هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی لوبنان بە دەستبەسەرداگرتنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا لە حزبوڵڵا دەکات هاوکاری سوپا بکات و هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی شەقام.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "العربیة/الحدث"، نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانی حزبوڵڵایە، داوای لەو حزبە کردووە هاوکاریی تەواوی سوپای لوبنان بکەن.

سەرچاوەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاندووە، بێری بە حزبوڵڵای وتووە کە "بەکارهێنانی شەقام بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چەک داماڵین هیچ سوودێکی نابێت."

هەروەها سەرۆکی پەرلەمان داوای لە حزبوڵڵا کردووە پشتیوانی حکومەت بکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی "یۆنیفیل" لە باشووری لوبنان.

رادەستکردنی چەک:

شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە سەرەتای ئەم مانگەدا (ئابی 2025) بڕیاریدا چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سوپای راسپاردووە پلانێک بۆ وەرگرتنەوەی چەکی حزبوڵڵا دابنێت. بڕیارە پلانەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بکرێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا (2025) جێبەجێ بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، حزبوڵڵا ئەم بڕیارەی رەتکردووەتەوە و بە "بێ بوون" ناوی بردووە، جەختیشیکردووەتەوە کە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت.

لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەوە، لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ چەندین رۆژ بە ماتۆڕسکیل لە ناوچە جیاوازەکاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی حکومەت و پاڵپشتی کردن لە حزبەکەیان.

هاوکات، چەندین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە پێویستیی دەستبەردارنەبوون لە چەک، رەخنەی توندی لایەنە لوبنانییەکانی لێکەوتووەتەوە.