بەریتانیا بەنیازە سەدان منداڵی نەخۆش  و بەدخۆراك لە كەرتی غەززەوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەكردووە، حكومەتی بەریتانیا بە نیازە 300 منداڵی نەخۆش لە غەززە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی و لەلایەن دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە چارەسەریان بۆ بكرێت، ماوەی هەفتەیەكیش دانراوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە.

دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی وڵاتەكەی كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە لەكاتی وەرگرتنی هاوكارییەكان، بە نا مرۆڤانە وەسف كرد و داوای كرد ئیسرائیل لێپرسینەوە لەو كەسانە بكات كە پەیوەندییان بەو كارە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەیەوێت بە زووترین كات سەردانی كەرتی غەززە بكات.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی وەفا، لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە، تا ئێستا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 209 هەزار كوژرا و و برینداری لێكەوتووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و زیاتر لە نۆ هەزار كەسیش بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی برسێتییەوە زیاتر لە 200 كەس گیانیانلەدەستداوە.