هەواڵەکانهەواڵەکان

 بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تەلئەبیب نیازی هەیە کۆنترۆڵی سەربازیی تەواوەتی بەسەر کەرتی غەززەدا بسەپێنێت و دواتر رادەستی هێزێکی چەکداری "دیارینەکراو"ی بکات کە بە شێوەیەکی "باش" ئیدارەی بکات.

ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەناراوەکە دەکات کە درێژییەکەی نزیکەی 42 کیلۆمەترە، وتی: "نیازمان هەیە ئەو کارە بکەین". وتیشی: "نامانەوێت بیهێڵینەوە. دەمانەوێت پشتێنەیەکی ئەمنی دروست بکەین. نامانەوێت حوکمڕانی بکەین. نامانەوێت وەک لایەنێکی حوکمڕان لەوێ بین".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە سروشتی ئەو هێزە چەکدارە نەکرد کە نیازی وایە دوای کۆنترۆڵکردنی، حوکمڕانی کەرتی غەززەی پێ بسپێرێت، یان ئەوەی کە ئایا هێزەکە خۆجێی دەبێت یان دەرەکی.

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە و داگیرکردنی بە تەواوی.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایش گفتوگۆیەکی درێژ ئەنجام بدات و پلانێکی سەربازیی فراوان پەسەند بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە یان ئەو بەشانەی کە هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان.

بەپێی خەمڵاندنەکان، ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆ داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە ناوەڕاستی غەززە، بە شاری غەززەشەوە، لانیکەم چەند مانگێکی دەوێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی. هەروەها، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوی دەکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل پێیوایە هاوڵاتییە دیلەکانی تێدا راگیراون، کە ئەمەش لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.

ناتانیاهۆ خۆی بۆ فراوانکردنی جەنگ ئامادە دەکات، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییە زۆرەکان بۆ راگرتنی شەڕ و گرنگیدان بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتەکە، و لەگەڵ دژایەتی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی خۆی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئایشەگوڵ دۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرنگە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنەکە بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەستپێکردنی کارەکانی هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای هاووڵاتی یەکسان دامەزرابێت.

پێشنیازی پڕکردنەوەی کورسییەکانی "ئیی پارتی"

وتەبێژی دەم پارتی ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی "ئیی پارتی" بڕیاریدا بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا نەکات، ئەوان پێشنیازیان کردووە ئەو سێ کورسییە بەتاڵە بەسەر پارتەکانی تردا دابەش بکرێت. دۆغان وتی: "پێشتر داوامان لە ئیی پارتی کرد ئەگەر رەخنە و تێبینییان هەیە، بێنە ناو کۆمیسیۆنەکەوە و لەوێ دەریببڕن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە."

وتیشی، "ئەگەر کۆمیسیۆن پێشنیازەکەمان قبووڵ بکات، ئێمە وەک دەم پارتی، جەلال فرات، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەزگای غەریب دەدە، وەک نوێنەری خۆمان پێشنیاز دەکەین، چونکە بەلای ئێمەوە گرنگە نوێنەرایەتی عەلەوییەکانیش لەم کۆمیسیۆنەدا هەبێت."

"توندوتیژی دژی ژنان و گەندەڵی نیشانەی داڕزانی ئەخلاقین"

دۆغان بە توندی رەخنەی لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان گرت و ئاماژەی بە کوژرانی کارمەندێکی پەرلەمان بەناوی ساڵحە ئۆزان کرد و وتی: "ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت کارمەندێکی خۆی بپارێزێت، چۆن ژنانی تر دەپارێزێت؟" و داوای کرد جارێکی دیکە تورکیا بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ.

هەروەها باسی لە ئابڕووچوونی بەڵگەنامە و دیپلۆمی ساختە کرد و وتی: "وڵات لە رووی ئەخلاقییەوە داڕزاوە. ئەم تۆڕە گەورەیەی تاوان بێگومان پەیوەندیی سیاسیی لەپشتە و دەبێت ئاشکرا بکرێت. ئێمە وەک دەم پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەین."

وتەبێژی دەم پارتی رەخنەشی لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانە گرت کە سزاکانیان تەواو کردووە بەڵام ئازاد ناکرێن و بە "درێژەدان بە سیاسەتی ئەشکەنجە و زوڵم" ناویبرد.

"ئامانجی کۆمیسیۆنەکە بنیاتنانی برایەتییەکی یەکسانە"

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە کۆمیسیۆنەکە، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە: "ئێمە چاوەڕوانییەکی تایبەتمان لە کۆمیسیۆنەکە نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەبینینەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی، دیموکراسی و برایەتییەکی یەکسان هەیە و دەبێت کۆمیسیۆنەکە کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە بکات کە ئەمە مسۆگەر دەکەن. دیموکراسیی خۆجێی بۆ تورکیا زۆر گرنگە و دەبێت بەهێز بکرێت."

وتیشی، "کۆمیسیۆنەکە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا دامەزراوە و هەموو لایەنەکان، لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەبێت عەقڵییەتی کۆن بەجێبهێڵن و بوێرانە کار بۆ سەرخستنی بکەن."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێشنیازێک پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە، سەبارەت بە دواخستنی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی، کە مشتومڕێکی زۆری لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا دروستکردووە.

لەمبارەیەوە، عەبدولڕەحمان جەزائیری رایگەیاند، پێشنیازەکە داوا دەکات پرۆسەی پەسەندکردنی یاساکە دوابخرێت بۆ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و تێبینییەکان.

جەزائیری ئاشکراشیکرد، بڕیارە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی پرۆژەیاساکە کە ناکۆکییان لەسەرە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ئەمریکی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، وەزیرەکانی سەر بە حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی زیاتر کردووە.

حکومەتی لوبنان رایگەیاند، تاوتوێی پلانێکی چوار قۆناغی ئەمریکا دەکات کە ئامانج لێی چەکداماڵینی حزبوڵڵایە تا کۆتایی ئەمساڵ.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی پلانە ئەمریکییەکە، لە بەرامبەر چەکداماڵینی حزبوڵڵادا، ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان دەهێنێت و لە پێنج پێگەی باشووری وڵاتەکە دەکشێتەوە.

رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، قۆناغی کۆتایی پلانەکەی ئەمریکا، پشتیوانیکردنی ئابووری و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان لەخۆدەگرێت.

لەکاردانەوەیەکدا، حزبوڵڵای لوبنانی پەیامێکی ئاراستەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان کردووە و رایگەیاندووە: "هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینمان، خزمەتکردنی ئیسرائیلە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی تەواوەتی ئەو پلانە لەلایەن حزبوڵڵاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی کرد.
 
دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان پێشوازی لە سەرۆک بافڵ و د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کرد و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرد و وتی، بەهۆی توانای بەرزی سەربازی و گەشەسەندنی بەردەوامەوە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بووەتە پێشەنگ و نموونەیەکی درەوشاوەی هێزە ئەمنییەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ئاستی هەموو عیراقدا. هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنە هاوبەشە سەرکەوتووەکانتان لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە عیراقییەکان، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە کۆماندۆ هێزێکی کاریگەرە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش.
 
سەرۆک بافڵ بە رێزەوە یادی ئازایەتی و جوامێریی شەهید ئاکامی وەک دامەزرێنەر و یەکەم فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، کۆماندۆ ئەمانەتی ئەو شەهیدە قارەمانەیە بۆ ئێمە و وەک هەمیشە پشتگیر و هاوکارتان دەبین.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەنێوان ئەرێنی بوونی ئاشکرای ئەمریکا و خۆپارێزیی روسیادا، نیشانەکانی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی بەردەوامی ئۆکراین دەردەکەون، کە ناونیشانەکەی "رێککەوتنی گەورە"یە و کلیلەکەشی ئەو دیدارەیە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە مۆسکۆ کۆکردەوە.

کۆبوونەوەکە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بە "زۆر بەرهەمدار" وەسفکراو بەپێی بەیاننامەی کرملین "بونیادنەر و بەسوود" بوو، جارێکی دیکە گرەوی دانوستانی سیاسی زیندوو کردەوە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازدا کە پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دێت کە ئەمریکا بۆ روسیای دیاریکردووە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.

مۆسکۆ – واشنتۆن: دیدارێکی دەگمەن و مۆڵەتێکی کورت

لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، پەیوەندی بە سەرکردایەتی روسیاوە کرد لە مۆسکۆ، لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەی سیاسیی بەرچاوی هەڵگرتووە.  بەپێی لێدوانە رەسمیەکان، گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک پوتین، جەنگی ئۆکراین و ئاسۆی باشترکردنی پەیوەندییەکانی روسیا-ئەمریکای گرتووەتەوە.

سەرۆک ترەمپ، گەشبینی خۆی لە ئەنجامەکانی دیدارەکە نەشاردەوە و رایگەیاند کە هەندێک لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە "پێشهاتە ئەرێنییەکان" ئاگادار کردووەتەوە.  بەڵام ئەم ئەرێنی بوونە رووبەڕووی مۆڵەتێکی کاتیی روون دەبێتەوە: تەنها دوو رۆژ مۆسکۆ لەو سزایانەی ئەمریکا جیادەکاتەوە کە ترەمپ هەڕەشەی کردبوو لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.

زمانی دوولایەنەی مۆسکۆ: کراوەیی وریایانە و ئاگادارکردنەوە لە کات

سەرەڕای جەختکردنەوەی کرملین لەسەر لایەنی بونیادنەری گفتوگۆکان، لێدوانەکانی دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا، رەنگدانەوەی روویەکی دیکەی هەڵوێستی رووسیا بوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن "کاتی دەوێت" و روونیکردەوە کە "سستبوونی پەیوەندییەکان" لە نێوان پوتین و ترەمپ، ئەگەری گەڕانەوەی خێرا بۆ رێڕەوی ئاسایی ئاڵۆز دەکات.

پێسکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ماوەیەکی زۆرە هەردوو سەرۆک کۆنەبوونەتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ قووڵایی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە هێشتا بوونی هەیە، سەرەڕای هەوڵی پڕکردنەوەی لە رێگەی ویتکۆف – پوتینەوە.

زیلینسکی: فشارە بەردەوامەکان و جووڵەی دیپلۆماسی هاوتەریب:

لە بەرامبەردا، زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرین، لە رۆژانی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن چڕکردووەتەوە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ترەمپ، هەردوولا "بژاردەکانی پەرەسەندن"یان تاوتوێ کردووە و زیلینسکی ئاشکرای کرد کە داوای سەپاندنی "سزای زیاتر"ی بەسەر روسیادا کردووە.

زیلینسکی جەختی لە گرنگی "فشاری راستەوخۆ" لەسەر مۆسکۆ کردەوە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناتۆ بەرەو بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراین هەنگاو دەنێن. هۆڵەندا هاوکاری سەربازی بە بەهای 580 ملیۆن دۆلاری راگەیاندووە کە بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، هەروەها سویدیش بە بڕی 275 ملیۆن دۆلار بەشداری کردووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی لەگەڵ دانیمارک و نەرویجدا.

مارک کیمیت: هیچ شتێک لەم دانوستانەدا بەخۆڕایی نییە

مارک کیمیت، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە لەگەڵ سەرۆک پوتن کاربکات بۆ ئاگربەست،" بەڵام وتیشی: "ئەمە بەخۆڕایی نابێت."

کیمیت روونیکردەوە کە سەرۆک ترەمپ ئەرێنی بوونێکی روون نیشان دەدات، بەڵام بەردەوامی ئەم ئەرێنی بوونەی بەستەوە بە ئاستی وەڵامدانەوەی پوتنەوە. "ئەگەر پوتن ئامادە نەبێت سازش بکات، ترەمپ بە ئەرێنی نامێنێتەوە،" و زیادی کرد کە لەوانەیە ترەمپ ناچار بێت پەنا بۆ "هانەدەری نەرێنی" ببات ئەگەر روسیا لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بێت، کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سزا ئابوورییەکان.

سەرۆکی روسیا: ئامانجەکانی جەنگ نەگۆڕاون؟

کیمیت پێیوابوو کە پوتین "دەیەوێت ئامانجەکانی جەنگی خۆی بپارێزێت،" و ئەمەش هۆکاری خۆپارێزییەکەیەتی تا ئێستا بەرامبەر بە پێشنیازەکانی ئەمریکا.  ناوبراو هۆشداریدا کە لەوانەیە سەرۆکی روسیا بە جددی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ نەداتەوە، بەڵکو هەوڵبدات "جەنگەکە درێژ بکاتەوە" بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەیدانی.

وتیشی: "پوتن لەوانەیە وابزانێت کە رۆژئاوا لە جەنگەکە ماندوو بووە" و زیلینسکی ناتوانێت پایتەختە رۆژئاواییەکان قایل بکات کە بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکاری، بەڵام زیادی کرد: "پوتن بۆی دەرکەوت کە ئەم بۆچوونەی هەڵە بووە... رۆژئاوا ئارامگرییەکی زۆری نیشانداوە و ئامادەیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراین تا جەنگ بەردەوام بێت."

مۆڵەتی 8ی ئاب: هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە یان کارتێکی فشار لە پێناو دانوستان؟

سەرەڕای باسکردن لە مۆڵەتێکی یەکلاکەرەوە کە لە 8ی ئاب کۆتایی دێت، کیمیت هۆشداریدا لە زیادەڕۆیی کردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بەروارەدا وەک "هێڵی سوور." بە بڕوای ئەو، "هیچ بەروارێکی دیاریکراو لە مێشکی سەرۆک ترەمپدا نییە... هەموو شتێک جێگەی دانوستانە، جا چ ژمارەکان بێت یان بەروارەکان یان تەنانەت خودی دانوستانەکانیش."

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەوانەیە ترەمپ مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە ئەگەر ئاماژەی ئەرێنی لە مۆسکۆوە ببینێت، و وتیشی: "سەرۆکی ئەمریکا پێشتر نەرمی نواندووە و ناتوانرێت پێشبینی هەڵسوکەوتەکانی بکرێت." بۆیە، لەوانەیە 8ی ئاب کۆتایی چیرۆکەکە نەبێت.

تۆپەکە لە گۆڕەپانی پوتین دایە:

لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، کیمیت وتی: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی پوتین دایە" و داهاتووی ئەم دەستپێشخەرییە بەندە بە وەڵامی کرملینەوە لە کاتژمێرە کەمەکانی داهاتوودا. ناوبراو نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە وەڵامی روسیا "کەم و لەوانەیە پابەندکەر نەبێت،" کە لەوانەیە دۆخەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی زیاتری ببات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت: ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبونەتەوە.

رێباز حەملان بریکاری پێشویی وەزارتی دارایی عیراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکان زیانی زۆری بە هەرێم گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 180 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

راشیگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم لەگەڵ وەزارتی دارایی و چاودێری دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیاندا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ وەفدەکەی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق کۆبونەوەیەکی گرنگ  ئەنجامدەدەن، ئەگەر کۆبونەوەکە ئەنجام و لێکتێگەیشتنێکی باشی هەبوو ئەوا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق  بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوت دەدرێت.

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق وتیشی، سەرجەم گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بۆ ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمە ، ئەگەر بەغداد گەرەنتی ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران بکات ئەوا 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەست دەکەن.

جەختیشیکردەوە، ئەگەر بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام بدرێت هێشتا کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەرنابێت و بەغداد راستەوخۆ موچە دابەش ناکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کۆبونەوەی نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی روسیا پیشکەوتنی گرنگی بەدەستهێناوە، یاریدەدەری سەرۆکی روسیاش دەڵێت، گفتوگۆکە بەسود و بنیاتنەربووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە، کۆبونەوەی نێوان ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئەمریکا بەرهەمداربوە، هەروەها لەو بارەیەشەوە ژمارەیەک لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ئاگادارکردوەتەوە.

بڵاویشیکردەوە، هەمووان هاوڕان کە دەبێت جەنگی ئۆکراین کۆتای پێبهێنرێت و لە رۆژەکان و هەفتەکانی داهاتوو کار بۆ ئەوە دەکەن.

هاوکات کۆشکی سپی لەو بارەیەوە رایگەیاند، دیدارەكەی پوتن و ویتكۆف لە مۆسكۆ بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا واشنتۆن سوورە لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر روسیا لە رۆژی هەینیدا كە دوایین وادەیە لەبەردەم مۆسكۆدا.

لەلایەکی دیکەوە یوری ئوشاكۆڤ یاریدەدەری سەرۆكی روسیا لەبارەی دیدارەكەوە رایگەیاندووە، گفتوگۆی پوتین و ویتكۆف بەسوود و بنیاتنەر بووە، هەروەها تەوەری گفتوگۆكانیشیان قەیرانی ئۆكراین و ئاسۆی پەرەپێدانی هاوكاری ستراتیژی نێوان ئەمریكا و روسیا بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەقە لەبنکەیەکی سەربازی لە ولایەتی جۆرجیای ئەمریکا کراو لە ئەنجامدا ژمارەیەک سەرباز برینداربوون.

میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، بەهۆی روداوێکی تەقەکردنەوە لە بنکەی سەربازی فۆرت ستیوارد لە ویلایەتی جۆرجیا، 5 سەباز برینداربوون، بەهۆی روداوەکەشەوە بنکە سەربازیەکە بەشێوەیەکی کاتی داخراوە کە نزیکەی 20 هەزار سەربازی تێدایە.

راشیانگەیاندووە، سەربازە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی لەنزیک بنکەکە. هەروەها دامەزراوەکانی نزیک لەو بنکە سەربازیە داخران بەهۆی مەترسی تەقەکەرەکە و پاش دەستگیرکردنی تەقەکەرەکە کراونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی روسیا و نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆشكی كرملن كۆبوونەوە و سێ کاتژمیر گفتوگۆیان لەسەر شەڕی ئۆكراین كرد.

یوری ئوشاكۆڤ یاریدەدەری سەرۆكی روسیا رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا و ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسوود و بنیاتنەر بوو.

وتیشی، تەوەری گفتوگۆكانی ویتكۆف و پوتن قەیرانی ئۆكراین و ئاسۆی پەرەپێدانی هاوكاری ستراتیژی نێوان ئەمریكا و روسیا بووە.

ئوشاكۆڤ ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانێت هیچ زانیارییەكی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا بكات تا ئەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ویتكۆفەوە لە ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیە ئاگادار دەكرێتەوە.

سەردانەكەی ویتكۆف بۆ روسیا پێنجەم جارە لەماوەی ئەمساڵدا بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆكراین پێش تەواوبوونی ئەو وادەیەی كە ترەمپ بۆ مۆسكۆی دیاریكردووە بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆكراین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ میدیاکانی چین نوێترین جۆری رۆبۆتی جەنگی ئاشکراکرد، کە ناوی "گورگی بکوژ"ە  و دەتوانرێت چەکی جۆراوجۆری لێببەسترێت و بۆ مەبەستی سەربازی جیاواز بەکاربهێنرێت.


کەناڵی سی سی تی ڤی رەسمی چین رایگەیاند، ئەم جۆرە رۆبۆتە نوێیە کە لەشێوەی گورگە مۆدێلێکی پیشکەوتووتری رۆبۆتەکانی پێشووترە کە لەشێوەی سەگ دروستکراون و توانایەکی بەرزی پێکانی ئامانجەکانی هەیە، هەمان ئەرکی سەربازەکان دەبینێت لە مەیدانی جەنگدا، هەروەها زیانە گیانییەکانی سەربازەکانی سوپاش کەمدەکاتەوە.

ئاشکراشیکرد، چین بەشێوەیەکی بەرفراوان وەبەرهێنان دەکات لە کەرتی تەکنەلۆژیای سەربازی بەتایبەت رۆبۆتە جەنگیەکان، بەشێک لە شارەزایانی سەربازیش پێیانوایە تواناکانی چین لە روی بەرەو پێشبردن و داهێنانەوە تواناکانی ئەمریکای تێپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆبۆتی نوێی "گورگ" توانای هەیە لە چەندین ژینگەی سەخت لە مەیدانی جەنگدا جموجوڵ بکات و توانای پێکانی ئامانجەکەی هەیە لە دووری 100 مەترەوە بەوردی، هەروەها توانای سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاریەکانی هێزەکانی دوژمنی هەیە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، رۆبۆتەکان لە مەیدانی جەنگدا دەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا بکەن، لەشێوەی گەلەگورگی راستی کە یەکێک لە رۆبۆتەکان لە پێشێوە سیخوڕی بەسەرناوچەی دوژمندا دەکات و ئەوانی دیکەش هێرشدەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی حکومەتی لوبنان رایگەیاند، دەبێت حزبوڵا چەک دابنێت، کاردانەوەی توندی ئەو حزبەی بەدوایخۆیدا هێنا و لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، مامەڵە لەگەڵ چەکداماڵین دەکەین وەک ئەوەی بوونی نەبێت.

حزبوڵا لەبارەی چەکداماڵینی، حکومەتی لوبنان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، دەسەڵاتدارانی نوێی بەیروت هەڵەیەکی گەورە دەکەن، دەشڵێت ئامادەن دانوستانێکی ستراتیژی بکەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە.

هاوکات ئێوارەی دوێنێ، عادل نەسار وەزیری دادی لوبنان جەختی لە گرنگی سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەک بۆ دەوڵەتی لوبنان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، " وڵاتەکەی بەهۆی چەکەوە راکێشراوە بۆ ناو چەندین شەڕ".

حزبوڵڵا یان بەرخۆدانی ئیسلامی لە لوبنان، پارتێکی سیاسی ئیسلامی شیعەیە و بنکەکەی لە لوبنانە، لە ساڵی 1982 دامەزراوە و لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجەنگێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ گەیشتنی ویتكۆف بۆ مۆسكۆ، ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین داوای لە واشنتۆن كرد فشارەكان بۆ سەر روسیا چڕتر بكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ.

زێلینسكی لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، گرنگە هەمووان لە ئەمریكاوە تا ئەوروپا و گروپی حەوت یەك بگرن لە دژی روسیا و پێیوایە كرێملین هەوڵی وەستاندنی شەڕەكە نادات تاوەكو هەست بە فشارێكی تەواو نەكات.

ئەمڕۆ ستیڤ ویتكۆڤ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە مۆسكۆ و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا كۆبووەوە، ئەمەش تەنها چەند رۆژێك پێش ئەو وادەیە بوو كە دۆناڵد ترەمپ بۆ هاوتا روسییەكەی دیاریكردبوو بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆكراین.

ترەمپ یەكشەممەی رابردوو پشتڕاستیكردەوە كە بەنیازە سزا بەسەر مۆسكۆدا بسەپێنێت ئەگەر وادەی دیاریكراو تەواو ببێت بەبێ ئەوەی بگاتە ئەنجام.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی 8ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق کرد.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پەرەپێدانیان کرا، هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنی و ئابووری و بازرگانییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی بهێنێت و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات و گەلی دراوسێی لێبکەوێتەوە.

هەروەها سەرۆک کۆمار پێویستیی گرتنەبەری دیالۆگی جددی و بنیاتنەرانەی لەنێوان هەردوولادا دووپاتکردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و مسۆگەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە بۆ عیراق، هەروەها گرنگی کاراکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونە هاوبەشەکان لەم بوارە گرنگەدا.

لای خۆیەوە، باڵیۆز ئینان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ بایەخدانی بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، و جەختی لە پەرۆشی تورکیا کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ عیراق لە هەموو بوارەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جموجۆڵەكانی روسیا لە رۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات و پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند هەمو جموجۆڵەكانی روسیا لە قامیشلۆ بە ئاگاداریی هەسەدە دەكرێت.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە قامیشلۆ رایگەیاند: لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هێزەكانی روسیا چەند جارێك لە قامیشلۆ جموجۆڵیان كردوە و ئەوەش بوەتە مایەی سەرنجی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان بە تایبەت كە لە دوای روخانی رژێمی پێشو ئەو هێزانە دەركەوتن و چالاكییان نەماوە.

وتیشی، هێزەكانی سوریای دیموكراتی "هەسەدە" یاوەری زۆرینەی كاروانە سەربازییەكانی روسیا دەكەن و سەرجەم جوڵەی ئەو هێزانەی روسیا كە لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ جێگیرن بە ئاگاداریی ئەوان دەكرێت.

لێپرسراوێكی رۆژئاوای كوردستان كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت بە پەیامنێری كوردسات نیوزی راگەیاندوە، روسیا دەیەوێت رۆڵی لە گۆڕانكارییەكانی سوریای نوێدا هەبێت و ئەوەش هۆكارە بۆ زیادبونی جموجۆڵی هێزە سەربازییەكانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەتایەكی ڤایرۆسیی لەناو ئاژەڵانی توركیا و باكوری كوردستاندا بڵاوبووەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران ئاژەڵ دروست كردووە، لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی دیكەی عیراقیش رێكارەكان بۆ رێگریكردن لە گەیشتنی پەتاكە بە ئاژەڵان گیراونەتە بەر.

پەتایەكی ڤایرۆسی بەناو ئاژەڵانی چەندین شاری توركیا و باكوری كوردستاندا بڵاوبووەتەوە و ئاژەڵەكان برین لە ناو دەم و چەند ناوچەیەكی هەستیاری جەستەیان دروست بووە.

پەتاكە ئاژەڵانی هەریەك لە پارێزگاكانی قەرس و ئەردێخان و ئارتڤینی گرتووەتەوە، ئاژەڵداران باس لەوە دەكەن، ئەگەر برینەكان بگات بە زمانی ئاژەڵەكان، ئەوا مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات.

لە ئێستادا تیمە پزیشكییەكان سەرقاڵی پێدانی چارەسەرن بە ئاژەڵەكان و ئاماژەیان بەوەكردووە، لە 60 گونددا نەخۆشییەكە بە تەواوی بڵاوبووەتەوە، سروشتی ئەم پەتا ڤایرۆسییەش بە جۆرێكە، مەترسی زیاتر لەسەر ئاژەڵە ساواكان دروست دەكات بەراورد بە ئاژەڵە بەتەمەنەكان.

ئاژەڵدارانیش دەڵێن، پێویستیان بە گرتنەبەری رێكاری توندتر و چارەسەری زیاتری ئاژەڵەكانیانە، ئەو چارەسەرانەی ئێستا پێیان دەدرێت بەپێی پێویست كاریگەر نین.

لەلایەكی دیكەوە، لە كەركوك و چەند شارێكی دیكەی عیراق رێكارە تەندروستییەكان گیراونەتەبەر بۆئەوەی رێگری بكرێت لە گەیشتنی پەتاكە بە ئاژەڵانی عیراق. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...297298299300301...1078