هەواڵەکانهەواڵەکان

لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلوول، وەرزی هاوینی گەرم کۆتایی پێدێت و سروشت خۆی بۆ وەرزی پایز ئامادە دەکات. بەڵام دوو رێگەی جیاواز هەیە بۆ دیاریکردنی دەستپێکی ئەم وەرزە نوێیە: رۆژژمێری کەشناسی و رۆژژمێری فەلەکی، کە هەریەکەیان کات و بنەمای خۆی هەیە.

پایزی کەشناسی: سادە و جێگیر

بەپێی رۆژژمێری کەشناسی، کە زۆربەی پسپۆڕانی کەش و هەوا و ناوەندەکانی پێشبینی بەکاری دەهێنن، وەرزەکان بە شێوەیەکی سادە دابەشکراون. هاوین لە 1ی حوزەیران دەست پێدەکات و لە 31ی ئاب کۆتایی دێت. بەم پێیەش، وەرزی پایز لە 1ی ئەیلوول دەست پێدەکات و تا 30ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. ئەم دابەشکردنە ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی ئامار و بەراوردکردنی داتاکانی کەشوهەوا لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر.

پایزی فەلەکی: بەپێی سوڕانەوەی زەوی

بەڵام لە روی فەلەکییەوە، دەستپێکی وەرزەکان پەیوەستە بە خولگە و سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا. وەرزی پایز لە نیوەگۆی باکووری زەوی لە کاتی هاوسەنگبوونی پاییزی (Autumnal Equinox) دەست پێدەکات، کە ئەمساڵ دەکەوێتە 22 یان 23ی ئەیلوول.

لەم رۆژەدا، ماوەی شەو و رۆژ لەسەر هەردوو نیوەگۆی باکوور و باشووری زەوی نزیکەی یەکسان دەبێت. دوای ئەم بەروارە، لە نیوەگۆی باکوور رۆژەکان کورتتر و شەوەکان درێژتر دەبنەوە، ئەمەش نیشانەی رەسمی هاتنی پایزە.

گۆڕانکارییەکانی چاوەڕوانکراوی کەشوهەوا

لەگەڵ هاتنی پایز، چەندین گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدەن. پلەکانی گەرما، بەتایبەتی لە شەواندا، وردە وردە نزم دەبنەوە. جیاوازیی نێوان پلەی گەرمای شەو و رۆژ زیاتر دەبێت. هەروەها، شێ لە هەوادا زیاد دەکات و ئەگەری دروستبوونی هەور و بارانبارین پلە بە پلە زیاتر دەبێت، تاوەکوو بەرەو وەرزی سەرما و دابارین دەڕۆین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی روسیا لە میانەی بەشداریکردنی لە لوتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای رایگەیاند، "تێگەیشتنەکانی" لووتکەی ئەلاسکا رێگە بۆ ئاشتی لە ئۆکراین خۆش دەکەن.

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، رۆژی دووشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای، بەرگری لە هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکەی مۆسکۆ کرد بۆ سەر ئۆکراین کە زیاتر لە سێ ساڵە دەستیپێکردووە.

پوتن لە وتارێکدا لە لووتکەکە، کە لە شاری تیانجینی چین بەڕێوەچوو، وتی: "ئەم قەیرانە بەهۆی هێرشی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین دروست نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی کودەتایەک بوو لە ئۆکراین کە لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی کرا و هان درا".

هەروەها وتیشی: "هۆکاری دووەمی ئەم قەیرانە، هەوڵە بەردەوامەکانی رۆژئاوایە بۆ راکێشانی ئۆکراین بۆ ناو هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک"ی روسی، سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد: "بێگومان، بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی ئۆکراین بەردەوام و درێژخایەن بێت، دەبێت هۆکارە ریشەییەکانی قەیرانەکە لەناو ببرێن، کە پێشتریش چەندین جار باسم کردوون، و هاوسەنگیی دادپەروەرانە لە بواری ئاسایشدا بگەڕێنرێتەوە".

وتارەکەی پۆتین لە کاتی لووتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە شاری تیانجین لە باکووری چین هات، کە نزیکەی ٢٠ سەرکردەی ناوچەی ئۆراسیا تێیدا بەشدارن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئاب (مانگی 8) راگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی فراوانبوونی "پڕۆژەی روناکی" و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، 602 مۆلیدەی ئەهلی لە سەنتەری شاری سلێمانی کوژاونەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت و لەبەرچاوگرتنی نرخی سووتەمەنی، نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ یەک ئەمپێر بە (40) چل دینار دیاریکراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مۆلیدەکان لە مانگی ئابدا لە نێوان (275 بۆ 300) کاتژمێر کاریان کردووە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بۆ ئەو مانگە لە گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی لە نێوان (11.000) بۆ (12.000) دیناردا دەبێت.

پڕۆژەی روناکی و کاریگەرییەکانی

کارەبای سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی سەرکەوتنی "پڕۆژەی روناکی"، تەواوی سەنتەری شاری سلێمانی چووەتە ژێر چەتری پڕۆژەکەوە و کارەبای24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. ئەمەش بووەتە هۆی کوژانەوەی 602 مۆلیدەی ئەهلی لە شارەکەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەو هاووڵاتیانە کراوە کە گەڕەکەکانیان چوونەتە ناو پڕۆژەکەوە و چیتر پێویستییان بە کارەبای مۆلیدە نەماوە، پێویستە بە زووترین کات حیسابی پارەی مۆلیدەکانیان پاکتاو بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە تەواوکاری موچەی مانگی شەش خرایە سەر هەژماری وەزارەت.

بەپێی راگەیەندراوەکە؛ بڕی یەک تریلیۆن و حەوت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند درۆنێک لە سلێمانی خرانەخوارەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کردووە کە گومانیان هەیە لەوەی کە حکومەتی عیراق  پارەی تەواوکاری موچەی مانگی شەش بنێرێت.

بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم پێی وتووە؛ "ترسمان هەیە حکومەتی عیراق ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە نەنێردرێت، بۆیە دەستمان بە دابەشکردنی موچە نەکردووە."

هەمان سەرچاوە رایگەیاندووە: "گومانمان هەیە لەوەی کە ئەمڕۆش تەواوکاری موچە بێت."

ئەم لەدوای ئەوە دێت، کە دوێنێ وەزارەتی دارایی عیراق بەشێک لە پارەی موچەی مانگی شەشی خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیاربووە ئەمڕۆ تەواوکارییەکەی بنێرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا دەستی بە دابەشکردنی موچەکان نەکردووە و چاوەڕوانی تەواوبوونی گواستنەوەی پارەکەیە لەلایەن بەغدادەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان کەسێکیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی هێرشکردن.

بەپێی هەواڵێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەم دەستگیرکردنە لەدوای سکاڵای هاوڵاتییەک دێت کە بانگەشەی ئەوەی کردووە تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەری و ویستویەتی بیڕفێنێت.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند؛ لە لێکۆڵینەوەکاندا، جگە لە تۆمەتی هێرشکردن، پشکنینی پزیشکی بۆ تۆمەتبارەکە ئەنجامدراوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و پێشتریش لەسەر ئەم تاوانە سزا دراوە. 

ئێستا تۆمەتبارەکە (أ، ح، ح) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەکانی 432 و 267 و مادەی 30ی یاسای مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراوە. بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان پەڕگەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 3,489 دۆلار، بەمەش بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا تۆمارکرد.

بەرزبوونەوەکە وایکردووە نرخی ئەو کانزایە زۆر نزیک بێتەوە لە تۆمارکردنی بەرزترین نرخی مێژوویی خۆی
. هاوکات، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 698 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەروەها، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 گەیشتە 600 هەزار دینار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری ئێران: "شۆڕشێک" لە بازرگانی لە نێوان چین و ئاسیای ناوەڕاستدا دروست دەکەین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاند کە بەستنەوەی بەندەری چابەهار بە تۆڕی هێڵی شەمەندەفەرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندیکردنی چین و ئاسیای ناوەڕاست بە ئۆقیانووسی هیندییەوە دروست دەکات. پزیشکیان ئەم لێدوانانەی لە وتارێکدا لە لووتکەی رێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە وڵاتی چین پێشکەش کرد.

پێگەی جوگرافیای ئێران و فراوانکردنی هاوکارییەکان

سەرۆکی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران، بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیکییە ستراتیژییەکەیەوە، ئامادەیە ژینگەیەکی لەبار بۆ فراوانکردنی هاوکارییە هەرێمییەکان دابین بکات. وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیی ئەم پڕۆژەیە، وتی: "بەندەری چابەهار بە زوویی بە تۆڕی نیشتمانیی هێڵی شەمەندەفەر دەبەسترێتەوە، کە لە ئەنجامدا چین، ئاسیای ناوەڕاست، و ئەفغانستان بە ئۆقیانووسی هیندی دەبەستێتەوە."

پزیشکیان رێکخراوی هاوکاریی شانگهای بە "هێمای هەوڵدان بۆ ئاشتی لە جیهانێکی پڕ قەیراندا" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە ئێران ئامادەیە رۆڵێکی کارا لە دابینکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و فراوانکردنی هاوکارییەکاندا بگێڕێت.

پێشنیازەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزا و بەهێزکردنی ئاسایش

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئێران داوای کرد کە رێکخراوەکە دوو رێچکەی هاوتەریب بگرێتەبەر: "پێویستیی بنیاتنانی ئاشتی" و "بەهێزکردنی هاوکاریی دارایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزا ئابوورییەکان". لەمبارەیەوە، چەندین پێشنیازی خستەڕوو، لەوانە: پێکهێنانی لیژنەی وەزیرانی دەرەوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی ئەندام، هەروەها "دەستپێشخەریی ژمێریاری و یەکلاکردنەوەی تایبەتیی شانگهای بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار".

هەروەها پزیشکیان بە گەرمی پێشوازی لە دامەزراندنی چەندین سەنتەری تایبەتمەند کرد بۆ ئاسایش، لەوانە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، و سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان. ئەو جەختی کردەوە کە ئێران جێبەجێکردنی ستراتیژیی دە ساڵەی شانگهای بە "هەلێکی مێژوویی" دەزانێت بۆ هاوکاری لە بوارەکانی ژێرخان، وزە، ئابووریی دیجیتاڵی، ژینگە، کەلتوور و زانست.

سەرۆکی ئێران پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێشخەریی حوکمڕانیی جیهانی کە لەلایەن سەرۆکی چینەوە راگەیەندرا، دووپاتکردەوە و بە هەنگاوێک بەرەو جیهانێکی دادپەروەرتر وەسفی کرد.

کاریگەرییە ئابوری و سیاسییەکان: وێستگەیەکی ستراتیژی بۆ ئێران و چین

چاوێدران پێیان وایە کە ئەم هێڵی شەمەندەفەرە رێگایەکی جێگرەوەی سەرەکی دەبێت بۆ رێڕەوە دەریاییەکان، کە ئەمەش کاریگەریی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوە و ئێران توانای ئەوە بە ئێران دەبەخشێت کە کاڵاکانی هەناردە و هاوردە بکات بە دوور لە چاودێریی ئەمریکا. ئێران خاوەنی پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە کە هێزە ئابوورییەکانی رۆژهەڵات و رۆژاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ دابینکردنی داهاتی زیاتر لە رێگەی تۆڕی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەڕەخسێنێت. 

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "پشتێنە و رێگا"ی چین دێت، کە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد بە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێک لە رێگا بازرگانییە وشکانی و دەریاییەکان لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا، کە ئەمەش گرنگیی سیاسی و ئابووریی پڕۆژەکە نیشان دەدات.

لووتکەی رێکخراوی شانگهای: فراوانبوونێکی مێژوویی

لووتکەی ئەمجارەی رێکخراوەکە، کە بەرفراوانترین لووتکەیە لە مێژووی رێکخراوەکەدا، لە رۆژانی 31ی ئاب و 1ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە شاری تیانجینی چین بەڕێوە دەچێت. 20 سەرۆکی وڵاتانی نا ئەندام و نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری تێدا دەکەن.

رێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە ساڵی 2001 دامەزراوە و لە ئێستادا وڵاتانی روسیا، چین، هیندستان، ئێران، کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان، پاکستان، ئۆزبەکستان، و بیلاڕووس (کە لە 4ی تەمموزی 2024 بە فەرمی پەیوەندی پێوە کرد) لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئەفغانستان و مەنگۆلیا وەک چاودێر بەشدارن، لەکاتێکدا ئازەربایجان، ئەرمینیا، بەحرەین، میسر، کەمبۆدیا، قەتەر، کوەیت، دوورگەکانی ماڵدیڤ، میانمار، نیپال، ئیمارات، سعودیە، تورکیا، و سریلانکا وەک "هاوبەشی گفتوگۆ"ن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6 پلەی رێختەر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند، کە بەهۆیەوە لانی کەم 500 کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش بریندار بوون.

تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاماژەی بە ژمارەی قوربانییەکان داوە و رایگەیاندووە کە ئاماژرەکە لە بەرزبوونەوەدایە.

دەزگای گەشتیاری جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) ئاشکرای کردووە، ناوەندی بومەلەرزەکە لە دووری 17 میل لە شاری جەلال ئاباد، نزیک سنووری پاکستان بووە و کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە روی داوە.

شەرەفات زەمان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گشتی ئەفغانستان، رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی بومەلەرزەکە ناوچەیەکی شاخاوی و دوورەدەستی گرتووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەدەستهێنانی زانیاریی ورد دەربارەی قوربانییەکان و قەبارەی زیانەکان کاتێکی زۆر بخایەنێت."

نزیکەی 20 خولەک دوای بومەلەرزە سەرەکییەکە، بومەلەرزەیەکی دیکەی پاشکۆ بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە هەمان ناوچەدا تۆمار کراوە، کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

ئەفغانستان بە بەردەوامی روبەڕوی بومەلەرزە دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی پێکدادانی چەندین چینی تێکتۆنیکی. هەروەها، سروشتی شاخاویی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان مەترسی داڕمانی زەویی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ گەیاندنی یارمەتی و رزگارکردنی خەڵک زۆر قورس دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانی سلێمانی ئاشکرایدەکات، وردبینیکردن لە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردووە، هاوکات هەر فەرمانبەرێک پێشتر سودمەند بووبێت یاخود دوو فەرمانبەر هاوسەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە، ئەگەر شارەوانی ئاگادار نەکەنەوە تووشی لێپیچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەووە، دوای ئەوەی دەستکرا بە دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی لە رۆژی 28-8-2025، لە ئێستادا لیژنەکانی دابەشکردنی زەوی هەڵدەستن بە کاری وردبینیکردن بۆ داواکاری سەرجەم فەرمانبەران.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کردووە و دەڵێت هەر فەرمانبەرێک پێچەوانەی ئەم خاڵانە فۆڕمەکەی پڕکردووەتە دەبێت ئاگاداریان بکاتەوە بە پێچەوانە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

یەکەم؛ ئەگەر فەرمانبەر پێشتر سوودمەند بووە و فۆڕمی پڕکردۆتەوە و زانیاری دروستی نەداوە.

دووهەم؛ ئەگەر فەرمانبەری گرێبەست فۆڕمی پڕکردۆتەوە و بەهەڵە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتەکەی خۆی.

سێیەم؛ ئەگەر فەرمانبەر خزمەتی فعلی هەشت ساڵ کەمتر بێت و فۆڕمی پڕکردبێتەوە بە هەڵە و بەسەر لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا تێپەڕیبێت.

چوارەم؛ ئەگەر هاتوو هەردوو هاوسەر فەرمانبەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە.

 شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، پێویستە بە نوسراوی رەسمی فەرمانگەی پەیوەندیدار ئاگاداریان بکاتەوە بە پێچەوانەوە بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی کە پڕی کردوەتەوە لە کاتی پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، هەروەها پێویستە فەرمانبەرانی فەرمانگەکان راستەوخۆ سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نەکەن بۆلای لیژنەی دابەشکردنی زەوی، بەڵکو هەر داواکارییەک یاخود پرسیارێک یاخود کێشەیەکیان هەبێت لیژنەکانی خۆیان ئاگادار بکەنەوە و ئەوانیش بەرزی بکەنەوە بۆ سەرۆکایەتییان، چونکە دەبێتە هۆی لۆد و قەرەباڵغی لە فەرمانگەکەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی روداوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گروپێكی میلیشیای نایاسایی هێرشیانكردە سەر هێزە ئەمنییەكان كە ئەركی دەستگیركردنی داواكراوانیان پێ سپێردرابوو.

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی.......

 

هەفتەی رابردوو، سلێمانی شاهێدی کۆمەڵە روداوێک بوو، کە بووە هۆی خەم و پەژارە بۆ خێزانەکانیان و نیگەرانیی بۆ رای گشتی.

گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، کە لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو، کە ئەرکیان پاراستنى گیان و ماڵى هاووڵاتیان و سەقامگیریی شارەکەیە. ئەم کارانەى گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن.

لەم بارودۆخانەدا، ئاسانە کە دەنگۆ و زانیاریی نادروست بڵاوببێتەوە. رکابەریی دامەزراوە میدیاییەکان زۆر جار لەجیاتی ئەوەی کە ناڕوونییەکان روون بکەنەوە، دەبنە هۆی سەرلێتێکدان. دەبێت بەڕوونی بڵێم؛ کە هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا داوە، دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە رێگەی پرۆسەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە رێگەی مەزەندەکردن و بانگەشەی میدیایی.

ئاسایش، وەک دامەزراوەیەکی ئەمنیی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رووداوەکە راپۆرتی خۆی بۆ راى گشتی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا زانیارییەکانى بە تەواوى باسکردووە، کە ئەرکی هەموومانە رێگە بە دەسەڵاتى دادوەرى بدەین، بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک بەردەوام بن لە کارەکانی خۆیان.

هەربۆیە داوام لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت بۆ گەورەکردنی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە. ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرپرسیارانە راستییەکان بخەنەڕوو و متمانەی گشتی بپارێزن. دەبێت پێشینەى کارەکانمان پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیانمان بێت، پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا و رێگریی لەو کەسانە بکەین کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتی.

داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەین، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 616 ملیار دیناری وەک موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە کرد.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد؛ بەهۆی کۆتاییهاتنی دەوامی رەسمی ئەمڕۆ، بڕیارە سبەینێ دووشەممە ئەو پارەی کە ماوە زیاتر لە 300 ملیار دینارە، خەرج بکرێت و بگاتە سەر هەژماری وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.

چاوەڕوان دەکرێت بە گەیشتنی تەواوی پارەکە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی شەش بەسەر فەرمانبەراندا بکرێت و سبەینێ لیستی موچە لەگەڵ گەیشتنی تەواوکاری پارەکە بڵاوبکرێتەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ زاهیر رەعد، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی پێشکەوتنخوازی لوبنان کۆبووەوە.

لە دیدارێکدا کە رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخێرهاتنی وەفدی میوانی کرد و وتی، دڵخۆشین بەوەی زیاتر پەرە بەو پەیوەندییانە بدەین کە سەرۆک مام جەلال بناغەکەی داناوە.

زاهیر رەعد پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبی.

هەروەها خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی سلێمانی دەربڕی و بانگهێشی سەرۆکی یەکێتی کرد تاوەکو لە لوبنان سەردانیان بکات بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
 
 
 
 
 
 
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتی "شاباک" هەوڵیانداوە وتەبێژی لیواکانی قەسام، "ئەبو عوبەیدە" کە ناوی راستەقینەی "حوزەیفە کەحلوت"ە، بکوژن.

سەرەڕای ئەوەی هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەوڵی کوشتنەکە رون نەبووەتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆکردنەوەی وردەکارییەکان. بەپێی راگەیاندنی دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی "کان"، کە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە، "وا دیارە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە."

هێرشەکە بۆ سەر ئەبو عوبەیدە لە نزیک نانەوایەک ئەنجامدراوە، و بەپێی راپۆرتەکان لە غەززە، زیاتر لە 10 کەس لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە هێرشەکە بە بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و چاودێری ئاسمانی ئەنجامدراوە.

سوپای ئیسرائیل رونیشیکردەوە کە ماوەیەکی کەم پێش ئۆپەراسیۆنەکە، زانیاری هەواڵگریی چڕ گەیشتووەتە دەزگای شاباک و هەواڵگری سەربازی "ئامان"، پاشان هەوڵی تیرۆرکردنەکە دەستیپێکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای شاباکەوە بەڕێوەچووە بەهۆی گرنگیی کارەکتەری ئەبو عوبەیدە لە حەماسدا.

بەپێی دەزگای راگەیاندنی ئیسرائیلی، ئەبو عوبەیدە بە کەسایەتییەکی سەرەکی لە حەماسدا دادەنرێت، و ئەگەر ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنەکەی سەرکەوتوو بێت، ئەوا کاریگەرییەکی گەورەی دەروونی و زیانێکی بەرچاو بە ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس دەگەیەنێت.

فەڵەستینییەکان لە بارەی روداوەکەوە چی دەگێڕنەوە:

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی فەلەستینی بۆ سکای نیوز عەرەبی ئاشکرای کرد، ئەو ماڵەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردبوویانە ئامانج، ماوەی چەند رۆژێک بوو لەلایەن خێزانی وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس، ئەبو عوبەیدە، بە کرێ گیرابوو.

پەیامنێرمان لەسەر زاری سەرچاوە فەلەستینییەکە گواستوویەتییەوە کە ژن و منداڵەکانی ئەبو عوبەیدە لەو ماڵەدا بوون. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "لە کاتی بۆردوومانەکەدا بڕێکی زۆر پارەی کاغەزی بڵاو بووەتەوە."

سەرچاوە فەلەستینییەکە بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە: "دوای بۆردوومانەکە، چەکدارانی قەسام دەوروبەری ئەو ماڵەیان گرتووە و رێگاکانیان داخستووە و نەیان هێشتووە هاووڵاتیان نزیک ببنەوە بۆ دەرهێنانی تەرمەکان." سەرچاوەکە بۆ سکای نیوز عەرەبی رونیشیکردەوە کە "تیرۆرکردنی ئەبو عوبەیدە دوور نییە، بەڵام ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە."

شایەنی باسە، ئەبو عوبەیدە دوێنێ شەممە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە ئەگەر بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر شاری غەززە، ئەوا لەوانەیە زیان بە بارمتەکان بگەیەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا خستووەتە خوارەوە و تێکیان شکاندوون. ئەمەش دوای هێرشێکی شەوانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین دێت.

وەزارەتی بەرگریی روسیا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، کە 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ئاسمانی هەرێمی ڤۆلگۆگراد لە باشوری روسیا خراونەتە خوارەوە. پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکەش، کە ژمارەیان 10 دانە بوو، لەسەر ئاسمانی هەرێمەکانی رۆستۆڤ، بێلگۆرۆد و بریانسک لە باشووری رۆژاوای وڵات تێکشکێندراون.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتەکە، ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکێندراوەکان بەم شێوەیە بوون:

  • 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڤۆلگۆگراد.

  • 8 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڕۆستۆڤ.

  • یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بێلگۆرۆد.

  • یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بریانسک.

شایەنی باسە، دوێنێ شەممەیش وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان توانیویانە چوار مووشەکی جۆری "نێپتۆن" و 233 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بخەنە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر ئاسمانی نیمچە دوورگەی قرم و پارێزگای سمۆلێنسک خرانە خوارەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...275276277278279...1077