هەواڵەکانهەواڵەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا روداوەکانی سلێمانی، پرسی نەوت و داهات و دواکەوتنی موچە تاوتوێ کران.

لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر وردەكاری روداوەكەی لالەزارو ئاماژە بەوەشدرا کە "هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەیەکی گەورە دروستبکرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوار کاتی جیاوازدا."

هەر لەسەر روداوەکەی لالەزار، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "ئەوەی کرا پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش رێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە
."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس ، سەرۆک وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێن .

لەم رووەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەوردی باسی رووداوەکانی لالەزاری کرد، کە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 2025 ڕوویاندا، ئاماژەی بەوەشدا؛ هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروستبکرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوار کاتی جیاوازدا، گوتیشی هەر بۆیە ئەوەی کە کرا پووچەڵکردنەوە ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلا کردنەوە ئەو بابەتە.

دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ بەغدا:

دواتر، رێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، بەتایبەتی دەربارەی دۆسیەی پۆلێنکردن و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، و دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لێکگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.

هەریەک لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، خستەڕوو.

ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەفدی دانوستانکار و نیگەرانی لە دواکەوتنی موچە:

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی دانوستانکاری هەرێم کە "دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە بۆ داکۆکیی لە مافی موچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێم،" لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەفدی دانوستانکاری راسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجام بدرێت، "بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ." بەتایبەتی کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان ئیمزا کردووە.

ئەوەشی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، "بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان،" و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم
.

سەبارەت بە بابەتی هاوبەشیپێکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی ئەم بابەتە بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی و یاسای بودجەی عیراقی فیدراڵ رێکخراوە کە دادگای فیدراڵیش جەختی لێ کردووەتەوە.

داواشی کرد لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە، بابەتی داهاتی نانەوتیش چارەسەر بکرێت هەروەک لە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشدا جەختی لەسەرکراوەتەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، تاوەکوو "چیتر ئەم دوو بابەتە وەک پاساو و بیانوو بۆ خەرجنەکردنی موچە و شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنرێت.

" ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی کە "بەداخەوە ئێستا لە مانگی ئەیلوولین، کەچی تازە موچەخۆران موچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ دەنێردرێت کە پێویست بوو موچە و شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت هەروەک بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش جەختی لێ کردووەتەوە
."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پیت هیگسیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمێکی ڤەنزوێلی کە "پڕ بوو لە ماددەی هۆشبەر" لە دوێنێدا، رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها لەم هێرشەدا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بەم هێرشە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستە کردووە و هۆشداری داوە کە "روبەروبوونەوەمان لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، تەنها بە بۆمببارانەکەی دوێنێ کۆتایی نایەت.. ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو تەنها سەرەتایە.

" هیگسیس ئاماژەی بەوەش کرد کە مادۆرۆ لەبەردەم هەڵبژاردەی گرنگدایە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدات، و وتیشی: "ئەم گەشەسەندنە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە دینامیکییەتەکانی دەوروبەری ڤەنزوێلا."

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رەتیکردەوە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە ئاشکرا بکات، کە بووە هۆی کوژرانی 11 چەکداری رێکخراوی "ترین دی ئاراگوا" کە وەک تێرۆریست پۆلێن کراوە.

شایەنی باسە، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا سوێندی خوارد کە گرووپی "ترین دی ئاراگوا" لەناوبەرێت، کە بە مەترسیدارییەکی زۆر ناسراوە و چالاکییەکانی بریتین لە بێزارکردن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ماددە هۆشبەرەکان، رفاندن و تاوانەکانی کوشتن. هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی بە دەیان ملیۆن دۆلار تەرخان کردووە بۆ ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئەو گرووپە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەمریکا، ئەم گرووپە نزیکەی 5000 چەکدار لەخۆدەگرێت، کە لە ئەمریکای لاتین بڵاوبوونەتەوە و بە رێگەی نایاسایی لە رێگەی ڤەنزوێلاوە گەیشتوونەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ڤەنزوێلاش "ترین دی ئاراگوا" بە بەهێزترین گرووپی چەتە لە وڵاتەکەیدا پۆلێن دەکات، تا رادەیەک کە هەندێک لە پۆلیسەکانی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا هەڵدێن لە ترسی دەسەڵات و هێزی ئەو گرووپە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێكی باڵای پەیەدە رایگەیاند دیمەشق لە ژێر فشاری توركیا دەیەوێت لە رێككەوتنی 10 ئادار لەگەڵ هەسەدە بكشێتەوە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكی میدیایدا رایگەیاند، حكومەتی كاتی دیمەشق بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع دەیەوێت لە رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری ئەمساڵ كە لەگەڵ باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە ئیمزا كراوە بكشێتەوە و ئەوەش لە ژێر فشاری راستەوخۆی توركیایە.

ساڵح موسلیم ئاشكرای كردوە، دەسەڵاتی دیمەشق دانوستانەكانی پاریس كە بڕیاربو لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شەرع بەڕێوەبچێت بە ئەنقەست هەڵوەشاندوەتەوە و ئەوەش ئاماژەی رونە كە ئامادە نین پابەندنی رێككەوتنەكە بن و بەوەش هەوڵی پاشەكشێ بە كورد دەدەن.
بە وتەی ئەو لێپرسراوەی رۆژئاوای كوردستان هەوڵەكانی دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق دژی پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا دەریدەخات كە درێژەپێدەری سیاسەتەكانی رژێمی پێشوی سوریایە و ئامادە نییە رەچاوی مافەكانی كورد و پێكهاتەكانی تری سوریا بكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە مێژوودا ئاستی پێوانەیی تۆماردەکات.

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی یەک ئۆنسە سێ هەزار 532 دۆلاری تێپەڕاند.

هاوکات نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22 بە 743 هەزار دینارە و مسقاڵێکی عەیارە 21ـیش بەرانبەرە بە 709 هەزار دینارە.

هەروەها مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18 بە 608 هەزار دینارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە بەگشتی ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم و لە ناوچەکانی باشووری هەرێم تۆزەکە زیاتر دەبێت .

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، سبەینێ پلەکانی گەرما تا دوو پلەی دیکە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ زیاتر دادەبەزن.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو:

هەولێر : 40 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 39 پلەی سیلیزی

دهۆک : 39 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 40 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 39 پلەی سیلیزی

سۆران : 40 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 28 پلەی سیلیزی

گەرمیان 42 پلەی سیلیزی

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریكا هێرشی كردە سەر بەلەمێكی وڵاتی ڤەنزوێلا و دۆناڵد ترەمپ پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی سەرۆكی ڤەنزوێلا دەكات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی ئەمریكا لە دەریای كاریبی هێرشیان كردە سەر بەلەمێكی پڕ لە ماددەی هۆشبەر, كە لە ڤەنزوێلاوە بە ئاڕاستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە دەهات و لە ئەنجامی هێرشەكە 11 كەس گیانیان لەدەستدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە رووداوەكە كرد و ئەو 11 كەسەی بە تیرۆریستی ماددەی هۆشبەر ناوبرد.

 لای خۆشییەوە ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتین ترەمپ سورە لەسەر بەكارهێنانی هێز بۆ لەناوبردنی باندی قاچاغچێتی ماددەی هۆشبەر.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: هەرێم و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکودا رێککەوتن، کە ئەم سیستمە ئاسانکاری بۆ بازرگانانی هەرێم دەکات.

رەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە نێوان هەرێم و بەغداد بەرێوەچوو، کەتێیدا بریاردرا سیستمی ئەسیکودا لە نێوان هەردوولا کارابکرێت و بەمەش كومپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كومپانياكانى ناوەراست و خوارووى عيراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خويان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەرێكەوتنەكەدا برياردراوە  بە بەكارهێنانى ژمارەى بازرگانى كومپانياكان ( UEN ) كەپێكهاتووە لە چواردە ژمارەى بى هاوتا بكرێتە بنەمايەك بۆ وەرگرتن و بەشدارى كردن لە سيستمى ( الاسيكودا )، بۆ لەمەودوا كومپانياكانى هەرێمى كوردستان پێویستیان بە ناسنامەى باج ( هويەى ضريبى ) نابێت.

رەوەز ئەحمەد شا راشیگەیاندووە، لەگەڵ چارەسەركردنى ئەم كێشەيەى ماوەى رابردوو كۆمپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كومپانياكانى ناوەڕاست و خوارووى عيراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خويان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئومێدەواریشە، بڕيارەكە وەك خۆى جێبەجێ بكرێت و ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێت .

هاوکات لە کۆبووەنەوەکەدا نوێنەرى وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتى گومرگ و بەڕێوەبەری کونترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاكانيان و سامى سودانی راوێژكارى سەرۆك وەزيرانى حكومەتى فيدراڵ ئامادەیبوون.

سیستمی ئەسیکودا ( ASYCUDA System ) کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان، ئەم جۆرە سیستمە لە زۆرێک لە وڵاتان بەشێوەی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی،هەروەها  سیستمی ئەسیکودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدواداچوون و شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە تایبەت ئەگەر زیادبوون هەبێت، ئاسانکاریش دەکات لە ئۆتۆماتیکیکردنی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری لە خاڵە گومرگییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە، بەڵام بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە دروستبوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەریەک لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.

هاوکات لەمیانی دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە جەختی کردەوە، کە سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە، بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە یاساشکێنی و دروستبوونی گروپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، سوورن لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و لە هەمانکاتیشدا مافی یاسایی هەموو تۆمەتبارێک پارێزراو دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەکاتی مەشقی سەربازی لە بارەگای هێزەکانی 70 خوێندکارێکی کۆلێژی سەربازی گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

لیوا ئەحمەد لەتیف ووتەبێژی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە تایبەت بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێو بارەگای فەرماندەیی هيزەکانی 70 لەکاتی مەشق و راهێنانی سەربازی گوللـە ئار پی جیەک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە خوێندکارێکی سەربە کۆلێژی سەربازی قەلاچوالان گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ خوێندکاری دیکەی کۆلێژەکە بەهۆی تەقینەوەی گولە ئارپیجیەکەوە برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 نوێ دەکرێتەوە....

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لەسەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە عەرەبی و بیانییە باوەڕپێکراوەکان لە عێراق کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی باڵیۆزانی میوانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو سەقامگیرییەی عیراق لە ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووریدا بەدیهاتوە، یارمەتیدەر بوو لەئاراستەکردنی هەوڵەکان بەرەو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، هەروەها دەستەبەرکردنی ئاسانکاری و پاڵپشتی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا.

سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها سەرۆکایەتی کۆماریش لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و بەڕێزیان روونی کردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار ، لە چالاکییەکانیدا هانی بەشداری فراوانی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەدات و ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق شانازی بەو ئەزموونە دیموکراسییە دەکات کە لە ساڵی 2003ەوە گەلەکەمان پیادەی دەکات لە پرۆسەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا، هاوکات سەرۆک کۆمار باسی لە رۆڵی سەرۆکایەتی کرد لە ئازادکردنی زیاتر لە (23) هەزار دەستگیرکراو کە سزاکانیان تەواو بووە، هەروەها بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئەو لیژنانەی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی.

سەرۆک کۆمار، جەختی لە پابەندبوونی عیراق کردەوە لە بنیاتنانی پەیوەندیی ئەرێنی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و سەروەری نیشتمانی بپارێزێت و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی باڵیۆزەکان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان عیراق و وڵاتەکانیان دەربڕی کە هاوکاربوون لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە دیدارەکەدا، کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی جێی بایەخی هاوبەش و دیارترینیان پرسی فەڵەستین تاوتوێ کران، سەرۆک کۆمار پشتیوانیی پتەوی عیراقی بۆ گەلی فەلەستین و رەتکردنەوەی تەواوی دەستدرێژی دژیان دووپاتکردەوە  و جەختیشی لە پێویستی هەڵوێستێکی پتەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە کە کۆتایی بە هەموو پێشێلکارییەکان بەرامبەر فەلەستینییەکان بهێنێت و مافی تەواویان دەستەبەربکرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.

 لە بەرانبەردا، سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە عەرەبی و بیانییەکان ستایشی ئەم جۆرە دیدارە گرنگانەیان کرد، لە رونکردنەوەی دیدگای عیراق لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ عیراق خواست لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عیراق، هەروەها باڵوێزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار لە پابەندبوونی بە پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری هاوبەش دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت ئەمریكا شكستیهێناوە لە رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران.

محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرباری هەموو هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ راگرتنی فرۆشتنی نەوتی ئێران و پەكخستنی بازرگانی دەرەكی ئێران، بەڵام شكستهێناوە و بە دڵنیاییەوە فشار و بڕیارە نێودەوڵەتییەكانیش ئابوری ئێران پەكناخەن.

وتیشی، بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سزای نوێ لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران لە خۆناگرێت، بەڵكو تەنها پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە هەیە و ئەوەش كاریگەری كەمتری لەسەر ئێران دەبێت بەراورد بە سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاسوار عەبدولواحید، لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی 9ـی 2025، دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە 10 دۆسیەی دیکە ماوە سەبارەت بە شاسوار عەبدولواحید یەکلایی ببنەوە.

شەوی 12ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکرا.

دواتر لە رۆژانی 21 و 28ـی 8ـی ئەمساڵ دوو جار دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دواخرا، ئەمرۆش سێهەم دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا. 

پێشتریش حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکدا نییە و دادگا بێلایەنی خۆی لەدەست نادات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ یەكەمجار لە دوای 14 ساڵ، حكومەتی سوریا كاروانێكی نەوتی خاوی لە بەندەری تەرتوسەوە هەناردەی دەرەوە كرد. 

لێپرسراوێكی سوریا لە كەرتی وزە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو كاروانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی قورسی لەخۆگرتووە، كە لە بەندەری تەرتوسەوە هەناردە كراوە و كۆمپانیای "بی سێرڤ ئینێرجی" نەوتەكەی كڕیوە، ئەوەش یەكەم هەناردەی نەوتی سوریا لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا.

سوریا لە ساڵی 2010 رۆژانە 389 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، دوای روخانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەدیش، حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە بەڵێنیدا بە بوژاندنەوەی ئابوری سوریا و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، زۆرینەی كێڵگە نەوتییەكانی سوریاش دەكەونە باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، واتە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی كورد دایە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێكی باڵای هەرێم و وەفدی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم دەچنە بەغداد و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی نەوتی عیراق دەستپێدەكەن.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە رۆژی چوار شەممە وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان، سەردانی بەغداد بكەن و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ كۆببنەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەکرد، وەفدی تەكنیكی حكومەتی هەرێمیش پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی و ژوری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبنەوە و باس لە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەكەن لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

 

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە لە گوندێكی رۆژئاوای سودان زیاتر لە هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و تەنها یەك كەس رزگاری بوو.

سوپای سودان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە رۆژئاوای سودان، رۆچوونی زەوی رویداوە و لە ئەنجامدا گوندێكی سەر بە هەرێمی دارفۆر بە تەواوی لەناوچووە و بەهۆیەوە جگە لە یەك كەس، تەواوی دانیشتووانی گوندەكە كە زیاتر لە هەزار كەس بوون گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێشتا ناتوانن زانیاری ورد بڵاوبكەنەوە، بەڵام لە ئێستادا تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگا فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەكان بە هاوبەشی سوپای سودان سەرقاڵی دەرهێنانەوەی تەرمی خەڵكی گوندەكەن لەژێر داروپەردووی خانووە روخاوەكاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ سێشەممە موچەی مانگی شەشی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت، هاوکات رۆژی چوارشەممەش مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا موچەکانیان وەردەگرن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ لەگەڵ دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە، موچەی مانگی شەشی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی چوارشەممەش لەگەڵ دابەشکردنی موچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، موچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەمویلی موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجدەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...274275276277278...1077