تیمی فریاگوزاری روسیا کە بەدوای فڕۆکە بێسەروشوێنبووەکەی ئەم بەیانییەدا دەگەڕان رایگەیاند، پاشماوەی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە و پێناچێت هیچ کەسێک لە روداوەکەدا رزگاری بووبێت.

بەیانی ئەمڕۆ فریاکەوتنی روسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی روسی بە 46 سەرنشینەوە دیار نەماوە.

فڕۆکەکە لە شاری خابارۆڤسکی روسیاوە بەرەو شاری تیندا لە کۆماری بلاگۆڤێشچێنسک بەرێکەوتبوو، دووجار هەوڵی نیشتنەوەی داوە، بەڵام کێشەی بۆ دروست بووە.

کۆمپانیای بەرهەمهێنی فڕۆکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەر لە هەڵفڕینی فڕۆکەکە پشکنینی تەواوی بۆ کراوە و لەکاتی سەرەتای گەشتەکەشیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هەبوونی گرفت نەناردووە بۆ خاڵەکانی پشکنین.

فڕۆکەکە 46 سەرنشینی تێدا بووە، کە دووانیان منداڵ و شەشی دیکەیان سەر بە تیمی فڕۆکەوانییەکە بوون.

بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان لەسەر روداوەکە، پاشماوەی فڕۆکەکە بە دووری 15 کیلۆمەتر لە شاری تیندا دۆزراوەتەوە.

ئەوەشیان خستووەتە روو، پێناچێت هیچ سەرنشینێک لە روداوەکە رزگاری بووبێت.