ئێران هۆکاری تەقینەوەکانی رۆژهەڵاتی تاران ئاشکرادەکات و هاووڵاتییان دڵنیادەکاتەوە
محەمەد رزگار
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
وێنە؛ ئەرشیف
دوای دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە لای دانیشتووانی رۆژهەڵاتی تاران بەهۆی بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز، لێپرسراوانی ناوچەکە رایدەگەیەنن، دەنگەکان نیشانەی هیچ مەترسی و هێرشێک نین، بەڵکو پەیوەندییان بە پرۆسەیەکی پێشوەختە پلانداڕێژراوی لەناوبردنی تەقەمەنیی کۆنەوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاویکردەوە؛ دەنگی ئەو تەقینەوە بەهێزانەی لەلایەن دانیشتووانی شارەکانی "پاکدەشت" و " پارچین " لە رۆژهەڵاتی پارێزگای تارانی پایتەخت بیستراون، لە پرۆسەیەکی کۆنترۆڵکراوی لەناوبردنی پاشماوەی ئەو تەقەمەنییانەی کە نەتەقینەتەوە.
ئاژانسەکە لە زاری لێپرسراوی خۆجێی شاری پاکدەشتەوە ئەوەی خستەڕوو، "ئەو دەنگانە پەیوەندییان بە پرۆسەیەکی توندوتۆڵی لەناوبردنی تەقەمەنیی بەجێماوی جەنگەوە هەبووە، هیچ روداوێکی نەخوازراو نەبووە و هیچ مەترسییەکیش لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نییە". ئەو لێپرسراوە جەختیشی کردووەتەوە، پرۆسەکە بەپێی رێنماییە توندەکانی سەلامەتی و لەلایەن هێزە پسپۆڕ و لێپرسراوەکانەوە ئەنجام دراوە و لە پێشتریشەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو.
بیستنی دەنگی ئەم تەقینەوانە بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی، بە تایبەت کە ناوچەکە لە ئێستادا بەهۆی نوێبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە، لە دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمدواییەی ئەمریکا کە چەند پێگەیەکی لە ناوخۆی ئێراندا کردە ئامانج و ترسی تەقینەوەی رەوشەکەی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.



