دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای وتارەکەی لە کۆنگرێس، جارێکی تر ناوی چووە نێو لاپەڕەکانی مێژوی ئەمریکاوە، بەڵام ئەمجارەیان نبۆ بڕیارە سیاسییەکانی نییە، بەڵکو بە زۆرقسەکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، کە لەبەردەم کۆنگرێسدا وەستا و زیاتر لە 100 خولەک قسەی بۆکردن.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری ساڵانەیدا توانی ژمارەی پێوانەیی درێژترین وتاری "دۆخی وڵات" (State of the Union) بشکێنێت، کە ماوەکەی دوو سەعاتی تەواوی خایاند.

بەم دوو سەعات قسەکردنە، سەرۆکی ئەمریکا، نەک هەر ژمارە پێوانەییەکەی پێشوی خۆی شکاند، کە لە ساڵی 2025 دا نزیکەی 100 خولەک قسەی کرد بوو، کۆتایی بە باڵادەستیی بیڵ کلینتۆنیش هێنا، کە لە ساڵی 2000 دا بە وتارێکی 90 خولەکی بۆ ماوەی 25 ساڵ ئەو نازناوەی لای خۆی هەڵگرتبوو.

ئەم درێژترین وتارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، کە مێژووی وتارە ساڵانەکانی ئەمریکا جیاوازییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە؛ بۆ نموونە ریچارد نێکسۆن لە ساڵی 1972دا خاوەنی کورتترین وتارە، لە مێژووی وڵاتەکەدا، کە تەنها 28خولەک بووە.

​ئەم وتارە دوو سەعاتییە تەنها ریزکردنی دەستکەوت و ژمارەکان نییە، بەڵکو پەیامێکی روونی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ جیهان و نەیارە ناوخۆییەکانی؛ پەیامی سەرۆکێک کە هیچی بۆ 'کورتکردنەوە' نییە و دەیەوێت هەموو چرکەیەکی مێژوو بۆ بەرژەوەندیی دیدگا سیاسییەکانی خۆی بەکاربهێنێت.

 
لە کاتێکدایە دیموکراتەکان بە بێدەنگییەکی ماندووەوە سەیری سەعاتەکانیان دەکرد، لایەنگرانی ترەمپ ئەم درێژەیەی وتارەکەی سەرۆکەکەیان وەک نیشانەی 'وزە و خۆڕاگری' پیاوە تەمەن 80 ساڵییەکە لێکدەدەنەوە.

لە کۆتایدا، ئەوەی گرنگە بۆ ترەمپ، خۆدەرخستن و باڵادەستییەتی، ئەو دەزانێت لە داهاتودا مێژوو باس لەوە ناکات، کە ترەمپ چی وتووە، بەڵکو باس لەوە دەکات، کە چۆن توانی بۆ ماوەی زیاتر لە 100 خولەک هەمووان ناچار بکات گوێی لێ بگرن، لە وتارێکدا، کە وەک درێژترین 'ماراسۆنی سیاسی' لە مێژووی واشنتندا دەمێنێتەوە