دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خێراترین رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی کەرتی غەززە، خۆبەدەستەوەدانی بزووتنەوەی حەماسە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی نوسیویەتی: "خێراترین رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە، خۆبەدەستەوەدانی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانە".
لەلایەکی ترەوە و لە هەوڵێکدا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەست، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل. سەردانەکەی ویتکۆف هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تەلئەبیب و هۆشداریی روانگەیەکی جیهانی بۆ چاودێری برسێتی لە ئەگەری روودانی برسێتی لە کەرتی غەززە.
پەیامنێری کەناڵەکانی "العربیة/الحدث" رایگەیاند، ویتکۆف لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەنەدا وەک نوێترین وڵاتی ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.
هەفتەی رابردوو، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر گەیشتنە رێگەیەکی داخراو و هەردوولا یەکتریان بە هۆکاری شکستپێهێنانی دانوستانەکان تۆمەتبار کرد.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوێنێ چوارشەممە، ئیسرائیل وەڵامی نوێترین داواکاری و پێشنیازەکانی حەماسی داوەتەوە سەبارەت بە پێشنیازێکی ئەمریکا کە ئاگربەستێکی 60 رۆژە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان بە دیلە فەڵەستینییەکان لەخۆدەگرێت.
هاوکات، بڕیارە لە تەلئەبیب و قودس خۆپیشاندان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئەنجام بدرێت.
ناتانیاهۆ، کە هاوپەیمانییەکەی دوو حیزبی تێدایە کە داوای داگیرکردنی غەززە و دروستکردنەوەی نیشتەجێیە جولەکەنشینەکان دەکەن، جەختی کردووەتەوە کە تا کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس نەهێنرێت و چەک دانەنێت، جەنگ راناگرێت، لە بەرامبەردا حەماس ئەو داوایانە رەتدەکاتەوە.
جێی ئاماژەیە، قەتەر و میسر کە ناوبژیوانی گفتوگۆکانی ئاگربەست دەکەن، پشتگیری خۆیان بۆ راگەیەندراوێکی هاوبەشی فەرەنسا و سعودیە دەربڕی کە چەند هەنگاوێکی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی لەخۆگرتبوو.