواوی قوربانییەکان.
لە دوای 15مانگ لە جەنگ و هێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە راگرت و لە ئێستاشدا بەپێی ئاگر بەستی نێوانیان گۆڕینەوەی دیلەکان بەردەوامە.