
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی ئەمنی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) پلانی داگیرکردنی غەززەی پەسەند کردووە، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی سەرکردایەتی سوپای ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی ناتانیاهۆ، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە و لە هەمان کاتدا هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە دانیشتووانی مەدەنی لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ دەکات.
بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەکی چەندین کاتژمێریی کابینەی ئەمنی هات کە تا درەنگانی بەرەبەیان بەردەوام بوو.
پەسەندکردنی ئەم پلانە، کە بەشێکە لە پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ "تێکشکاندنی حەماس"، پەرەسەندنێکی نوێیە لە هێرشی 22 مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
وردەکاریی و کاردانەوەکان
بە گوێرەی رۆژنامەی "جورازەلیم پۆست"، حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی ناتانیاهۆی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتەکە پەسەند کردووە. هەروەها رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" بڵاویکردەوە کە دوای 10 کاتژمێر گفتوگۆ، کابینەکە پێشنیازەکەی نەتەنیاهووی پەسەند کردووە.
پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، باراک راڤید، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە کە پلانەکە ئاوارەکردنی "هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە شاری غەززەوە بۆ کەمپەکانی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە تا 7ی ئۆکتۆبەر" لەخۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیل دژایەتی خۆی بۆ ئەم پلانە دەربڕیوە. رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئاشکرایکردووە کە سوپاسالار ئیال زامیر دژی پلانەکە وەستاوەتەوە و هۆشداری داوە کە لەوانەیە دوو ساڵ بخایەنێت و ژیانی سەربازان و بارمتەکان بخاتە مەترسییەوە.
نیگەرانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان
خێزانی بارمتەکان لە غەززە ترسیان هەیە کە ئەم پەرەسەندنە ببێتە هۆی کوژرانی کەسوکارەکانیان و هەندێکیان لە دەرەوەی کۆبوونەوەکەی کابینەی ئەمنی لە قودس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هەروەها، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی پێشووی ئیسرائیلیش دژایەتی خۆیان بۆ پلانەکە راگەیاندووە و هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئەم هەنگاوە سوودێکی سەربازیی کەمی دەبێت و ئیسرائیل تووشی کێشەی سەربازی دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان "مەترسی دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ ملیۆنان فەڵەستینی لێدەکەوێتەوە و دەکرێت ژیانی بارمتەکان لە غەززە زیاتر بخاتە مەترسییەوە."
هەڵوێستی ناتانیاهۆ و حەماس:
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندبوو کە ئیسرائیل نیازی کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززەی هەیە، بەڵام نایەوێت وەک دەسەڵاتێکی حوکمڕان لەوێ بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت "دەوروبەرێکی ئەمنی" دروست بکات و دواتر بەڕێوەبردنی کەرتەکە بسپێرێتە لایەنێکی سێیەم یان هێزێکی عەرەبی.
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە کە لێدوانەکانی ناتانیاهۆ "کودەتایە" بەسەر رێڕەوی دانوستانەکانی ئاگربەستدا و بەردەوامییە بە سیاسەتی "قڕکردن و کۆچپێکردن".
پسپۆڕان و پزیشکان ئامۆژگاریمان دەکەن بە پەیڕەوکردنی نۆ خوی سادەی رۆژانە، کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و هاندانی زیرەکی. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆڕانکاریی بچووک لە شێوازی ژیاندا دەتوانێت پارێزگاری لە نەرمی مێشک بکات و توانای هزری بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەهێز بکات.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ڕیڵ سمپڵ"، خووە سادەکانی وەک خەوی باش، وەرزشکردن، تێڕامان (تەئەمول)، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، و گوێگرتن لە میوزیک، دەتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی رۆژانەدا دروست بکەن بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان لەسەر نەرمی مێشک و بەهێزکردنی بیرکردنەوە و توانا هزرییەکان.
لێرەدا ئەو نۆ خوە سادەیە دەخەینەڕوو:
1. خەوی رێک و پێک:
دکتۆر شارۆن برنگمان، پسپۆڕ لە بواری پزیشکیی پیریدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوی رێک و پێک زۆر پێویستە و دەڵێت: "لەکاتی خەودا، مێشک بەردەوامە لە کارکردن لە رێگەی چەسپاندنی یادەوەرییەکان و باشترکردنی توانای تەرکیز و شیکارکردنی کێشەکان." ئامۆژگاری دەکات کە کاتژمێرێک پێش نووستن لە مۆبایل دووربکەوینەوە بۆ باشترکردنی کوالێتی خەو.
2. وەرزشکردنی رۆژانە:
وەرزشی رێک و پێک یارمەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دەمارییەکانی مێشک دەدات و رێڕەوی نوێ دروست دەکات کە بۆ تەندروستیی هزری پێویستن. دکتۆرە برنگمان پێشنیاری وەرزشکردن دەکات بۆ ماوەی لانیکەم 30 خولەک لە رۆژێکدا.
3. تاقیکردنەوەی خولیای نوێ:
مێشک حەزی لە بەرەنگاری و نوێبوونەوەیە. پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن بە فێربوونی بەهرەی نوێ وەک خوێندنەوە، چنین، چاندن، یان وێنەکێشان بۆ دروستکردنی رێڕەوی دەماریی نوێ و هاندانی توانای فرەئەرکی و کۆنترۆڵکردنی سترێس.
4. پاراستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی:
دکتۆر جۆیل سالیناس جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی تردا بیرکردنەوە بەهێز دەکات و پشتگیری لە تەندروستیی سۆزداری دەکات. پەیوەندی تەلەفۆنی، سەردان، چالاکی بەکۆمەڵ، یان تەنانەت کاری خۆبەخشی، دەتوانن مێشک بە چالاکی و هاوسەنگی سۆزداری بهێڵنەوە.
5. تێڕامان و خەیاڵکردن:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خەیاڵکردن (شیرود) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە فێربوون و شیکارکردنی قووڵتر. پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن بە ئەنجامدانی چالاکیی هزری و تێڕامانی رۆژانە.
6. قسەکردن لەگەڵ خۆتدا:
دکتۆر رایان سوڵتان روونیدەکاتەوە کە قسەکردن لەگەڵ خۆتدا بە دەنگی بەرز، کۆنترۆڵی هزری بەهێز دەکات و خێرایی ئەنجامدانی ئەرکەکان دوو هێندە دەکات. بۆ نموونە، توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی لەکاتی گەڕان بەدوای کلیلدا وتوویانە "کلیل، کلیل،" خێراتر کلیلیان دۆزیوەتەوە.
7. هەستکردن بە بێزاری و وەڕسبوون:
دکتۆر سوڵتان روونیدەکاتەوە کە هەستی بێزاری تۆڕی "دۆخی بنەڕەتی" (Default Mode) لە مێشکدا چالاک دەکات، کە بەرپرسە لە داهێنان و بەیەکەوەبەستنی بیرۆکەکان.
8. بەسەربردنی کاتی زیاتر لە سروشتدا:
توێژینەوەیەکی بەلجیکی سەلماندوویەتی کە زیادکردنی رووبەری سەوزایی بە ڕێژەی %3 لە گەڕەکێکدا، دەتوانێت رێژەی زیرەکی بە تێکڕا 2.6 پلە بەرز بکاتەوە. سروشت سترێس کەمدەکاتەوە، چالاکی جەستەیی زیاد دەکات، و تەندروستی مێشک باشتر دەکات.
9. گوێگرتن لە میوزیک:
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میوزیک تەرکیز بەهێز دەکات و خێرایی وەڵامدانەوە زیاد دەکات. دکتۆر کێڤن وودز روونیکردەوە کە میوزیک بە وردی دیزاین کراوە بۆ هاندانی شەپۆلەکانی مێشک و زیادکردنی تەرکیز تەنها لە ماوەی چەند خولەکێکدا.
هەولێر و بەغداد لەڕێی رادەستكردنی راپۆرتێكی هاوبەش بە سەرۆك وەزیرانی عیراق نزیك دەبنەوە لە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ئەو وەفدەی لە هەولێرەوە بۆ مەبەستی تاووتوێكردنی دوایین وردەكاریەكانی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق سەردانی بەغدادیان كردبوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتێكی هاوبەشیان ئامادە كردوو و بریارە راپۆرتەكە رادەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكرێت.
بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، عیراق پێشنیازی كردووە لەڕێی بانكی رافیدەینەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر هەژمارەكانیان لە چوارچێوەی (هەژماری من) نەك پارەكە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.
باسی لەوەشكرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆمپانیایەكی ئەمریكی سەردانی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەكات و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كیڵگەكاندا دەخەمڵێنێت و چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێم و عیراقیش پابەندی بڕیاری كۆمپانیاكە بن.
دوای سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە واشنتۆن بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ئەوروپا و کیێڤ سەبارەت بە پرسی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین.
تۆمی بیگووت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و ئۆکراین. ئامانجی کۆتاییمان کۆتاییهێنانە بەم ململانێیە و کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی هەمیشەیی."
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان پوتین و ویتکۆف کردبوو لە کرملن و بە "پێشکەوتنێکی گەورە" وەسفی کردبوو.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپیەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ رێنمایی تیمەکەی کردووە کە پلان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا دابنێن لە زووترین کاتدا. هەروەها، هەندێک ڕاپۆرتی میدیایی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پوتین کۆببێتەوە و دواتریش کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتین و زیلینسکی بەبێ ئامادەبوونی سەرکردە ئەوروپییەکان ئەنجام بدات.
شایەنی باسە، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرۆکی روسیا پێشوازی لە ستیڤ ویتکۆف کرد لە مۆسکۆ و لایەنی ڕووسی کۆبوونەوەکەی بە "بونیادنەر" وەسف کرد و دووپاتیکردەوە کە هەردوولا باسیان لە چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا کردووە.
سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیکرد لە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-بەغداد و لە کۆبونەوەیەکدا باس لە ئامادەکاریەکان کرا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەکۆبونەوەکەدا، باس لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق و پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و پێویستی بەردەوامبوونی راوێژ و کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە پێی یاسا کرا.
هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرد، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
جەختیشیانکردەوە، لەسەر دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و شەفافانە نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات، ئامادەکاری بۆ کردنەوەی چوارەمین کۆرسی ئۆنلاینی فێرکردنی زمانی کوردی دەکات بۆ کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات (دیاسپۆرا).
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە کە پرۆژەکە لە ساڵی 2022ەوە بە هاوکاری "کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی" دەستیپێکردووە و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، سێ کۆرسی سەرکەوتووی بە بەشداریی 1000 هاونیشتیمانی لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە بەڕێوەبردووە و بڕوانامەی فەرمیی وەزارەتیان بە بەشداربووان بەخشیوە.
کۆرسی چوارەمی فێرکارییەکە لە ڕێکەوتی 1ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستپێدەکات و وانەکان لەلایەن مامۆستایانی کارامەی زمانی کوردییەوە بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی و کرمانجی دەگوترێنەوە.
وەزارەتی پەروەردە داوا لە سەرجەم کوردانی دیاسپۆرا دەکات "وەک ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی" سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و منداڵەکانیان لە هەر ئاست و تەمەنێکدا بن ناویان تۆمار بکەن، چونکە گرنگیدان بە زمانی کوردی "ئەرکێکە لە بواری پاراستنی شوناسی نەتەوەیی."
هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕبکەنەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان:
https://kurdistanidc.org/ziman/

پۆڵ مۆرقس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتی: "رەزامەندیمان نیشاندا لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداری لەسەر تەواوی خاکی لوبنان، بە حزبوڵڵاشەوە، و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان."
وەزیری راگەیاندنی لوبنان روونیکردەوە، حکومەت رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان و دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ دیاریکردنی هێڵی سنووری وشکانی.
مۆرقس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران هێشتا باسی لە وردەکاریی خشتەی کاتیی نێو پێشنیازە ئەمریکییەکەی نەکردووە و حکومەت چاوەڕوانی پلانێک لە سوپا دەکات سەبارەت بە میکانیزمی رادەستکردنی چەک، پێش ئەوەی بچێتە ناو گفتوگۆ وردەکانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مۆرقس باسی لە کشانەوەی پێنج وەزیر لە کۆبوونەوەکە کرد و جەختی کردەوە کە دەرچوونیان بە مانای دەستلەکارکێشانەوە نییە لە حکومەت و هەوڵەکان بۆ پاشگەزکردنەوەیان لە بڕیارەکەیان شکستی هێناوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵڵا لە لێدوانێکدا بە "سکای نیوز عەرەبییە" راگەیاندووە، کشانەوەی وەزیرەکانی حیزبەکە لە کۆبوونەوەی حکومەت وەک یەکەم هەنگاو دێت لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تاوتوێکردنی "پێشنیازەکەی باراک"، و جەختی کردەوە کە "هەموو ئەگەرەکان کراوەن" ئەگەر ئەم پێشنیازە پەسەند بکرێت.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی وتووە، حزبوڵڵا پێیوایە "تاکە رێککەوتن کە دەبێت لە قۆناغی ئێستادا جێبەجێ بکرێت، رێککەوتنی ئاگربەستە" و داوای لە لایەنی ئیسرائیلی کردووە کە بە تەواوی پابەندی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە بێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان سوپای وڵاتەکەی راسپاردووە کە پلانێک دابنێت بۆ کۆکردنەوە و مۆنۆپۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئەمەش وەک بەرەنگاربوونەوەیەکە بۆ ئەو گروپەی کە داواکارییەکانی چەکداماڵین رەتدەکاتەوە.
پێشتر لە رۆژی چوارشەممە، حزبوڵڵا رایگەیاندبوو کە حکومەت "گوناهێکی گەورەی" کردووە بە دەرکردنی بڕیارێک کە لوبنان لە چەک دادەماڵێت، و وتیشی: "مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا دەکەین وەک ئەوەی بوونی نەبێت."
شایەنی باسە، حزبوڵڵا داوا دەکات پێش گفتوگۆکردن لەسەر چارەنووسی چەکەکەی لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی بەرگریدا، ئیسرائیل لە 5 بەرزایی باشووری لوبنان بکشێتەوە کە دوای رێککەوتنی ئاگربەست هێزەکانی تێدا هێشتووەتەوە و هێرشەکانی رابگرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تەلئەبیب نیازی هەیە کۆنترۆڵی سەربازیی تەواوەتی بەسەر کەرتی غەززەدا بسەپێنێت و دواتر رادەستی هێزێکی چەکداری "دیارینەکراو"ی بکات کە بە شێوەیەکی "باش" ئیدارەی بکات.
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەناراوەکە دەکات کە درێژییەکەی نزیکەی 42 کیلۆمەترە، وتی: "نیازمان هەیە ئەو کارە بکەین". وتیشی: "نامانەوێت بیهێڵینەوە. دەمانەوێت پشتێنەیەکی ئەمنی دروست بکەین. نامانەوێت حوکمڕانی بکەین. نامانەوێت وەک لایەنێکی حوکمڕان لەوێ بین".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە سروشتی ئەو هێزە چەکدارە نەکرد کە نیازی وایە دوای کۆنترۆڵکردنی، حوکمڕانی کەرتی غەززەی پێ بسپێرێت، یان ئەوەی کە ئایا هێزەکە خۆجێی دەبێت یان دەرەکی.
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە و داگیرکردنی بە تەواوی.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایش گفتوگۆیەکی درێژ ئەنجام بدات و پلانێکی سەربازیی فراوان پەسەند بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە یان ئەو بەشانەی کە هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆ داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە ناوەڕاستی غەززە، بە شاری غەززەشەوە، لانیکەم چەند مانگێکی دەوێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی. هەروەها، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوی دەکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل پێیوایە هاوڵاتییە دیلەکانی تێدا راگیراون، کە ئەمەش لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
ناتانیاهۆ خۆی بۆ فراوانکردنی جەنگ ئامادە دەکات، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییە زۆرەکان بۆ راگرتنی شەڕ و گرنگیدان بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتەکە، و لەگەڵ دژایەتی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی خۆی.
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئایشەگوڵ دۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرنگە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنەکە بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەستپێکردنی کارەکانی هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای هاووڵاتی یەکسان دامەزرابێت.
پێشنیازی پڕکردنەوەی کورسییەکانی "ئیی پارتی"
وتەبێژی دەم پارتی ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی "ئیی پارتی" بڕیاریدا بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا نەکات، ئەوان پێشنیازیان کردووە ئەو سێ کورسییە بەتاڵە بەسەر پارتەکانی تردا دابەش بکرێت. دۆغان وتی: "پێشتر داوامان لە ئیی پارتی کرد ئەگەر رەخنە و تێبینییان هەیە، بێنە ناو کۆمیسیۆنەکەوە و لەوێ دەریببڕن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە."
وتیشی، "ئەگەر کۆمیسیۆن پێشنیازەکەمان قبووڵ بکات، ئێمە وەک دەم پارتی، جەلال فرات، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەزگای غەریب دەدە، وەک نوێنەری خۆمان پێشنیاز دەکەین، چونکە بەلای ئێمەوە گرنگە نوێنەرایەتی عەلەوییەکانیش لەم کۆمیسیۆنەدا هەبێت."
"توندوتیژی دژی ژنان و گەندەڵی نیشانەی داڕزانی ئەخلاقین"
دۆغان بە توندی رەخنەی لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان گرت و ئاماژەی بە کوژرانی کارمەندێکی پەرلەمان بەناوی ساڵحە ئۆزان کرد و وتی: "ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت کارمەندێکی خۆی بپارێزێت، چۆن ژنانی تر دەپارێزێت؟" و داوای کرد جارێکی دیکە تورکیا بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ.
هەروەها باسی لە ئابڕووچوونی بەڵگەنامە و دیپلۆمی ساختە کرد و وتی: "وڵات لە رووی ئەخلاقییەوە داڕزاوە. ئەم تۆڕە گەورەیەی تاوان بێگومان پەیوەندیی سیاسیی لەپشتە و دەبێت ئاشکرا بکرێت. ئێمە وەک دەم پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
وتەبێژی دەم پارتی رەخنەشی لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانە گرت کە سزاکانیان تەواو کردووە بەڵام ئازاد ناکرێن و بە "درێژەدان بە سیاسەتی ئەشکەنجە و زوڵم" ناویبرد.
"ئامانجی کۆمیسیۆنەکە بنیاتنانی برایەتییەکی یەکسانە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە کۆمیسیۆنەکە، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە: "ئێمە چاوەڕوانییەکی تایبەتمان لە کۆمیسیۆنەکە نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەبینینەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی، دیموکراسی و برایەتییەکی یەکسان هەیە و دەبێت کۆمیسیۆنەکە کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە بکات کە ئەمە مسۆگەر دەکەن. دیموکراسیی خۆجێی بۆ تورکیا زۆر گرنگە و دەبێت بەهێز بکرێت."
وتیشی، "کۆمیسیۆنەکە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا دامەزراوە و هەموو لایەنەکان، لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەبێت عەقڵییەتی کۆن بەجێبهێڵن و بوێرانە کار بۆ سەرخستنی بکەن."
پێشنیازێک پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە، سەبارەت بە دواخستنی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی، کە مشتومڕێکی زۆری لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا دروستکردووە.
لەمبارەیەوە، عەبدولڕەحمان جەزائیری رایگەیاند، پێشنیازەکە داوا دەکات پرۆسەی پەسەندکردنی یاساکە دوابخرێت بۆ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و تێبینییەکان.
جەزائیری ئاشکراشیکرد، بڕیارە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی پرۆژەیاساکە کە ناکۆکییان لەسەرە.
لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ئەمریکی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، وەزیرەکانی سەر بە حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی زیاتر کردووە.
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، تاوتوێی پلانێکی چوار قۆناغی ئەمریکا دەکات کە ئامانج لێی چەکداماڵینی حزبوڵڵایە تا کۆتایی ئەمساڵ.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی پلانە ئەمریکییەکە، لە بەرامبەر چەکداماڵینی حزبوڵڵادا، ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان دەهێنێت و لە پێنج پێگەی باشووری وڵاتەکە دەکشێتەوە.
رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، قۆناغی کۆتایی پلانەکەی ئەمریکا، پشتیوانیکردنی ئابووری و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان لەخۆدەگرێت.
لەکاردانەوەیەکدا، حزبوڵڵای لوبنانی پەیامێکی ئاراستەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان کردووە و رایگەیاندووە: "هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینمان، خزمەتکردنی ئیسرائیلە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی تەواوەتی ئەو پلانە لەلایەن حزبوڵڵاوە.
لەنێوان ئەرێنی بوونی ئاشکرای ئەمریکا و خۆپارێزیی روسیادا، نیشانەکانی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی بەردەوامی ئۆکراین دەردەکەون، کە ناونیشانەکەی "رێککەوتنی گەورە"یە و کلیلەکەشی ئەو دیدارەیە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە مۆسکۆ کۆکردەوە.
کۆبوونەوەکە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بە "زۆر بەرهەمدار" وەسفکراو بەپێی بەیاننامەی کرملین "بونیادنەر و بەسوود" بوو، جارێکی دیکە گرەوی دانوستانی سیاسی زیندوو کردەوە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازدا کە پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دێت کە ئەمریکا بۆ روسیای دیاریکردووە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.
مۆسکۆ – واشنتۆن: دیدارێکی دەگمەن و مۆڵەتێکی کورت
لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، پەیوەندی بە سەرکردایەتی روسیاوە کرد لە مۆسکۆ، لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەی سیاسیی بەرچاوی هەڵگرتووە. بەپێی لێدوانە رەسمیەکان، گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک پوتین، جەنگی ئۆکراین و ئاسۆی باشترکردنی پەیوەندییەکانی روسیا-ئەمریکای گرتووەتەوە.
سەرۆک ترەمپ، گەشبینی خۆی لە ئەنجامەکانی دیدارەکە نەشاردەوە و رایگەیاند کە هەندێک لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە "پێشهاتە ئەرێنییەکان" ئاگادار کردووەتەوە. بەڵام ئەم ئەرێنی بوونە رووبەڕووی مۆڵەتێکی کاتیی روون دەبێتەوە: تەنها دوو رۆژ مۆسکۆ لەو سزایانەی ئەمریکا جیادەکاتەوە کە ترەمپ هەڕەشەی کردبوو لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.
زمانی دوولایەنەی مۆسکۆ: کراوەیی وریایانە و ئاگادارکردنەوە لە کات
سەرەڕای جەختکردنەوەی کرملین لەسەر لایەنی بونیادنەری گفتوگۆکان، لێدوانەکانی دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا، رەنگدانەوەی روویەکی دیکەی هەڵوێستی رووسیا بوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن "کاتی دەوێت" و روونیکردەوە کە "سستبوونی پەیوەندییەکان" لە نێوان پوتین و ترەمپ، ئەگەری گەڕانەوەی خێرا بۆ رێڕەوی ئاسایی ئاڵۆز دەکات.
پێسکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ماوەیەکی زۆرە هەردوو سەرۆک کۆنەبوونەتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ قووڵایی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە هێشتا بوونی هەیە، سەرەڕای هەوڵی پڕکردنەوەی لە رێگەی ویتکۆف – پوتینەوە.
زیلینسکی: فشارە بەردەوامەکان و جووڵەی دیپلۆماسی هاوتەریب:
لە بەرامبەردا، زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرین، لە رۆژانی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن چڕکردووەتەوە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ترەمپ، هەردوولا "بژاردەکانی پەرەسەندن"یان تاوتوێ کردووە و زیلینسکی ئاشکرای کرد کە داوای سەپاندنی "سزای زیاتر"ی بەسەر روسیادا کردووە.
زیلینسکی جەختی لە گرنگی "فشاری راستەوخۆ" لەسەر مۆسکۆ کردەوە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناتۆ بەرەو بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراین هەنگاو دەنێن. هۆڵەندا هاوکاری سەربازی بە بەهای 580 ملیۆن دۆلاری راگەیاندووە کە بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، هەروەها سویدیش بە بڕی 275 ملیۆن دۆلار بەشداری کردووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی لەگەڵ دانیمارک و نەرویجدا.
مارک کیمیت: هیچ شتێک لەم دانوستانەدا بەخۆڕایی نییە
مارک کیمیت، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە لەگەڵ سەرۆک پوتن کاربکات بۆ ئاگربەست،" بەڵام وتیشی: "ئەمە بەخۆڕایی نابێت."
کیمیت روونیکردەوە کە سەرۆک ترەمپ ئەرێنی بوونێکی روون نیشان دەدات، بەڵام بەردەوامی ئەم ئەرێنی بوونەی بەستەوە بە ئاستی وەڵامدانەوەی پوتنەوە. "ئەگەر پوتن ئامادە نەبێت سازش بکات، ترەمپ بە ئەرێنی نامێنێتەوە،" و زیادی کرد کە لەوانەیە ترەمپ ناچار بێت پەنا بۆ "هانەدەری نەرێنی" ببات ئەگەر روسیا لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بێت، کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سزا ئابوورییەکان.
سەرۆکی روسیا: ئامانجەکانی جەنگ نەگۆڕاون؟
کیمیت پێیوابوو کە پوتین "دەیەوێت ئامانجەکانی جەنگی خۆی بپارێزێت،" و ئەمەش هۆکاری خۆپارێزییەکەیەتی تا ئێستا بەرامبەر بە پێشنیازەکانی ئەمریکا. ناوبراو هۆشداریدا کە لەوانەیە سەرۆکی روسیا بە جددی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ نەداتەوە، بەڵکو هەوڵبدات "جەنگەکە درێژ بکاتەوە" بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەیدانی.
وتیشی: "پوتن لەوانەیە وابزانێت کە رۆژئاوا لە جەنگەکە ماندوو بووە" و زیلینسکی ناتوانێت پایتەختە رۆژئاواییەکان قایل بکات کە بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکاری، بەڵام زیادی کرد: "پوتن بۆی دەرکەوت کە ئەم بۆچوونەی هەڵە بووە... رۆژئاوا ئارامگرییەکی زۆری نیشانداوە و ئامادەیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراین تا جەنگ بەردەوام بێت."
مۆڵەتی 8ی ئاب: هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە یان کارتێکی فشار لە پێناو دانوستان؟
سەرەڕای باسکردن لە مۆڵەتێکی یەکلاکەرەوە کە لە 8ی ئاب کۆتایی دێت، کیمیت هۆشداریدا لە زیادەڕۆیی کردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بەروارەدا وەک "هێڵی سوور." بە بڕوای ئەو، "هیچ بەروارێکی دیاریکراو لە مێشکی سەرۆک ترەمپدا نییە... هەموو شتێک جێگەی دانوستانە، جا چ ژمارەکان بێت یان بەروارەکان یان تەنانەت خودی دانوستانەکانیش."
ئاماژەی بەوەشکرد کە لەوانەیە ترەمپ مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە ئەگەر ئاماژەی ئەرێنی لە مۆسکۆوە ببینێت، و وتیشی: "سەرۆکی ئەمریکا پێشتر نەرمی نواندووە و ناتوانرێت پێشبینی هەڵسوکەوتەکانی بکرێت." بۆیە، لەوانەیە 8ی ئاب کۆتایی چیرۆکەکە نەبێت.
تۆپەکە لە گۆڕەپانی پوتین دایە:
لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، کیمیت وتی: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی پوتین دایە" و داهاتووی ئەم دەستپێشخەرییە بەندە بە وەڵامی کرملینەوە لە کاتژمێرە کەمەکانی داهاتوودا. ناوبراو نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە وەڵامی روسیا "کەم و لەوانەیە پابەندکەر نەبێت،" کە لەوانەیە دۆخەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی زیاتری ببات.
بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت: ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبونەتەوە.
رێباز حەملان بریکاری پێشویی وەزارتی دارایی عیراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکان زیانی زۆری بە هەرێم گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 180 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
راشیگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم لەگەڵ وەزارتی دارایی و چاودێری دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیاندا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ وەفدەکەی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدەدەن، ئەگەر کۆبونەوەکە ئەنجام و لێکتێگەیشتنێکی باشی هەبوو ئەوا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوت دەدرێت.
بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق وتیشی، سەرجەم گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بۆ ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمە ، ئەگەر بەغداد گەرەنتی ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران بکات ئەوا 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەست دەکەن.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام بدرێت هێشتا کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەرنابێت و بەغداد راستەوخۆ موچە دابەش ناکات.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کۆبونەوەی نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی روسیا پیشکەوتنی گرنگی بەدەستهێناوە، یاریدەدەری سەرۆکی روسیاش دەڵێت، گفتوگۆکە بەسود و بنیاتنەربووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە، کۆبونەوەی نێوان ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئەمریکا بەرهەمداربوە، هەروەها لەو بارەیەشەوە ژمارەیەک لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ئاگادارکردوەتەوە.
بڵاویشیکردەوە، هەمووان هاوڕان کە دەبێت جەنگی ئۆکراین کۆتای پێبهێنرێت و لە رۆژەکان و هەفتەکانی داهاتوو کار بۆ ئەوە دەکەن.
هاوکات کۆشکی سپی لەو بارەیەوە رایگەیاند، دیدارەكەی پوتن و ویتكۆف لە مۆسكۆ بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا واشنتۆن سوورە لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر روسیا لە رۆژی هەینیدا كە دوایین وادەیە لەبەردەم مۆسكۆدا.
لەلایەکی دیکەوە یوری ئوشاكۆڤ یاریدەدەری سەرۆكی روسیا لەبارەی دیدارەكەوە رایگەیاندووە، گفتوگۆی پوتین و ویتكۆف بەسوود و بنیاتنەر بووە، هەروەها تەوەری گفتوگۆكانیشیان قەیرانی ئۆكراین و ئاسۆی پەرەپێدانی هاوكاری ستراتیژی نێوان ئەمریكا و روسیا بووە.
تەقە لەبنکەیەکی سەربازی لە ولایەتی جۆرجیای ئەمریکا کراو لە ئەنجامدا ژمارەیەک سەرباز برینداربوون.
میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، بەهۆی روداوێکی تەقەکردنەوە لە بنکەی سەربازی فۆرت ستیوارد لە ویلایەتی جۆرجیا، 5 سەباز برینداربوون، بەهۆی روداوەکەشەوە بنکە سەربازیەکە بەشێوەیەکی کاتی داخراوە کە نزیکەی 20 هەزار سەربازی تێدایە.
راشیانگەیاندووە، سەربازە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی لەنزیک بنکەکە. هەروەها دامەزراوەکانی نزیک لەو بنکە سەربازیە داخران بەهۆی مەترسی تەقەکەرەکە و پاش دەستگیرکردنی تەقەکەرەکە کراونەتەوە.