هەرێمێکی دیکەی ئیتاڵیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند
رەوەز
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی هەرێمی توسکانای ئیتاڵیا ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری دا بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو کارانەی کە دژی گەلی فەلەستین ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ئاژانسی سپۆتنیکی روسی، ئەم بڕیارە دوای دەنگدانێک لە ناو ئەنجومەنی هەرێمەکەدا پەسەند کرا، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو “کۆمەڵکوژییەی لە کەرتی غەززە دژی گەلی فەلەستین دەکرێت”.
ئەم بڕیارە رەنگدانەوەی هەڵوێستی هەرێمی توسکانای ئیتاڵیایە لە بارەی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە کە بەهۆیەوە هەزاران کەسی مەدەنی کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
دووەم هەرێمی ئیتاڵیا
توسکانا دووەم هەرێمی ئیتاڵیایە کە هەنگاوی ئاوا دەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەرێمی پوگلیا لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب پچڕاند.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری ئەوروپادا دێت کە دیارترینیان شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بوو کە ڕایگەیاندبوو کۆتایی بە پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەهێنێت.
هەرێمی توسکانا بڕیارەکەی دوای بڕیارێکی هاوشێوەی ئەنجومەنی شارەوانی بەرشەلۆنە دا، کە پێشتر پێشنیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل و هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی دوانەبوون لەگەڵ تەلئەبیب پەسەند کردبوو.
ئیتالیا لە چەند هەرێم پێکهاتووە:
ئیتاڵیا لە بیست 20 هەرێم پێکهاتووە. پێنج لەو هەرێمانە هەرێمی خۆجێیین کە دەسەڵاتی تایبەتیان هەیە.
پانزە هەرێم دەسەڵاتی ئاسایییان هەیە، ئەمانەش بریتین لە: پیدمۆنت، لۆمباردی، ڤێنێتۆ، لیگووریا، ئیمیلیا-ڕۆماگنا، توسکانا، ئوومبریا، مارکێ، لاتسیۆ، ئابروتسۆ، مۆلیزێ، کامپانیا، پوگلیا، بازیلیکاتا و کالابریا .
پێنج هەرێمی خۆجێی بریتین لە: سیسیلیا، ساردینیا، ترێنتینۆ-ئالتۆ ئادیجێ/سوودتیرۆل، دۆڵی ئاۆستا و فریوولی-ڤێنێتسیا جوولیا.