ئیلیزاڤێتا کریڤۆنۆغی، کە دەگوترێت کچی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیایە، بە ئاشکرا باسی 'پیاوێک'ی کرد کە ژیانی 'وێران' کردووە و 'ژیانی ملیۆنەها کەس'ی لەناوبردووە. هەرچەندە ناوی کەسی نەهێنا، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێن، مەبەستی لە سەرۆکی کرملن بووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی، ئەو خانمە تەمەن 22 ساڵە لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "قورسە کە بتوانم جارێکیتر روخسارم بە جیهان نیشان بدەمەوە. ئەمە بیرم دەخاتەوە کە من کێم و کێ ژیانی منی وێران کرد."

کریڤۆنۆغی پێشتر بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی فڕۆکەی تایبەت و یانە شەوانە سەرنجڕاکێشەکانی دەکرد، بەڵام ئەکاونتەکەی لە دەوروبەری کاتی توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین لە ساڵی 2022دا دیارنەما.

کریڤۆنۆغی کێیە؟

کریڤۆنۆغی، لەدایکبووی ساڵی 2003ی سانت پترسبۆرگە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کچی پوتن و پاککەرەوەی پێشووی، سڤێتلانا کریڤۆنۆغی بێت.

لە ساڵی 2020دا، میدیایەکی سەربەخۆ بە ناوی 'پڕۆێکت' بانگەشەی ئەوەی کرد کە 'کچە نهێنییەکەی' سەرۆکی روسیای دۆزیوەتەوە دوای لێکۆڵینەوە لە سامانی سڤێتلانا کریڤۆنۆغی کە ملیۆنێرێکی رووسییە. هەروەها راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو سامانەی بەهۆی پەیوەندییەکی سۆزدارییەوە لەگەڵ سەرکردەیەکی روسیادا بەدەستهێناوە.

راپۆرتەکەی 'پڕۆێکت' بانگەشەی ئەوەشی کرد کە کچەکەی سڤێتلانا 'لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری' لەگەڵ پوتندا هەیە. دواتر کچەکە بە ناوی 'لویزە ڕۆزۆڤا' ناسێنرا. ئەو لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراینیاوە کەمترین دەرکەوتنی هەبووە.

لە بەرانبەردا کرملن ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە 'بێ بنەما و ناباوەڕپێکراو' ناوی بردن.

ژیانی کریڤۆنۆغی لە پاریس

لەوەتەی ئەمساڵ، هونەرمەندی روسی ناستیا ڕۆدیۆنۆڤا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کریڤۆنۆغی وەک بەڕێوەبەر لە دوو گەلەری هونەری لە پاریس کاردەکات کە بە پیشاندانی هونەری دژە جەنگ ناسراون.

لە ناسنامەی لەدایکبوونی ڕۆزۆڤادا ناوی باوکی نەنووسراوە، بەڵام ناوی باوکایەتییەکەی 'ڤلادیمیرۆڤنا'یە، کە بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەک بە پوتنەوە. هەروەها ناوی خوازراوی 'ڕودنۆڤا'ش دەگوترێت پەیوەندی بە ئۆلێگ رودنۆڤەوە هەیە، کە هاوڕێیەکی نزیکی پوتن بوو و لە ساڵی 2015 کۆچی دوایی کرد.

لە چاوپێکەوتنێکی دەنگیدا لە ساڵی 2021، ڕۆزۆڤا نە لێکچوونی لەگەڵ پوتندا پشتڕاستکردەوە و نە رەتیشیکردەوە، وتیشی کە زۆر کەس سیماکانیان لە یەکتر دەچێت. باسی لەوە کرد کە لە 'قۆقز'ێکدا دەژی، خۆی لە هەواڵەکان بەدوور دەگرێت و تەرکیزی لەسەر مۆدە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیەتی.

لە ساڵی 2023دا، بەریتانیا سزای بەسەر سڤێتلانا کریڤۆنۆغیدا سەپاند و وەک 'پشکدارێک لە بانکی رۆسیا و گروپی میدیای نیشتمانی' ناساندی، کە 'بەردەوام بانگەشە بۆ هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەکەن'.