لە کاتێکدا زۆرێک لە دامەزراوە میدیاییەکان لەسەر ئاستی جیهان روو لە بەکارهێنانی زیاتری تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) دەکەن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی بەرهەم، چەندین گۆڤار و ماڵپەڕی گەورە رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە.
هۆکاری ئەم رەخنانەش بڵاوکردنەوەی وتار و بابەتی ساختەیە کە بە تەواوی لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراون، بەبێ ئەوەی لەلایەن سەرنووسەرەکانەوە بە وردی پشکنینیان بۆ کرابێت.
یەکێک لەو گۆڤارانەی تووشی ئەم کێشەیە بووە، گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر"ە، کە خاوەندارێتی کۆمپانیای گەورەی "ئەکسێل سپرینگەر" دەکات. سێ مانگ دوای ئەوەی گۆڤارەکە پلانی کەمکردنەوەی نزیکەی سێیەکی کارمەندەکانی راگەیاند بە بیانووی "پشت بەستنی تەواو بە زیرەکی دەستکرد"، ناچار بوو ژمارەیەک وتار بسڕێتەوە کە دەرکەوت لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراون.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "پرێس گازێت"ی بەریتانی، دوو دامەزراوەی دیکەش، ئەوانیش گۆڤاری "وایرێد"ی تایبەت بە تەکنەلۆجیا و ماڵپەڕی رێکخراوی "ئیندێکس ئۆن سێنسەرشیپ" (پێنوێنی سانسۆر) کە چاودێری ئازادی رادەربڕین دەکات، ناچار بوون چەند بابەتێک بسڕنەوە کە بە ناوی "ماراگو بلانچارد"ەوە بڵاوکرابوونەوە.
ئەم وتارانە دوای ئەوە سڕانەوە کە ژمارەیەک ناڕاستی و هەڵەی زەقیان تێدا دۆزرایەوە، وەک دروستکردنی ناوی شار و کۆمپانیای خەیاڵی، کە پێش بڵاوکردنەوەیان لەلایەن سەرنووسەرەکانەوە نەدۆزرابوونەوە. رۆژنامەی "دیسپاتچ"ی بەریتانی، یەکەم لایەن بوو کە زەنگی مەترسی لێدا، دوای ئەوەی گومانی لە وتارێکی پێشنیارکراوی بلانچارد کرد سەبارەت بە شارۆچکەیەکی کانزایی خەیاڵی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، پاشان زانیارییەکانی نارد بۆ رۆژنامەی "پرێس گازێت".
گۆڤاری "وایرێد" وتارێکی بلانچاردی بڵاوکردبووەوە دەربارەی ئەو ژنا و پیاوە راستەقینانەی کە لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی وەک "ماین کرافت" و "رۆبلۆکس"ەوە هاوسەرگیری لەسەر ئینتەرنێت دەکەن. گۆڤارەکە لە مانگی ئابدا وتارێکی داوای لێبوردنی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووی: "چۆن گۆڤاری وایرێد فێڵی لێکرا لەلایەن نووسەرێکی سەربەخۆوە کە زیرەکی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ نووسینی تەواوی بابەتەکە... ئەگەر هەر لایەنێک بتوانێت فێڵ و ساختەکارییەکانی زیرەکی دەستکرد بدۆزێتەوە، ئەوا وایرێدە... بە داخەوە، یەکێک توانی ئێمە چەواشە بکات."
هەروەها گۆڤاری "بیزنس ئینسایدەر" لە مانگی نیسانی رابردوودا دوو وتاری بلانچاردی بڵاوکردبووەوە، نزیکەی مانگێک پێش ئەوەی کۆمپانیاکە رایبگەیەنێت کە %21ی کارمەندەکانی لە کار دەردەکات لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ "تەواو پشت بەستن بە زیرەکی دەستکرد". یەکێک لە وتارەکان بە ناوی "کارکردن لە دوورەوە باشترین شت بوو بۆ من وەک دایکێک، بەڵام خراپترین شت بوو بۆ من وەک کەسێک"، وتارەکەی دیکەش بە ناوی "لە تەمەنی چل و پێنج ساڵیدا بوومە خاوەنی یەکەم منداڵم. لە رووی داراییەوە جێگیر بووم و ساڵانێک ئەزموونی ژیان رێنماییم دەکات."
دوای ئەم روداوانە، ماڵپەڕی "بیزنس ئینسایدەر" هەردوو وتارەکەی سڕییەوە و لە جێگەیاندا پەیامێکی دانا کە تێیدا هاتبوو: "ئەم وتارە سڕایەوە چونکە لە ئاستی مەرجەکانی بیزنس ئینسایدەر دا نەبوو.".
ئەم هەواڵە بە پاشەکشەیەکی گەورە دادەنرێت بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە زۆرێک لە ژوورەکانی هەواڵدا دراون بۆ کەمکردنەوەی تێچوون و زیادکردنی بەرهەم بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد. دوو توێژینەوە کە لە مانگی ئازار و ئابدا ئەنجامدراون ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی نیوەی رۆژنامەنووسانی جیهان ئێستا پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستن لە بەرهەمهێنانی بابەتەکانیاندا.
زانا و پسپۆڕانی بواری بایۆلۆجی و خەو ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستکردن بە خەواڵوویی بەردەوام، تەنانەت لە کاتەکانی چالاکییەکانی رۆژانەشدا، دەکرێت نیشانەی تێکچوون بێت لە ریتمی بایۆلۆجی جەستەدا، کە بە خواردنەوەی قاوە چارەسەر ناکرێت.
ریتمی بایۆلۆجی و خەوی نیوەڕۆ:
ڤلادیمیر دۆرۆخۆڤ، زانای بایۆلۆجی، رونیدەکاتەوە کە مرۆڤ دوو ریتمی بایۆلۆجی هەیە – شەو و رۆژ – بۆیە هەندێک جار ئارەزووی خەوتن لە کاتی رۆژدا سروشتییە، و ئەم پشووە دەتوانێت سوودبەخش بێت تەنانەت ئەگەر کورت بێت.
بەپێی وتەی دۆرۆخۆڤ، خەوی نیوەڕۆی کورت لە کاتی رۆژدا بە سوود دادەنرێت، بەڵام بە مەرجێک زۆر درێژ نەبێت. ئەو دەڵێت: "خەوی نیوەڕۆ نابێت لە نیو کاتژمێر تێپەڕێت، چونکە ئەگەر نا، جەستە دەچێتە قۆناغی خەوێکی قووڵەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی خەوی ئاسایی شەوانە."
هەروەها دۆرۆخۆڤ ئاماژە بەوەشدەکات، کە باشتر وایە خەوی نیوەڕۆ پێش کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ بێت، چونکە خەوتن لە دوای ئەم کاتە خەوی شەوانە تێکدەدات، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی بێخەویان هەیە، و بەمانە ئامۆژگاری دەکرێت کە بە هیچ شێوەیەک لە کاتی رۆژدا نەخەون.
بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی خەوی شەوانەیان نییە، وەرگرتنی پشوویەکی کورت لە کاتی رۆژدا یارمەتی چالاککردنەوەی جەستە و زیادکردنی بەرهەمهێنان دەدات.
کات و ماوەی گونجاوی خەوی نیوەڕۆ:
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر داریا لیبیدێڤا، پسپۆڕی خەو و غوددەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە خەوی نیوەڕۆ نابێت لە 20 بۆ 30خولەک تێپەڕێت، چونکە ئەگەر درێژ بێتەوە، لەوانەیە کەسەکە بە ماندوێتی یان سەرئێشەوە لە خەو هەڵسێت. ئەویش پێشنیار دەکات کە خەوی نیوەڕۆ لە نێوان کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ تا سێی پاشنیوەڕۆ بێت.
لە پاش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند؛ "هەموومان لە ژێر دروشمی یەکڕیزی یەکێتییەکەمان پاڵپشت دەبین بۆ سەرخستنی ئەرکەکانت."
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی "شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:
بەڕێز کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
بە بۆنەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی بەڕێزتان بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانیی عەرەبی، پیرۆزباییەکی گەرمت ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕابردوودا بە ڕابەرایەتی هەڤاڵی خوالێخۆشبوو مام جەلال، ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، لە قۆناغی ئێستاشدا لەسەر هەمان ڕێبازی مام بەردەوامە لەسەر پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی گشتیی، لەپێناو فەراهەمکردنی ئاشتی و ئارامیی بۆ گەلانی جیهان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و کوردستان.
لە ئەمڕۆوە ئەرکی سەر شانی بەڕێزتان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا قورستر دەبێت، بەڵام هەموومان لە ژێر دروشمی یەکڕیزی یەکێتییەکەمان پاڵپشت دەبین بۆ سەرخستنی ئەرکەکانت، لەپێناو خزمەتکردنی گیانی پێکەوەیی و پاراستنی ئاشتیی و سەقامگیری بۆ جیهانی مرۆڤایەتی.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٨/٣٠
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئامادەیبوون، دۆخی ئەمنیی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆی لەسەر کرا. هەروەها جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکارییە هەواڵگرییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق کرایەوە، بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
سەرۆک بافڵ گرنگیی پەیوەندی سەرجەم دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانی دووپاتکردەوە و وتی، دابینکردنی ژیانێکی ئارام و دوور لە تیرۆر بۆ خەڵک کاری لەپێشینەیانە. هەروەها رایگەیاند بە کاری پێکەوەیی دەتوانن باشتر رووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکان ببنەوە و هیچ دەرفەتێکیش بۆ تیرۆریستان نەهێڵنەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیشی کردەوە کە هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، یاساشکێنی بکات و ژیان و سەقامگیریی خەڵک بخاتە مەترسییەوە، دەبێت یاسای بەسەردا بچەسپێنرێت و یاسا سەروەر بێت.
ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی، بەبۆنەی هەڵبژاردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد. لە پەیامەکەیدا، ئەدهەم بارزانی ئەم هەڵبژاردنەی بە دەستکەوتێکی مێژوویی ناوبرد بۆ گەلی کورد.
لە پەیامەکەیدا، ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی نووسیویەتی: "لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی لایەنگر و ئەندامانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەم، بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتان بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی."
ناوبراو جەختی لەسەر گرنگیی ئەم پۆستە کردەوە و رایگەیاند: "هەڵبژاردنی بەڕێزتان بۆ ئەو پۆستە گرنگە دەستکەوتێکی مێژووییە، بێجگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تەواوی نەتەوەی کورد." هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ بافڵ تاڵەبانی خواستووە لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەدهەم بارزانی دووپاتی کردەوە: "دووبارە پیرۆزبایتان لێ دەکەم و بێگومانم لەوەی لەم ئەرکە نوێیەدا رۆڵی گەورەتان دەبێت لە پێشخستنی پێگەی هەرێم و گەلی کوردستان لە عیراق و ناوچەکە."
سوپای ئیسرائیل ئەمشەو رایگەیاند، ئەندامێکی سەرەکی بزووتنەوەی حەماسی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا میدیا ئیسرائیلییەکان باس لە ئەگەری کوژرانی "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس دەکەن.
ئەڤیخای ئەدرەی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی، سوپا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر "ئەندامێکی سەرەکیی حەماس" لە ناوچەی شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە.
هاوکات، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو کەسەی لە هێرشەکەی غەززە کراوەتە ئامانج، "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی لیواکانی عیزەدین قەسامە، و ئاماژەیان بەوە کردووە کە "پێشبینییەکانی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنەکەی" هەیە. رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەگەر کوژرانی "ئەبو عوبەیدە" سەرکەوتوو بێت، ئەوا زۆر گرنگ دەبێت.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە، 35 فەڵەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە کوژراون، کە لانی کەم 20 کەسیان لە شاری غەززە بوون. سوپای ئیسرائیلیش قەبارەی گەیاندنی یارمەتییەکانی بۆ باکووری کەرتی غەززە کەمکردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ داگیرکردنی شاری غەززە.
لە پەراوێزی کۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات کە ئەم هەفتەیە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی باکووری کوردستان ئەنجامدا.
خانمی یەکەمی عیراق لە پەیامێکدا رایگەیاند: "خۆشحاڵبووم بەدیداری تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و سیاسەتمەدار و نووسەر جەنگیز چاندار."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەسەر هەڵوێستی مەبدەئی خۆیان کردەوە و وتی: "پابەندبوونی مەبدەئی خۆمان لەپشتیوانی خەباتی دادپەروەرانەی گەلەکەمان لە باکوور دووپات دەکەینەوە."
هەروەها، خانمی یەکەمی عیراق سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەو وەفدە دەربڕی سەبارەت بە "رێزلێنانە بە نرخەی لەجیاتی بزووتنەوەی ژنانی باکوور پێشکەشیان کردین."



مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەب، پەیامێکی ئاڕاستەی بافل جەلال تاڵەبانی کرد کە تیایدا هاتووە: هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی ئەم محفەلە نێودەوڵەتییەی خەباتی سۆشیال دیموکراتی بەڵگەیەکی تری لێوەشاوەیی سەرکردایەتیتانە.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
بەرێز هەڤاڵ سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی هەڵبژاردنت وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی، بەناوی هەڤاڵانت لە مەکتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتییەوە، گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەین.
هەڤاڵ سەرۆک بافڵ
هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی ئەم محفەلە نێودەوڵەتییەی خەباتی سۆشیال دیموکراتی بەڵگەیەکی تری لێوەشاوەیی سەرکردایەتیتانە لە خزمەتی تێکۆشانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلەکەمان لەپێناو ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین و لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال کە هەمیشە تەئکیدی لەسەر ئامادەیی دیبلۆماسی یەکێتیی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەکردەوە.
دڵنیاین ئەم ئەرکە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵتییە رۆڵی گەورەی دەبێت لە پێشخستنی پێگەی یەکێتیی و خەباتی گەلی کوردستان لە ئاستی عیراق و جیهان، بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی.
جارێکی تر پیرۆزە
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣٠-٨-٢٠٢٥
گرووپی حوسییەکان لە یەمەن، ئەمڕۆ شەممە، کوژرانی ئەحمەد غالب ئەلڕەهوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی باڵای سیاسیی سەر بە گرووپەکە و ژمارەیەک وەزیری دیکەیان راگەیاند.
بە وتەی حوسییەکان، ئەم رووداوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلیدا هاتووە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەرشەیەکی کاری حکومیی لە رۆژئاوای یەمەن کردووەتە ئامانج.
سەرۆکایەتیی کۆماری سەر بە حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کوژرانی موجاهید ئەحمەد غالب ئەلڕەهوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی گۆڕان و بنیاتنان، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ وەزیرەکانی رادەگەیەنین. دوژمنی ئیسرائیلی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە هاوڕێ وەزیرەکانی لە وەرشەیەکی کاری ئاساییدا کردە ئامانج بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکی و ئاستی کارەکانی حکومەت لە ماوەی ساڵێکدا."
راگەیەندراوەکە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەیەک لە وەزیرەکان برینداربوون، کە برینەکانیان مامناوەند و سەختن و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. حوسییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم زیانانە، دامودەزگا حکومییەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، و "خوێنی کوژراوەکانیان پاڵنەرێک دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەمان رێگا."
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، حوسییەکان دووپاتیان لە هەڵوێستی خۆیان کردەوە کە پشتگیری لە بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەززە دەکەن، و ئاماژەیان بەوەدا کە "بەردەوامن لە بنیاتنانی هێزە چەکدارەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و مەترسییەکان."
ئەم راگەیاندنەی حوسییەکان لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن، و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ناوخۆی یەمەن و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان دەبێت.
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەب، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئەمە دەستکەوێتێکی دیرۆکی یەکجار گرنگە بۆ گەلەکامان و هەرێمەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش.
دەقی پەیامەکەی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
هەڵبژاردنی سەرۆک بافڵ، دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ گەلەکەمان...
کوردستانییانی خۆشەویست، لە هەرکوێیک هەن، ڕۆژتان باش
لە چوار ڕۆژی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی جارێکی تر وەکو ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسی، باوەشی ئارامی خۆی کردەوە بۆ کۆنفڕانسی هاوپەیمانی پارتە سۆسیال دیموکراتەکان لە جیهانی عەرەبی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی پێشکەوتووخوازی جیهانی بە ئامادەبوونی دەیان سەرکردەی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفەریقا، باشووری ئاسیا و ئەمریکا و ئەمریکای لاتین، بە خانەخوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پرسە هەنووکەییە ئەمنی، دیمۆکراسی، دادپەروەری، و یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی لە پرسە هەرە لەپێشەکانی گفتوگۆکان بوون، هاوڕابووین لە وەی برسیکردن و جەنگ خزمەت بە هیچ لایەک ناکەن و تەنها چارەسەر بۆ پرسە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆ، تا بەئاشتی ئاڵەنگارییەکانی بەردەم گەلانی ناوچەکە تێبەپەڕینین.
ئەمڕۆ شەممە، لە دوایین ڕۆژی کۆنفرانس، هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەکو سەرۆکی هاوپەیمانیی پارتە سۆسیال دیموکراتەکان لە جیهانی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا هەڵبژێردرا، ئەمەش دەستکەوێتێکی دیرۆکی یەکجار گرنگە بۆ گەلەکامان و هەرێمەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش.
لێرەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی کادر و دەنگدەر و لایەنگرانی یەکێتیی و تەواو خەڵکی کوردستان دەکەین بە بۆنەی ئەو دەستکەوتە مێژووییە، و دڵنییان خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ دەبێت بۆ هەرێمەکەمان.
هەڵبژاردنی سەرۆك بافڵ، بە سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دەرفەتێکی دیكەیە بۆ پارتە سۆشیاڵ دیموکراتەکان لەرۆژهەڵاتی ناوەراست، کە چۆن چەسپاندنی یاسا و بوونی دامەزراوەکان ببنە سەرچاوەیەک بۆ فرە رەنگی سیاسی، لەهەمانکاتدا پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوریی و بوژانەوەی ئابوری و بوونی میدیای ئازاد، دەتوانن هاوتەریب بن بۆ ئایندەیەکی گەشتر بۆ ناوچەکەمان.
کوردستان ئاوەدان و ئێوەش هەر سەرفرازبن
كاروان گەزنەیی
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
لە پاش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند؛"هەڵبژاردنی سەرۆک بافڵ، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی، بۆ من دووجار جێگەی دڵخۆشی و شانازییە، یەکەم وەک برایەکی گەورە و دووهەم وەک سەرۆکی حیزبەکەم."
لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە گەیشتنی بافڵ تاڵەبانی بەم ئاستە بەرزە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، عیراق و ناوچەکە، سەرەرای هەموو ئاڵنگارییەکان، "دەرخەری توانا و حەکیمییەتیەتی لەئاست رووداوەکان و گرفت و کێشەکان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی نووسیوێتی "هیچ ئاستەنگییەک و پیلانگێڕییەک نابێتە بەربەست لەبەردەم سەرکەوتنەکانت، بەردەوام بە. دووبارە پیرۆزە و وەک هەمیشە لەپشتت دەبین تا دواهەناسە…"
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ فەرید زەهران، سکرتێری گشتیی سۆسیال دیموکراتی میسر کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، د. خەسرەو گوڵ و سەعدی پیرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان بە گرنگ زانی.
فەرید زەهران پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانیی عەرەبی. هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال کرد لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ د. فەلاح جبوور، سکرتێری گشتیی سۆسیال دیموکراتی ئوردن کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، د. خەسرەو گوڵ و سەعدی پیرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی مێژوویی هەرێمی کوردستان و ئوردن کردەوە.
د. فەلاح جبوور پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانیی عەرەبی. هەروەها خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی سلێمانی دەربڕی و ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەریی سەرۆک مام جەلال کرد لە بنیادنانی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.
وێنەکان:




سبەینێ دوا وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكە و لە دوای ئەو كاتەشەوە ئەوانەی پڕیان نەكردووەتەوە پارەیان لێوەردەگیرێت بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، تائێستا 37 ملیۆن هاووڵاتی عیراقی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردوەتەوە و سبەینێش وەك دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە و پێویستە ئەوانەی پڕیان نەكردوەتەوە پەلە بكەن، لە دوای ئەو كاتەوە ئەوانەی دەیانەوێت پڕی بكەنەوە بڕە پارەیەكیان لێوەردەگیرێت.
لە بارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق وتی، 85%ی هاووڵاتیان فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، بە جۆرێك لە هەڵەبجە 89%، لە هەولێر 87%، لە سلێمانی 86% و لە دهۆكیش 82%ی هاووڵاتیان فۆڕمی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە و بە گشتیش زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاووڵاتی ناویان لەو فۆڕمە ئەلیكترۆنییە تۆماركردووە، وتیشی، دوای وردبینیكردن دوو ملیۆن و 750 هەزار ناو نادیارن یان بە هۆكاری جیاواز راگیراون.
حاڵەتێکی دیکەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: توشبووەکە پیشەی گۆشتفرۆشە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانشتووی شاری سیمێلە وتەمەنی (43) ساڵانە، هاوکات پیشەی گۆشتفرۆشە و بەرکەوتەی ئاژەڵی توشبوو بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی داوا لە هاووڵاتیان دەکات رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکەن، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لەمساڵدا، نۆ حالەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە دوو حالەت لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانیان لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم رایدەگەیەنێت، کەسوکاری ئەو چەکدارانەی لە رووبەڕووبوونەوەکەی لالەزار دەستگیرکراون، هەفتەی داهاتوو دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا خانەوادەی ئەو کەسانە ئاگاداردەکاتەوە کە ئەندامی "هێزی دووپشک" بوون و لە رووبەڕووبوونەوەکەی 22ـی ئاب لە لالەزار دەستگیرکران، ئێستا لای ئاسایشی سلێمانی راگیراون.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاگادارکرانەوە، کە رۆژانی یەکشەممە و دووشەمەی داهاتوو کەسوکاری ئەو چەکدارانە دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن .