هەواڵەکانهەواڵەکان

دەزگای روپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە زەریای هێمندا و لە نزیک کەناراوەکانی گواتیمالا و ئێلسالڤادۆر روویداوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر بووە و کاتژمێر 4:14 خولەکی بەرەبەیان لە قووڵاییەکی کەمی 10 کیلۆمەتریدا تۆمارکراوە.

چەقی بوومەلەرزەکە 81 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەندەری ئەکاهوتلا لە ئێلسالڤادۆر و 107 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆرتۆ سان خۆسێ لە گواتیمالا دوور بووە.

جێگای ئاماژەیە، ئەکاهوتلا بە بەندەری بازرگانیی سەرەکیی ئێلسالڤادۆر دادەنرێت و پۆرتۆ سان خۆسێش گەورەترین شارۆچکەی کەناراویی گواتیمالایە.

تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە رانەگەیەندراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە پاریس باڵیۆزی ئیتاڵیای بانگهێشت کردووە دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە گاڵتەی بە پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد سەبارەت بە ناردنی سەربازی ئەوروپی بۆ ئۆکراین.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشنیازەکەی ماکرۆن، ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، دەستەواژەیەکی میلانی(ئیتالی) بەکارهێنا کە بە نزیکەیی مانای "لێرە دوورکەوە" دەگەیەنێت.

سالڤینی بە رۆژنامەنووسانی وتبوو: "ئەگەر دەتەوێت خۆت بڕۆ بۆ ئەوێ. کڵاوەکەت لەسەر بکە، چاکەتەکەت لەبەر بکە، تفەنگەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ ئۆکراین."

سالڤینی سەرۆکی پارتی "رابیتە"ی راستڕەوە و وەزیری گواستنەوەیە لە حکومەتە پارێزگارەکەی جۆرجیا میلۆنی، و پێشتریش چەندین جار رەخنەی لە ماکرۆن گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئۆکراین.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکە ئاماژەی بەوەدا کە باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆژی هەینی بانگهێشت کراوە، کە ئەمەش نوێترین گرژییە لە زنجیرەیەک پێکدادانی دیپلۆماسیی نێوان پاریس و رۆمادا.

بە باڵیۆزەکە وتراوە کە ئەم لێدوانانە لەگەڵ کەشی متمانە و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتدا ناگونجێن، هەروەها دژی ئەو پێشکەوتنە دووقۆڵییانەی ئەم دواییەن کە لێکگەیشتنی بەهێزی نێوان هەردوو وڵاتیان دەرخستووە، بەتایبەتی لەبارەی پشتیوانیی پتەو بۆ ئۆکراین.

ئیمانوێل ماکرۆن، کە یەکێکە لە پشتیوانە بەهێزەکانی ئۆکراین دژی جەنگی روسیا، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان، بەتایبەتی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکاتەوە کە پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەم بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) رۆژانە بڵاودەکرێتەوە.

لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، قوتابیان دەتوانن رۆژانە لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە دەستیان بە پرسیار و وەڵامی ئەو بابەتە بگات کە تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام دەدەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لینکەکە لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا نوێدەکرێتەوە و بۆ ئەمڕۆش پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوەکانی هەردوو بابەتی "زیندەزانی" و "مێژوو" لەسەر هەمان لینک دانراون.

قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە پرسیار و وەڵامەکان ببینن:
https://tinyurl.com/12-2025-X2

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی هەڵگرتنی پەتاتە لە سنووری ناحیەی کەلەکچی سەربەقەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک کەوتەوە، بەهۆیەوە زیانێکی ماددیی زۆر بەر خاوەنەکەی کەوت.

بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کۆگاکە زیاتر لە سێ هەزار تۆن پەتاتەی تێدا بووە و بەهۆی ئاگرەکەوە، زیانێکی ماددی کە بە نزیکەی 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت، بەر خاوەنی کۆگاکە کەوتووە.

دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەستپێکردووە.

تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە روون نییە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوە پزیشکییەکان، ئەمڕۆ شەممە، رایانگەیاند کە بەهۆی چەندین روداوی هاتوچۆوە لە پێنج پارێزگای جیاوازی عیراقدا،19 کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاندووە: "سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان ئافرەتە، و 16 کەسی دیکەش برینداربوون لەو رووداوانەی کە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، نەینەوا، زیقار و بەغداد روویانداوە".

هەروەها وتیشی، سێ کەس لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و گواستراونەتەوە بۆ بەشی فریاکەوتن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر. ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری رووداوەکان بۆ تیژڕەوی، هەڵەکردن لەکاتی تێپەڕاندندا و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆوە دەگەڕێتەوە.

جێگای باسە، چەندین پارێزگای عیراق بەدەست کێشەی درێژخایەنی هاتوچۆوە دەناڵێنن، لەوانە کەمیی هۆشیاری، خراپیی رێگاوبانەکان و نەبوونی چاودێریی کاریگەر. ئەمە جگە لە دیاردەی مەترسیداری شۆفێریکردنی منداڵان و هەرزەکاران بەبێ مۆڵەت کە بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر سەلامەتیی گشتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکانی سوەیدا، رەققە و حەسەکە راگەیاند.

لیژنەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تەلەفزیۆنی سوریا، هۆکاری دواخستنەکەی بۆ ئەو "ئاستەنگە ئەمنییانە" گەڕاندەوە کە لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە.

هەروەها لیژنەکە جەختی کردەوە کە ئەو کورسیانەی بۆ ئەو پارێزگایانە تەرخانکراون، پارێزراو دەبن تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنەکان لە نزیکترین دەرفەتدا ئەنجام دەدرێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی، بە چینێکی ئەستووری مکیاجەوە لەسەر دەستی  راستی، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ پێشانگای "ماڵی گەل" لە واشنتن، شەپۆلێکی نوێی پرسیاری لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە دروستکرد، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە چەندین جارە شوێنەواری شینبوونەوە و ئاوساوی لەسەر ئەندامەکانی جەستەی بەدی دەکرێت.

ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، کە ماوەیەکە مکیاج بۆ شاردنەوەی شوێنەوارە شینبووەکانی سەر دەستی بەکاردەهێنێت، لە نوێترین دەرکەوتنیدا، دەستی راستی بە چینێکی دیاری کرێمی شاردنەوە داپۆشرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەباشی لەگەڵ رەنگی پێستیدا تێکەڵ نەکرابوو، زیاتر سەرنجی راکێشا.

لەگەڵ ئەوەشدا، کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ پیاوێکی کۆمەڵایەتییەو رۆژانە لە هەر سەرۆکێکی دیکەی مێژوو زیاتر چاوی بە ئەمریکییەکان دەکەوێت و تەوقە لەگەڵ هەزارانیاندا دەکات". جەختیشی کردەوە کە "پابەندبوونی بە خزمەتکردنی هاووڵاتیانەوە راستیەکی نەگۆڕە".

پێشتریش کۆشکی سپی هۆکاری شینبوونەوەکانی سەر دەستی سەرۆکی بۆ زۆریی تەوقەکردن لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا گەڕاندبووەوە.

لە هەفتەکانی رابردوودا،  ترەمپ لە چەندین بۆنەدا دەرکەوتووە کە تەوقە لەگەڵ پۆلیس و بەرپرساندا دەکات، بەڵام نیشانەکانی ماندووبوونی جەستەیی وەک شینبوونەوەی دەستەکان و ئاوسانی قولەپێی، وایکردووە رۆژنامەنووسان بەردەوام پرسیار لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە بکەن، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی روون وەربگرن.

کۆشکی سپی لە مانگی تەمموزی رابردوودا رایگەیاندبوو کە سەرۆک ترەمپ تووشی نەخۆشیی "کەمیی خوێنهێنەرە درێژخایەنەکان" (chronic venous insufficiency) بووە، کە حاڵەتێکی باوە لە تەمەنی ئەودا.

بەپێی یاداشتێکی شۆن باربابێلا، پزیشکی تایبەتیی سەرۆک، کە لێڤیت بۆ رۆژنامەنووسانی خوێندەوە، "وێنە نوێیەکانی سەرۆک، شینبوونەوەیەکی سووک لەسەر پشتی دەستی نیشان دەدەن، کە ئەگەری هەیە بەهۆی وروژانێکی کەمی شانەکانەوە بێت بەهۆی تەوقەکردنی بەردەوام، لەگەڵ بەکارهێنانی رۆژانەی ئەسپرین وەک بەشێک لە پرۆتۆکۆڵی خۆپارێزیی دڵ".

سەرەڕای ئاشکراکردنی دەستنیشانکردنەکە، پزیشکەکەی تا ئێستا ئامادە نییە وەڵامی پرسیاری میدیاکان بداتەوە. هەروەها هیچ پلانێکی چارەسەری یان گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیدا ئاشکرا نەکراوە.

جێی ئاماژەیە، راپۆرتی پزیشکیی ساڵانەی سەرۆک کە لە مانگی نیسانی رابردوودا بڵاوکرایەوە، ستایشی تەندروستیی جەستەیی و هزریی سەرۆکی کردبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە "تەندروستییەکی دەروونی و جەستەیی نایابی هەیە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سوریا، ئەمڕۆ شەممە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی چاوەڕوانکراو لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا دەکەن لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا.

نووسینگەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، لە وەڵامێکدا بۆ ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا، جەختی کردەوە کە "هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە" کە باس لە ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو لادا دەکەن.

پێشتر، رۆژنامەی "ئیندپێندنت عەرەبییە" لە زاری "سەرچاوەی باڵای سورییەوە" بڵاویکردبووەوە کە سوریا و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا رێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا (سانا) رایگەیاندبوو کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریس لەگەڵ وەفدێکی ئیسرائیلیدا کۆبووەتەوە. بەپێی ئاژانسەکە، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەچووە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کراوە.

سانا ئاماژەی بەوەشکردبوو کە گفتوگۆکان جەختیان لەسەر راگرتنی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا، بەهێزکردنی سەقامگیری لە باشوری سوریا، چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا، و کاراکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1974ی جیاکردنەوەی هێزەکان کردووەتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەی کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە بوو کە لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پاریس لە نێوان شەیبانی و رۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیلدا ئەنجامدرا. هەروەها سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لە کۆبوونەوەی دیکەی راستەوخۆ دەکەن کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوون.

شایەنی باسە، ئەم پێشهاتانە دوای توندوتیژییە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدا دێت کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا رویا1600 کەس.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین روبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا دان بە ئاڵۆزیی قەیرانەکەدا دەنێت و کۆکردنەوەی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینی بە ئەرکێکی "زۆر قورس" وەسف کرد، هاوشێوەی "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو".

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ دەرگای هیوای بە کراوەیی هێشتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە بتوانرێت گفتوگۆ لەسەر شێوازەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو سەرۆک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە بەشداریی خۆی لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا، تەنها وتی: "دەیبینین".

روسیا: هیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ ئەجێندایەکی ئامادەکراو ئەنجام نادرێت:

لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ پێشتر هەڵوێستی خۆی رون کردبووەوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو، "هیچ نیەتێک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان پوتن و زێلێنسکیدا" و جەختی کردبووەوە کە سەرۆکی روسیا تەنها کاتێک ئامادەی کۆبوونەوەی لەو شێوەیە دەبێت کە ئەجێندایەکی ئامادەکراو هەبێت.

لەم بارەیەوە، یەڤگینی سیدرۆڤ، نووسەر و توێژەری سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز عەرەبییە رایگەیاند: "لەلایەنی روسیاوە هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام دەبێت بە وردی ئامادەکاری بۆ کرابێت و خاڵەکان پێشوەختە رون بن. ناکرێت کۆبوونەوەکە ببێتە شەڕەقسە یان ئابڕووچوونێکی دیکە."

سیدرۆڤ وتیشی: "ئەگەر پوتن و زێلێنسکی سبەی کۆببنەوە، روسیا مەرجی هەیە و زێلێنسکیش بە تەواوی ئەو مەرجانە رەتدەکاتەوە، کەواتە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە هیچ نابێت."

کیێڤ مۆسکۆ بە رێگریکردن تۆمەتبار دەکات:

لەلایەکی دیکەوە، کیێڤ هەڵوێستێکی راستەوخۆی تۆمەتبارکردنی گرتووەتەبەر. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند کە روسیا "هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ" لە نێوان هەردوو سەرۆکدا و داوای سەپاندنی "سزای نوێ"ی کرد بەسەر مۆسکۆدا ئەگەر نیازپاکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نیشان نەدات.

داواکاریی گەرەنتیی ئەمنی.. بەڵێنێک بەبێ جێبەجێکردن:

هاوکات لەگەڵ ئەم مشتومڕانە، پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراین هێشتا یەکلانەبووەتەوە. مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی نوێی ناتۆ، لە سەردانێکیدا بۆ کیێڤ داوای پێشکەشکردنی "گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز"ی کرد بۆ ئۆکراین، بەڵام زێلێنسکی خۆی دانی بەوەدانا کە "هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی ئامادەن پشتیوانیی سەربازیی راستەوخۆ پێشکەش بکەن." سەرۆکی ئۆکراین رونیکردەوە کە وڵاتەکەی داوای گەرەنتییەک دەکات هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ، کە هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێک بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنێت.

ترەمپ.. لە نێوان هەل و قەیراندا:

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کە "دوو هەفتەی داهاتوو کاتێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە ئۆکراین" و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەیەت، لەوانەیە واشنتن "رێبازێکی جیاواز" بگرێتەبەر.

بە بڕوای شرۆڤەکاران، ترەمپ هەوڵ دەدات خۆی وەک "ئاشتیخوازێک" نیشان بدات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگادارە کە هەر شکستێک لەم ئەرکەدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی سیاسیی دەبێت، ئەمەش هۆکاری خۆبەدوورگرتنیەتی لە بەڵێنی راستەوخۆ.

لە کۆتاییدا، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم هەر کۆبوونەوەیەکدا مەرجەکانی روسیایە کە کیێڤ بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خۆی دەزانێت. تا ئەو کاتەی ئەم بنبەستە نەشکێنرێت، وادیارە لێکچواندنەکەی ترەمپ سەبارەت بە "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو" باشترین وەسف بێت بۆ دۆخەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، ئاشکرای کرد کە تاران لە چەند وڵاتێکدا ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری دامەزراندووە، هاوکات جەختیشی لەسەر توانای خۆبژێویی ئێران لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی بەرگریدا کردەوە.

نەسیرزادە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، چەند کارگەیەکیان لە دەرەوەی وڵات دروست کردووە و ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە رەسمی بکرێنەوە و رابگەیەندرێن.

وەزیری بەرگریی ئێران ئەم هەنگاوەی بە "نیشانەی ئەوە زانی کە جیهان باوەڕی بە تواناکانی بەرگریی ئێران هەیە و خواست لەسەر بەرهەمەکانمان، بەتایبەتی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، لە زیادبووندایە."

نەسیرزادە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەندێک بواردا، دروستکردنی کارگەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی پارچە یان کەرەستەی دیاریکراو لە روی ئابوورییەوە بەسوود نییە، بۆیە ئێمە بە رێگەی دیکە ئەم پێداویستییانە پڕ دەکەینەوە."

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیرەکە جەختی لەسەر پێویستیی پشتبەستنی هێزە چەکدارەکان بە توانای ناوخۆیی کردەوە و وتی: "لە کاتی قەیرانەکاندا، ناتوانرێت پێداویستییەکان لە دەرەوە دابین بکرێن. بۆیە دەبێت هەموو ژێرخانە پێویستەکان لە ناوخۆدا دابمەزرێنین."

بە وتەی نەسیرزادە، "ئەمڕۆ زیاتر لە %90ی ئەو کەرەستانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێویستیانە، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، بەتایبەتی لە بواری مووشەکدا." رونیشیکردەوە کە "مووشەکەکان، چ ئەوانەی بە سووتەمەنیی شل یان رەق کاردەکەن، %100 لە ناوخۆدا دروست دەکرێن و پشت بە هیچ وڵاتێکی بیانی نابەستین."

"هەموو توانای مووشەکیمان بەکارنەهێناوە"

وەزیری بەرگریی ئێران دووپاتیکردەوە کە توانای مووشەکیی وڵاتەکەی زۆر لەوە زیاترە کە تا ئێستا بەکارهێنراوە و تاران خاوەنی چەندین مووشەکی نوێیە بە کڵاوەی جەنگیی پێشکەوتووەوە کە لە شەڕی ئەم دواییەدا بەکارنەهێنراون، لەوانەش مووشەکی "خوڕەمشەهر 5" کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین نموونەکان دادەنرێت.

هەروەها ئاشکرایکرد کە مووشەکی "قاسم بەسیر"یش کە بەم دواییە پەردەی لەسەر لادرا، بەکارنەهاتووە. نەسیرزادە ئەم مووشەکەی بە "ورترین مووشەکمان" وەسف کرد کە پشت بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ دەبەستێت و "بەرھەمی ئەزموونەکانمانە دوای ئۆپەراسیۆنی 'بەلێنی ڕاستگۆیانە 2'."

نەسیرزادە وتیشی، "خاوەنی مووشەکی سەرووی دەنگ (هایپەرسۆنیک)، سجيل و نەوەیەکی نوێی مووشەکین کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا تاقیکراونەتەوە و کاراییان سەلمێندراوە."

لەبارەی ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەوە، نەسیرزادە وتی: "ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر، بۆ نموونە 15 رۆژ، بەردەوام بووایە، رەنگە لە سێ رۆژی کۆتاییدا، ئیسرائیل نەیتوانیبا بەرپەرچی هیچ مووشەکێک بداتەوە."

وەزیری بەرگریی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە شەڕی ئەم دواییە ئەو بوارانەی بەرگریی بۆ رون کردوونەتەوە کە پێویستە کاری زیاتریان لەسەر بکرێت و بەهێزتر بکرێن و تەنها مووشەک لە کارە لەپێشینەکانیان نابێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەخۆشیی بیرچوونەوە بەشێوەیەکی لەسەرخۆ دەست پێدەکات، سەرەتا بە لەبیرچوونەوەی شتە سادەکان و دواتر تێکچوونی باری هزری. هەرچەندە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە یان رێگرییەکی دڵنیاکەرەوە بۆ ئەم نەخۆشییە نییە، بەڵام زانست جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی رۆژانەدا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت.

بە گوێرەی راپۆرتێک کە لە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا" بڵاوکراوەتەوە، ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک لە سیستمی خۆراک و جوڵەی رۆژانەدا، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە بیرچوونەوە.

ئەو نۆ گۆڕانکارییە بریتین لە:

1. کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن: بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن نەک تەنها مەترسیی تووشبوون بە شەکرە زیاد دەکات، بەڵکو زیان بە مێشکیش دەگەیەنێت. پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست، چالاکی جەستەیی و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان یارمەتیدەرن بۆ Rاگرتنی ئاستی گلوکۆز.

2. پارێزگاریکردن لە کێشێکی تەندروست: کێشی زیادە هۆکارە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە، کە هەردووکیان پەیوەندییان بە دابەزینی توانای هزرییەوە هەیە.

3. پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست: ئەو خۆراکەی بۆ جەستە بەسوودە، بۆ مێشکیش بەسوودە. خواردنی میوە، سەوزەوات، دانەوێڵە تەواوەکان و چەورییە تەندروستەکان یارمەتی بەهێزکردنی توانای هزری دەدەن. پسپۆڕان جەخت لەسەر سیستمی خۆراکی دەریای ناوەڕاست دەکەنەوە کە دەوڵەمەندە بە زەیتی زەیتوون، ماسی و سەوزە گەڵاتۆخەکان.

4. بەردەوامبوون لەسەر چالاکی جەستەیی: وەرزشکردن سووڕی خوێن بۆ مێشک باشتر دەکات و بەرەنگاری ئەو هۆکارانە دەبێتەوە کە مەترسیی تووشبوون بە بیرچوونەوە زیاد دەکەن. تەنها ٣٠ خولەک وەرزشی ڕۆژانە وەک پیاسەکردن، سەماکردن، یان باخەوانی دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات.

5. چالاکیی هزری: مێشک حەزی بەوەیە بەکاربهێنرێت. شیکارکردنی مەتەڵ، خوێندنەوەی کتێبی نوێ، یان فێربوونی کارامەییەکی نوێ، مێشک بە چالاکی دەهێڵێتەوە و توانای بەرگەگرتنی لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات.

6. پەیوەندی کۆمەڵایەتی: گۆشەگیری کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مێشک هەیە. پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ هاوڕێیان و خێزاندا یارمەتی پاراستنی یادەوەری و تەندروستیی دەروونی دەدات.

7. خەوێکی باش: کەمخەوی دەبێتە هۆی لێڵبوونی بیر و هزر، و بە تێپەڕبوونی کات مەترسی تووشبوون بە بیرچوونەوە زیاد دەکات. پێویستە شەوانە ٧-٨ کاتژمێر خەوی کوالیتی بەرزت هەبێت.

8. گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی و جەستەیی: چارەسەرکردنی خەمۆکی، کۆلیسترۆڵ و کێشە تەندروستییەکانی دیکە، نەک تەنها بۆ جەستە بەڵکو بۆ مێشکیش پێویستن. پشکنینی خولی و گرنگیدان بە خۆ، بناغەیەکی پتەو بۆ یادەوەری و تەندروستییەکی دەروونیی باش دادەنێت.

9. خۆپاراستن لە پێکانەکانی سەر: کەوتن و بەرکەوتنی سەر دەکرێت زیانی هەمیشەیی بە مێشک بگەیەنێت. بەکارهێنانی پشتێنی سەلامەتی، کڵاوی خۆپارێزی و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی ماڵەوە لە ڕێگەی ڕووناکیی گونجاو و دەسکەوە، هەنگاوی گرنگن بۆ خۆپاراستن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بەهۆی شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت".

دەقی پەیامەکە...

زۆر دڵگران بووین بە شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، شەهیدان (سەرمەند عەلی، دیار سەردار حەکیم و ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشدا گیانیان بەخت کرد.

لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان و هەموو هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و داواکارم خوای گەورە روحی ئەم شەهیدە سەربەرزانە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت و تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، 581 كاندید و 10 پێكهاتەی سیاسییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق دورخستووەتەوە و ئەگەری هەیە ئامارەكە زیاتریش ببێت.

عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی رۆژنامەوانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 581 كاندید و 10 پێكهاتەی سیاسی لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور خراونەتەوە، كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، 195 كاندید بەهۆی پابەند نەبوون بە رێكار و مەرجەكانی كۆمسیۆن و 104 كاندیدی دیكەیان بەهۆی هەبوونی پێشینەی تاوان و 15ـی دیكە بەهۆی ساختەكاری لە بڕوانامەكانیان دورخراونەتەوە.

عیماد جەمیل راشیگەیاندووە، ئەگەری هەیە ژمارەی دوورخراوەكان زیاد بكات، بەڵام لە هەموو ئەگەرەكاندا دەبێت كۆمیسیۆن 30 رۆژ بەر لە هەڵبژاردن لە 11ـی مانگی تشرینی دووەم ناوی كاندیدەكان پەسەند بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی کۆمار بەنیگەرانییەوە چاودێریی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کرد کە شاری سلێمانی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە شارەکەدا و برینداربوونی ژمارەیەکی تر.

جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی دانبەخۆداگرتن و پەنابردنە بەر رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان بەپێی دەستور و دوور لە توندوتیژی، بە شێوەیەک کە بنەماکانی دادپەروەری بچەسپێنێت و ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان بپارێزێت.

هەروەها سەرۆکایەتیی کۆمار  سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان دەکات، و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.

خوای گەورە سلێمانی و دانیشتووانەکەی و هەموو عیراقییەکان لە هەموو ناخۆشی و خراپەیەک بپارێزێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی لالەزار بڵاوكردەوە و دەڵێت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانمان توانییان هۆتێلی لالەزار لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی كۆنتڕۆڵ بكەن و هەموو ئەو چەكدارانە دەستگیر بكەن كە روبەرووی هێزەكانمان بوونەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لە روبەڕوونەوەیەکی چەکداریدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانییان توانییان ئوتێل لالەزار لەگەڕەکی سەرچناری سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکەن و هەموو ئەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە روبەڕووی هێزەکانیان بوونەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردن بەمادەی (406) لەیاسای سزادانی عیراقی بۆ داواکراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواکراوی دیکە دەرچوو، فەرمانەكە ئاڕاستەی هێزەکانییان كرا، بەڵام دوای هەوڵی زۆری هێزەکانییان بۆ خۆڕادەست بوونی داواکراوان بەیاسا و ئاگادارکردنەوەیان لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ خودی داواکراوان و هەروەها لەرێگەی بڵندگۆوە بەناونیشانی (هەر کەس خۆی رادەست بکات ژیانی پارێزراو دەبێت، دڵنیاتان دەکەینەوە ژیانتان پارێزراوە) بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساوە و لەسەر زاری خۆیان رایانگەیاند؛ کە میلیشیای چەکداریان هەیە و روبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە کە هێزێکی رەسمی حکومەتی هەرێمە و بەئەرکی خۆیان هەڵدەستن،  ئەوان دەستیانکرد بە تەقەکردن لەهێزەکانییان و روبەڕوویان بوونەوە بۆ ئەوەی رێگربن لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی لالەزار.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا هەنگاوەکانی نراوون  لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کەلەلایەن دادوەر دەرچووێندراوە، تا هیچ تاقم و لادەرێک لە یاساوە نەبێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت وەک هەمیشە.

ئاشکراشیکرد،، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان شوێنی مانەوەی تۆمەتباران و ناوچەکە لە لالەزار بەتەواوەتی لەتۆمەتبارانی دەرچوو لە یاسا و میلیشیا چەکدارەکانیان کە هەر شەوی رابردوو خۆیان رایانگەیاند، روبەڕووی هێزە رەسمەکانییان دەبنەوە، کۆنترۆڵ بکەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەداخەوە لەئەنجامی روبەڕووبونەوەکان سێ کارمەند لە هێزەئەمنییەکان شەهید بوون و (19) کارمەندی دیکەش بریندار بوون، وێڕای پرسەو وسەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵمان لەهەمان کاتدا هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا رەوشی سلێمانی ئارام بووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئاسایی لە شەقامەکان هاتووچۆدەکەن ودڵنیایی دەدەین کە؛ ئارامی سلێمانی هێڵی سورە و رێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گروپێکی لەیاسا دەرچوو نادرێت کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەمان و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیرکران و روبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لاهور جەنگی بورهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: لاهور جەنگی بورهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، هەروەها پۆڵاد جەنگی بورهانی براشی بە برینداری دەستگیرکراوە.

ئەمە لە لاتێکدایە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور جەنگی بورهان دەرچوو، بەڵام رەتی کردەوە خۆی رادەستی یاسا بکات، بۆیە هێزە ئەمنییەکان دەستگیریانکرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...190191192193194...986