هەواڵەکانهەواڵەکان

نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت تا هەشتی ئابی داهاتوو رێککەوتنێک لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت.

جۆن کێلی، جێگری کاروباری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا وتی: "پێویستە روسیا و ئۆکرین لەسەر ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی رێکبکەون. کاتی ئەوە هاتووە رێککەوتنێک بکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ترەمپ بە روونی وتوویەتی کە دەبێت ئەمە تا هەشتی ئاب ئەنجام بدرێت."

کێلی وتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاشتی."

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە مۆڵەتی 50 رۆژ دەداتە روسیا و ئۆکراین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دوای ئەوە بەنیازە باجی بازرگانی بە ڕێژەی %100 بەسەر مۆسکۆ و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا بسەپێنێت.

دواتر ترەمپ نائومێدی خۆی لە rوسیا و لە پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چارەسەری دەربڕی، بۆیە مۆڵەتەکەی بۆ 10 بۆ 12 رۆژ کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە دڵنیا نییە لە کاریگەریی ئەو سزایانە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای" (OpenAI)، خاوەنی چات جی پی تی، تایبەتمەندییەکی نوێی بە ناوی "دۆخی فێربوون" (Study Mode) خستە بەردەست کە رێگە بە خوێندکاران و ئەکادیمییەکان دەدات وانەکانیان بۆ شیکرێتەوە بەبێ بوونی مامۆستا، هاوکات ئامانج لێی کەمکردنەوەی قۆپیەکردنی ئەکادیمییە.

بەپێی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، ئەم تایبەتمەندییە نوێیە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی ئەرکی ماڵەوە، خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان و فێربوونی بابەتە نوێیەکان داڕێژراوە. هەروەها توانای کارلێککردنی لەگەڵ وێنەدا هەیە، کە رێگەی پێدەدات بۆ شیکردنەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پێشوو بەکابهێنرێت.

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاندووە، "دۆخی فێربوون" ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چات جی پی تی یە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ئامادە.  کۆمپانیاکە روونیکردەوە، ئەم ئامرازە تەنها چارەسەر پێشکەش ناکات، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری سەرپێچیکردن لەم شێوازە هەر دەمێنێتەوە ئەگەر خوێندکاران بڕیار بدەن تایبەتمەندییەکە بەکارنەهێنن.

ئۆپن ئەی ئای ئاشکرایکردووە کە زیاتر لە سێیەکی گەنجان لە تەمەنی خوێندنی زانکۆ لە ئەمریکا چات جی پی تی بەکاردەهێنن، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە نزیکەی چارەکێکی نامەکانیان لە رێگەی رۆبۆتەکەوە پەیوەندی بە فێربوون، وانەی تایبەت یان ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانەوە هەیە.

جەینا دیڤانی، بەرپرسی خوێندنی نێودەوڵەتی لە چات جی پی تی لە ئەمریکا، رایگەیاندووە کۆمپانیاکەیان نایەوێت رۆبۆتەکە لەلایەن خوێندکارانەوە بەهەڵە بەکاربهێنرێت و ئەم ئامرازە بە "هەنگاوێک بەرەو هاندانی بەکارهێنانی ئەکادیمی دروستکەرانەی چات جی پی تی" دادەنێت.

دیڤانی دانی بەوەدانا کە چارەسەرکردنی قۆپیەکردنی ئەکادیمی پێویستی بە "گفتوگۆیەکی گشتگیر لەسەر ئاستی پیشەسازی" دەبێت سەبارەت بە گۆڕینی شێوازەکانی هەڵسەنگاندن و دانانی "رێنمایی زۆر روون سەبارەت بەوەی چی بە بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی زیرەکیی دەستکرد دادەنرێت."

ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی بەوەشکردووە کە هاوکاری لەگەڵ مامۆستایان، زانایان و پسپۆڕانی پەروەردەدا کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەم ئامرازە، بەڵام هۆشداریشی داوە لە ئەگەری بوونی "هەڵسوکەوتی ناتەبا و هەڵە لە گفتوگۆکاندا".

ئەم پەرەپێدانە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی "گاردیان" ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2023_2024 نزیکەی 7000 حاڵەتی قۆپیەکردنی سەلمێنراو بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد لە زانکۆکانی بەریتانیادا تۆمارکراوە، کە دەکاتە 5.1حاڵەت بۆ هەر هەزار خوێندکارێک، ئەمەش بەراورد بە 1.6 حاڵەت لە ساڵی پێشوتردا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە هاوكاری نوسینگەی سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەمی عیراق تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی "عەجاج ئەحمەد حەردان" دەستگیر كرا.

بەپێی زانیارییەکان، تاوانبار "عەجاج ئەحمەد حەردان" یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە لە باشوری عیراق.

نوسینگەی خانمی یەكەمی عیراق رایگەیاندووە: داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان دەكەین پەیوەندیمان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.

عەجاج کێیە؟

عەجاج یان حەجاج، ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان) تکریتیە، خەڵکی تکریتە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حسێن، هەروەها پلەی رائیدی ئەمن بووە.

لەدوای روخانی رژێمی بەعس، ماڵی لە کەرکوک بووە، دواتر بەرەو سوریا رایکردوە و لە گەڕەکی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە شوقەیەکدا ژیاوە.

لەکاتی دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، بەردەوام سەیری پرۆسەکەی کردوە و ئاگاداری ئەوە بووە ناوی وەک تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە. 

سێ کوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەکداری قاعیدە و لە شەڕێکدا لە ناحیەی (زلوعیە)ی پارێزگای سەڵاحەدین کوژراون، هەروەها کوڕە بچووکەکەی ناوی رائید بووە و لە سوریا لەگەڵ باوکی ژیاوە.

عەجاج دوو پاسەوانی تایبەتی هەبووە بەناوەکانی سەخر و شەوقی، چارەنووسی سەخر نادیارە، شەوقی لە ساڵی ٢٠١١ چووەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەری کردوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.

سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟

گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.

سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.

 

"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"

 

لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.

تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.

ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.

 

چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟

چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.

تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.

ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!

 

"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"

 

لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.

 

"سێ خۆزگەکەی من"

 

لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.

 

"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"

 

بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.

لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.

 

"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"

 

لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.

لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.

 

چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟

لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.

 

وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا

 

 

"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"

 

لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.

باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.

لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.

 

وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رۆژئاوای كوردستانەوە 55 تۆن خۆراك و هاوكاری ئامادەیە بۆئەوەی رەوانەی پارێزگای سوەیدا بكرێت و بەسەر زیانلێكەوتوواندا دابەش بكرێت.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا 55 تۆن خۆراك و ئارد وەك یەكەم كاروانی هاوكاری مرۆیی بۆ زیانلێكەوتووانی پارێزگای سوەیدا ئامادە كراوە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشق دەكات بۆ رەوانەكردنی.

كۆمەڵەی میزۆپۆتامیا بە پاڵپشتی دانیشتوانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەستیكردووە بە ئامادەكارییەكان بۆ ناردنی ئەو هاوكارییە كە لە ئێستادا گەیشتووەتە شاری رەقە و بڕیارە لەوێشەوە رەوانەی سوەیدا بكرێت، كە پێشتر ئەو كۆمەڵەیە بانگەوازێكی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارییەكان دەستپێكردبوو.

لە 13ی ئەم مانگە، پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكومەتی دیمەشق و گرووپە چەكدارەكان لەگەڵ هێزە سەربازییە ناوخۆییەكانی سوەیدا سەریهەڵدا، ئەو پێكدادانانە بووەهۆی كوژرانی زیاتر لە هەزار و 472 كەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 150 هەزار كەس و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری شارەكە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سزا نوێیەكانی ئەمریكای ئیدانەكرد و بە پێشێلكاری یاسا و مافەكانی مرۆڤی وەسفكرد.

ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی سزا نوێیەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ سەر كەرتی وزەی تاران و چەند كەسێك، وتیشی، ئەمریكا خوی گرتووە بە سیاسەتی گۆشەگیری و هەڵسوكەتی نایاسایی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نایاساییەكانی و ئەو هەنگاوەی ئەمریكاش پێشێلكارییە بۆسەر یاسا و مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكان.

دەشڵێت، سزا نوێیەكانی ئەمریكا هەنگاوێكی پیسە و مەبەستی زیان گەیاندنە بە ئابوری ئێران و خۆشگوزەرانی گەلی ئێران.

شەوی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا زنجیرەیەك سزای بەسەر تۆڕێكی ئێرانی بە قاچاخبردنی نەوتدا سەپاند، كە زیاتر لە 50 ئەندام و دامەزراوەن و نەوتی ئێران و روسیایان بە وڵاتان فرۆشتووە، ئەوەش گەورەترین سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكایە بەسەر ئێراندا لە حەوت ساڵی رابردوودا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 3 بۆ 5 پلە دابەزیون، سبەینێ زیاتر دادەبەزن.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی کەمێک پەڵەهەور لە هەندێک ناوچەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، بەهەمان شێوە کەش جێگیر دەبێت و ئاسمان بە تەواوی ساماڵ دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی دوێنێ کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، پلەکانی گەرما 3 بۆ 5 پلە نزم دەبنەوە، بەپێی پێشبینییەکان سبەینێ 1 بۆ 2 پلەی دیکە دادەبەزن.

 

بەرزترینپلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:

هەولێر :  43 پلەی سیلیزی 

سلێمانی : 41 پلەی سیلیزی

دهۆک :  42  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 45 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  :  42 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 43 پلەی سیلیزی

سۆران :  42 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 31 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 45 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری یارییەکی سعودیە بەهۆی شکانی یەکێک لە یارییەکانەوە 32 کەس بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

روداوەکە لە شاری یارییەکی سعودیە رویداوە و لەو ساتەی یارییەکە لە کاردا بووە و 32 کەسی لەسەر بووە، لەناکاو شکاوە و بەشێکی یارییەکە لە بەرزییەوە بەر بۆڕی راگرەکان دەکەوێت و دەکەێتە سەر زەوی.

لە روداوەکەدا سەرجەم 32 کەسەکە بریندار بوون، کە بەشێکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە و شکانی یارییەکە، چەند بەڕێوەبەر و کارمەندێکی شاری یارییەکەش بە مەبەستی لێپرسینەوە دەستگیر کراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی محەمەد نائینی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداری دایە ئیسرائیل و رایگەیاند، "بە بوێرییەوە هەڕەشەی دەستدرێژیی نوێ دەکات،" و جەختیشی کردەوە کە لە ئەگەری هەنگاونانی ئیسرائیل، "رێگە نادەین زەنگی ئاگادارکردنەوەکان لە ئیسرائیل بوەستن."

لە لێدوانێکدا، وتەبێژی سوپای پاسداران وتی: "پێویستە بزانن کە ئەگەر دەستدرێژی دووبارە ببێتەوە، رەنگە سروشتی وەڵامدانەوە و گۆڕەپانی شەڕەکە بگۆڕێت، و وەڵامەکان زۆر توندتر دەبن لە جاران."

نائینی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا دەستپێشخەری بۆ راگرتنی ململانێکە دەکەوێتە دەستی ئێمە." هەروەها وتی: "باشتر وایە سەرەتا داروپەردووی بنکەی عودەید لابدەن، تا بزانن چیتان بەسەرهاتووە، ئینجا قسەی بەتاڵ و هەڕەشە بکەن."

لە کۆتایی هەڕەشەکانیدا، وتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە: "ئاوارەبوون و هەڵاتنێکی گەورەتر لەوەی لە شەڕی 12 رۆژەدا بینیتان، دەبینن و دەرفەتی کارکردنی زەنگی ئاگادارکردنەوەکانتان لە ئیسرائیل ناهێڵین و توانای دەرچوونتان لە پەناگەکانیش نامێنێت."

لەلایەکی دیکەوە و هەرچەندە ئاگربەست لەنێوان تەلئەبیب و تاران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زەمیر، رایگەیاند کە "هێشتا ئاڵنگاریی زۆریان لەپێشە و کاتی پشوو و خاوبوونەوە نییە."

هاوکات، لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەری دەستپێکردنەوەی گورزی سەربازی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوور نەزانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی سلێمانی، لە روونکردنەوەیەکدا دەنگۆی شکانی هێڵی ئاوی دوکان - سلێمانی رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، تایبەتن بە تاقیکردنەوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی هێڵەکە.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، رایگەیاند: "ئەو کارە، تاقیکردنەوەی بۆری پەرەپێدانی هێڵی یەکی ئاوی دوکان-سلێمانییە و دوای تەواوبوونی کارەکانی، پێدانی ئاو لەو هێڵەوە زیاد دەکات."

ئەم روونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، کە بەردەوام لەلایەن هاووڵاتیانی ئەو سنوورەوە وێنە و ڤیدیۆی بۆریی ئاوی دوکان بڵاودەکرێتەوە و نیگەرانیی خۆیان لە شکانی هێڵەکە دەردەبڕن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی جەختدەکاتەوە کە هێڵەکە نەشکاوە و کارکردن تیایدا بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی ئاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، رۆژی چوارشەممە، داوای ناردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتری بۆ کەرتی غەززە کرد.

لە ئێکسی رەسمی خۆی، نووسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند: "حەماس خۆراکی لە خەڵکەکەی خۆی دزیوە. ئیسرائیل هەنگاوی ناوە. ئێمە هاوکاریمان لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە فڕێداوەتە خوارەوە و داواشمان لە وڵاتانی دیکە کردووە بەشداربن."

نووسینگەی ناتانیاهۆ دەشڵێت: "هەندێک وڵات وەڵامیان داوەتەوە. ئێمە دەرفەتمان رەخساندووە، دڵنیاییمان لە گەیشتنی هاوکارییەکان داوە. هەر وڵاتێک بەڕاستی بیەوێت یارمەتی بدات، بەخێرهاتنی دەکرێت."

ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە 2ـی ئازاری رابردوودا و دوای شکستپێهێنانی دانوستانەکانی ئاگربەست، گەمارۆیەکی سەرتاسەری خستبووە سەر هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە. هەرچەندە لە کۆتایی مانگی ئایاردا، سەرەڕای هۆشدارییەکان لە مەترسیی برسێتی، تەلئەبیب بە ڕێژەیەکی کەم دەستی بە ناردنەوەی هاوکاری کردەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەفتەیە، ئیسرائیل راگرتنی کاتیی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە بەشێک لە کەرتی غەززە راگەیاند و رێڕەوی ئارامی کردەوە بۆ ئەوەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان بتوانن خۆراک و پێداویستی بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی دانیشتووی کەرتەکەدا دابەش بکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی ئیدوارد ئاڵگرن، ‌راوێژكارى باڵای وەزارەتی به‌رگريى به‌ريتانیا بۆ کاروباری‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئەفریقا و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق و ناوچەکەیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (30/7/2025) لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عیراق و ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون لە شەڕ و بارگرژییەکانی ماوەی رابردووی ناوچەکەدا سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی عیراق ئەرێنی بووە و جەختیشیان کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عیراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عیراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا کرا.

لەمبارەیەوە وەفدی سەربازی بەریتانیا جەختیان کردەوە، بەریتانیا وەک هاوبەش و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و کار دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەڕووی راوێژی سەربازی و راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو بومەلەرزەیەی نیمچە دورگەی کامچاتکای لە رۆژهەڵاتی رووسیا هەژاند، بە گوڕی 8.8 پلە، وەک یەکێک لە 10 بەهێزترین بومەلەرزەکانی جیهان لە ساڵی 1900ەوە پۆلێنکراوە.

دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بومەلەرزەیە لە دوای بومەلەرزە 9 پلەییەکەی ساڵی2011ی ژاپۆنەوە بە بەهێزترین دادەنرێت. لقی کامچاتکای ئەکادیمیای زانستی رووسیاش پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە ناوچەکەی هەژاندبێت لە ساڵی 1952ەوە.

بومەلەرزە بەهێزەکە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی و هۆشداری لە چەندین ناوچەی زەریای هێمن بڵاوکرایەوە. هۆشدارییەکان ناوچەکانی دورگەکانی هاوای و بەشێک لە دورگەکانی ئەلوشیانی ویلایەتی ئەلاسکا، کەناراوەکانی رۆژئاوای کەنەدا و ئەمریکا تا سنووری مەکسیک، هەروەها فلیپین و ئیندۆنیسیای گرتەوە.

لە کامچاتکا ژووری فریاگوزاری خێرای هەرێمی پێکهێنرا و تیمە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنینی وردی دامەزراوە گرنگەکان کرد، بەتایبەتی قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هەر زیانێک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی جێگری ئه‌دميراڵ ئێدوارد ئاڵگرن، راوێژكارى باڵاى بەرگری به‌ريتانيا بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئەفریقا کرد.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەگەڵ هاوپەیمانان کرا و جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێزانینی بۆ رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت بەریتانیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە عیراق و ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە و پێویستمان بە ستراتیج و پلانی نوێ هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.

پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ وتی، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێت رێگریی لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکەمان تێکبدات.

پێشهاتەکانی سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە سەقامگیریی ئەو وڵاتە و پاراستنی مافی هەموولایەک بە تایبەت کورد کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راپۆرتێکی بی بی سی خراپترین شوێنی جیهان بۆ ژنان ئاشکرادەکات

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، تا ئێستا هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نەگەیشتووەتە یەکسانیی رەگەزیی تەواوەتی، کە بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بنبڕکردنی هەژاری دادەنرێت.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکسانیی جێندەری لە رێگەی چەندین پێوەرەوە دەپێورێت، لەوانە: توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەری، بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا، نوێنەرایەتیکردنیان لە ئاستی سیاسی و رێژەی مردنی دایکان لە کاتی منداڵبووندا.

لە نوێترین راپۆرتەکاندا، کە پشت بەستووە بە داتا نوێیەکان، یەک لە ترسناکترین وڵاتەکان بۆ ژنان "هایتی"ە، لەوێ، دەستدرێژیی سێکسی وەک چەکێک بەکاردەهێنن بۆ تۆقاندنی خەڵک و فراوانکردنی دەسەڵاتیان، کچان، بەرلەوەی بگەنە تەمەنی ناسین و هەستکردن بە خۆیان، تێکدەشکێنرێن و دوور دەخرێنەوە لە هەر گەشەیەکی فکری و جەستەیی، ئەم ڕاپۆرتە بەوردی چیرۆک و بارودۆخی ژنانی هایتی دەگێڕێتەوە، کە بە وتەی بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە "خراپترین شوێن لە جیهاندا بۆ ژنان ناودەبرێت" ئەمە لە کاتێکدا کە ئەگەر وڵاتانی تر بێنە ناوەوە، رەنگە ریزبەندییەکە ئەڤغانستان و چەندین وڵاتی تری تێبکەوێت.

چیرۆکی خەمناکی هێلین:

هێلین (ناوێکی خوازراوە) تەمەنی 17ساڵ بوو کاتێک گروپێکی چەتە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکەیان لە پۆرتۆ پرینس، پایتەختی هایتی. ئەو کچە تازە لەدایکبووەکەی لە باوەشیدایە و دەڵێت، "پیاوە چەکدارەکان کاتێک هەوڵمدا هەڵبێم، منتیان رفاند و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەریان کردم."

ئەم ژنە گەنجە کە ئێستا تەمەنی ١٩ ساڵە، دەڵێت: "هەموو رۆژێک چەندین پیاوی جیاواز کە دەمامکیان بەستبوو و نەمدەناسین، دەستدرێژییان دەکردە سەرم و لێیان دەدام. هەندێک لەو کارانەی لەگەڵیان کردم هێندە ئازاربەخش بوون کە ناتوانم بۆتانی بگێڕمەوە."

هێلین درێژەی پێدەدات، "کاتێک دووگیان بووم، بەردەوام پێیان دەوتم دەبێت منداڵەکەم لەبارببەم، بەڵام من رەتمکردەوە. وتم ئەم منداڵە رەنگە تاکە منداڵ بێت کە بتوانم هەمبێت."

کاتێک گروپە چەتەکە سەرقاڵی شەڕ بوون لەگەڵ گروپێکی تر، هێلین توانی هەڵبێت و ئێستا لەگەڵ نزیکەی 30 کچ و ژنی دیکە کە قوربانیی دەستدرێژین، لە خانەیەکی ئارامدا دەژین. بچووکترین کچی نێو قوربانییەکان تەمەنی تەنها 12 ساڵە و بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە تەمەنی خۆی بچووکتر دەردەکەوێت.


دەستدرێژیی بەکۆمەڵ و ئاماری شۆکهێنەر:

هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان لە پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی هایتی، ئامارەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبوونەتەوە.

رێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" کە کلینیکێکی تایبەتی بۆ قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی لە پۆرتۆ پرینس کردۆتەوە، داتایەکی تایبەتی بۆ "بی بی سی" ئاشکرا کردووە کە نیشانی دەدات ژمارەی سەردانیکاران لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە.

قوربانییەکان دەگێڕنەوە کە گروپە چەتەکان دەستدرێژیی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و ملکەچکردنی دانیشتووان بەکاردەهێنن. دیانا مانیلا ئارۆیۆ، بەرپرسی نووسینگەی پزیشکانی بێ سنوور لە هایتی، دەڵێت: "قوربانییەکان باسی دەستدرێژیی بەکۆمەڵ دەکەن لەلایەن دوو، چوار، حەوت و تەنانەت 20 کەسەوە."

ژنێکی دیکە دەگێڕێتەوە: "هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکەمان، کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە بینیم دایکم، باوکم و خوشکەکەم کوژراون. چەکدارەکان تەرمەکانیان لەناو ماڵەکەدا بەجێهێشت و ئاگریان تێبەردا." دواتر کاتێک ویستویەتی هەڵبێت، لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیرکراوە و دەڵێت: "دەستدرێژییان کردە سەرم، کچە شەش ساڵانەکەشم لەگەڵ بوو، دەستدرێژییان کردە سەر ئەویش، پاشان برا بچووکەکەمیان لەبەرچاوی ئێمەدا کوشت."


داڕمانی سیاسی و قەیرانی مرۆیی:

هایتی لە دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە ساڵی 2021ـەوە، تووشی بۆشایی سیاسی و شەپۆلێکی توندی توندوتیژی بووە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش رووبەڕووی برسێتییەکی توند بوونەتەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی کینیا، گروپە چەتەکان توانیویانە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پایتەختدا لە %85ـەوە بە %90 زیاد بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بودجەی ئاژانسی "یوئێسئەید"ی بۆ هایتی راگرت و بە "بەفیڕۆدانی سامان" ناویبرد. لولا کاسترۆ، بەڕێوەبەری هەرێمیی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "پۆرتۆ پرینس خراپترین شوێنی جیهانە بۆ ژنان."

ئەو هۆشداری دەدات کە کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژنان دەبێت، چونکە ناچار دەبن بۆ دۆزینەوەی خۆراک روو لە شەقامەکان بکەن و زیاتر رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.

لە کۆتاییدا، هێلین و ژنانی دیکەی ناو خانە ئارامەکە، لە داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان دەترسن. هێلین دەڵێت: "هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی بچمە قوتابخانە و داهاتوویەک بۆ خۆم دروست بکەم، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە لەم تەمەنە کەمەدا ببمە دایک."

 
زانیاری گشتی دەربارەی هایتی:

هایتی، کۆماری هایتی، وڵاتێکە لە دەریای کاریبی و لەسەر دوورگەی هیسپانیۆلا هەڵکەوتووە. پایتەختەکەی پۆرت ئۆ پرەنسە. هایتی لەگەڵ کۆماری دۆمینیکان هاوسنوورە.

  • زمانە فەرمییەکان: فەرەنسی و کریۆلی هایتی.

  • دراو: گورد.

  • دانیشتووان: نزیکەی 11.3 ملیۆن کەسە.

  • پێکهاتەی نەتەوەیی: %95ی دانیشتووانەکەی رەشپێستن.

  • ئایین: زۆرینەی خەڵکی هایتی کریستیانن و کەمینەیەکیش پەیڕەوی لە ئایینی ڤۆدۆ دەکەن.

مێژوو و سیاسەت:

هایتی یەکەمین کۆماری سەربەخۆی ڕەشپێستانە لە جیهاندا و لە 1ی کانوونی دووەمی1804سەربەخۆیی خۆی لە فەرەنسا وەرگرتووە. مێژووی هایتی پڕە لە ناسەقامگیری سیاسی و کودەتا و دیکتاتۆریەت. لە ساڵی2021، سەرۆکی وڵات، جۆڤینێل مۆیس، تیرۆرکرا. لەم دواییانەدا و لەژێر گوشاری باندە مافیاییەکان، سەرۆکی هایتی وازی لە پۆستەکەی هێناوە.

جوگرافیا و ژینگە:

هایتی بەهۆی هەڵکەوتنی لەسەر هێڵی بوومەلەرزە، رووبەڕووی کارەساتی سروشتی زۆر بووەتەوە. لە ساڵی 2010 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی7 رێختەر وڵاتەکەی هەژاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 300 هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر. هەروەها لە ساڵی2021 بوومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز ناوچە ئاوییەکانی هایتی هەژاند.

ئابووری:

هایتی بە هەژارترین وڵاتی کیشوەری ئەمریکا دادەنرێت و یەکێکە لە وڵاتە هەرە کەم گەشەسەندووەکان لە جیهاندا. ئابوورییەکەی پشتی بە کشتوکاڵ بەستووە و رێژەی هەژاری و بێکاری تێیدا زۆر بەرزە. کارەساتە سروشتییەکان و ناسەقامگیری سیاسی کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر ئابووری وڵاتەکە هەبووە.

کلتوور:

کلتووری هایتی تێکەڵەیەکە لە کلتووری ئەفریقی، فەرەنسی و تایینۆ (دانیشتووانی ڕەسەنی دوورگەکە). مۆسیقا و سەما بەشێکی گرنگی کلتووری هایتین و "کۆمپا" جۆرێکی بەناوبانگی مۆسیقای هایتییە. هەروەها هونەری هایتی بەتایبەت نیگارکێشی، ناوبانگێکی جیهانی هەیە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی تەمموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا دوا هەنگاوەکانی خەرجکردنی موچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، لیستی موچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، بۆیە ئەرکی وەزارەتی دارایی عیراقە کە لە بەرامبەردا، موچەی ئەو مانگەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

ئەنجومەنی وەزیران نوێنەرانی هەرێمی لە لیژنە هاوبەشەکان راسپارد کە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆ بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ئەو بڕە نەوتەی ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە.
 حکومەتی هەرێمیش بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە لە ئەستۆ دەگرێت کە نەوتەکەیان بۆ بەکار‌هێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پابەندبوونی بە لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە بەرامبەردا پێویستە حکومەتی فیدراڵ موچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز هاوشێوەی موچەخۆرانی تری عیراق خەرج بکات، چونکە هەرێم پابەندییەکانی خۆی لە دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتیدا جێبەجێ کردووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...211212213214215...986