لە کاتێکدا بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی دەست بە دانوستان بکات، ئێران جارێکی دیکە مەرجەکانی خۆی بۆ هەر گفتوگۆیەکی ئەگەری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتکردەوە، کە تیایدا باس لە متمانە و کردەی سەربازی و مافی ئێران دەکات.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە لە نیویۆرکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، پێش هەر دانوستانێک، پێویستە ئەمریکا متمانەی تاران بەدەستبهێنێتەوە، گفتوگۆکان بۆ ئامانجی شاراوە وەک ئەگەری کردەوەی سەربازی بەکارنەهێنێتەوە، هەروەها دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لەخۆدەگرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ غەریب ئابادی لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببێتەوە.
رێککەوتن لەسەر ئەم دانوستانانە دوای ئەوە هات کە نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەدی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Snapback Mechanism) کارا دەکەنەوە.
کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمە رێگە بە سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ سەر کەرتی چەک، بانک و کەلوپەلی ئەتۆمی ئێران، کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیرابوون. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە کە میکانیزمی پەلەپیتکە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە ئەستەنبوڵ داوە.
هەڵوێستی بەرپرسانی دیکەی ئێران
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندبوو کە تاران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی پاشەکشە ناکات.
عیراقچی ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لەگەڵ ئەمریکا نیشانداوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بارودۆخی دانوستانی راستەوخۆ لە ئێستادا لەبار نییە". بە وتەی ئەو، ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی رۆژئاوا، گەرەنتی بداتە ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتیانە مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی ئێران، دوای ئاگربەستی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یاسایەکی بۆ سنوردارکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. لەم چوارچێوەیەشدا، غەریب ئابادی رایگەیاندووە کە ئێران رازی بووە تەنها وەفدێکی تەکنیکی ئاژانس لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا سەردانی تاران بکەن، بەڵام ئەو وەفدە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، لە میانەی سەرپەرشتیکردنی مانۆڕێکی سەربازیدا، داوای لە هێزەکانی وڵاتەکەی کرد کە بەوپەڕی توانایانەوە ئامادەکاری بکەن بۆ "جەنگێکی راستەقینە"
بەپێی هەواڵێک کە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمی کۆریا (KCNA) بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی مانۆڕەکەدا، کە رۆژی چوارشەممە لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراودا بەڕێوەچوو، کیم جەختی کردووەتەوە لەوەی پێویستە سەربازان توانای "لەناوبردنی دوژمنیان لە هەموو شەڕێکدا" هەبێت.
ئاژانسە فەرمییەکەی کۆریای باکوور چەند وێنەیەکی مانۆڕەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە یەکێکیاندا کیم جۆنگ ئون بە جلێکی رەشەوە دەردەکەوێت و وتار بۆ سەربازەکان دەدات. لە وێنەیەکی دیکەشدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپا، چاودێری راهێنانێکی تۆپهاوێژی دەکات کە تێیدا گوللە تۆپ بەرەو دەریا دەهاوێژرێن.
ئەم لێدوانانەی کیم و ئەنجامدانی مانۆڕەکە لە کاتێکدایە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان پێیۆنگیانگ و مۆسکۆ پەرەی سەندووە. کۆریای باکور بە پێدانی مووشەک و گوللە تۆپ یارمەتی روسیا دەدات لە جەنگی ئۆکراین دا.هەروەها ئەمە دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەواڵی بەشداریکردنی سەربازانی کۆریای باکور لە شەڕەکانی دژی هێزەکانی ئۆکراین لە هەرێمی کورسکی روسیادا بڵاوبووەوە.

سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا رێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەداتە ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کە پێشتر سوودمەندبوون و دووبارە داوایان کردووەتەوە، کە روبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی، کارگێڕی و دارایی دەبنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تەموزی2025 دەرچووە، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوی ئەو کەسانەی پێشتر زەوییان وەرگرتووە، لە لیستە نوێیەکاندا دەسڕدرێتەوە و مافی وەرگرتنیان نابێت، هەرچەندە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشیان بۆ وەرگیرابێت.
راگەیەندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە بەڵێننامەی پڕکردبێتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بەڵام بەپێچەوانەوە زەوی وەرگرتبێت، رووبەڕووی سزای یاسایی و کارگێڕی و دارایی دەبێتەوە.
بۆ خۆبەدوورگرتن لە سزا، وەزارەتی پێشمەرگە دەرفەتێکی داوە بەو کەسانەی پێشتر سوودمەندبوون، کە لە رێگەی یەکەکانیانەوە بە فەرمی سەرۆکایەتی ئەرکان ئاگادار بکەنەوە، تاوەکو تووشی لێپرسینەوە نەبنەوە.
هاوکات داوا لە تەواوی ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەکات کە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی نەکەن و فشار دروست نەکەن تا ئەو کاتەی لیستی کۆتایی بە شێوەیەکی رەسمی رادەگەیەنرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاییشی داوە کە هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانیدا هەیە بۆ ئەوەی مافی هیچ پێشمەرگەیەکی شایستە نەفەوتێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیستی کۆتایی ناوی سودمەندبووان تەنها لە پەیجی رەسمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاودەکرێتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی سۆشیال میدیا باوەڕپێکراو نییە.
دەقی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە وەکخۆی:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە د. جوان ئیحسان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بوو کە جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، ئەمەی بەدیهات بەرهەمی هەوڵ و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بوو، بۆیە یەکێتی پەرۆشانە کاردەکات بۆ رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و پاراستنی هاوبەشێتی و شەراکەتی حەقیقی کە بنەماکەی پاراستنی مافی هەمووان بێت بە تایبەت خەڵکی کوردستان تاوەکو چیدیکە نەبنە قوربانی و ئەمەشمان بەئەرکی خۆمان زانی.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی روونکردنەوەیدا و وتی، هەموو هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە حکومەتی نوێ پێش هەڵبژاردنی عیراق پێکبهێنین، بۆ ئەوەش دەربەست لەپێناو گەیشتن بە حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی هەرێمەکەمان و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەوڵداین و دڵنیاین لەم ئەرکەشدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی سەرکەوتوو دەبین.
لە بەرانبەردا کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لە هەوڵ و رۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتی کرد بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی وڵاتەکەشی بۆ پاراستی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنەکان کرد.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما لە 50 پلەی سیلیزی نزیک دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بە نزیکەیی وەک ئەمڕۆ دەبن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی، پلەکانی گەرما لە سەرجەم هەرێم لە 50 پلەی سیلیزی نزیک دەبنەوە، لە گەرمیانیش 50 پلەی سیلیز دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:
هەولێر : 47 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 45 پلەی سیلیزی
دهۆک : 46 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 48 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 46 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 44 پلەی سیلیزی
سۆران : 45 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 34 پلەی سیلیزی
گەرمیان 50 پلەی سیلیزی
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئێران بە بەكارهێنانی بۆمبی هێشوی لە ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو ئەمینستی لە راگەیەنراوێكدا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە كاتی شەڕی 12ڕۆژەی نێوان تاران و تەلئەبیب لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، بۆمبی هێشووی ئاراستەی ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل كردووە، ئەمەش بەپێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
ئەمنستی راشیگەیاند، ئێران سێ هێرشی لەو جۆرەی ئەنجامداوە لە رۆژانی 19 و 20و 22ی حوزەیران سێ ناوچەی لە باكور و باشوری ئیسرائیل پێ كردۆتە ئامانج و بەڵگەی پێویستیش لەو بارەوە لەبەردەستدایە.
ئیریكا گیڤارا رۆزاس، بەڕێوەبەری توێژینەوە و داكۆكی و كەمپینەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بۆمبی هێشوی چەكێكی قەدەغە كراوە، هەرگیز نابێت بەكاربهێنرێت.
رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سوپای ئێران لە مانگی رابردوودا موشەكی بالیستیی بەكارهێناوە كە هەڵگری كڵاوەی هێشووی بوون، ئاراستەی ناوچە چڕەكانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلیان كردووە.
تیمی فریاگوزاری روسیا کە بەدوای فڕۆکە بێسەروشوێنبووەکەی ئەم بەیانییەدا دەگەڕان رایگەیاند، پاشماوەی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە و پێناچێت هیچ کەسێک لە روداوەکەدا رزگاری بووبێت.
بەیانی ئەمڕۆ فریاکەوتنی روسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی روسی بە 46 سەرنشینەوە دیار نەماوە.
فڕۆکەکە لە شاری خابارۆڤسکی روسیاوە بەرەو شاری تیندا لە کۆماری بلاگۆڤێشچێنسک بەرێکەوتبوو، دووجار هەوڵی نیشتنەوەی داوە، بەڵام کێشەی بۆ دروست بووە.
کۆمپانیای بەرهەمهێنی فڕۆکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەر لە هەڵفڕینی فڕۆکەکە پشکنینی تەواوی بۆ کراوە و لەکاتی سەرەتای گەشتەکەشیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هەبوونی گرفت نەناردووە بۆ خاڵەکانی پشکنین.
فڕۆکەکە 46 سەرنشینی تێدا بووە، کە دووانیان منداڵ و شەشی دیکەیان سەر بە تیمی فڕۆکەوانییەکە بوون.
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان لەسەر روداوەکە، پاشماوەی فڕۆکەکە بە دووری 15 کیلۆمەتر لە شاری تیندا دۆزراوەتەوە.
ئەوەشیان خستووەتە روو، پێناچێت هیچ سەرنشینێک لە روداوەکە رزگاری بووبێت.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، دەست بەسەر نزیکەی شەش تۆن پەتاتەی خراپبوو و زیاتر لە یەک تۆن خۆراکی تێکچوو و 35 کارتۆن جگەرەدا گیراوە، کە خاوەنەکانیان بەنیازبوون لە بازاڕەکاندا ساغیان بکەنەوە.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، له ئهنجامی سهردان و پشكنینی لیژنه هاوبهشهكان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه گشتییهكان و ههموو ئهو كۆگایانهی كاڵاوشمهكییان تێدا عهمبار دهكرێت، دەست بهسهر پێنج تۆن و 700 كیلۆگرام پهتاته و زیاتر له تۆنێك خواردهمهنی دیكهی جۆراوجۆردا گرتووه، كه شیاوی خواردن و بهكارهێنان نهبوون، بهڵام خاوهنهكانیان بهنیازبوون به هاووڵاتیانی بفرۆشن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی سلێمانی دهستی بهسهر 35 كارتۆن جگهرهی خراپبوودا گرتووه، بۆ له ناوبردنیشی رهوانهی قائیمقامیهتی كردووه.
لەلایەکی دیکەوە قائیمقامییەتی سلێمانی سوپاسی چەند کۆمپانیا و دوکاندارێکی کردووە، کە لیژنەکانیان لە هەبوونی زیاتر لە پێنج تۆن شیرەمەنی و 500 کیلۆگرام بەهاران و یەک تۆن و 200 کیلۆگرام خواردەمەنی جۆراوجۆر ئاگادار کردووەتەوە، بۆ لەناوبردنیان.
ئەوەش هاتووە، سەرەڕای لەناوبردنی سەرجەمیان لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوون، ئەو شوێنانەی پەتاتە و جگەرە خراپبووەکە تێیدا دەستی بەسەردا گیراوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
فریاکەوتنی روسیا بڵاویکردەوە، پەیوەندییان لەگەڵ فڕۆکەیەکدا پچڕاوە کە ٤٦ سەرنشینی هەڵگرتووە.
فریاکەوتنی روسیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەک بە 46 سەرنشینەوە لە ناوچەی ئامور دیار نەماوە، کە دووانیان منداڵن و شەشی دیکەشیان سەر بە ستافی فڕۆکەکەن.
ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا تیمە فریاگوزارییەکان سەرقاڵی گەڕانن لە ناوچەکەدا بە مەبەستی دۆزینەوەی فڕۆکەکە.
فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای ئانگارایە لە جۆری ئێن-24، دوای چەند کیلۆمەترێکی کەم لە فڕین، لەناکاو پەیوەندی لەگەڵ خاڵی چاودێری فڕۆکەخانەدا پچڕاوە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای دیکە کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر بەشداریکردنی هەسەدە لە پێکهاتەی سوپای سوریای نوێدا.
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و وەفدێکی یاوەری گەیشتوونەتە پاریس و بڕیارە زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا ئەنجامبدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر چەندین پرسی گرنگ، لە نێویاندا رۆڵی هێزەکانیان لە داهاتووی سوریادا و میکانیزمی بەشداریکردنیان لە سوپای سوریای نوێدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاری ئیستانبوڵ میوانداریی گەڕێکی نوێی دانوستانی راستەوخۆی نێوان روسیا و ئۆکراینی کرد، لە کاتێکدا هەردوولا بە هیوای کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ شەڕی سێ ساڵەی نێوانیان، چاویان لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ڤلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی وەفدی روسیا و روستەم ئومێرۆڤ، سەرۆکیوەفدی ئۆکراین، لە کۆشکی چیراغان لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی داخراویان ئەنجامداوە. ئەمە سێیەمین گەڕی دانوستانەکانە کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت.
بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، کرملین رایگەیاند کە پێشبینی دانوستانێکی "زۆر قورس" دەکەن. دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملین، ئاماژەی بەوەدا کە دانوستانەکان لەسەر ئەو یاداشتنامانە دەبێت کە پێشتر هەردوولا ئاڵوگۆڕیان کردووە و جەختیکردەوە کە پێکهاتەی وەفدی روسیا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و هێشتا ڤلادیمیر مێدینسکی سەرۆکایەتی دەکات.
پێسکۆڤ وتیشی: "هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی هیوای پێشکەوتنێکی گەورەمان هەبێت، بەڵام ئێمە بەنیازی ئەوەین بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین و ئەو ئەرکانەی لە سەرەتاوە دیاریمان کردوون جێبەجێیان بکەین."
هێشتا هەڵوێستی هەردوولا لەیەکترەوە دوورە و ئەمەش ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم دانوستانەکانە.
داواکارییەکانی روسیا: مۆسکۆ داوای کشانەوەی هێزەکانی ئۆکراین دەکات لەو چوار هەرێمەی کە لە ساڵی 2022دا لکاندی بە خۆیەوە، هەروەها دانیشتوانی هەرێمی کریمیا کە لە ساڵی2014ەوە لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. جگە لەوەش، داوا دەکات کیێڤ واز لە هەموو جۆرە پشتیوانییەکی سەربازیی رۆژئاوا بهێنێت و نەچێتە ناو هاوپەیمانیی ناتۆوە.
داواکارییەکانی ئۆکراین: کیێڤ ئەم مەرجانە رەتدەکاتەوە و داوای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی روسیا لە خاکەکەی دەکات. هەروەها داوای گەرەنتی ئەمنی لە رۆژئاوا دەکات کە بەردەوامیدان بە پێدانی چەک و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەوروپییەکان دەگرێتەوە. ئۆکراین بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، سوورە لەسەر ئاگربەستێکی 30 رۆژە، کە مۆسکۆ بەهۆی پێگەی بەهێزی لە بەرەکانی جەنگدا، رەتیدەکاتەوە.
ئەم گەڕەی دانوستانەکان لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت کە مۆڵەتی 50 رۆژی داوەتە روسیا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ کیێڤ، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
سەرۆکی ئۆکراین، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، هیواخوازە کە لەم گەڕەی دانوستانانەدا گفتوگۆ لەسەر ئاڵوگۆڕی نوێی دیلەکان و گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە ئۆکرانیانە بکرێت کە بە زۆرەملێ براون بۆ روسیا. هەروەها ئارەزووی خۆی بۆ "ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەک" لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەربڕیوە، بەڵام کرملین دەڵێت پێش گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەکان، هیچ مانایەک بۆ کۆبوونەوەی لوتکە نییە.
گەڕەکانی پێشووی دانوستانەکان لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەخۆوە نەبینی جگە لە رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی سەدان دیل و گەڕاندنەوەی تەرمی سەربازەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشوازیکردن لە وەفدێکی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر "میکانیزمێکی نوێ" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکە.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی وت: "وەفدەکە دێتە ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکە، نەک بۆ سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان."
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە تاران لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، هەڵپەساردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگەیاند، کە شارەزایان بە "قۆناغێکی مەترسیدارتر"ی قەیرانەکە وەسفیان کرد.
بڕیاری هەڵپەساردنی هاریکارییەکان دوای ئەوە هات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، یاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر درابوو. ئەم یاسایە دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هات، تاران هەڕەشەی لێپرسینەوەی لە ئاژانسەکە و بەڕێوەبەرە گشتییەکەی کرد و بە "هاودەستی لە تاوانەکان" تۆمەتباری کردن.
لە هەمان مانگدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو کە پشکنەرەکانیان ئێرانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ بارەگای ئاژانسەکە. بە وتەی ئاژانسەکە، پشکنەرەکان لە ماوەی پەرەسەندنە سەربازییەکاندا لە تاران مابوونەوە.
لە 10ی تەممووز، مەسعود پزیشکیان بە ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپای راگەیاند کە بەردەوامیی هاریکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەندە بەوەی کە ئاژانسەکە "هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی" خۆی بەرامبەر بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران راست بکاتەوە.
پزیشکیان هۆشداریشی دا کە ئەگەر هێرشکردنە سەر ئێران دووبارە ببێتەوە، وەڵامی تاران "توندتر و بە ئازارتر" دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و محەمەد مەحموودیان، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی کرد.
لە دیدارێکدا کە عیماد ئەحمەد و د. خەسرەو گوڵ محەمەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و هاریکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاری هاوبەش.
رێککەوتنی نوێ لەبارەی مووچەوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، سەرۆک بافڵ داوای لە هەرێمی کوردستان و بەغداد کرد پابەندبن و وتی، هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن و پێداگرین لەسەر ئەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان دابینبکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە؛ "هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە. هاوکات تیایدا داوایکردوە؛ "حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت."
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردووەتەوە؛ تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بوو، کە تایبەتە بە موچە، شایستە داراییەکان، هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە؛ هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، لەم چوارچێوەیەدا:
داهاتی نانەوتی: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
لیستی موچە: لیستی موچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران بە وردبینیکراوی ڕەوانەی بەغدا کراوە، هاوکات تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە نێردراوە.
نەوت: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەش بە لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە بۆ سەردانی کێڵگە نەوتییەکان و بەردەستخستنی زانیارییەکان. هەروەها هەردوو وەزارەت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر پرۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمیکردووە.
بەرامبەر بەم هەنگاوانە، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دەستبەجێ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت، کە ماوەی سێ مانگە راگیراوە و مافێکی دەستووری و یاساییانە.
ئەنجومەنی وەزیران بە رێز و پێزانینەوە هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند، کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، تێگەیشتنیان بۆ بارودۆخەکە هەبووە و داکۆکییان لە قەوارەی دەستووریی هەرێم کردووە.
هاوکات، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کرد بە شێوەیەکی راستگۆیانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانە، هەروەها داوایکرد نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ تێکدانی سەقامگیری دەکەن و پاساو بۆ ئەو ستەمە دەهێننەوە کە لە موچەخۆران و خەڵکی کوردستان دەکرێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران رێککەوتننامەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە یەکخستنی میکانیزمی کارکردنی هەردوو دەزگای پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری پەسەند کرد.
بڕیارە رۆژی هەینی، دادگای پێداچوونەوەی فەرەنسا، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەو وڵاتە، بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر ئەو تانەیەی لە فەرمانی دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی رژێمی سوریا دراوە، دەربکات. بڕیارەکە وەک پرسێکی چارەنووسساز چاوی لەسەرە و پەیوەستە بە تۆمەتبارکردنی ئەسەد بە دەست هەبوون لە هێرشە کیمیاییەکانی ساڵی 2013 کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس.
بڕیارە دانیشتنی دادگاکە رۆژی هەینی بەشێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەبچێت و راستەوخۆ لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخش بکرێت، تێیدا یەکلایی دەکرێتەوە کە ئایا فەرمانی دەستگیرکردنەکە یاساییە یان نا، هەروەها تا چەند دەتوانرێت پارێزبەندیی سەرۆکایەتی (حصانة رئاسية) لە کەیسەکاندا ببەزێنرێت کە گومانی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان لەسەرە.
ئەو تۆمەتە چییە کە ئاڕاستەی ئەسەد کراوە؟
کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە کیمیاییانەی کە درانە پاڵ رژێمی سوریا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا، دیارترینیان هێرشی سەر غوتەی رۆژهەڵات بوو لە 21ی ئابی 2013، کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا، زیاتر لە هەزار کەس بە گازی سارینی ژەهراوی کوژران. ئەمە جگە لە هێرشەکانی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی عەدرا و دوما لە رۆژانی چوارەم و پێنجەمی هەمان مانگدا، کە بووە هۆی برینداربوونی 450 کەس.
لە تشرینی دووەمی 2023، دوو دادوەر لە پاریس فەرمانێکی دەستگیرکردنی پێشینەنەکراویان بۆ سەرۆکێکی کارای وڵات دەرکرد و ئەسەدیان بە "هاوبەشیی کردن لە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کرد.
دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس لە حوزەیرانی 2024دا پشتگیریی لە فەرمانەکە کرد و رایگەیاند "ئەو تاوانانە ناچنە چوارچێوەی ئەرکە فەرمییەکانی سەرۆکی وڵاتەوە." ئەم هەڵوێستە مشتومڕێکی فراوانی لە ناوەندە یاسایی و دیپلۆماسییەکاندا دروست کرد.
داواکاری گشتیی فەڕەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، شانبەشانی داواکاری گشتیی تێهەڵچوونەوە، بەپەلە تانەیان لە بڕیارەکە دا و پشتیان بە بنەمای پارێزبەندیی رەهای سەرۆکی وڵاتان لەبەردەم دادگا بیانییەکاندا بەست، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
بەڵام کەیسەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک داواکاری گشتیی لای دادگای پێداچوونەوە، ریمی هیتز، پێشنیازێکی ناوازەی خستەڕوو و داوایکرد پارێزبەندیی کەسیی ئەسەد هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی فەرەنسا لە ساڵی 2012ەوە چیتر دان بە شەرعییەتی ئەودا نانێت وەک سەرۆک، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو "تاوانە بەکۆمەڵانەی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدران."
لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستگیرکردنەکە: دادوەرانی لێکۆڵەر دەتوانن فەرمانێکی نوێ دەربکەن، بەڵام لەو کاتەدا ئەسەد دەتوانێت پشت بە پارێزبەندیی کارایی (حصانة وظيفية) ببەستێت وەک "سەرۆکێکی پێشووی وڵات" کە کارەکانی لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکە فەرمییەکانیدا ئەنجامداوە.
لە ئەگەری پەسەندکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە: بڕیارەکە وەک پێشینەیەکی یاسایی فەڕەنسی و ئەوروپی لە دژی پارێزبەندیی سەرۆکایەتی هەژمار دەکرێت و رێگایەک بۆ دەستپێکردنی لێپرسینەوەی دادوەریی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەسەد لەبەردەم دادگا تاوانکارییەکاندا دەکاتەوە.

زانایانی زانکۆی هارڤارد لە نوێترین توێژینەوەدا باسیان لە هۆکارێکی تایبەت بە دایکانەوە کردووە لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا و ئاماژە بەوە دەکەن، زیادبوونی تەمەنی دایکان پەیوەندی هەیە بە دیاریکدنی رەگەزی کۆرپەلەوە.
ئەگەرچی لە رابردوودا دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە رێژەیەکی یەکسانی هەبوو لەنێوان رەگەزی نێر و رەگەزی مێ'دا، بە جۆرێک، دایکان تەنها خاوەنی کرۆمۆسۆمی X و باوکانیش خاوەنی هەریەک لە کرۆمۆسۆمیX وY 'ن. کە ئەگەر باوکەکە کرۆمۆسۆمی X بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە مێ دەبێت و ئەگەر کرۆمۆسۆمی Y بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە نێر دەبێت.
ئێستا زانایانی زانکۆی هارڤارد باس لەوەدەکەن، تەمەنی دایکیش دەتوانێت بەشدار بێت لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 28 ساڵی بەدواوە ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی لەدوای منداڵی یەکەم دەیبێت هەمان رەگەز بن بە رێژەی 43٪ـە.
هەروەها ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 23 ساڵی ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی دیکەی هەمان رەگەزی منداڵی یەکەم بن کەمدەبێتەوە بۆ 34٪.
ئەگەرچی زاناکان هۆکارەکەیان روون نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆکارەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکانی جەستەی دایکەکەوە هەیە، کە بەگوێرەی هەڵچوونی تەمەنی دەگۆڕێت و کاریگەریی دروست دەکات.
زانایانی زانکۆی هارڤارد ئەوەشیان روونکردووەتەوە، "سەرەڕای گەیشتن بەو ئەنجامە لە توێژینەوەکەماندا، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کەسەکان وەڵامندانەوەی جەستەیان بۆ گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکان جیاوازە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی خۆتدا دەکرێت هاوکار بێت".