تەڤگەری ئازادیی کە دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی "پەکەکە" دروست بوون، رایگەیاندوە؛ لە 16ـی تشرینی دووەمی، کە دەکاتە دوێنێ ئەو هێزانەیان، کە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو کشاندوەتەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان، ئاماژەیان بەوەشکردوە ، باوەڕیان وایە ئەم هەنگاوەیان هاوکاریی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا دەکات.
تەڤگەری ئازادیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ لە 26ـی تشرینی یەکەم کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا رایانگەیاند 25 گەریلایان لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، و لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر.
ئاماژەیان بەوەشکردوە لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ و لە ئێوارەی دوێنێوە 16ـی تشرینی دووەم، هێزەکانیان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان و لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.
تەڤگەری ئازادی دەشڵێت؛ دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلایان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئەوان بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات.
جەختیشیان کردوەتەوە؛ لەو بڕوایەدان کە ئەم هەنگاوە نوێیەیان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، حەماس کار لەسەر گواستنەوەی چەکەکانی دەکات بۆ ئەو وڵاتانی پاڵپشتی دەکەن بە نهێنی، بە ئامانجی گواستنەوەی بە قاچاخ بۆ شوێنە ستراتیژییەکان، دەستەکە ئەوەشی خستوەتەروو، ئەم کارەی حەماس ئامادەکارییە بۆ ئەگەری ناچارکردنیان بە چەک دانان.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە؛ بزووتنەوەی حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری ناچارکردنی بە رادەستکردنی چەکەکانی و ماوەی دوو هەفتەیە چەکەکان دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی پاڵپشت، بە ئامانجی گواستنەوە و بە قاچاخبردنی بۆ شوێنە ستراتیژییە جیاوازەکان و بەکارهێنانەوە لەکاتی پێویستدا.
دەستەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو لە کاتێکدا قۆناغەکانی داهاتووی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ چەکداماڵینی حەماس لەخۆدەگرێت، بەڵام بزوتنەوەکە لە چەند هەفتەیەکە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی چەک لە ئەفریقا و یەمەن و وڵاتانی دیکەی پشتگیریی حەماس.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە؛ ئەم هەوڵەی حەماس لە کاتێکدایە کە هەموو لایەنەکان باس لە چەکداماڵینی حەماس دەکەن و ئەم کۆکردنەوەش بەڵگەی زیاترە لەسەر ئەوەی حەماس مەبەستی راستەقینەی درێژەدانە بە پلانە درێژخایەنەکانی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراقی کرد.
لە سەردانەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشی خۆی گەیاندە سەرۆک کۆماری عیراق بۆ کۆچی دوایی مامۆستا (شەماڵ رەشید)ـی برای و هیوای خواست دوایین ماتەمی بنەماڵە سەربەرزەکەیان بێت و گیانی کۆچکردووش بۆ هەمیشە شادبێت.
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانییەوە 351 کارتۆن جگەری بەستو دەستی بەسەردا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر بڕی 351 کارتۆن جگەری بەستوی مریشکدا گرت، کە بەشێوەیەکی شاراوە و لە بارهەڵگرێکدا بەقچاگ هێندراوەتە شاری سلێمانی، بەپێی یاسا و رێنماییە تەندروستییەکان رێگە پێنەدراوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، تۆمەتبار کە شۆفێری بار هەڵگرەکەیە بەپێی مادەی 10 لەیاسای پاراستنی بەکاربەر راگیراوە و دۆسیەی بۆ کراوەتەوە دەستیش بەسەر بار هەڵگرەکەدا گیراوە .
حکومەتی بەریتانیا خەریکی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی پەنابەریدا، کە بەپێی پلانە نوێیەکان، ئەو کەسانەی مافی پەنابەرییان پێدەدرێت، دەبێت 20 ساڵ چاوەڕێ بکەن دوای ئەوە دەتوانن داوای مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بکەن.
شەبانا مەحمود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بڕیارە رۆژی دووشەممە وردەکاریی ئەم چاکسازییە رابگەیەنێت کە بە "گەورەترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچدا لە مێژووی هاوچەرخدا" وەسفکراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەیە کە بە بەلەمی بچوک دەپەڕنەوە و داوای مافی پەنابەری دەکەن.
مافی مانەوەی کاتی: بەپێی پلانی نوێ، ئەو کەسانەی مافی پەنابەرییان پێدەدرێت، تەنها مافی مانەوەی کاتییان لە بەریتانیا دەبێت. پێگەی پەنابەرییان بەشێوەیەکی بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ئەگەر وڵاتی دایکیان بە "ئارام" هەژمار کرا، داوایان لێدەکرێت بگەڕێنەوە.
درێژکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانی: لە ئێستادا، پەنابەران دوای پێنج ساڵ مانەوە دەتوانن داوای مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (Indefinite Leave to Remain) بکەن. بەڵام بەپێی پلانی نوێ، ماوەی سەرەتایی لە پێنج ساڵەوە بۆ دوو ساڵ و نیو کەم دەکرێتەوە و دواتر بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، لە هەمان کاتدا ماوەی چاوەڕوانی بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە پێنج ساڵەوە بۆ 20 ساڵ درێژ دەکرێتەوە.
ئامانجی حکومەت لەم پلانە چییە؟
شەبانا مەحمود بە رۆژنامەی "سەندی تایمز"ی راگەیاندووە، "ئەم چاکسازیانە بۆ ئەوە داڕێژراون کە بە خەڵک بڵێین: وەک کۆچبەرێکی نایاسایی مەیەنە ئەم وڵاتە، سواری بەلەم مەبن." وتیشی: "کۆچی نایاسایی وڵاتەکەمان پەرتەوازە دەکات" و ئەرکی حکومەتە کە "وڵات یەکبخاتەوە."
ئەم سیاسەتە نوێیە لەسەر مۆدێلی دانیمارک داڕێژراوە، کە یەکێک لە توندترین سیستمەکانی پەنابەری و کۆچی لە ئەوروپادا هەیە و لەوێش پەنابەران مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییان پێدەدرێت.
ئەنجومەنی پەنابەران: ئینڤەر سۆلۆمۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەران، رایگەیاندووە کە ئەم پلانە لەبری رێگریکردن لە کۆچبەران، "خەڵک بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە دڵەڕاوکێ و بێئومێدیدا دەهێڵێتەوە."
لیبراڵ دیموکراتەکان: ماکس ویلکینسن، وتەبێژی حزبی لیبراڵ دیموکرات بۆ کاروباری ناوخۆ، رایگەیاندووە "گونجاوە کە حکومەت بەدوای رێگەی نوێدا بگەڕێت بۆ چاککردنی ئەو سیستمە شپرزەیەی کە پارتی پارێزگاران دروستی کردووە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی 12 مانگی منتهی بە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، 109343 کەس لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 17% زیادیکردووە. لە ساڵی 2025شدا زیاتر لە 39,000 کەس بە بەلەمی بچوک گەیشتوونەتە بەریتانیا.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین، نوێترین ئاماری زیانەکانی سوپای روسیای لە شەڕەکەدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکانەوە لە 24ی شوباتی 2022، سوپای روسیا ملیۆنێک و 158 هەزار و 260 سەربازی لەدەستداوە.
بەپێی راگەیاندنەکەی ئەرکانی گشتی کە ئەمڕۆ16ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، تەنها لە ماوەی24 سەعاتی رابردوودا، هێزەکانی روسیا 860 کوژراو و برینداریان هەبووە.
هاوکات، زیانە کەلوپەلییەکانی سوپای روسیا بەم شێوەیە بووە:
تانک: 11,353 (3ـی زیادیکردووە)
ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی شەڕکەر: 23,591 (3ـی زیادیکردووە)
ئۆتۆمبێل و تانکەری سووتەمەنی: 67,464 (68ـی زیادیکردووە)
سیستمی تۆپخانە: 34,469 (26ـی زیادیکردووە)
سیستمی موشەکی فرەهاوێژ: 1,543 (2ـی زیادیکردووە)
سیستمی بەرگریی ئاسمانی: 1,244
فڕۆکە: 428
هێلیکۆپتەر: 347
درۆن: 81,286 (409ـی زیادیکردووە)
کەشتی و بەلەم: 28
ژێردەریایی: 1
ئەمە لە کاتێکدا دێت کە بە پێی هەواڵی میدیاکانی روسیا، سوپای روسیا بەردەوامە لە پێشڕەوی و بەسیک لە ناوچەکانی ئۆکراینی داگیرکردووە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی 25ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئامارەکان داتایەکی ترسناک لەبارەی دۆخی ژنان لە تورکیا لە ماوەی 23 ساڵی رابردووی دەسەڵاتدارێتیی ئاکپارتیدا ئاشکرا دەکەن. بەپێی ئامارە کۆکراوەکان، لەم ماوەیەدا لانیکەم 8 هەزار و 381ژن کوژراون و هەزار و 381 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ئاکپارتی کە لە ساڵی 2002 بە دروشمی "لێبووردن بۆ توندوتیژی نییە" هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام بەپێی رێکخراوەکانی ژنان، سیاسەتەکانی حکومەت لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا نەک هەر توندوتیژیی کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو کوشتنی ژنانی گەیاندووەتە ئاستی "ژنکوژیی سیستماتیک".
ئاکپارتی ساڵی 2025ی وەک "ساڵی خێزان" راگەیاندبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکان، تەنها لە10مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم 231 ژن بەهۆی توندوتیژیی پیاوانەوە کوژراون و 245 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە بودجەی ساڵی 2026دا، بودجەی تەرخانکراو بۆ "پاراستن و بەهێزکردنی خێزان" (21.8 ملیار لیرە) نزیکەی سێ هێندەی ئەو بودجەیەیە کە بۆ "بەهێزکردنی ژنان" (7.9 ملیار لیرە) تەرخانکراوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە پشتگوێخستنی پرسی ژنان لە سیاسەتی حکومەتدا لێکدەدرێتەوە.
لە ساڵی 2021دا، تورکیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە "پەیمانی ئەستەنبوڵ" کشایەوە، کە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. رێکخراوەکانی ژنان ئەم هەنگاوەیان بە "راگەیاندنی رەسمی سیاسەتی دژایەتیکردنی ژنان" ناوبرد. ئامارەکان دەریدەخەن کە دوای کشانەوە لە پەیماننامەکە، رێژەی توندوتیژییەکان زیادیکردووە و میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان لاوازتر بوون.
ئایشە میناز، ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی وان، رەخنە لە سیستمی دادوەریی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "کاتێک ژنێک دەکوژرێت، بکوژەکە لەبەردەم دادگا جلوبەرگی رێک لەبەردەکات و دەڵێت 'خۆشم دەویست' یان 'توڕەی کردم' و لە کۆتاییدا بە بیانووی 'رەفتاری باش' سزاکەی کەم دەکرێتەوە."
میناز جەختدەکاتەوە کە تاوانەکانی دژی ژنان دەبێت وەک "تاوانی سیاسی" و "تاوانی بەئەنقەست" مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و سزای توندیان بۆ دیاری بکرێت، نەک بە سیاسەتی بێسزایی، بکوژان هان بدرێن.
چاودێران ئەم پرسە بە دەسەڵاتی ئاکپارتیەوە دەبەستنەوە و دەڵێن؛ لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ئاکپارتیدا، دۆسیەی چەندین ژنی وەک گولستان دۆکوی خوێندکاری زانکۆ و رۆژین کابائیش تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و بکوژەکانیان دەستگیر نەکراون، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەردەوامی چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رەسمی لیستی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی بڵاوکردەوە کە لە تیروپشکیدا بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 دەرچوون.
بەپێی راگەیاندنێکی وەزارەتەکە، ئەو کەسانەی پێشتر ناویان تۆمارکردبوو، دەتوانن لەرێگەی لینکێکی تایبەتەوە بەدوای ناوەکانیاندا بگەڕێن و دڵنیاببنەوە لە دەرچوونیان.
بۆ بینینی ناوەکان، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی کە مابوون کۆتایی هاتووە و سەرجەم ئەنجامەکان بە رێژەی %100 لەگەڵ ئەنجامی جیاکردنەوە و ژماردنی دەستی هاوتا بوون.
جوممانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە راگەیاندنێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ کۆمسیۆن دەستدەکات بە پرۆسەی دابەشکردنی کورسییەکان، لەگەڵ کورسییەکانی کۆتای ژنان و کەمینەکان.
وتیشی، "نووسینگەی پارێزگاکان دەستیانکردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتی، حزب و کاندیدەکان."
غەلای جەختیکردەوە کە پێدەچێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکان رابگەیەنرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران، دەرگای تانەدان بۆ ماوەی سێ رۆژ دەکرێتەوە، کە لە رۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان لە ماڵپەڕی رەسمیی کۆمسیۆنەوە دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بڕی بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک پشکی شێریان بەرکەوتووە و قەزای دێرهلوک بە 122 ملیمەتر زۆرترین بڕی بارانی تێدا باریوە، لە بەرامبەردا چەند ناوچەیەکی پارێزگای کەرکوک هیچ بارانێکیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئەمڕۆ، 16ی تشرینی دووەمی 2025، بڵاوکراونەتەوە، زۆرترین بڕی بارانبارین لەم ناوچانە تۆمارکراوە:
لەلایەکی دیکەوە، چەندین ناوچە بڕی زۆر کەم یان هیچ بارانێکیان تێدا نەباریوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکوک، دیارترینیان بریتی بوون لە:
شایەنی باسە، لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین بڕی بارانبارین لە هیران تۆمارکراوە کە 25 ملم بووە و لە پارێزگای هەڵەبجەش، سیروان بە 39.4 ملم زۆرترین بارانی تێدا باریوە.
سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات 28 سكاڵا لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تۆماركراوە كە زۆترین سكاڵاش لە سنوری پارێزگای هەولێر بووە .
نەبەرد عومەر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند لە كاتی بەرێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەردوو رۆژەكە واتادەنگدانی تایبەت و گشتی 28 سكاڵا تۆماركراون كە زۆترینیان لە هەولێر بووە .
وتیشی لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەولێر 2 سكاڵا و لە سلێمانی 2 و لە دهۆكیش 2 سكاڵا لە دەنگدانی گشتیش 22 سكاڵا تۆماركراوەكە بەم شێوەیە بوو لە هەولێر 10 سكاڵا و لە سلێمانی 3 سكاڵا لە سلێمانی و 9 سكاڵاش لە دهۆك بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر سكاڵاكان نەبێتە گرفت لەسەر پرۆسەی دەنگدان ئەوە لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرا دەكرێت.
کاتز وتیشی: "غەززە تا دواین تونێل لە چەک دادەماڵرێت، حەماس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە چەک دەکرێت و لە کەرتی غەززەی کۆندا لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتییەوە - یان دیسانەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە - چەک دەکرێتەوە."
ئەم لێدوانەی کاتز لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار، ئاماژە بە دەوڵەتی فەلەستینی کرا لە رەشنووسی بڕیارێکی پێشکەشکراو بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە تایبەتە بەو هێزە ئەمنییە نێودەوڵەتییەی بڕیارە لە کەرتی غەززە بڵاوبکرێتەوە.
لە رەشنووسەکەدا هاتووە، "دوای جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی دەسەڵاتی فەلەستینی و بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، رەنگە لە کۆتاییدا هەلومەرج بۆ رێڕەوێکی باوەڕپێکراو بەرەو مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بڕەخسێت."
هەروەها لە بەندێکی نوێی رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەک لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دەستپێدەکات بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسۆیەکی سیاسی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەسەندوو."
جێی باسە، ئەمە هەمان ئەو داڕشتنەوەیەیە کە لە پلانی غەززەدا بە پشتیوانیی ئەمریکا بەکارهاتووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ناوی "دەوڵەتی فەلەستینی" لە دەقی سەرەکیی بڕیارەکەدا بهێنرێت، نەک لە پاشکۆکەیدا.
دەیان هەزار هاووڵاتی لە مانیلای پایتەختی فلیپین، دەستیان بە خۆپیشاندانێکی فراوان کردووە و داوای لێپرسینەوە دەکەن لە گەندەڵییەکی گەورە کە پەیوەستە بە پڕۆژەکانی کۆنترۆڵکردنی لافاو و تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای حکومەت، لەنێویاندا هاوپەیمانەکانی سەرۆک فێردیناند مارکۆسی کوڕ.
خۆپیشاندانەکە کە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، نوێترین کاردانەوەی توڕەیی گشتییە دوای ئاشکرابوونی ئەوەی کە هەزاران پڕۆژەی رێگریکردن لە لافاو لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا، یان بە کەرەستەی کوالێتی نزم دروستکراون یان هەرگیز بوونیان نەبووە و "پڕۆژەی وەهمی" بوون.
پۆلیس رایگەیاندووە کە نزیکەی ٢٧ هەزار ئەندامی کەنیسەی مەسیح (Iglesia Ni Cristo) لە مانیلا کۆبوونەتەوە و دروشمی دژە گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە. وتەبێژی کەنیسەکە رایگەیاند، ئامانجیان "دەربڕینی هەستی ناڕەزایەتی و پاڵپشتیکردنی ئەو دەنگانەیە کە ئیدانەی ئەو خراپە گەورەیە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومەت تێیدا تێوەگلاون."
توڕەیی هاووڵاتییان دوای ئەوە زیاتر بوو کە زریانەکانی ئەم دواییە زیانێکی گەورەیان بە ناوچە بەرفراوانەکانی وڵات گەیاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 259 کەس.
وەزارەتی دارایی فلیپین مەزەندەی کردووە کە وڵاتەکەی لە نێوان ساڵانی 2023 و 2025دا، بەهۆی گەندەڵییەوە لە پڕۆژەکانی کۆنترۆڵکردنی لافاودا، نزیکەی 118.5 ملیار پێسۆ (بەرامبەر بە 2 ملیار دۆلار) زیانی بەرکەوتووە.
لیژنەیەکی بەدواداچونی راستیەکان سکاڵای تاوانی دژی37 کەس تۆمارکردووە، کە سیناتۆر، ئەندامانی کۆنگرێس و بازرگانی دەوڵەمەندیان تێدایە. هەروەها سکاڵا لە دژی 86 بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیناسازی و نۆ بەرپرسی حکومی تۆمارکراوە بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج بە بەهای نزیکەی 9 ملیار پێسۆ (153 ملیۆن دۆلار).
لە نێو تۆمەتبارەکاندا، کەسایەتیی دیاری نزیک لە مارکۆس هەن، لەوانە مارتین رۆمواڵدێز، ئامۆزای سەرۆک و سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها چیز ئێسکۆدێرۆ، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی پیران. هەموو ئەوانەی تۆمەتبارکراون، رەتیانکردووەتەوە هیچ کارێکی هەڵەیان کردبێت.
سەرۆک مارکۆس بەڵێنیداوە کە ئەوانەی لەم گەندەڵییەدا تێوەگلاون، پێش پشووەکانی کریسمس دەخرێنە زیندانەوە و جەختیکردەوە کە "کەس لە لێکۆڵینەوەکان بەدەر ناکرێت." سەبارەت بە ئامۆزاکەی وتی، "هێشتا" هیچ تۆمەتێکی ئاراستە نەکراوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە، بەڵام دوپاتیکردەوە: "ئێمە دۆسیە بۆ نمایشکردن ناجوڵێنین، بەڵکو بۆ ئەوەی خەڵک بخەینە زیندانەوە."
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، هەندێک لە لایەنگرانی سەرۆکی پێشوو، رۆدریگۆ دۆتێرتی، داوایان لە سوپا کردبوو کە پشتگیریی خۆی بۆ مارکۆس بکشێنێتەوە. بەڵام ژەنەراڵ رۆمیۆ براونەری بچوک، سوپاسالاری فلیپین، ئەو داوایانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، دڵنیایی دەدەمە گەل کە هێزە چەکدارەکان بەشداری لە هیچ کارێکدا ناکەن کە پێشێلی دەستور بکات. نە ئەمڕۆ، نە سبەی."
مردنی تراژیدیی خێزانی "بۆجەک" کە بۆ پشوو لە ئەڵمانیاوە هاتبوونە ئەستەنبوڵ، تورکیای هەژاندووە. دوای ئەوەی سەرەتا گومان دەکرا رووداوەکە بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراکەوە بێت، بەڵام بەهۆی دەرنەچوونی ئەنجامی یەکلاکەرەوە لە پشکنینەکاندا، داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ دۆسیەکەی وەک "مردنی گوماناوی" و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری "دەستێوەردانی دەرەکی" دەستیپێکردووە.
چیرۆکی کارەساتەکە:
خێزانی بۆجەک، دوای خواردنی چەند جۆرێکی خۆراکی وەک "تەنتونی، کوکمیدیا، کۆکۆرێچ و سوجوک" )چەند خواردنێکی تورکین) لە ناوچەی ئۆرتاکۆی، باری تەندروستییان تێکدەچێت و دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە. لەوێ، کادیر محەمەدی 6 ساڵان و مەسالی 3 ساڵان گیان لەدەستدەدەن. چەند رۆژێک دواتریش، دایکیان، چیغدەم بۆجەک، گیان لەدەستدەدات. باوکی خێزانەکە، سێرڤێت بۆجەک، لەژێر چاودێریی چڕدایە و بەپێی زانیارییەکان سێ جار دڵی لە لێدان کەوتووە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە.
گۆڕانی رێڕەوی لێکۆڵینەوە
تیمەکانی پزیشکی داد و وەزارەتی کشتوکاڵ، نمونەیان لەو خواردنانە وەرگرت کە خێزانەکە خواردبوویان، بەڵام لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نەدۆزرایەوە کە ببێتە هۆی ژەهراویبوون. ئەمەش وایکرد رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان بگۆڕدرێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "سەباح"ی نزیک لە حکومەت، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی روون، داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەستەنبوڵ بڕیاریدا دۆسیەکە لە چوارچێوەی "مردنی گوماناوی"دا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و فەرمانی بە بەشی کوشتنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەیرەتتەپە کردووە کە کاری لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکیش بکەن.
لە راپۆرتی توێکاریی دایک و دوو منداڵەکەدا، ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر ئەژنۆکان، خوێنبەربوون لە دیواری گەدە و هەندێک ناوچەی دیکەدا دەرکەوتووە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی مردنەکە بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە.
مستەفا چەلیک، باپیری منداڵەکان، کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان چووبووە پزیشکی داد، بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە داوای لە بەرپرسان کرد و وتی: "بۆ پشوویەکی هەفتەیەک هاتبوون، هەر سێکمان لەدەستدا. داواکارم واز لەم کەیسە نەهێنرێت، با جگەری کەسی دیکە نەسوتێت."
بەریتانیا ژمارەیەك كۆچبەری دیپۆرتی فەرەنسا كردەوە كە ژمارەیەكیان كوردن.
رەنج پشدەری چالاكوانی كورد بڵاویكردوەتەوە ، ئەو كۆچبەرانە كە پێشتر بە نایاسایی لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا كۆچیان كردوە ، كورد و عەرەب و ئەفغانین و لە دوای گەیشتنیان بە بەریتانیا بۆ ماوەی سێ مانگ دەستبەسەر كراون و دواتر دیپۆرتی فەرەنسا كراونەتەوە .
ئەو چالاكوانە لە زاری كۆچبەرەكانەوە ئاشكرایكردوە ، لە زیندانەكانی بەریتانیا چەندین كۆچبەر هەن كە لە رەوشێكی دەروونی خراپدان و لە چاوەروانی دیپۆرتكردنەوەدان .
ئەوە لە كاتێكدایە، لە چەند رۆژی رابردوو بەلەمێكی كۆچبەران بە 94 كۆچبەرەوە لە دەریای ئینگلیز نقومبوو ، دواتر 90 یان رزگاركران و تا ئێستا چارەنوسی 4 یان دیار نییە كە یەكێكیان كوردە.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عیراق رایگەیاند، دوێنێ شەممە، لە ئەنبار دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە 22 هەزار حەبی هۆشبەر کە ویستراوە لە رێگەی باڵۆنێکی هەواییەوە بگوازرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە چوارچێوەی پلانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان بەمەبەستی نەهێشتنی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان و بەپێی زانیارییە وردەکانی یەکێک لە سەرچاوەکانی، بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی پیادەی دەیەم توانیان دەستبگرن بەسەر باڵۆنێکی هەواییدا کە 22 هەزار حەبی کەبتاگۆنی تێدابووە."
ئاماژەی بەوەشدا، کە "ماددەکان بە شێوەیەکی یاسایی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرە دەروونییەکان کراون".