حاڵەتێکی دیکەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: توشبووەکە پیشەی گۆشتفرۆشە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانشتووی شاری سیمێلە وتەمەنی (43) ساڵانە، هاوکات پیشەی گۆشتفرۆشە و بەرکەوتەی ئاژەڵی توشبوو بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی داوا لە هاووڵاتیان دەکات رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکەن، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لەمساڵدا، نۆ حالەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە دوو حالەت لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانیان لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم رایدەگەیەنێت، کەسوکاری ئەو چەکدارانەی لە رووبەڕووبوونەوەکەی لالەزار دەستگیرکراون، هەفتەی داهاتوو دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا خانەوادەی ئەو کەسانە ئاگاداردەکاتەوە کە ئەندامی "هێزی دووپشک" بوون و لە رووبەڕووبوونەوەکەی 22ـی ئاب لە لالەزار دەستگیرکران، ئێستا لای ئاسایشی سلێمانی راگیراون.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاگادارکرانەوە، کە رۆژانی یەکشەممە و دووشەمەی داهاتوو کەسوکاری ئەو چەکدارانە دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن .
كرملن بە لەبەرچاوگرتنی مەرجێك، كۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆكی روسیا و ئۆكراین بەدوور نازانێت.
میدیاكانی روسیا بڵاویانكردووەتەوە، دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملن) پشتڕاستی كردووەتەوە، بەلای ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیاوە كارێكی سەخت نییە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی هاوتا ئۆكراینییەكەی كۆببێتەوە، بەو مەرجەی تیمە دانوستانكار و پسپۆڕەكانی هەردوولا ئامادەكاری و زەمینەسازیی تەواویان بۆ كۆبوونەوەكە كردبێت.
پیسكۆڤ ئاماژەی بەوەشكردووە، كاركردنی پسپۆڕان لەسەر ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پوتن و زیلینسكی بەرەوپێشچوونی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام روسیا تائێستاش چاوی لەوەیە و ئامادەیە گفتوگۆی لەو جۆرە بكات.
سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا پارێزبەندی تایبەتی كامالا هاریس هەڵبوەشێنێتەوە و چیتر لەلایەن دەزگای خزمەتی نهێنیەوە پاسەوانیی نەكرێت.
كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نامەیەكی ئاڕاستەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی كردووە، رێگەی پێداون لە یەكی ئەیلولەوە تەواوی ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی بۆ پاراستنی كامالا هاریس جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا گرتوویانەتەبەر، كۆتایی پێبهێنن.
بەپێی دەستوری ئەمریكا سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە دوای كۆتاییهاتنی كابینەكانیان، بەدرێژایی ژیانیان پارێزبەندی تایبەتیان بۆ دابین دەكرێت و لەلایەن دەزگای خزمەتی نهێنییەوە پاسەوانی دەكرێن.
سەرچاوەیەكیش بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، كامالا هاریس وەك جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بەپێی یاسای فیدراڵی دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكەی، شەش مانگ پارێزبەندی بۆ دابینكراوە كە دەبوو 21ـی تەممووز كۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانێكی نهێنی بایدن، پارێزبەندییەكەی بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژكراوەتەوە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق پێشبینی دەكات، ژمارەیەكی زیاتری كاندید لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دووربخرێنەوە.
حەسەن قەباس ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، كۆمیسیۆن تائێستاش سەرقاڵی وردبینیكردنە لە دۆسێی كاندیدەكان و هەوڵدەدات بە زووترین تەواو بكرێت كە ژمارەیان زۆرە و دەگاتە زیاتر لە حەوت هەزار و 700 كاندید، كە وردبینی لە دۆسێكانیاندا دەكرێت.
روونیشیكردەوە، بەپێی ئەو یاسایانەی بۆ كاندیدبوون دانراوە، پێشبنی دەكرێت لیستی تریش هەبێت بۆ دوورخستنەوەی چەندین كاندید كە تائێستا 627 كاندید بە هۆكاری جیاجیا دورخراونەتەوە.
هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

نێردەری ئەمریكا بۆ سوریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع هەموو هەوڵێكی بۆئەوەیە خۆشگوزەرانی بۆ سوریا بگەڕێنێتەوە.
تۆم باراك نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا ستایشی هەنگاو و پلانەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریای كرد و رایگەیاند، ئامانجەكانی شەرع لەگەڵ ئامانج و خواستەكانی ئیدارەی ئەمریكا هاوشێوەن، سەرۆكی سوریا هەوڵدەدات كێشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی چارەسەر بكات و لێكتێگەیشتن لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری بدیبهێنێت و سوریا بگەڕێنێتەوە بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی.
وتیشی، هیچ پلانێكی جێگرەوە بۆ سوریا لە ئارادا نییە و پێویستە ئەوەی دەوترێت جێبەجێ بكرێت، داواشیكرد وڵاتان پشتیوانی ئەحمەد شەرع بكەن بۆئەوەی بتوانێت پلانەكانی بكاتە راستی.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان سوریا و ئیسرائیلیش باراك رایگەیاند، ئەحمەد شەرع متمانەی زۆری بە ئیسرائیل نییە، نەك هەر سوریاش زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش لە دوای هەڵگیرساندنی شەڕی غەززە متمانەیان بە ئیسرائیل نەماوە، سەرەڕای ئەوەش دانوستانەكانی نێوان سوریا و ئیسرائیل تائێستا ئەرێنی بوون، بەڵام هێشتا دوورن لە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی بەپەلەدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بڕیاریداوە "بە تەواوی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت." هەروەها ئاشکرای کرد کە "ئاسمانی وڵاتیشی بەڕووی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا داخستووە."
ئەم بڕیارە کاردانەوەیەکی توندی تورکیایە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بە تایبەت لە غەززە، کە ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرژیی زۆری تێکەوتووە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە هەبێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاندووە، ئەمڕۆ لە چیای ئەزمڕی شاری سلێمانی، لە نزیک هەڕووتە، ئۆتۆمبێلێک لە بەرزاییەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و دواتریش فڕۆکەیەکی فریاگوزاری کە بۆ بەهاناوەچوونی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە چووەتە شوێنی رووداوەکە بەهۆی سەختی ناوچەکە و ئاستەنگ دروستبوون بۆ تیمی فڕۆکەوانییەکە، کۆنترۆڵی فڕۆکەکەیان لەدەستداوە و لە ئەنجامدا دوو کارمەندی تیمی فڕۆکەوانی بریندار بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە بریندارەکان سەرۆکی تیمی فڕۆکەوانی سلێمانییە.
تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی گەیشتوونەتە ناوچەکە و بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
نوێدەکرێتەوە...
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دەستی بە ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکان و قۆناغەکانی یەکەمی هێرشکردنە سەر شاری غەززە کردووە. سوپا ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا بە هێزێکی زۆرەوە لە دەوروبەری شارەکە کار دەکات.
ئەڤیخای ئەدرەی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند: "هێزەکانی سوپا بەردەوامن لە شەڕکردن لە کەرتی غەززە و گورزی بەهێز لە حەماس و رێکخراوەکان دەدەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگ."
وتەبێژەکەی سوپا ئاشکرای کرد: "دەستمان بە ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکان و قۆناغەکانی یەکەمی هێرشکردنە سەر شاری غەززە کردووە و لە ئێستادا بە هێزێکی زۆرەوە لە دەوروبەری شارەکە کار دەکەین."
ئەدرەی جەختی لەوەش کردەوە: "گورزەکانمان قووڵتر دەکەینەوە و دوودڵ نابین تاوەکو هەموو بارمتەکان نەگەڕێنینەوە و حەماس لە رووی سەربازی و دەسەڵاتدارییەوە هەڵنەوەشێنینەوە."
پێشتر لەمڕۆ هەینیدا، ئیسرائیل شاری غەززەی وەک ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدار راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ناوچەیە بەشێک نییە لە ئاگربەستی کاتی و ناوخۆیی بۆ چالاکییە سەربازییەکان.
لە راگەیەندراوەکەی سوپادا هاتووە: "بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و رێنماییەکانی ئاستی سیاسی، بڕیار درا کە لە ئەمڕۆوە (هەینی) کاتژمێر 10:00، ئاگربەستی کاتی شاری غەززە ناگرێتەوە و وەک ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدار حسابی بۆ دەکرێت."

ئەمڕۆ هەینی، سێیەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبییە لە شاری سلێمانی، کە تێیدا چەندین پانێڵی تایبەت بە پرسە گرنگەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەچن.
یەکێک لە پانێڵەکانی ئەمڕۆ تەرخان کراوە بۆ دۆزی فەڵەستین و پێشهات و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە. لەم پانێڵەدا، محەمەد شتایە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی فەڵەستین؛ فەلاح جبور، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئوردن؛ مستەفا برغوسی، سکرتێری گشتیی دەستپێشخەریی نیشتمانیی فەڵەستین؛ و ئەحمەد مەجدەلانی، ئەمینداری گشتی بەرەی خەباتی جەماوەریی فەڵەستین بەشداردەبن.
پانێڵێکی دیکەی رۆژی سێیەم تیشک دەخاتە سەر ئاسۆی نوێبوونەوەی سۆسیال دیموکراتەکان لە وڵاتانی عەرەبی. لەم پانێڵەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی ئێستادا تاوتوێ دەکرێت و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە شی دەکرێنەوە، بەتایبەتی چۆن رووداوەکان کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی ناوچەکە هەیە. بەشداربووان وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و گەشەپێدانی ناوچەکە و چارەسەرەکان دەدەنەوە. هەروەها دۆخی دیموکراسی لە وڵاتانی عەرەبی دوای بەهاری عەرەبی و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی جوڵانەوەی سۆسیال دیموکراتییەکان دەبنەوە، تاوتوێ دەکەن. تیشکیش دەخرێتە سەر هەماهەنگییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان لەنێوان پارتەکاندا، بەتایبەتی لە کاتە هەستیارەکاندا بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکان.
شایەنی باسە، دوێنێ پێنجشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە وتارێکدا لە کۆنفرانسەکەدا قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی نوێبوونەوە و گەشەکردنی سۆسیال دیموکرات.
کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، بە میوانداریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 27ی ئابی 2025 لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە و بە بەشداری د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و حزبی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت.
بەدەستهێنانی قژێکی بەهێز و تەندروست، جگە لە بەکارهێنانی کرێم و زەیتی تایبەت بەسەر، پەیوەستە بەو خۆراکانەش کە سوود بە جەستە دەگەیەنن لە ناوەوە و کاریگەری دادەنێن لەسەر قژ.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا" بڵاویکردووەتەوە، هەشت خۆراکی سەرەکی هەن کە یارمەتیدەرن بۆ خێراکردنی گەشەی قژ، ئەوانیش بریتین لە:
هێلکە: هێلکە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و بایۆتین، خواردنی بە بەردەوامی یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی قژ و خێراکردنی گەشەی.
سپێناخ: سپێناخ یەکێکە لەو سەوزانەی چەندین سوودی هەیە، لەوانەش باشترکردنی تەندروستی و گەشەکردنی تاڵەکانی قژ بەهۆی بوونی ئاسن، فۆلیک ئەسید، ڤیتامین A و C.
پەتاتەی شیرین: پەتاتەی شیرین بڕێکی باش لە بێتا کارۆتینی تێدایە، کە جەستە دەیکاتە ڤیتامین A کە زۆر تەندروست و سوودبەخشە بۆ قژ.
ئەڤۆکادۆ: ئەڤۆکادۆ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E و چەورییە تەندروستەکان، کە پشتگیری تەندروستی پێستی سەر دەکەن و دەیکەنە خاوەنی قژێکی چڕتر و بەهێزتر.
گوێز و تۆوەکان: یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گوێز و تۆوەکان ئەوەیە کە سەرچاوەی ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا-3 و زینک-ن، کە تەندروستی قژ بەهێز دەکەن و چڕی و هێزی پێدەبەخشن.
توو (Berry): توو دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسانەکان و ڤیتامین C، کە یارمەتیدەرە لە بەرهەمهێنانی کۆلاجین بۆ بەهێزکردنی قژ.
نیسک: بەهۆی دەوڵەمەندبوونی بە پرۆتین و ئاسن و فۆلیک ئەسید، خواردنی نیسک یەکێکە لە رێگاکانی سەلمێنراو بۆ رێگریکردن لە هەڵوەرینی قژ.
ماستی یۆنانی: ماستی یۆنانی بە سوودە خۆراکی و تەندروستییەکانی بەناوبانگە، بوونی پرۆتین و ڤیتامین B5 تێیدا یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی چڕی قژ.
ئانتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ بەردەوامی نیگەرانییەکان لەبارەی کارەساتی مرۆیی لە غەززە، داوای لە ئیسرائیل کرد کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە رابگرێت و هۆشداری توندی لەبارەی قۆناغێکی نوێی پڕ مەترسیەوە دا.
گوتێرێس لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس (X)، ئاماژەی بەوەدا کە "هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە رووبەڕووی قۆناغێکی دیکە لە کوشتن و توندوتیژی دەبنەوە. نیازەکانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی پڕ مەترسییە."
ناوبراو راشیگەیاند: "ئەمە سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی ناچار دەکات جارێکی تر ماڵوحاڵیان جێبهێڵن، ئەمەش خێزانەکان بەرەو مەترسییەکی قووڵتر پاڵپێوەدەنێت. دەبێت ئەمە بوەستێنرێت. هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ململانێکان نییە."
ئەم لێدوانانەی گوتێرێس لەکاتێکدایە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپا کردووە شاری غەززە کۆنترۆڵ بکات، کە بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەو شارەدا دەژین.
رۆژی چوارشەممە، وتەبێژێکی سەربازی ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی شارەکە لە ئارادایە و رێکخستن بۆ دامەزراندنی ناوەندەکانی هاوکاری مرۆیی کراوە و چادر دابینکراون. بەڵام رێکخراوەکانی یارمەتیدەر بەردەوام هۆشدارییان لەبارەی دۆخی کارەساتباری باشووری ناوچە کەناراوییەکە دابوو.
گوتێرێس جەختی لەوە کردەوە، "ئاستەکانی مردن و وێرانکاری لە غەززە لەم دواییانەدا بێ وێنەیە." و زیادی کرد: "غەززە پڕە لە پاشماوە، پڕە لە تەرمی قوربانیان، پڕە لە نموونەی ئەو شتانەی کە ڕەنگە پێشێلکاری جددی یاسای نێودەوڵەتی بن."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای "وەستاندنی دەستبەجێ و هەمیشەی شەڕ"ی کرد و گوتی: "دەبێت بارمتەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن، و ئەو مامەڵە قێزەونەی ناچارکراون بەرگەی بگرن، دەبێت کۆتایی پێبێت."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "پابەندبوونێکی روونی" لە غەززە هەیە بۆ: "دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراک و ئاو و دەرمان و پێداویستییەکانی دیکە"، "رەزامەندی دان و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زۆر زیاتر" و "پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حەماس، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە متمانەپێکراوی دەزانێت، زیاتر لە 60 هەزار فەلەستینی لە شەڕی غەززەدا کوژراون.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلئولا، تیشکی خستە سەر چەندین بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە رەوشی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەرەوەی عیراق، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، کێشەی نەوت و غاز، دابینکردنی موچە، پرۆسەی هەڵبژاردن، رەوشی زیندانییەکان، قەیرانی ئاو، پێشنیازە یاساییەکان و پرسی پەکەکە و غەززە.
پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر و کێشەی نەوت و غاز:
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە "پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا باشە، ناکۆکییەکان لە بنەڕەتدا لە نێوان پارێزگاکان و حکومەتی فیدراڵدایە و هاوبەشییەکان لە ناکۆکییەکان زیاترن."
سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز، ئاماژەی بە "پێویستییەکی بەپەلە بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز و وردەکارییە یاساییەکان لەبارەی دابەشکردنی داهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا" کرد. بەداخەوە پەرلەمان سەرکەوتوو نەبووە لە دەرکردنی ئەم یاسایە گرنگە.
کێشەی موچە و گۆڕانکارییەکانی بودجە:
د. لەتیف رەشید رایگەیاند، "ئەرکی حکومەتە موچەی سەرجەم فەرمانبەران دابین بکات". لە هەمان کاتدا روونی کردەوە؛ کێشەیەکی گەورەمان هەیە لەڕوی خەرجیەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی موچە، کە دەکاتە 80%ی داهاتی دەوڵەت، لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتووی دیکەدا، لە 6% تێناپەڕێت، پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین."
هەڵبژاردنەکان و پاراستنی متمانە:
سەرۆک کۆمار داوای کرد، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە مسۆگەر بکەین و رێگری بکەین لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ مەبەستی هەڵبژاردن". هەروەها رەتی کردەوە "بانگەشەی دواخستنی هەڵبژاردن یان پێکهێنانی حکومەتی فریاگوزاری بە هیچ جۆرێک راست نییە."
رەوشی زیندانییەکان و یاسای لێبوردن:
د. لەتیف رەشید روونیکردەوە، "سەرۆکایەتی کۆمار، لە رێگەی لیژنە هاوبەشە وەزارییەکانەوە، چارەنووسی 23 هەزار دەستبەسەرکراو کە سزا نەدراون و حوکمەکانیان تەواو کردبوو و بە هۆکاری جۆراوجۆر هێشتا لە زیندان بوون، یەکلایی کردەوە." بەپێی یاسای لێبوردن 55 هەزار زیندانی ئازاد کراون.
قەیرانی ئاو و پێشنیازە یاساییەکان:
سەبارەت بە قەیرانی ئاو، سەرۆک کۆمار وتی "جیهان لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوادا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئاو بووەتەوە، بە عیراقیشەوە." داوای کرد "پشکێکی دادپەروەرانەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرین و بە فیڕۆدانی ئاو بوەستێنین."
ئاشکراشی کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار "چەندین رەشنووسی یاسای پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، لەوانە پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان."
پرسی پەکەکە و غەززە:
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر پرسی لەناوبردنی چەکی پەکەکە و وتی "لەناوبردنی چەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری."
سەبارەت بە غەززەش، جەختی کردەوە "دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر غەززە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە. هەڵوێستی ئێمە لە عیراق روونە و نوێ نییە، ئێمە پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی تەواوی خۆی دەکەین و ئێستا دەبێت دەستدرێژییەکان رابگیرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت."
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی پانۆرامای کەناڵی کوردسات نیوز، لە پێشکەشکردنی زانا حەسەن، جەختی لە چەندین بابەتی گرنگ کردەوە سەبارەت بە دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، هاوکات رۆڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆک مام جەلالی بەرز نرخاند.
پشتگیری یەکێتی و رۆڵی سەرۆک مام جەلال:
ساڵح موسلیم رایگەیاند: "هەموو کاتێک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پاڵپشتی ئێمە بووە و رۆڵی سلێمانی لە رووداوە مێژووییەکاندا گرنگ بووە." هەروەها وتی: "سەرۆک مام جەلال کێشەکانی کوردی بە جیهان گەیاند و رۆڵ و خەباتی دیارە. لە رۆژە سەختەکاندا سەرۆک مام جەلال پشتیوانمان بوو."
داوای لامەرکەزی و شەراکەتی راستەقینە لە سوریا:
سەبارەت بە داهاتووی سوریا، موسلیم دووپاتیکردەوە: "دەمانەوێت هاوبەشێکی راستەقینە بین لە سوریا و لامەرکەزییمان لە سوریا دەوێت." ئاماژەی بەوەشدا: "ئەزموونێکی دیموکراسی ناوازەمان بۆ پێکەوە ژیان دروستکردووە و ئەو لامەرکەزییەی دەمانەوێت دەکرێت ببێتە پڕۆژەی ئاشتی بۆ سوریا و ناوچەکەش."
ناوبراو رەتیکردەوە سوریا دابەش بکرێت و جەختی کردەوە: "دانوستان تاکە رێگەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە سوریا. دابەشکردنی سوریا رەتدەکەینەوە و گرنگە دەستورێکی نوێ بنوسرێتەوە." هەروەها وتی: "کورد بەشێکە لە چارەسەر لە سوریای نوێ و بەرگری لە دەستکەوتەکانمان لە رۆژئاوای کوردستان دەکەین."
هەسەدە و پاراستنی رۆژئاوای کوردستان:
ساڵح موسلیم باسی لە رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و وتی: "هۆکاری ئەوەی تا ئێستا هێرش نەکراوەتە سەرمان بوونی هەسەدەیە. هەسەدە رۆژئاوای کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەپارێزێت و چەکی هەسەدە بۆ بەرگرییە." ئاماژەی بەوەشدا کە هەسەدە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆ گرتووە.
مەترسییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و تورکیا:
لە بەرنامەکەدا، دەربارەی مەترسییەکانی سەر سوریا رایگەیاند؛ "مەترسی شەڕ لە سوریا و پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان هەیە. دەبێت لە سوریا کۆتایی بە هزری نکۆڵی کردن لە کورد و مافەکانی بهێنرێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، وسلیم ئاماژەی بەوەدا: "دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و تورکیا کراوەیە و ئێمە هەڕەشە نین لەسەر تورکیا." دووپاتیشی کردەوە: "پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی دەکەین لە تورکیا و پڕۆسەی ئاشتی کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. ناکرێت لە لایەک باس لە پڕۆسەی ئاشتی بکرێت و لە لایەکی تر هێرش بکرێتە سەر کورد."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ساڵح موسلیم جەختی لە یەکڕیزی کورد کردەوە و وتی: "کورد تەنها بە یەکڕیزی و یەکگوتاری دەستکەوتی دەبێت و سەرچاوەی هێزمان پشتبەستنە بە گەل و بڕوابوونە بە تواناکانمان." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئەمەریکا دەستبەرداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت."
ئهمڕۆ پێنجشهممه، وهزارهتی كۆچ و كۆچبهرانی عیراق گهڕانهوهی (230) خێزانی عیراقی كه ژمارهیان دهگاته (839) كهس، له كهمپی هۆلۆوه بۆ ناو عیراق راگهیاند.
كهریم نووری، بریكاری وهزارهتی كۆچ و كۆچبهران، رایگهیاند: " (230) خێزانی عیراقی كه ژمارهیان دهگاته (839) كهس، كهمپی هۆلیان جێهێشتووه و بهرهو عیراق گهڕاونهتهوه."
وتیشی: "ئهمه (29)همین وهجبهی ئهو خێزانانهیه كه له كهمپی هۆلەوە دهگهڕێنهوه و ئێستا له رێگادان بۆ گهیشتنهوه به وڵات."