د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمرۆ سەردانی شوێنی کۆمەڵکوژی سپایکەر لە پارێزگای سەلاحەدینی کرد، کە سەدان خوێندکاری کۆلێژی سەربازی بە دەستی چەتەکانی تیرۆریستی داعش شەهید کران.
سەرۆک کۆمار، سورەتی فاتیحەی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم تاوانە قێزەونە خوێندەوە کە تاوانێکی قێزەون مرۆڤایەتی بو و جەختیشیکردەوە، ئەو خوێنە پاکەی لێرە رژاوە ناسنامەی نەتەوەیی بەهێزتر کردووە و هەموو عێراقییەکانی یەکڕیز کردووە کە پاڵنەر و بناغەیەک بو بۆ هاودەنگی و هەوڵەکانی رزگارکردنی پارێزگای سەلاحەدین و ئەوانی دیکە لە چنگی داعشی تیرۆریستی و کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی.
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشێک لە شەقامی سلێمانی بە ئاڕاستەی کەرکوک دادەخرێت، داواش لە شۆفێران دەکات رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری لە یەکتربڕی تاسڵوجە، لەلایەن تیمەکانیان و کۆمپانیای جێبەجێکار دەستدەکرێت بە دانانی "گرێدەر بۆ سەقفی پردەکە" و بۆ ئەو مەبەستەش بەشێک لە شەقامی سلێمانی بە ئاڕاستەی کەرکوک بۆ ماوەی سێ رۆژ دادەخرێت لە رۆژی هەینی رێککەوتی 22ـی ئابی 2025.
هاوکات داواش لە شۆفێران دەکات کە رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن بەپێی نەخشەی دیاریکراو وەک لە خوارەوە روونکراوەتەوە :
- ئاڕاستەی (سلێمانی-تاسڵوجە-کەرکوک) لە جیاتی سلێمانی بۆ کەرکوک.
-ئاڕاستەی( کەرکوک- سلێمانی) دەخرێتە سەر سایدی ئاڕاستەی (سلێمانی- کەرکوک).

لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سەلاحەدین و ئاگاداربوون لە بارودۆخی پارێزگاکە و دیداری لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکانیدا، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025، سەردانی زانکۆی تکریتی کرد و لەلایەن مامۆستایان و ستافی کارگێڕی زانکۆکەوە پێشوازی لێکرا، کە لە پێشەوەیاندا سەرۆکی زانکۆ دکتۆر وەعد رەئووف جبوری ئامادەبوو.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژەکانی ئامادەیبوون، سەرۆک کۆمار شانازیی خۆی دەربڕی کە لەنێو زانکۆی تکریتدایە، کە بە "باڵەخانەیەکی ئەکادیمیی گەورە" وەسفی کرد و بە منارەیەکی زانستیی دیار لە عێراق و ناوەندێکی ڕۆشنبیری و فیکری لە پارێزگای سەلاحەدیندا ناوی برد.
سەرۆک کۆمار رێز و پێزانینی بەرزی خۆی بۆ رۆڵی پەروەردەیی و نیشتمانی لە دروستکردنی هۆشیاری، پێگەیاندنی نەوەکان و بنیاتنانی مرۆڤدا دووپات کردەوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە پەیامی مامۆستایانی زانکۆ پەیامێکی باڵای نیشتمانییە و گرنگییەکەی لە هیچ بەرپرسیارێتییەکی سیاسی یان کارگێڕی لە دەوڵەتدا کەمتر نییە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەو عێراقەی خەونی پێوە دەبینین، لە زانکۆوە دەست پێدەکات و لەسەر دەستی ئێوە بونیاد دەنرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەو بارودۆخە سەختە کرد کە بەسەر زانکۆکەدا هاتووە بەهۆی تیرۆرەوە، ئاوارەبوون، کەمیی پارەدارکردن و لاوازیی پشتیوانی. ستایشی خۆڕاگری و شکۆمەندیی زانکۆی تکریت و بەردەوامیی ستافە وانەبێژەکەی کرد لە جێبەجێکردنی پەیامەکەیاندا سەرەڕای ئاستەنگەکان.
هەروەها سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ هەموو ئەوانەی لە میحرابی زانستدا وەستاون و باوەڕیان بەوە هەبووە کە عەقڵەکان تاکە ڕێگان بۆ بنیاتنانی نیشتمان.
سەرۆک ئاماژەی بە پێویستیی چەسپاندنی پایەکانی خوێندنی باڵا کرد، وەک یەکێک لە پایەکانی دەوڵەتی بەهێزی هاوچەرخ، ئەمەش لە رێگەی تەرخانکردنی رۆڵی زانکۆ نەک تەنها وەک دامەزراوەیەکی زانستی، بەڵکو وەک ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی بیری رەخنەگرانە، پێشکەشکردنی چارەسەر و پڕکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەو پسپۆڕ و لێهاتووانەی کە پشتیان پێ دەبەسترێت لە چاکسازی و بنیاتناندا.
سەرۆک کۆمار، جەختی لە بەردەوامیی کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی زانکۆکانی عێراق و لابردنی ئەو زوڵمەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کەرتی خوێندنی باڵا بووەتەوە، چ لە ڕووی داراییەوە یان یاسادانان یان سەقامگیریی وەزیفی.
سەرۆک کۆمار داوای لە مامۆستایان کرد، دڵسۆزی ئەم پەیامەبن و هاوبەشێکی راستەقینە بن لە پڕۆژەی هەستانەوەی نیشتمانیدا، ئەویش لە رێگەی پەرەپێدانی پڕۆگرامە زانستییەکان، پتەوکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی، کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی خۆجێی و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیدا.
لەلایەن خۆیانەوە، مامۆستا ئامادەبووەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو پێشنیار و بیرۆکانەی سەرۆک کۆمار خستنیەڕوو، دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەردەوامبوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پشتیوانیکردنی رەوتی زانستی و رۆشنبیری لە وڵاتدا.
هەروەها سەرۆکی زانکۆی تکریت، دکتۆر وەعد جبووری، قەڵغانی زانکۆی پێشکەش بە بەڕێز سەرۆک کۆمار کرد وەک ڕێزێک بۆ سەردانەکەی بەڕێزیان بۆ زانکۆکە.
ڤلادیمیر پۆتن، سەرۆکی روسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئالاسکا خستەڕوو.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی کرملین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەکاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک پوتن هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ لوتکەی روسیا-ئەمریکا کە لە شاری ئەنکۆرەیج بەڕێوەچوو، بۆ سەرۆک ئەردۆغان باسکرد. هەروەها، پوتن ستایشی یارمەتییەکانی تورکیای کرد لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان وەفدەکانی روسیا و ئۆکراین لە ئیستانبوڵ."
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش پشتڕاستیکردەوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، سەرجەم پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینی لەخۆگرتووە.
لە ڕووداوێکی نامۆدا لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، گروپێکی دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر فرۆشگایەک و بەبەهای 7 هەزار دۆلار بووکەڵەی جۆری "لابوبو" (Labubu)یان دزی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، رووداوەکە ب29 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلسەوە دوورە.
بەگوێرەی پۆلیس، دزەکان ئۆتۆمبێلێکی دزراویان لە جۆری تۆیۆتا تاکۆما بەکارهێناوە، کە دواتر بەجێهێڵراوی دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر ئاشکرا نەکراوە.
بووکەڵەکانی لابوبو، کە لەلایەن هونەرمەندی خەڵکی هۆنگ کۆنگ، کاسینگ لونگ، دیزاین کراون، دوای دەیەیەک لە دەرکەوتنیان بوونەتە یەکێک لە بەنرخترین و بەناوبانگترین ئەو بووکەڵانەی کە خەڵک وەک یادگاری کۆیاندەکاتەوە.
فرۆشگاکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاندووە کە دزەکان هەموو بووکەڵەکانی فرۆشگاکەیان بردووە و شوێنەکەشیان تێکداوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریدا دەردەکەوێت کە گروپێک کەس بە جلوبەرگی کڵاودار و دەمامکەوە شووشەی فرۆشگاکە دەشکێنن و سندوقی بووکەڵەکان دەبەن.
لە پۆستەکەدا هاتووە: "هێشتا لە شۆکداین"، و داوایان لە خەڵک کردووە یارمەتییان بدەن بۆ دۆزینەوەی دزەکان.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق کۆتاییهات.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولادا هەبووە سەبارەت بە پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم.
هەر بەپێی زانیارییەکان، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێکی دیکەی حکومەتی هەرێم بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ٤8 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ بێت، و پلەکانی گەرما 1 تا 2 پلە نزم ببنەوە.
سەبارەت بە سبەی پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم. هاوکات، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ٤48 کاتژمێری داهاتوو:
هەولێر: 42
سلێمانی: 41
دهۆک:41
کەرکوک:43
زاخۆ: 42
هەڵەبجە: 42
سۆران: 41
حاجی ئۆمەران: 35
گەرمیان: 45
هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی لوبنان بە دەستبەسەرداگرتنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا لە حزبوڵڵا دەکات هاوکاری سوپا بکات و هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی شەقام.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "العربیة/الحدث"، نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانی حزبوڵڵایە، داوای لەو حزبە کردووە هاوکاریی تەواوی سوپای لوبنان بکەن.
سەرچاوەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاندووە، بێری بە حزبوڵڵای وتووە کە "بەکارهێنانی شەقام بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چەک داماڵین هیچ سوودێکی نابێت."
هەروەها سەرۆکی پەرلەمان داوای لە حزبوڵڵا کردووە پشتیوانی حکومەت بکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی "یۆنیفیل" لە باشووری لوبنان.
رادەستکردنی چەک:
شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە سەرەتای ئەم مانگەدا (ئابی 2025) بڕیاریدا چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سوپای راسپاردووە پلانێک بۆ وەرگرتنەوەی چەکی حزبوڵڵا دابنێت. بڕیارە پلانەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بکرێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا (2025) جێبەجێ بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، حزبوڵڵا ئەم بڕیارەی رەتکردووەتەوە و بە "بێ بوون" ناوی بردووە، جەختیشیکردووەتەوە کە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت.
لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەوە، لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ چەندین رۆژ بە ماتۆڕسکیل لە ناوچە جیاوازەکاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی حکومەت و پاڵپشتی کردن لە حزبەکەیان.
هاوکات، چەندین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە پێویستیی دەستبەردارنەبوون لە چەک، رەخنەی توندی لایەنە لوبنانییەکانی لێکەوتووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا خۆی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی، بە "پاڵەوان" وەسفکرد بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ترەمپ جەختیشی کردەوە کە کۆگاکانی کەرەستەی ئەتۆمیی ئێران لەناوبراون و ئەگەر ئەو هێرشە نەبووایە، تاران لە ماوەی چوار هەفتەدا دەیتوانی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لەگەڵ مارک لێڤین، ترەمپ رایگەیاند: "ناتانیاهۆ پاڵەوانێکی جەنگە. پێموایە منیش هەروەهام. کەس گرنگی پێنادات، بەڵام منیشم."
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "کەمەرشکێن" بوون و وتی: "من ئەو فڕۆکانەم نارد. دەزانن، 22 ساڵ بوو مەشقیان دەکرد و فڕۆکەوانەکان هاتن. من خەڵاتم کردن. هەموویان و هەموو ئەو کەسانەم بانگهێشتی نووسینگەی هێلکەیی کرد کە لەم ئۆپەراسیۆنە بێ وێنەیەدا بەشدار بوون."
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد: "سی ئێن ئێن هەوڵیدا بڵێت رەنگە ئۆپەراسیۆنەکە هێندەی ترەمپ باسی دەکات سەرکەوتوو نەبووبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە تەنانەت لەوەش زیاتر بووە؛ کاولکارییەکی تەواو بوو. کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە ئەو شوێنە لەناوچووە."
بە وتەی ترەمپ، فڕۆکەوانەکان پێیان وتووە: "بەرێز سەرۆک، ئێمە و پێشینەکانمان 22 ساڵ بۆ ئەم فڕینە مەشقمان کردووە؛ هەمان فڕین بۆ هەمان شوێن کە کەرەستەکانی لێ هەڵگیرابوو. تۆ تاکە سەرۆک بوویت کە ئازایەتیت پێداین ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین. ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدرایە، رەنگە ئێستا چەکێکی ئەتۆمییان هەبووایە و بێگومان بەکاریان دەهێنا."
ئەمە چەندین جارە لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ جەخت لە رۆڵی خۆی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە. پێشتریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "لەبیرتان بێت! ... من ئەو کەسە بووم کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانم لەناوبرد."
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە "ئۆپەراسیۆنێکی مێژوویی" ناوبردبوو. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردبوو کە هەرچەندە نزیکەی 400کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە تەواوی لەناو نەچووە، بەڵام "ئەو بڕە بەشی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناکات و لە ئێستادا لە دۆخێکدا نین بتوانن پێش بکەون."
کۆشکی سپی ئەو بۆچوونانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، کاریگەریی لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەبووبێت بۆ گۆڕینی هەڵوێستی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیاوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ترەمپدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند، بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەنێوان روسیا و ئۆکراین لە میانی گفتوگۆکاندا "پەرەی سەندووە".
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە سەرۆک ترەمپ پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەنگاوی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەبێت بۆ رێککەوتنی ئاشتی، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە سەرەتا کۆبوونەوەیەک لەنێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجام دەدرێت و دواتر کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان خۆی و پوتن و زێلێنسکی بەڕێوەدەچێت. ئەم گۆڕانکارییەش گومانی ئەوەی لێکەوتەوە کە پوتین کاریگەریی لەسەر ترەمپ هەبووبێت.
لیڤیت لەمبارەیەوە وتی: "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ هەردوو سەرکردەکە قسەی کردووە و هەردووکیان ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتردا دەربڕیوە."
وتیشی: "تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە یارمەتیی هەردوو وڵات دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە. لە کۆتاییدا، سەرۆک هەمیشە وتوویەتی کە خاڵی ناکۆک لەم شەڕەدا هەن کە پێویستە لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و بڕیاریان لێبدرێت."
لە کاتێکدا نەخۆشیی زەهایمەر کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەسی بەساڵاچوو لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2060 ژمارەکە دوو هێندە زیاد بکات، توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە جۆرێکی دیاریکراوی وەرزشکردن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکاتەوە.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری "نەخۆشیی زەهایمەر" (Journal of Alzheimer's Disease) لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە "وەرزشی دوو-ئەرکی" (dual-task exercises) سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی مێشک.
وەرزشی دوو-ئەرکی چییە؟
دکتۆرە هیزەر ساندیسۆن، پسپۆڕی چارەسەری سروشتی، رونی دەکاتەوە کە ئەم جۆرە وەرزشە بریتییە لە ئەنجامدانی چالاکییەکی جەستەیی و هزری لە یەک کاتدا. بۆ نموونە، پیاسەکردن لە کاتی قسەکردندا لەگەڵ کەسێکی تر، بە جۆرێک لە وەرزشی دوو-ئەرکی دادەنرێت.
توێژینەوەکە کاریگەریی ئەم جۆرە راهێنانەی لەسەر ئەو کەسە بەساڵاچووانە تاقیکردووەتەوە کە نیشانەکانی دابەزینی توانای هزرییان تێدا دەرکەوتبوو. دەرەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون؛ دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی دوو بۆ پێنج جار لە هەفتەیەکدا (هەر جارێک لەنێوان 30 بۆ 120 خولەک) بووەتە هۆی:
باشتربوونی بەرچاوی یادەوەری، سەرنج، توانای شیکارکردنی کێشەکان.
زیادبوونی هاوسەنگی و خێرایی رۆیشتن.
بۆ یەکەمجار دەرکەوتووە کە ئاستی پڕۆتینی "بێتا-ئمیلۆید"ی کەمکردووەتەوە، کە پڕۆتینێکی زیانبەخشە و پەیوەندی بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە هەیە.
نهێنیی کاریگەرییەکەی چییە؟
توێژەران هۆکاری ئەم کاریگەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەم جۆرە وەرزشە مێشک ناچار دەکات لە یەک کاتدا چەند کارێک بکات: زانیاری وەربگرێت، جووڵەکان رێکبخات و سەرنجی خۆی بهێڵێتەوە. ئەم فشارە هاوکاتە چەندین تۆڕی دەماری لە مێشکدا چالاک دەکات، پەیوەندییە دەمارییەکان بەهێز دەکات و نەرمیپێدانی دەماری (neuroplasticity) زیاد دەکات، کە توانای مێشکە بۆ خۆگونجاندن و دروستکردنی رێڕەوی نوێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ راهێنانێک بە تەنها ناتوانێت گەرەنتی پاراستن لە ئەلزەهایمەر بکات. بەڵکو دەبێت ئەم وەرزشە لەگەڵ شێوازێکی ژیانی تەندروستدا پەیڕەو بکرێت، وەک سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ، بەشداریی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی وەک بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە.
جێی باسە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نزیکەی %35ی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە (dementia) پەیوەستە بەو هۆکارانەی کە دەتوانرێت دەستکاری بکرێن، وەک قەڵەوی، جگەرەکێشان، گۆشەگیری، کەمبیستن، خەمۆکی و کەمیی چالاکیی جەستەیی.
سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد لەگەڵ سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆبووەوە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێكرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە كۆبوونەوەی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، دۆسیەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكە تاوتوێكرا، ئاماژەش كرا بە گرنگی بەشداریكردنی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنەكەدا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، جەخشتیكرایەوە لە بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوخۆی وڵات و ناوچەكەدا.
پێشتریش، سەرۆك كۆمار پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق كرد و لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی دۆسییەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد.
دوای زیاتر لە 50 کاتژمێر ئاگرەكەی سنوری هەڵەبجە كۆنترۆڵكرا، كە بەهۆیەوە پۆلیسێكی دارستان و هاوڵاتییەكی خۆبەخش گیانیان لەدەستدا و هەزاران دۆنم باخ و دارستانی سروشتی و پوش و پاوان لە سنوری چوار گوند سوتا.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەڵەبجە رایگەیاند، بە هەوڵی هاوبەشی تیمەكانی بەرگری شارستانی هەڵەبجە و سلێمانی و هاوڵاتییانی خۆبەخش، ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانیان لە شوێنی رووداوەكە بڵاوەپێكردووە بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەكە.
زانیاری زیاتر لەبارەی کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە:
شارەزایان هۆکاری شێوازی رۆیشتنی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، بە جوڵاندنی تەنها یەک باڵی ئاشکرا دەکەن، کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئالاسکا بەدی کرا.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا، هەردوو سەرکردە پێکەوە بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆیشتن، لەکاتێکدا پوتین تەنها باڵی چەپی بەپێی هەنگاوەکانی دەجوڵاند و باڵی راستی نزیکەی بە تەواوی لە تەنیشتیەوە جێگیر بوو.
رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم شێوازە ڕۆیشتنە سەیرە ساڵانێکە پرسیاری زۆری دروستکردووە و زۆر کەس هەوڵیانداوە نهێنییەکەی بدۆزنەوە.
توێژەران پێیان وایە نهێنی رۆیشتنە تایبەتەکەی پوتین، کە بە "رۆیشتنی دەمانچەهەڵگر" (gunslinger's gait) ناسراوە، رەنگە پەیوەندی بەو راهێنانانەوە هەبێت کە لە کاتی کارکردنیدا لە دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەت (KGB) وەریگرتووە.
شیکەرەوانانی پورتوگالی، ئیتاڵی و هۆڵەندی لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی (BMJ) بڵاوکراوەتەوە، نووسیویانە: "بەپێی کتێبێکی راهێنانی KGB، ئەفسەران فێردەکران کە چەکەکانیان بە دەستی راستیان و نزیک لە سنگیان بگرن و بە لایەکدا بڕۆن، کە عادەتەن لای چەپ بووە. ئەمەش وای لێدەکردن بتوانن لە کاتی روبەروبوونەوەی دوژمندا بە خێرایی چەکەکانیان دەربهێنن".
توێژەران شێوازی رۆیشتنی چەندین بەرپرسی باڵای روسیایان شیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە زۆربەیان هەمان شێوازی رۆیشتنیان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە پێشینەی کارکردنیان لە KGB یان سوپادا هەبووە. پوتین پێش ئەوەی خانەنشین بێت و بچێتە بواری سیاسەتەوە، بۆ ماوەی 16ساڵ لە دەزگای KGB کاری کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، چاودێران ئاماژەیان بە جیاوازی باڵای نێوان هەردوو سەرکردەکە کرد. ترەمپ کە باڵای191سم ەو، بە شێوەیەکی بەرچاو لە پوتین باڵابەرزتر دەرکەوت کە باڵای 170 سم ە. هەروەها "دەیلی مەیل" ئاماژەی بەوەشکردووە کە پوتین پێڵاوی پاژنەبەرزی لەپێدا بووە.
کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتین رۆژی هەینی ڕابردوو، 15ی ئابی 2025، لە بنکەی سەربازیی "ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا بەڕێوەچوو، بەڵام هەردوو لا نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین کە ماوەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری میترۆی بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان کرد و لەلایەن تیمی سەنتەرەکە و تۆڕی هاوپەیمانیی 19 پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی ئازادیی میدیا، دۆخی رۆژنامەگەریی کوردی و ئەو پێشێلکاری و ئاستەنگانەی روبەروی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان کرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، تیمی سەنتەری میترۆ پیرۆزباییان لە کاروان گەزنەیی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک وتەبێژی یەکێتی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
لەلایەن خۆیەوە، وتەبێژی یەکێتی جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک هەمیشە پشتیوانیی رۆژنامەنووسان دەکەن و کاردەکەن بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کاری رۆژنامەوانی.
هاوکات، تیمی سەنتەری میترۆ ئاماژەیان بەوەکرد کە سەردانەکەی وتەبێژی یەکێتی بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانن بۆ قسەکردن لەسەر دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.