یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی ماددەیی کیمیایی "تی پی ئۆ" (TPO)ی قەدەغە کرد، کە لە زۆرێک لە جۆرەکانی جێڵی نینۆکدا بۆ خێرا وشکبوونەوە و پاراستنی رەنگ بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە مەترسی بۆ سەر توانای منداڵبوون دروست دەکات و دەبێتە مەترسی بۆسەر ژنان.
ئەو ماددە باوەی کە لە زۆرێک لە جۆرەکانی جێڵی نینۆکدا هەیە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا بە نایاسایی ناسێنراوە، بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا بە ئازادی بەردەستە.
ئەم ماددەیە، کە ناوە زانستییەکەی (Trimethylbenzoyl diphenylphosphine oxide)ـە، ئێستا بە فەرمی لە هەموو بەرهەمە جوانکارییەکاندا قەدەغە کراوە و دەزگا چاودێرییەکانی یەکێتی ئەوروپا وەک ماددەیەکی ژەهراوی بۆ مرۆڤ پۆلێنیان کردووە. "تی پی ئۆ" ماددەیەکە یارمەتی رەقبوونی جێڵی نینۆک دەدات لەژێر تیشکی سەروو وەنەوشەییدا و دەبێتە هۆی مانەوە و بریسکەی زیاتری رەنگەکە.
بڕیاری قەدەغەکردنەکە دوای چەندین توێژینەوە لەسەر ئاژەڵان هات کە پەیوەندیی نێوان ماددەکە و کێشە درێژخایەنەکانی منداڵبوونیان تیادا دەرکەوت. یەکێتی ئەوروپا ئەم رێکارە خۆپارێزییەی گرتووەتەبەر لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر مرۆڤ هێشتا بەردەوامە.
بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ساڵۆنەکانی نینۆک لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها وڵاتانی وەک نەرویج و سویسرا، دەستبەجێ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە رابگرن کە ئەم ماددەیەیان تێدایە و بەرهەمە کۆکراوەکانیان بە شێوەیەکی سەلامەت لەناوببەن.
لەلایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا بەکارهێنانی "تی پی ئۆ"ی بە یاسا رێکنەخستووە، و ئەم ماددەیە دەچێتە پاڵ لیستێکی درێژی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە ئەوروپا قەدەغەن، بەڵام لە ئەمریکا هێشتا باون.
هەندێک لە خاوەنکارانی بواری جوانکاریی نینۆک دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە. کۆمپانیایەکی بەلجیکی رایگەیاندووە، "هیچ بەڵگەیەکی مرۆیی نییە لەسەر مەترسیی ئەم ماددەیە" و ئەم بڕیارە "زیانێکی گەورەی ئابووری" بە کارە بچووکەکان دەگەیەنێت.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەگەر پێویست بکات گروپە تاوانکارییەکانی دەرەوەی سنوور "لەناودەبات"، و ئاشکرایکرد کە دوو لە گەورەترین گروپە تاوانکارییەکانی ئیکوادۆر دەخەنە لیستی تیرۆرەوە.
رۆبیۆ لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئیکوادۆر وتی: "ئێستا ئەوان یارمەتیمان دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە و لەناوبردنیان."
هاوکات رایگەیاند، ئەمریکا دوو لە گەورەترین گروپە تاوانکارییەکانی ئیکوادۆر، کە بریتین لە "لۆس لۆبۆس" و "لۆس چۆنێرۆس"، وەک رێکخراوی تیرۆریستی بیانی پۆلێن دەکات.
ئەم لێدوانانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکیان کردە سەر بەلەمێک لە دەریای کاریبی. کۆشکی سپی رایگەیاند، لە هێرشەکەدا 11 بازرگانی ماددەی هۆشبەر کوژراون، بەڵام ناسنامەیانی ئاشکرا نەکردووە.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا قاچاخچییەکان لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاوە وەک مەکسیک و ئیکوادۆر، روبەڕووی "کردەوەی تاکلایەنەی لەسێدارەدان" دەبنەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، رۆبیۆ وتی "حکومەتە هاوکارەکان" یارمەتی دەدەن لە دەستنیشانکردنی قاچاخچییەکان.
رۆبیۆ وتیشی: "سەرۆک'ترەمپ' وتوویەتی دەیەوێت شەڕ دژی ئەم گروپانە بەرپا بکات چونکە ئەوان ماوەی 30ساڵە شەڕیان دژی ئێمە بەرپا کردووە و کەس وەڵامی نەداونەتەوە." ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "بەڵام لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ حکومەتە دۆستەکان پێویست بەوە ناکات، چونکە حکومەتە دۆستەکان یارمەتیمان دەدەن."
حکومەتەکانی ئیکوادۆر و مەکسیک تا ئێستا رایاننەگەیاندووە کە هاوکاریی هێرشە سەربازییەکان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، رۆبیۆ رایگەیاند کە واشنتن بڕی 13.5ملیۆن دۆلار هاوکاریی ئەمنی و 6 ملیۆن دۆلار تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشکەش بە ئیکوادۆر دەکات بۆ یارمەتیدانی لە روبەڕووبوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان.
توندوتیژی لە ئیکوادۆر لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەهۆی ئەوەی گروپە تاوانکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوەکانی بازرگانیی کۆکاین شەڕ دەکەن. بەپێی ئامارە حکومییەکان، نزیکەی %70ی کۆکاینی جیهان ئێستا بە ئیکوادۆردا تێدەپەڕێت.
ئەم پۆلێنکردنە لەسەر داوای دانیال نۆبۆوا، سەرۆکی ئیکوادۆر بووە، کە روبەڕووبوونەوەکانی دژی گروپە تاوانکارییەکان بە "جەنگ" وەسف دەکات و پێشتر رایگەیاندبوو، دەیەوێت سوپای ئەمریکا و ئەوروپا بەشداری لە شەڕەکەیدا بکەن.
دانانی ئەو دوو گروپە لە لیستی تیرۆردا رێگە بە ئەمریکا دەدات کە سامان و موڵکی هەر کەسێک کە پەیوەندیی بەو گروپانەوە هەبێت بکاتە ئامانج و بەبێ سنوور زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ حکومەتی ئیکوادۆر ئاڵوگۆڕ بکات، کە رەنگە ببێتە هۆی گرتنەبەری رێوشوێنی "توند".
دووەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات و بەبەشداریی دەیان كۆمپانیا و براندی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەدەچێت.
هێمن كەمال پەیامنێری كوردسات نیوز لە سلێمانی رایگەیاند، یەكەم رۆژی دووەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی لە پاركی هەواری شار لە سلێمانی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، فێستیڤاڵەكە بەبەشداریی 20 چێشتخانەی كوردەواریی خۆماڵی و 10 خواردنگەی بیانی و 20 شوێنی خواردنی خێرا و 10 براندی شیرینی و 10 براندی پێویستی ناوماڵ و پێنج كلینیك و دامەزراوەی پزیشكی و چەندین كۆمپانیای خانووبەرە بەڕێوەدەچێت و تیایدا بەرهەم و ئۆفەركانیان دەخەنەڕوو.
باسی لەوەشكرد، فێستیڤاڵەكە رۆژانە لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو كراوە دەبێت و چاوەڕوانیش دەكرێت دەیان هەزار كەس سەردانی بكەن.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی پێنجشەممە 4-9-2025 بەشداری کرد لە مەراسیمی ساڵانەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کە لە مەزارگەی حەزرەتی قادری لە بەغداد بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمێکدا سەرۆک کۆمار لەلایەن دکتۆر مشعان خەزرەجی سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی و شێخ خالید گیلانی و شێخ عەفیفەدین گیلانی و ژمارەیەک زانا و کەسایەتی ئاینی پێشوازیی لێکرا.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە ئامادەبوان کرد بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێیغەمبەر (د.خ)و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی ئاشتی و خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان، لە مەراسیمەکەدا د. کامل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی وتارێکی پێشکەش کرد کە وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شممەری و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و کەسایەتی ئاینیی ئامادەی بوون و تیایدا جەختیکردەوە کە ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی جیهانی ئەمڕۆمان دەبنەوە، وەک ململانێکان و قەیران و پەتا و هەژاری، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە چەند پێویستیمان بە رێبازی پێغەمبەری مەزن محەمەد موستەفا هەیە تا بەزەیی و بەخشندەییی بۆ مرۆڤ دەگێڕێتەوە، بۆ ئەو رەوشتەی کە ئاشتی و برایەتی لە دڵی خەڵکدا دەچەسپێنێت، هەروەها بۆ دادپەروەری کە مافی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو کەسێک مسۆگەر دەکات.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەر د خ وێستگەیەکە کە تێیدا باوەڕ و ویستی خۆمان نوێ دەکەینەوە و رەوشت و رەفتارمان باشتر دەکەین و ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان بنیات دەنێین.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆک کۆمارە :
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەنابی سەرۆک کۆمار
جەنابی سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی
زانایانی بەڕێز و کەسایەتی ئاینی
میوانە بەڕێزەکان
سڵاو ی خودای گەورەتان لێ بێت
بەبۆنەی لەدایک بوونی رێبەری مرۆڤایەتی محەمەد (د.خ)، خۆشحاڵین و بەپەڕی شانازییەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو ئومەتی ئیسلام و رۆڵەی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان دەکەم. لە خودای مەزن داواکارم ئەم بۆنەیە بۆ ئومەتی ئیسلامی بە گشتی و بۆ گەلی عێراقیمان بەتایبەتی بەخۆشی و شادی بگەڕێتەوە و بۆ ئەوەی ئاهەنگەکەمان نوێبوونەوە و بەڵێن بێت بۆ پەیڕەوکردنی ڕێبازی پێغەمبەری بەرز (صلی الله علیه وسلم).
سوپاس و ستایش بۆ خودا کە پێغەمبەرەکەی بە هیدایەت و ئایینی حەق نارد بۆ ئەوەی بەسەر هەموو ئایینەکاندا زاڵ بێت. خێر و ئارامی و بەرەکەت بۆ رێبەری مەزن محمد (د.خ )و لەسەر هەمووان بێت.
میوانە بەڕێزەکان،
ئەمڕۆ بۆنەیەکی پیرۆز لەناخی دڵمانەوە دەگێڕین: کە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر، کە ساڵیادی لە دایکبوونی رێبەری مرۆڤایەتی، محمد کوڕی عەبدوڵڵایە، سەلامی خوای لەسەر بێت.
ئەمە تەنیا ساڵڕۆژێکی مێژوویی نییە؛ لەدایکبوونی ڕووناکیە لە سەردەمێکدا کە تاریکی باڵی کێشابو ، لەدایکبوونی ڕەحمەتە لە جیهانێکدا کە دڕندەیی زاڵ بو بەسەریدا و لەدایکبوونی دادپەروەرییە لە سەردەمی نادادپەروەرییەکی بەربڵاودا. پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لەسەر بێت، هات بۆ ئەوەی فێرمان بکات کە شکۆی مرۆڤ مافێکە بۆ هەموو مرۆڤێک، وە ڕەحمەتی کەسانی نزیک و دوور و موسڵمان و نا موسڵمان و تەنانەت هەموو لایەنەکانی ژیانیش دەگرێتەوە.
ئەو، سەلامی خوای لەسەر بێت، پێغەمبەری ڕەحمەت و ئاشتی و پێغەمبەری رەوشت بوو. بناغەکانی دادپەروەری دامەزراند و بەهای زانستی بەرزکردەوە و ئیمانی بە کردەوەی چاکەوە، دین بە ژیانەوە گرێدا. لە کاتێکدا ژیانی ئەمڕۆی بەبیر دێنینەوە، ئیلهام لێ وەردەگرین بۆ بنیاتنانی نەتەوەکانمان بە دادپەروەری و پاراستنی شکۆی گەلانمان بە ئازادی و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەکەمان لە ڕێگەی هاوکاری و یەکگرتووییەوە.
هاوڕێیانی ئازیز،
ئەو ئاڵەنگارییانەی ئەمڕۆ لە بەردەم دونیای ئێمەدان، لەوانەش ململانێ، قەیران، پەتا و هەژاری، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە چەندە پێویستمان بە پێغەمبەری بەرزە: بەزەیی بۆ مرۆڤایەتی دەگەڕێنێتەوە، رەوشتێک کە ئارامی و برایەتی لە دڵەکاندا دەچێنێت، دادپەروەری کە مافی ژیانێکی شکۆمەندانەی هەموو تاکێک مسۆگەر بکات.
با ساڵیادی لەدایک بوونی پێغەمبەر بکەینە ساتێک بۆ نوێکردنەوەی ئیمان و ئیرادەمان، بۆ بەرزکردنەوەی رەوشت و ڕەفتارەکانمان و بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کە بە ڕووناکی محمد (صلى الله عليه وسلم) ڕۆشنبکرێتەوە، کە ڕێگاکانی هیدایەت بۆ جیهان ڕۆشن کرد.
پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەین بەبۆنەی لەدایک بوونی رێبەری ڕووناکی و ڕێنوێنمان محمد صلى الله عليه وسلم . ئێوە و گەلەکەمان و ئۆمەتی ئیسلامی هەموو ساڵێک لە خۆشی و ئارامیدا بن.
ئارامی و بەزەیی خوای گەورەتان لەسەر بێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی بەشێک لە تۆمەتبارەکانی روداوی تەقەکردن لە رۆژنامەنوس هێمن مامەندی راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، "شەوی ٢٠٢٥/٩/٢ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ( هێمن مامەند ) لەگەرەکی عەقاری شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کەسی ماتۆڕ سوار کە دانیشتووی هەولێر-بنەسڵاوەن، بەناوەکانی ( ش،ر،م،س ) و ( س،ه،ر،م ) درایە بەر دەستڕێژی گولە و بە دوو فیشەک بریندارکرا".
ئاماژەی بەوەشدراوە، "لەسەر ئەم روداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە بڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی ( ٣١/٤٠٦ )لەیاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی روداوی تەقەکردنەکە دەرچووە و بەپێی بەڵگەکان، ئەندامانی تیمەکەیان دەستگیرکراون و دوو تۆمەتباری دیکە لەئەنجامدەرانی تاوانەکە بەرەو پارێزگای هەولێر هەڵاتوون".
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، "لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کۆی پیلانەکەیان بەرنامە دارێژڕاوبووە بۆ تاوانێکی رێکخراو، مەبەستیان تیرۆرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووس ( هێمن مامەند ) بووە، هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێم لەداهاتوودا ووردەکاری پیلانەکە و زانیاری لەسەر بکەرانی ئەم هەوڵی تیرۆرکردنە بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو".

دابەشكردنی موچەی خانەنشینانی عیراق دواكەوت، وەزارەتی داراییش دەڵێت، كێشەكە تەكنیكییەو پەیوەندی بە نەبوونی پارەی كاشەوە نییە.
بەیانی ئەمڕۆ دەستەی خانەشینانی عیراق بڵاویكردەوە، ماوەی چوار رۆژە دابەشكردنی موچەی خانەنشینان بۆ مانگی 9 دواكەوتووەو كێشەكەش تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیا عیراقییەكان هۆكارەكەیان بۆ كەمی و نەبوونی پارەی كاشەوە گەڕاندووەتەوە.
لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، دواكەوتن و خەرجنەكردنی موچەی خانەنشینان لەم مانگەدا، پەیوەندی بە هۆكاری تەكنیكی پەیوەست بە سیستمی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی بانكییەوە هەیەو پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەییەوە نییە.
وەزارەت دوپاتی کردووەتەوە کە بڕە پارەی پێویست لە هەژمارەکانی گەنجینەی حکومەتدا بەردەستە و ئەوەی رویداوە، دواکەوتنێکی کارگێڕییە و پەیوەستە بە پرۆسەکانی گواستنەوەی نێوان بانکەکان و سیستەمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی کاتی، لە دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا.
هەروەها وەزارەت پابەندبوونی تەواوی خۆی نیشان داوە بە دابەشکردنی موچە لە کاتی خۆیدا لە مانگەکانی داهاتودا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئوسترالیا کەم کردەوە و رایگەیاند کە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران دەرکراوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "هەنگاوی حکومەتی ئوسترالیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بێ پاساوە. ئێمە پێشوازی لەم کارە ناکەین، چونکە پێمان وایە هیچ پاساو و هۆکارێک بۆ ئەمە نەبووە و بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات."
ناوبراو وتیشی: "بەپێی نەریت و یاساکانی دیپلۆماسی و وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکەی ئوسترالیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئوسترالیای لە ئێران کەم کردووەتەوە. باڵیۆزی ئوسترالیاش ئێران-ی جێهێشتووە."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئوسترالیا رۆژی سێشەممە، بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی راگەیاند و سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، دوای ئەوەی تاران-ی بە ئەنجامدانی دوو هێرشی دژە جوولەکە لە وڵاتەکەدا تۆمەتبار کرد.
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم جارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئوسترالیا باڵیۆزێکی بیانی دەربکات.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پابەندنەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە بەڵێنەکانی بۆ دانانی چەک و تێکەڵبوون بە دەوڵەتی سوریا، مەترسییەکی جددی لەسەر یەکپارچەیی سوریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست دەکات.
لە کۆتایی مانگی رابردووشدا، زەکی ئاکتورک، راوێژکاری رۆژنامەوانی و پەیوەندییە گشتییەکان و وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا، رایگەیاندبوو کە ئەنقەرە پشتگیری لە هەموو ئەو رێوشوێنانە دەکات کە حکومەتی سوریا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی خۆی دەیانگرێتەبەر.
وەزارەتی بەرگری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە هەسەدە پابەند بێت بە تێکەڵبوون بە سوپای سوریادا و دەستبەرداری هەر کارێک یان وتارێک بێت کە زیان بە یەکپارچەیی وڵات بگەیەنێت."
هەروەها وەزارەتی بەرگری تورکیا دوپاتی کردەوە کە "لە کاتی پێویستدا، هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێویست پێشکەش بە سوریا دەکات، چ بۆ بەشداریکردن لە سەقامگیرکردنی یان بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی تورکیا."
لەدوای پەیامێكی سەرۆكی ئەمریكا، بزوتنەوەی حەماس ئامادەیی بۆ رێككەوتنێكی هەمەلایەنە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەی غەززە راگەیاند.
بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێكدا ئامادەیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمەلایەنە دەربڕی كە بەپێی ئەو رێكەوتنە دەبێت بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد بكرێن، لە بەرامبەردا ژمارەیەك لە زیندانیكراوی فەلەستینی ئازاد دەكرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنێك بێت بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ لە كەرتی غەززە.
بزوتنەوەی حەماس دووپاتیشیانكردۆتەوە، ئامادەن بۆ پێكهێنانی ئیدارەیەكی نیشتمانی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی كەرتی غەززە، هەروەها ئامادەن لێپرسراوێتی ئەو كەرتە لە هەموو روویەكەوە بگرنە ئەستۆ.
ئەمە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا داوای لە حەماس كرد دەستبەجێ سەرجەم بارمتەكانی ئیسرائیل كە نزیكەی 20 بارمتە دەبن ئازاد بكات، جەختیشیكردەوە، هەركاتێك حەماس ئەو كارەی كرد ئەوا رەوشەكە زۆر بەخێرایی دەگۆرێت.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە ژیان لەسەر رێگەیەکی قەرەباڵغ بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، تەنانەت ئەگەر ئاستی پیسبوونیش تیایدا نزم بێت.
ئەم دۆزینەوەیە جەخت لەسەر کاریگەریی ژاوەژاوی هاتووچۆ دەکاتەوە وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم مەترسییە تەندروستییە.
توێژەران ئامۆژگاری دانیشتووان دەکەن کە پەنجەرەکان دابخەن یان بچنە ژوورێکی هێمنترەوە بۆ خەو، بۆ ئەوەی لە ژاوەژاوی هاتووچۆ دوور بکەونەوە، چونکە ئەم ژاوەژاوە دەتوانێت فشار دروست بکات و خەو تێک بدات.
لێکۆڵینەوەکە شیکاریی بۆ داتاکانی ژاوەژاوی هاتووچۆ و پیسبوونی دەوروبەری ماڵی 26,723 هاووڵاتی دانیمارکی کردووە کە تەمەنیان لە نێوان 65 بۆ 74 ساڵدایە، و ماوەی چوار دەیە درێژەی کێشاوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە زیادبوونی ژاوەژاوی هاتووچۆ بە بڕی14.9 دیسیبڵ – کە جیاوازی نێوان کۆڵانێکی هێمن و شەقامێکی سەرەکییە – مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی 12.4% زیاد دەکات.
بە گشتی، ئەو ماڵانەی نزیکن لە رێگە سەرەکییەکان یان هێڵی شەمەندەفەر یان رێڕەوی فڕین زیاتر ژاوەژاویان هەیە. بەڵام، پەیوەندییەکی بەرچاو لەنێوان مەترسیی جەڵتەی مێشک و بەرکەوتنی درێژخایەن بە ماددە پیسکەرەکان وەک تەنۆلکە بچووکەکان، دوانەئۆکسیدی نایترۆجین، یان دوانەئۆکسیدی گۆگرد، نەدۆزراوەتەوە.
دکتۆر ستێفان ماینتز، نووسەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکە لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆدنسێ لە دانیمارک، رایگەیاند: "ژاوەژاوی هاتووچۆ هۆکارێکی مەترسیداری ژینگەییە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، و بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسییەوە هەیە تەنانەت لە ئاستە نزمەکانی پیسبوونی هەوادا."
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەم ئەنجامانە وەک بەشێک لە رێنمایی تەندروستیی گشتیی، بۆ کەمکردنەوەی باری جەڵتەی مێشک جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ژاوەژاوی هاتووچۆ دەکەنەوە. ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی بە ژاوەژاوە کورتخایەنەکانەوە نییە – بەڵکو ژاوەژاوی درێژخایەنی شەو و رۆژە کە خەو تێک دەدات و رێڕەوەکانی فشاری دەروونی چالاک دەکات."
دکتۆر ماینتز، لە کاتی وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە مەدرید، ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کرد کە لەسەر شەقامە قەرەباڵغەکان دەژین، هەوڵ بدەن کە ژووری خەوەکەیان هێمنتر بێت و دووربێت لە ژاوەژاو و دەڵێت؛ پەنجەرە و دەرگاکان دابخەن، و پەنجەرەی ژوورەکەتان وا لێبکەن زیاتر رێگری لە دەنگە دەنگ بکات.
هەروەها پێشنیاری کرد کە دەسەڵاتداران خێرایی شەوانە و هاتوچۆی ناپێویست کەم بکەنەوە و بارهەڵگرەکان بەگشتی لە شەقامەکان دووربخەنەوە.
یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) یەکەمین هەنگاوەکانی پڕۆسەی فرۆشتنی بلیتەکانی جامی جیهانی 2026ی ئاشکرا کرد، کە پشت بە سیستەمێکی نرخدانانی داینامیکی دەبەستێت و بە پێی خواستی کڕیار گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
لە ئێستادا، نرخی بلیتەکانی یارییە تاکەکەسییەکان لە 60 دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان دەستپێدەکات و دەگاتە 6710 دۆلاری ئەمریکی بۆ دابینکردنی شوێنێک لە یاریی کۆتاییدا. پێشبینی دەکرێت ئەم نرخە لە مانگەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
هاندەران کە خاوەنی کارتی ڤیزا بن و ناویان تۆمار کردبێت بۆ بەدەستهێنانی کارتی ناساندنی فیفا (FIFA ID)، کە بە ئاسانی لە رێگەی وێبسایتی فیفاوە بەدەست دەهێنرێت، دەتوانن لە نێوان 10 بۆ 19ی ئەیلولدا بەشداری لە تیروپشکی فرۆشتنی پێشوەختەدا بکەن. ئەو کەسانەی لە رێگەی ئەم تیروپشکەوە هەڵدەبژێردرێن، لە 29ی ئەیلولدا ئاگادارییان پێدەگات و لە 1ی تشرینی یەکەمەوە دەتوانن بلیت بکڕن.
هەروەها بڕیاردراوە کە زۆرترین رێژەی فرۆشتن بریتی بێت لە چوار بلیت بۆ هەر کەسێک بۆ هەر یارییەک، لەگەڵ رێگریکردن لە کڕینی زیاتر لە 40بلیت بۆ هەر کەسێک لە ماوەی تەواوی پاڵەوانێتییەکەدا.
جامی جیهانی 2026 لە نێوان 11ی حوزەیران و 19ی تەممووزی 2026 بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا 13 هەڵبژاردە مافی بەشداریکردنیان لەم پاڵەوانێتییەدا بەدەست هێناوە، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت. لە دیارترین ئەو هەڵبژاردانەی سەرکەوتوون، ئەرجەنتین کە هەڵگری نازناوە و هەڵبژاردەی بەڕازیلن. هەروەها بڕیارە وڵاتانی میواندار هەموو سێ یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکانیان لەسەر خاکی خۆیان ئەنجام بدەن.
پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەمی فرۆشتنی بلیت لە نێوان 27 بۆ 31ی تشرینی یەکەمدا دەستپێبکات، و بلیتەکان لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمەوە تا سەرەتای کانوونی یەکەم بەردەست دەبن بۆ کڕین. قۆناغی سێیەمیش دوای ئەنجامدانی تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە و دیاریکردنی خشتەی یارییەکانی قۆناغی یەکەم لە 5ی کانوونی یەکەمی داهاتوودا دەستپێدەکات. ئەو کاتە هاندەران دەرفەتێکی دیکەیان دەبێت بۆ کڕینی بلیتە ماوەکان بەپێی پێشینەی حجزکردن، بە نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە، شەقامی مەلیک مەحمود لەبەردەم مزگەوتی نائیلە خانەوە بەرەو گوندی ئەڵمانی، تاوەکو ژێر پردی دەباشان و نزیک نەخۆشخانەی شار، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دادەخرێت.
بەپێی راگەیەندراوی شارەوانیی سلێمانی، ئەم شەقامە لە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی 4ـی ئەیلولی 2025، کاتژمێر حەوتـی ئێوارە، بەربەست دەکرێت و پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
شارەوانیی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات، شەقامی تەنیشتی وەک جێگرەوەی هاتووچۆ بەکاربهێنن و پابەندی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بن و هاوکاریی تیمەکانیان بن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە بزووتنەوەی حەماس کرد کە دەستبەجێ هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات، جەختی لەوە کردەوە کە بە ئازادکردنیان، دۆخەکە بە خێرایی دەگۆڕێت و جەنگ کۆتایی دێت.
ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی (Truth Social) نووسیبووی: "بە حەماس بڵێن کە دەستبەجێ هەموو بیست بارمتەکە رادەست بکات (نەک دوو یان پێنج یان حەوت!)، ئەوا دۆخەکە بە خێرایی دەگۆڕێت. (جەنگەکە) کۆتایی دێت!"
شایەنی باسە، لە مانگی ئاداری 2025دا، ترەمپ "هۆشدارییەکی بەپەلەی" دابوو، کە تێیدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکانی کردبوو.
سولی گەیت ئەجەنسی، لە دووەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی لە پارکی هەواری شار رێکدەخات، کە بڕیارە لە بەرواری 4ی ئەیلوول دەستپێبکات و بۆ ماوەی 8 رۆژ بەردەوام بێت.
ئەم فێستیڤاڵە وەک دەروازەیەک بۆ براندە ناوخۆیی و بیانییەکان خزمەت دەکات بۆ ناساندن و نمایشکردنی کاڵا و بەرهەمەکانیان بە هاووڵاتییان.
لە فێستیڤاڵەکەدا، زیاتر لە 90 براند و کۆمپانیای هەمەجۆر بەشدارن، کە بوارەکانی خواردنگە و کافێ، کلینیکی پزیشکی، دەرمانخانە، نووسینگەی خانووبەرە، کاری دەستی و چەندین بواری دیکە دەگرێتەوە. هەروەها چەندان براندی ناوازە لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانیش بەشدارییان لەم فێستیڤاڵەدا کردووە.
تایبەتمەندییەکی دیکەی فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی ئەوەیە کە زۆربەی براندە بەشداربووەکان داشکاندنی تایبەتیان لەسەر کاڵاکانیان داناوە یان خەڵات و دیاریی تایبەت پێشکەش بە بەشداربووان و سەردانکەران دەکەن.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ کە گفتوگۆکانی ئاژانسەکەی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لەو شوێنانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردومانیان کردوون، نابێت لەوە زیاتر درێژە بکێشێت.
گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ زانیارییەکی لە ئێرانەوە دەستنەکەوتووە لەبارەی دۆخ و شوێنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، لەو کاتەوەی ئیسرائیل یەکەم هێرشەکانی لە 13ی حوزەیراندا بۆ سەر شوێنەکانی پیتاندن دەستپێکردووە."
ئێران کراوەیە بۆ دانوستان، بەڵام بە مەرجەوە:
لەلایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوێنێ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە ئێران کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر سنوردارکردنێکی بۆ پڕۆگرامە مووشەکییەکەی رەتکردەوە.
لاریجانی لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیبووی: "رێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کراوەیە، بەڵام ئەمریکییەکان تەنها باسی گفتوگۆ دەکەن و نایەنە سەر مێزی دانوستان، بە هەڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران دانوستان ناکات." وتیشی: "ئەوان شتگەلێک دەوروژێنن کە دەزانن ناتوانرێت بەدەست بهێندرێن، وەک سنوردارکردنی موشەکەکان، نموونەیەک پێشکەش دەکەن کە بە کردەیی دەبێتە هۆی داخستنی ڕێگەی دانوستان."
ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێت لە چالاککردنی ئەو میکانیزمەی کە بە "میکانیزمی لێدان" (Trigger Mechanism) ناسراوە لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپی (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، کە رێگە بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا دەدات، بەپێی رێککەوتنی 2015ی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران (پلانی گشتگیری کاری هاوبەش). شایەنی باسە، دەرفەتی دوبارە چالاککردنەوەی سزاکان لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر کۆتایی دێت. ئەمریکاش پێشوازی لەم هەنگاوە کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران.
هۆکاری وەستانی دانوستانەکان
دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی حوزەیران/یۆنیۆدا وەستان، ئەمەش دوای هێرشە ئیسرائیلییەکەی سەر ئێران کە تیایدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشدار بوو.
واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندەوە، ئەمەش لە سەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بوو. لەو کاتەوە، تاران پاشگەز بووەتەوە لە هەندێک لە پابەندبوونەکانی، بەتایبەتی لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە.
وڵاتانی ڕۆژاوا گومان دەکەن کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە، بەڵام تاران ئەمە ڕەت دەکاتەوە و بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی شارستانی.