کەشناسیی هەرێم وردەکاریی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ و سبەینێ ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە. دەشڵێت، بەفر ناوەندی شاری سلێمانی و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا بارانبارین لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەستپێدەكات، پاشان كاریگەریەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و راپەرین و پارێزگای هەولێر، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەكانی باكورو باكوری رۆژهەلاتی هەرێم بەفر و و كڕێوە دەبێت .
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ درەنگانی شەو و بەرەبەیانی رۆژی هەینی بارانبارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت، هەروەها پێشبینی دەكرێت بەفر لە سنتەری پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆكان ببارێت .
کەشنسی راشیگەیاندووە، سبەی لە ناوچە شاخاوییەكان بەفربارین زیاتر دەبێت و تاوەکو كاتەكانی شەو كاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەكە كۆتایی دێت .
کەشناسی ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک نزمتر دەبنەوە و سبەینێش 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 11 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 9 پلەى سیلیزى
دهۆک: 9 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 13 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 9 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 3- پلەى سیلیزى
سۆران: 8 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 17 پلەى سیلیزى
دوای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ ئیمزای لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک کرد، لە ئێستادا لەسەر هەریەک لە گوگڵ ماپ و گوگڵ ئێرز ناوەکەی گۆڕاوە.
دوای ئەوەی 24ی مانگی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا بە رەسمی ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا گۆڕی، رۆژی 9ی ئەم مانگە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکەکەیەوە کە بەسەر کەنداوەکەدا دەفڕی، ئیمزای لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرد.
تڕەمپ لە هەمان رۆژدا، 9ی شوباتی بە رۆژی کەنداوی ئەمریکا ناساند.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 10ی مانگ، لەناو فڕۆکەدا بوو و لە رێگادا بوو بۆ بەشداریکردنی لە سوپەر بۆوڵی ئەمساڵ، رایگەیاند، گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا شانازییەکی گەورە بۆ مێژووی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی بەرگری سوریا یەکەم ئاهەنگی دەرچوونی سەربازیی بۆ زیاتر لە ٣٠٠ سەربازی سوپا لە شاری حەلەب رێکخست.
٣٠٠ کەس کە خوازیاری وەرگرتن بوون لە سوپای سوریادا، دوای مانگێک کۆتایی بە مەشق و راهێنانیان هات.
رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی سەربازیی بۆ یەکەمجار دوای ٦١ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی بەعسی سوریا لە گۆڕەپانی سەعدوڵلا ئەلجبووری لە حەلەب بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا جێگری پارێزگاری حەلەب و فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە بەشدار بوون.
ماڵپەری بی بی سی بەریتانی بڵاوی کردەوە نزیکەی 200بۆمبی نەتەقیوی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لە گۆڕەپانێکی یاریکردنی منداڵاندان دۆزرایەوە.
بەپێی هەواڵەکەی بی بی سی دەیان بۆمبی نەتەقیو کە مێژووەکەی بۆ جەنگی جیهانی دووەم دەگەڕێتەوە لە ژێر گۆڕەپانێکی یاری منداڵان لە باکووری ئینگلتەرا دۆزراوەتەوە.
لەو پارکەدا کە دەکەوێتە شاری وولەر لە ویلایەتی نۆرسەمبەرلاند بە دیاریکراوی 176 بۆمب دۆزرایەوە و گوماندەکرێت هی تریش بدۆزرێنەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، پێدەچێت ناوچەکە وەک شوێنی راهێنانی پاسەوانی ناوخۆ بەکارهاتبێت و تەقەمەنییەکە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1945دا شاردرابێتەوە.
ئەنجومەنی شارەکە، ئاماژەی بەوەداوە، " بیرکردنەوە لەوەی منداڵەکانمان لەو باخچەیەدا یارییان کردووە، ترسناکە"
لە ئێستادا ئەو پارکە بەشێکی زۆری پاککراوەتەوە و ئەگەر هەیە هیتریشی تێدابێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا رووسییەکەی سەبارەت بە دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا قسەی کردووە.
ئەمە یەکەم پەیوەندی راستەوخۆیە لە نێوان پوتین و سەرۆکی ئەمریکا لەدوای سێ ساڵ لە پەیوەندییەکەی مانگی شوباتی 2022.
لە پۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی، Truth Social ، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی تیمە پەیوەندیدارەکانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکەن و دەست دەکەین بە پەیوەندیکردن بە ڤلادیمێر زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکرانیاوە بۆ ئەوەی لەم گفتوگۆیانە ئاگادار بێت"
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەگەڵ پوتین باسم لە پرسەکانی ئۆکرانیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، زیرەکی دەستکرد و دۆلار کرد.

وابڕیارە سعودییە میوانداری جامی جیهانی 2034بکات و باڵیۆزی سعودییەش لە بەریتانیا بە نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە؛ ئێمە رێگە نادەین بە خواردنەوەی کحول بە میوانان لە کاتی یارییەکاندا و کولتووری خۆمان ناگۆڕین بۆ کەسانی تر.
خالید بن بندر باڵیۆزی سعودییە لە بەریتانیا دەشڵێت: "ئێمە لە ئێستادا ڕێگە بە خواردنەوە کحولییەکان نادەین، بەڵام میوانەکانمان دەتوانن لەوێ کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، هەموو کەسێک کولتووری تایبەتی خۆی هەیە، ئێمەش دڵخۆشین بە هاتنی خەڵک بۆ ناو کلتورەکەمان، بەڵام نامانەوێت بیگۆڕین بۆ کەسانی تر."
ساڵی 2024 فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ(فیفا) رایگەیاند کە سعودیە شەرەفی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ـی پێدراوە، کە وابڕیارە بە بەشداری 48 وڵات بەڕێوەبچێت، ئەمەش یەکەمجارە لەمێژووی سعودییەدا.
سعودیە لە دوای قەتەر کە ساڵی 2024 میوانداری مۆندیالی کرد، دەبێتە دووەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە میوانداری جامی جیهانی فیفا بکات.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا ئەنجامداو تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دوپات کردەوە.
کۆشکی کریملین رایگەیاند: پوتن لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە بۆ پشتیوانی لە یەکگرتوویی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو دوو سەرۆکە چەند بابەتێکیان تاوتوێ کردووە کە پەیوەندییان بە هاوکاریی کردەیی لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، پەروەردەیی و بوارەکانی دیکەدا هەیە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنە، یەکەم وتووێژی تەلەفۆنی نێوان پوتین و ئەحمەد شەرعە، بەڵام پێشتر لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەلەفۆن قسەی کردووە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق جەختیکردەوە کە چاکسازی لە مەسەلەی زەوی و زار چیتر پێویستییەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو بووەتە بەرپرسیارێتییەکی مۆراڵی بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو، و زامنی داهاتوویەکی بەردەوام دەکات بۆ ئێمە و منداڵەکانمان.
ئەم لێدوانە لە میانی وتارێکیدا بوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیمانگای زانستی بۆ خوێندنی باڵا لە پارێزگای نەجەف پێشکەشی کرد.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند کە چارەسەری بەردەوام تەنیا لە رێگەی هەوڵی ناوخۆیی کاریگەرەوە دەتوانرێت بەدیبێت، روونیکردەوە کە هاندانی کۆمەڵ بنەمای ستراتیژییمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان.
دواتر د. لەتیف رەشید وەڵامی پرسیاری پرۆفیسۆر و توێژەرانی پەیوەست بە دۆسییەی ئاو و کاریگەرییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە پشکی ئاوی عیراق دایەوە، جەختی لەسەر پەرۆشی عیراق کردەوە بۆ گرتنەبەری رێگاچارەی بەردەوام کە مافی بەشە ئاو زامن بکات و هاریکاری ئیقلیمی لەم بوارەدا پەرەپێبدات.
هاوکات سەرۆک کۆمار داوای تەرخانکردنی سەرچاوەی دارایی زیاتری کرد بۆ دروستکردنی بەنداو لە عیراق بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ئاو و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی کەمی سەرچاوەکان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو وتارەیە کە سەرۆک کۆمار پێشکەشی کرد:
بەڕێزان،
سڵاو و ستایشی خودای گەورەتان لەسەر بێت
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ وەک ئەندازیارێکی بەڕێوەبردنی ئاو بە دەیان ساڵ ئەزموون لەگەڵتانم کە بەشێکی زۆری ژیانی پیشەیی خۆمم تەرخان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمی ئاو و پەرەپێدانی شێوازی بەکارهێنانی زەوی بە شێوەیەکی بەردەوام.
ئەمڕۆ رووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبینەوە، ئەوانە تەنیا مەسەلەیەکی تیۆری نین بەڵکو دۆخێکی بەپەلەیە کە پێویست دەکات بە خێرایی هەنگاو بنێین، بەپێی ئەو ستراتیژانەی کە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلانە بە شێوەیەکی کاریگەر و ڕاستەوخۆ، لەپێناو فەراهامکردنی زەویی سەقامگیرتر لە ڕێگەی چاکسازی زەوییەوە.لە 40%ی زەوییەکانی جیهان بەپیتی لەدەستداوە، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیمان دروستکردووە ، ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و پیسبوونی ڕێڕەوی ئاوەکان و زیادبوون و خێراکردنی وشکەساڵی، ئەمەش ئابووری و بژێوی ژیانی لە سەرانسەری جیهاندا خستووەتە مەترسییەوە.
عیراقیش لەو ئاڵەنگارییانە بێبەری نییە، بەو پێیەی لە 39%ی زەوییەکانمان بەر بیابانبوون کەوتوون، لە کاتێکدا سەرچاوە ئاوییەکانمان کە بنەمای کشتوکاڵ و بژێوی ژیانن، بەدەست زیادبوونی فشارەوە دەناڵێنن.
دۆخەکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی ئاو لە ڕووبارەکانەوە کە لە وڵاتانی دراوسێوە دێن، خراپتر دەبێت. حکومەت لە بەرامبەر ئەم ئاڵەنگارییانە بێ دەسو پێ نەوەستاوە و هەنگاوی یەکلاکەرەوە و بەرجەستە دەنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، لە رێگەی سیاسەتی کاریگەرەوە بە ئامانجی گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام. ئەم دەستپێشخەرییە گەورانەی خوارەوە کە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردن بریتین لە:
*هەنگاوی یەکەم و کاریگەر بریتیە لە باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەی ئاویی ئێستامان، بە پەرەپێدانی کارایی بەکارهێنانی ئاو و پەرەپێدانی سیستەمی ئاودێری مۆدێرن و کۆکردنەوەی ئاوی باران بۆ بەکارهێنانی لە زەوی ئاودێریدا.
*بەرنامەیەکی نیشتمانی فیدراڵی دە ساڵە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون کە گرنگی بە دووبارە دارستانکردنەوە و پاراستنی خاک و وەرگرتنی شێوازی کشتوکاڵی بەردەوام دەدات.
*فراوانکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوز: عیراق لە پرۆسەی دامەزراندنی ناوچەی پاراستندایە لە دەوروبەری شارەکانمان، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بیابان بە بەکارهێنانی ڕووەکە ناوخۆییەکان کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرن. ئەم هەوڵانە بەشێکی دانەبڕاون لە ستراتیژی گەشەپێدانی ئابووری درێژخایەن بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و وزە و ئاسایشی ئاو.
گەشەپێدانی بەردەوام زامنی ڕاستەقینەی گەشەسەندنی هاوسەنگە کە تەندروستی ژینگەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەپارێزێت.
لە پێناو گەشەپێدانی بەردەوامدا، عیراق بەرەو وزەی نوێبووەوە دەگۆڕێت بە پێشخستنی کشتوکاڵی زیرەک لە کەشوهەوا و هەمەچەشنکردنی بەرهەمەکان . هاوکات هاندانی کشتوکاڵی ئۆرگانیک و دووبارە دروستکردنەوە، و توندکردنی ڕێساکان بۆ پراکتیزکردنی بەکارهێنانی زەوی و چارەسەرکردنی ئاستەنگی ئاو کە پێویستی بە هاوکاریی سنوور بەزاندن هەیلە ئێستادا عیراق سەرقاڵی دانوستانی بەردەوامە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران، بە ئامانجی ڕێککەوتنی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات . ئەم دانوستانانە کاری لە پێشینەی ستراتیژییە بۆ ئایندەی ناوچەکەمان. عیراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شانبەشانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO)، بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) و بانکی نێودەوڵەتی کاردەکات، بۆ پراکتیزەکردنی کشتوکاڵ کە بەرگەی کەشوهەوا بگرێت و دەستەبەری دارایی و شارەزایی پێویست بکات بۆ سەرکەوتن.
لە کۆتاییدا، ئێمە دەزانین کە چارەسەری بەردەوام تەنیا لە ڕێگەی کردەی ناوخۆیی کاریگەرەوە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت و هانی کۆمەڵ بدەین کە بنەمای ستراتیژی ئێمەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان.
چاکسازی زەوی تەنها پێویستییەکی ژینگەیی نییە، بەرپرسیارێتییەکی مۆراڵییە بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو و پەیوەندی بە پاراستنی بژێوی ژیان و پاراستنی ئیکۆسیستەم و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی بەردەوام بۆ ئێمە و منداڵەکانمان هەیە کە پابەندین بەم ئەرکە و هەوڵدەدەین هاوکاری وڵات و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.
سوپاس و سڵاو و ستایشی خوای گەورەتان لێ بێت.
دەرهێنەری ناسراوی کورد مانۆ خەلیل کە چەند رۆژێکە بۆ نیشاندانی فیلمەکەی لە ئەمریکایە، بە شەش زمان نامەیەک ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات و پێشنیازی بۆ دەکات، بێت و کوردستان بکڕێت و بیکات بە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
مانۆ خەلیل دەرهێنەرێکی بەناوبانگی کوردە و لە سوید نیشتەجێیە. لە ئێستادا بۆ بەشداری کردن و نیشاندانی فیلمەکەی "جیران" لە ئەمریکایە و بە هەر شەش زمانی: ئینگلیزی / ئەڵمانی / سلۆڤاکی / یۆنانی / کوردی / عەرەبی نامەیەکی بۆ ترەمپ نووسیوە و تیایدا داوادەکات، بێت کوردستان بکڕێت و بیخاتە سەر ئەمریکا:
لەنامەکەی ئەو دەرهێنەرە کوردە دا هاتووە: "بۆ نایەیت کوردستان بکڕیت؟ خاکەکەمان دەوڵەمەندە بە سەرچاوە: نەوت، مەڕمەڕ، کانزا بەنرخەکان، بەرهەمی کشتوکاڵی کە بەشی نیوەی جیهانە، شتگەلی نایاب.
تۆ ئەمریکات گەورەتر و بەهێزتر کرد، وڵاتەکەت لەبری 50 کرد بە 51 ویلایەت، ئێمەی کورد لە داعش و مەلاکان و پاشماوەکانی سەدام و خومەینی و ئیخوانەکانی ئیسلامی ڕزگارمان دەبوو.
من باوەڕم وایە و دڵنیام کە ٤٥ ملیۆن کورد بە پێشنیازەکەم ڕازی دەبن. ڕای ئێوە چییە؟"
مانۆ خەلیل، لە زانکۆی دیمەشق مێژوو و یاسای خوێندووە و لە ساڵی 1987 بۆ خوێندن و دەرهێنانی فیلم ڕووی لە چیکۆسلۆڤاکیا کردووە. لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 1995 وەک دەرهێنەر لە کۆمپانیای چیکۆسلۆڤاکیا و دواتر لە تەلەفزیۆنی سلۆڤاکیا کاری کردووە و خاوەنی چەندین خەڵات و فیلمە کە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایشکراوە.
دەقی نامەکەی ئەو دەرهێنەرە وەک خۆی:
دۆناڵد تڕەمپ چاوی بەو مامۆستا ئەمریکییە کەوت کە لەلایەن روسیاوە دەستگیر کرابوو و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو هەنگاوەی روسیاوە پێشكەوتنی گەورە لە چارەسەری جەنگی ئۆكراین دروست دەبێت .
دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا سوپاستی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیای کرد بۆ ئازادکردنی ئەو مامۆستایە و راشیگەیاند، مەرجەکانی ئازادکردنی مارک فوگل دادپەروەرانە بووە و بۆ دەرخستنی نیازپاکی روسیا بووە.
لەماوەی رابردوودا، مایك واڵتز راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاندبوو، ترەمپ سورە لەسەر ئەوەی هەموو ئەو ئەمریكیانەی لە روسیا دەستگیركراون ئازاد بكرێن.
مارك فوگل هاوڵاتیەكی ئەمریكی تەمەن 61 ساڵە و پێشتر كارمەند بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مۆسكۆ، فوگل مامۆستا بووە و لە ئابی 2021ـەوە بە تۆمەتی قاچاغچێتی ماددەی هۆشبەر لە روسیا دەستگیركراوە، کە سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو .
بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە لە 21 پارێزگای ئێران دەوام راگیراوە و کارەبای چەند ناوچەیەکیش پچڕاوە.
شەپۆلی بەفر و باران و سەرما وڵاتانی دراوسێی عیراقی گرتووەتەوە، باکووری کوردستان و تورکیا لەلایەک و رۆژهەڵات و ئێرانیش لەلایەک دیکەوە.
لەئێستادا بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ئێرانی گرتووەتەوە، جوڵە وەستاوە و ناوەندەکانی خوێندن داخراون، دەوام لە سەرجەم فەرمانگەکاندا راگیراوە و بانکەکانیش چەند لقێکی دیاریکراویان کراوەن.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەوە لە 21 پارێزگای ئەو وڵاتە دەوام راگیراوە، هەروەها ناوەندە تەندروستییەکانیش داخراون، تەنها بەشی فریاکەوتن بە کراوەیی ماوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای توانیز تایبەت بە کارەبا رایگەیاندووە، لە چەند ناوچەیەکدا کارەبا پچڕاوە و سەرقاڵی ئەوەن چی زووە هێڵەکانی کارەبا چاکبەکەنەوە و کارەبا بگەڕێننەوە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
کەشناسیی وڵاتەکەش هۆشداری داوە، شەپۆلی سەرما تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و بەفربارین لە چەند ناوچەیەکیش بەردەوام دەبێت. پێشبینیش دەکات، خێرایی با لە 10 پارێزگا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
بەرپرسانی وڵاتەکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە.
توركیا هێرشەكانی بۆسەر كۆبانێ چڕتر كردوەتەوە و هەسەدەش رایگەیاند، تەنها لە 24 سەعاتی رابردوودا دەوروبەری بەنداوی تشرین 140 جار تۆپباران كراوە.
هێزەكانی سوریای دیموكراتی-هەسەدە بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا هێرشەكانیان دژی كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان زیاتر كردووە، هاوكات چەكدارانی سوری هاوپەیمانی توركیاش 10 گوندی نزیك پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین تۆپباران كردووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنیا لە 24 سەعاتدا گوندەكانی ئەلتینا، جەدە، بیر حەسەن، خەسەق و دیكان و ئەلسانا و گرێ سێڤێ لە لایەن توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانییەوە 140 جار بە تۆپ و هاوەن و كراونەتە ئامانج.
هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شارۆچكەی شێخلەر-یان لە رۆژئاوای كۆبانێیان بۆردومان كرد.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا تۆماری کردبوو.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵایەکی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، لەسەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماری کردبوو.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراقە بە خەرجكردنی موچە کە لە چوار خاڵ پێكهاتووە، کە داوایکردووە، فەرمانێكی وەلائی خێرا دەربکرێت بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام و بەبێ وەستان، هەروەها جێبەجێكردنی بەبانكیكردنی موچە بەپێی رێنماییەكانی بەبانكیكردن، بە جۆرێک هاوشێوەی ئەو رێكارانە بێت كە حكومەتی عیراق دەیگرێتە بەر.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوەندی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک بەفر دەبارێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە کاتەکانى ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ .
ئاماژە بەوەشکراوە، سبەی پێنجشەممە، ئاسمان بەگشتى نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو.
ئەوەش هاتووە، لە ئەنجامى هاتنی شەپۆلێکى بەفر و باران بۆ ناوچەکە، بارانبارین بەشێوەى نمەبارانی پچڕپچڕ دەست پێ دەکات و لە کاتەکانى ئێوارەدا کاریگەرى ئەم شەپۆلە زیاد دەکات و بارانى مامناوەند دەبارێت، بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان دەبارێت و ئەو ناوچانەى بەرزاییان لە هەزار مەتر زیاتر بێت ئەگەرى بەفربارینی هەیە.
کەشناسی دەشڵێت، لە سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و سەنتەرى پارێزگاى دهۆک ئەگەرى بەفربارین هەیە بە تێکەڵی لەگەڵ باراندا و بە گشتی لە سبەینێوە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ و سبەی خێرایی با زیاد دەکات.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 15 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 12پلەى سیلیزى
دهۆک: 12 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 16 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 12 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 0 پلەى سیلیزى
سۆران: 11 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 20 پلەى سیلیز
ئەمریكا داواكارییەكی ئیسرائیل بۆ دواخستنی وادەی كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشوری لوبنان رەتدەكاتەوە .
لێپرسراوێكی ئەمریكی بە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"ی راگەیاندووە، واشنتن بریاری داوە پابەند بێت بەو وادەیەی بۆ كشانەوەی كۆتایی سوپای ئیسرائیل لە باشوری دانراوە كە 18ی شوباتە و داواكارییەكەی ئیسرایلی بۆ درێژكردنەوەی وادەكە رەتكردووەتەوە.
هەروەها ئاشكرایكردووە، مۆرگان ئۆرتاگۆس نێردەی ئەرمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانی لوبنان و ئیسرائیلیشی كردووە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ئاگربەستی راگرتنی جەنگ لە باشوری لوبنان و دوپاتیشیكردووەتەوە كە 18ی شوبات وادەیەكی جێگیركراوە بۆ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان .
دەزگای شەهیدانی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ئەنبار راگەیاند.
دەزگای شەهیدانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بە هاوكاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق و بە ئامادەبوون و بەپێی دانپێدانانی سەعدون سەبری قاعیسی تۆمەتبار بە كوشتنی محمد باقر سەدر، گۆرێكی بەكۆمەڵ لە ئەنبار دۆزرایەوە.
هاوكات، زەرغام كامیل سەرۆكی تیمی نیشتمانی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان، روونیكردەوە كە پشكنینی تەكنیكی سەرەتایی لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكە ئەنجامدراوە كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە كوژراون، ئەوەش لە دوای دانپێدانانەکەی تۆمەتبار، سەعدون سەبری قایسی.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەو تەرمانەی كە دۆزراونەتەوە، ژن و پیاو بوون، بەرلەوەی بخرێنە گۆڕەوە لە هەمان شوێن لەسێدارە دراون،
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رۆژانە 20 بۆ 25 كەسیان لەوێدا كوژراوە و تاوەکو ئێستا تەرمی پێنجیان بەتەواوەتی دوزراوەتەوە.