هەواڵەکانهەواڵەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان،  بە سەرپەرشتی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران  کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات.

بەپێی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆبوونەوەکە، سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، کە بریتین لە؛  پرسی موچە و یەکخستنەوەی هێزکانی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ لە سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆن.

لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتەکانی رەوشی دارایی هەرێم و پرسی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات، هاوکات ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوولا دەخرێتە روو.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت و پڕۆسەی رێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەخاتە روو، کە ئامانج لێی دیاریکردنی وردی تایبەتمەندی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو هێزانەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆ دەدات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ لە سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ.

 بەپێی پێشنیازەکە، بڕیارە ئەم لێخۆشبوونە بۆ ماوەی شەش مانگی تر و تاوەکو رێککەوتی 30ی حوزەیرانی 2026 درێژ بکرێتەوە، بەمەبەستی کار ئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە دانەوەی سزاکانیاندا.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵتۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە هەڵیکوتا بووە سەر ماڵی پوری و دوای ئازاردان و ئەشکەنجەدانێکی زۆ رو بریندار کردنی، زێرەکانی دەدزێت و هەڵدێت.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، روداوەکە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ رویداوە و تۆمەتبارەکە دەمامکیی کردوە و هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو، کە بەتەنها ژیاوە.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت؛ تۆمەتبارەکە ژنەکە دەبەستێتەوە و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر زێرەکانی دەدزێت و هەڵدێت.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادوەر هێزەکانیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر زێرەکانیدا دزراوەکەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناونیشانی "بەو شێوەیە بەرشەلۆنەمان رزگار کرد"، خوان لاپورتا، سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە، وردەکارییەکی تێر و تەسەل دەربارەی پێنج ساڵی سەرۆکایەتییەکەی و ئەو ئانگارییە داراییە گەورانەی رووبەڕووی بوونەتەوە، دەخاتەڕوو.، باس لە هۆکاری نوێنەکردنەویە گرێبەستەکەی لیۆنێل میسیش دەکات.

لابورتا لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین کێشەکان، بە جۆرێک یانەکە پێشنیازێکی جیاوازی بۆ مانەوەی مێسی پێشکەش کردبوو، کە بریتی بوو لە گرێبەستێکی درێژخایەن بە شێوازی خواستن بۆ خولی ئەمریکی، بەڵام رابیتەی خولی ئیسپانی (لالیگا) ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە و مەرجی واژۆکردنی رێککەوتنی سندوقی "CVC"ی بۆ فرۆشتنی مافی پەخشی تەلەفزیۆنی بۆ ماوەی 50 ساڵ بەسەردا سەپاندن، کە لابورتا بە زیانبەخش بۆ داهاتووی بەرشەلۆنە ناوی بردووە.

هەروەها لابورتا ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ماوەکەی لە پاریس سانجێرمان، هەوڵی گەڕاندنەوەی مێسییان داوە و رەشنووسی گرێبەستێکی بۆ باوکی مێسی ناردووە، بەڵام لە کۆتاییدا خێزانی مێسی بڕیاریاندا بەرەو ئینتەر میامی بڕۆن بۆ ئەوەی لە ژێر پەستانی کەمتردا یاری بکات.

ئەمە لە کاتێكدایە، لە ئێستادا لاپورتا کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشەلۆنە و لە سەختترین کێشەکانی بەردەمی لاپۆرتا کە رووبەڕووی بوەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لیۆنیل میسییی ئەرجەنتینییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای وتارەکەی لە کۆنگرێس، جارێکی تر ناوی چووە نێو لاپەڕەکانی مێژوی ئەمریکاوە، بەڵام ئەمجارەیان نبۆ بڕیارە سیاسییەکانی نییە، بەڵکو بە زۆرقسەکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، کە لەبەردەم کۆنگرێسدا وەستا و زیاتر لە 100 خولەک قسەی بۆکردن.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری ساڵانەیدا توانی ژمارەی پێوانەیی درێژترین وتاری "دۆخی وڵات" (State of the Union) بشکێنێت، کە ماوەکەی دوو سەعاتی تەواوی خایاند.

بەم دوو سەعات قسەکردنە، سەرۆکی ئەمریکا، نەک هەر ژمارە پێوانەییەکەی پێشوی خۆی شکاند، کە لە ساڵی 2025 دا نزیکەی 100 خولەک قسەی کرد بوو، کۆتایی بە باڵادەستیی بیڵ کلینتۆنیش هێنا، کە لە ساڵی 2000 دا بە وتارێکی 90 خولەکی بۆ ماوەی 25 ساڵ ئەو نازناوەی لای خۆی هەڵگرتبوو.

ئەم درێژترین وتارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، کە مێژووی وتارە ساڵانەکانی ئەمریکا جیاوازییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە؛ بۆ نموونە ریچارد نێکسۆن لە ساڵی 1972دا خاوەنی کورتترین وتارە، لە مێژووی وڵاتەکەدا، کە تەنها 28خولەک بووە.

​ئەم وتارە دوو سەعاتییە تەنها ریزکردنی دەستکەوت و ژمارەکان نییە، بەڵکو پەیامێکی روونی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ جیهان و نەیارە ناوخۆییەکانی؛ پەیامی سەرۆکێک کە هیچی بۆ 'کورتکردنەوە' نییە و دەیەوێت هەموو چرکەیەکی مێژوو بۆ بەرژەوەندیی دیدگا سیاسییەکانی خۆی بەکاربهێنێت.

 
لە کاتێکدایە دیموکراتەکان بە بێدەنگییەکی ماندووەوە سەیری سەعاتەکانیان دەکرد، لایەنگرانی ترەمپ ئەم درێژەیەی وتارەکەی سەرۆکەکەیان وەک نیشانەی 'وزە و خۆڕاگری' پیاوە تەمەن 80 ساڵییەکە لێکدەدەنەوە.

لە کۆتایدا، ئەوەی گرنگە بۆ ترەمپ، خۆدەرخستن و باڵادەستییەتی، ئەو دەزانێت لە داهاتودا مێژوو باس لەوە ناکات، کە ترەمپ چی وتووە، بەڵکو باس لەوە دەکات، کە چۆن توانی بۆ ماوەی زیاتر لە 100 خولەک هەمووان ناچار بکات گوێی لێ بگرن، لە وتارێکدا، کە وەک درێژترین 'ماراسۆنی سیاسی' لە مێژووی واشنتندا دەمێنێتەوە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەكێتی ئەوروپا بە نیازە پێداچوونەوە بە سزاكانی سەر سوریادا بكات و لە سزاكانیدا، ئەو گروپە چەكدار و توندڕەوانە بكاتە ئامانج كە بوونەتە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی قۆناغی راگوزەر لەو وڵاتە.

ماڵپەڕی"یۆراكتیڤ"ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا بە نیازە ئاڕاستەی سزاكانی بۆ سەر سوریا بگۆڕێت بۆ ئاڕاستەیەك كە هاوكار بێت بۆ قۆناغی راگوزەری سوریا و هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكان لەو وڵاتە.

هاوكات، "تۆڕی هەواڵی شام" ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت لە سوریا سزا بەسەر گروپە چەكدارەكان، توندڕەوەكان، پێشلكارانی مافی مرۆڤ و گەندەڵكاران لەگەڵ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بسەپێنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێتی ئەوروپا پێی وایە سیاسەتی ئێستای سزاكانی بۆ سەر سوریا درێژكراوەی سزاكانی سەر رژێمی ئەسەدە و ئەوەش، نیگەرانی لای وەبەرهێنەرانی ئەوروپا دروستكردووە بۆ چوونە ناو بازاڕی سوریا، لە ئەنجامیشدا پێداچوونەوە بە سزاكان رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ یەكێتی ئەوروپا پەیوەندی سیاسی و ئابووری پتەوتری لەگەڵ سوریادا هەبێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەناو کۆنگرێس و لە دوەم وتاری ساڵانەیدا رایگەیاند، کە لە کاتی دەستبەکاربونی وەک سەرۆک، جیهانێکی پڕ لە "جەنگ و پاشاگەردانی" و ئابورییەکی داڕماوی بە میرات بۆ مابووەوە،، بەڵام تەنها دوای یەک ساڵ توانیویەتی کۆتایی بەو قەیرانانە بهێنێت و وڵات بەرەو گۆڕانکارییەکی مێژوویی ببات.

​جارێکیتر هێرشیکردەوە سەر جۆ بایدن و ئاماژەیبەوەکرد، کە ئیدارەکەی توانیویەتی وڵات لە "بارودۆخێکی مردوو"، کە لە ئیدارەکەی جۆ بایدنەوە بۆی بەجێمابوو، دەرباز بکات و ئێستا ئەمریکا بووەتە سەرنجڕاکێشترین دەوڵەت لە جیهاندا.

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت؛ توانیویەتی بە بەهای 18 ترلیۆن دۆلار  وەبەرهێنان لە جیهانەوە رابکێشێتە ناو ئەمریکا و لە ئێستادا وڵاتەکەی لە هەموو رویەکەوە لە لوتکەی هێزی خۆیدایە.
جەختیشی کردەوە، کە چیتر ناگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە سنوورەکان تێیدا کراوە بوون و جیهان لە ئاڵۆزیدا بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026 لە بەغداد، پێشوازی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی سەید عەبدولعەزیز حەکیم، سەرەخۆشی لە عەممار حەکیم کرد و ئاماژەی بە رۆڵی نیشتمانیی کارای خوالێخۆشبوو کرد لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی بەهێزکردنی ئاسایش، بونیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی کولتوری پێکەوەژیان لە وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە کۆی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی وڵات و پێویستیی خێراکردن لە یەکلاکردنەوەی شایستە نیشتمانییەکان کرا، بەو ئاراستەیەی کە کاروانی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی بەهێزتر بکات و سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی مسۆگەر بکات. هەروەها دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە خرانە رو؛ لەم تەوەرەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە هەڵوێستی عیراق کردەوە کە داوای پەنابردن بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکات بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی بارانبارینی 12 سەعاتی رابردووی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە زۆرترین باران لە ناوچەی بارزان باریوە.

بەپێی ئامارەکان، بڕی بارانبارین بەم شێوەیە بووە: لە هەولێر 4 ملم، بارزان 6.2 ملم، حاجی ئۆمەران 2.0 ملم، سۆران 0.6 ملم، خەبات 0.6 ملم، هەروەها لە هەر یەکە لە شەمامک و بازیان 0.2 ملم باران باریوە. لە دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ بڕی بارانبارین 0.1 ملم بووە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و چەمچەماڵ تەنیا بە شێوەی دڵۆپ دڵۆپ باران باریوە.

کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکو نیوەشەو ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوام دەبێت. هاوکات پێشبینی دەکرێت تەمێکی کەم لە هەندێک ناوچە دروست ببێت و پاشان کەشوهەوا ئاسایی ببێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەید عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنانەی لە خولی پێشوودا بەدەستهاتوون، بە پێداگرییەوە بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە کورتترین کاتی گونجاودا، دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لە شاری جنێف.

عیراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بێوێنە کە نیگەرانییە هاوبەشەکان بڕەوێنێتەوە و بەرژەوەندیی هەردولا بپارێزێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە لەبەردەستە، بەڵام تەنیا لەو کاتەی کاری لەپێشینە بۆ دیپلۆماسی بێت. عیراقچی دوپاتیکردەوە کە تاران پێشتر سەلماندوویەتی بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی بە ئازایەتییەوە دەوەستێتەوە، ئێستاش بە هەمان ئازایەتییەوە دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ هەر ناکۆکییەک کە هەبێت.

ئەم پەیامانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە خولی نوێی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێف دەستپێبکەنەوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هەوڵی نێوەندگیریی سەڵتەنەتی عومان دێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان لە مەکسیک دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی، رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیداریان دەکاتەوە. ئەم هۆشدارییە دوای کوژرانی گەورەترین سەرۆک باندی مەکسیک دێت کە ناوی (ئێل مێنچۆ)یە.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "باندەکانی مەکسیک باش دەزانن کە نابێت دەست بۆ هیچ ئەمریکییەک بەرن، ئەگەرنا لە سەردەمی ئەم سەرۆکەدا (دۆناڵد ترەمپ) رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس دەبنەوە." لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەی سوپای مەکسیک بۆ کوشتنی سەرۆک باندەکە، بە پشتیوانی هەواڵگری ئەمریکا بووە و ئەگەر سەرکردایەتی ترەمپ نەبوایە، روداوی لەو شێوەیە نەدەبوو.

نیمیسیۆ ئۆسیگیرا، ناسراو بە (ئێل مێنچۆ) کە تەمەنی 59 ساڵ بوو، سەرۆکی کارتیلی "خالیسکۆ نەوەی نوێ" بوو. لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی سوپای مەکسیکدا بریندار کرا و لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی گیانی لەدەست دا. ئەمریکا پێشتر بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر بدات.

دوای کوژرانی (ئێل مێنچۆ)، شەپۆلێکی توندوتیژی زیاتر لە 20 ویلایەتی مەکسیکی گرتەوە. چەکدارانی باندەکە چەندین رێگەی سەرەکییان بە ئۆتۆمبێلی سوتاو داخست و بەو هۆیەوە قوتابخانە و بازاڕەکان لە شاری گوادالاخارا داخران. حکومەتی مەکسیک 10 هەزار سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بڵاوکردوەتەوە. تا ئێستا لە پێکدادانەکاندا 25 کارمەندی ئەمنی و 30 چەکداری باندەکە کوژراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی رۆڵی سەرۆکی یەکێتی دەکات.

تۆم باراک لە ئێکس لە ستایشی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا نوسیویەتی: " تەونێكی گەنجانە و زیندوو لە نوێبوونەوە و هەماهەنگی، كە ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ  شارستانییەكی ئازا و بوێر. سەرەتایەكی نوێی مەزن و پڕ لە هیوا."

ئەم پەیامەی باراک دوای ئەوە دێت کە لە دەباشان پێکەوە دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی رۆڵی یەکێتی لە قۆناغی داهاتودا کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازییان لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سوریا کردووە و پشتیوانی یەکێتییان بۆ رۆژئاوای کوردستان دوپاتکردووەتەوە.

قوباد تاڵەبانی لە هەژماری رەسمیی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەیاندا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە، سەرۆک بافڵ رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی لە خوشک و براکانیان لە رۆژئاوای کوردستان. هەروەها جەختیکردووەتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی دەزانێت بە هەموو تواناوە هاوکاربێت لە دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواتر بە هاوبەشی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ کۆبونەتەوە و جەختیانکردووەتەوە کە گەلی کورد قوربانییەکی زۆری داوە لەپێناو ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا، هاوکاربن لە گەرەنتیکردن و دابینکردنی مافەکانی کورد لە سوریایەکی دیموکراتیدا.

سەبارەت بە دۆخی سوریا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026 کراوەتەوە، لەگەڵ لابردنی هەر ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنیدا. هاوکات هەموو لایەنەکان هاوڕابون کە سەقامگیری لە سوریا پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر هەیە کە رێز لە هەمەجۆریی و پێکهاتەکانی وڵاتەکە بگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەی بوو، دۆخی سیاسی و ئەمنیی سوریا و رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کرا.

جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە بەشداریی خۆی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سوریای بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکان و پشتیوانییە بەردەوامەکانی لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.

سەرۆک بافڵ دوپاتیکردەوە کە یەکێتی لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت. راشیگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە سوریا ببێتە وڵاتێک کە هەموو پێکهاتەکان ماف و نوێنەرایەتیی خۆیان تێیدا هەبێت و حکومەتی داهاتوی وڵاتەکەش رەنگدانەوەی راستەقینەی هەمەچەشنیی کۆمەڵگەی سوریا بێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
 
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازییان لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سوریا کردووە و تاوتوێی دۆخی عیراق و ناوچەکەیان کردووە.
 
قوباد تاڵەبانی لە هەژماری رەسمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ دیدگا و سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی کوردستان، عیراق و ناوچەکە بۆ میوانەکەی روونکردووەتەوە.
 
سەبارەت بە دۆخی عیراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، هەردوولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق خێراتر بکرێت و هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت. هەروەها جەختیانکردەوە لەسەر کارکردن بۆ بونیاتنانی عیراقێکی سەقامگیر، گەشەسەندوو، خاوەن سەروەری و سەربەخۆ.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە رەوشی هەرێمی کوردستانیش هاوڕابون لەسەر پێویستیی تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، و جەختیشکرایەوە کە دۆخی هەستیاری ئێستا پێویستی بە دەنگێکی یەکگرتووی کورد هەیە لە هەرێمی کوردستان و عیراق.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرشیفێکی گشتیی زەبەلاح، کە ژمارەیەکی زۆر لە دۆسیە نهێنییە ئاشکراکراوەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و تەنە نەناسراوەکان لەخۆدەگرێت، تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بڵاوکردنەوەی هەموو بەڵگەنامەکانی دەرکرد، دیارنەماوە.

داتاکانی سێرڤەری سەرەکیی ماڵپەڕی "زە بلاک ڤۆڵت" (The Black Vault) سڕدراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دیارنەمانی سەدان گێگابایت لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و پڕۆژە ئاشکراکراوەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA)یەوە هەیە.

جۆن گرینوۆڵدی کوڕ، توێژەری بواری تەنە فڕیوەکان کە سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات، بە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە مۆڵەت و کۆنتڕۆڵەکانی چوونەژوورەوە و دەستکاریکردن لە هەندێک فایلدا گۆڕدراون، وە تۆمارەکانی خاوەندارێتیی دۆسیەکانیش بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستکاری کراون. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرینوۆڵد 3 دەیەی تەمەنی تەرخان کردووە بۆ ڕێکخستنی زانیارییەکان دەربارەی ئەو بەرنامە شاراوە و ڕووداوە نادیارانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەمریکا بە نهێنی کاری کردووە بۆ بەدەستهێنان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای بونەوەرە ئاسمانییەکان.

ئەم ڕووداوە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە رویدا کە ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد هەر شتێک پەیوەندی بە ژیانی بونەوەرە ئاسمانییەکان و دیاردە ئاسمانییەکان و "دەفرە فڕیوەکان"ەوە هەیە، ئاشکرا بکات. گرینوۆڵد رونیکردەوە کە گومانی لە هیچ کارێکی تاوانکاری نییە، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی رویداوە سڕینەوەی داتاکان بووە نەک لەناوبردنیان بە یەکجاریی.

دۆسیەی بونەوەرە ئاسمانییەکان جارێکی تر گەڕایەوە نێو باسوخواستەکان، دوای ئەوەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوو ڕایگەیاند کە بونەوەرە ئاسمانییەکان "راستەقینەن"، هەرچەندە خۆی نەیبینیون. لە بەرانبەردا ترەمپ رایگەیاند کە ئۆباما بەم قسانەی "زانیاری نهێنی" دزە پێکردووە و وتی: "نەدەبوو ئەوە بکات." هەرچەندە ترەمپ وتی دڵنیا نییە لە راستی و دروستیی بوونی بونەوەرەکان، بەڵام پێی وابوو سەرۆکە دیموکراتەکەی پێشوو "هەڵەیەکی گەورەی کردووە."

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'، باوەڕبوون بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و گومانکردن لە نهێنیپارێزیی حکومەت لەناو بەشێکی زۆری ئەمریکییەکاندا رەگ و ریشەی داکوتاوە. راپرسییەکی دامەزراوەی (YouGov) دەریخستووە کە 56%ی ئەمریکییەکان باوەڕیان بە بوونی بونەوەرە ئاسمانییەکان هەیە، و 47%پێیان وایە کە ئەوان "بە دڵنیاییەوە" یان "ئەگەری زۆرە" سەردانی زەوییان کردبێت.

شارەزایانی زانستە سیاسییەکانیش پێیان وایە کە ئەم تیۆرییە پیلانگێڕییانە پەیوەست نین بە هیچ ئاراستەیەکی سیاسی دیاریکراوەوە، بەڵکو بۆشایی زانیاری و کەشوهەوا سیاسییە ئاڵۆزەکان، ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە باوەڕانە لەناو کۆمەڵگەدا. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروبارى سوريا كرد و لەمیانی دیدارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە رەوشی ئێستا وادەخوازێت کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بێت لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و جۆشوا هاريس، كاربه‌ڕێكه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ عیراق ئامادەیبوون، رەوشی سیاسیی عیراق و ناوچەکە تاوتوێکرا و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق خرایەبەر باس و جەختیان لە خێراکردنی پرۆسەکە و لابردنی بەربەستەکان کردەوە.

هەردوولا دووپاتیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە عیراق وەکو وڵاتێکی گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری و سەربەخۆ بمێنێتەوە.

سەرۆک بافڵ رایگەیاند: "لە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ لە عیراق بەردەوام دەبین تاوەکو دڵنیابین لەوەی داهاتووی وڵات بە شێوەیەک بێت باشترین خزمەت بە هەموو خەڵکی عیراق بکات".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ و تۆم باراك لەسەر پێویستیی تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆکبوون و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە رەوشی ئێستا وادەخوازێت کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بێت لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...260261262263264...1226