مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە عیراق رایگەیاندوە؛ ئەمڕۆ جیهان عیراق وەک وڵاتێک دەبینێت رۆلێكی گەورەتر و کاریگەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، بەمەرجێك پرسی چەك له دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت به تەواوی چارەسەربکات و شکۆی دامودەزگا رەسمییەکان بپارێزێت.
نێردەکەی ترەمپ، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عیراق کردوە وپێان دەڵێت؛ لەبەردەم دوڕیانێکی یەکلاکەرەوەدا وەستاون.
ئاماژەی بەوەکردوە یان عیراق دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و راکێشانی وەبەرهێنانیانی بیانی هەبێت، یاخود دەگەڕێتەوە ناو ئەو رەوشە ئاڵۆزەی کە دەبێتە بارگرانی لەسەر هەموو لایەک.
مارك ساڤایا نوسیویەتی؛ هیچ ئابورییەک ناتوانێت گەشە بکات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی نارەسمیدا تێکەڵ بووە.
جەختیشیکردەوەتەوە لەوەی عیراق دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ هەڵدانەوە ئەم دۆسییە و بەهێزكردنی وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە لەسەر سەروەری یاسا بونیاد نراوە نەک دەسەڵاتی چەک.
نێردەکەی ترەمپ ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستیانە پشتیوانیكردنە وڵات و رێزگرتن لە دەستورو بەهێزکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە، هەروەها پابەندبونێکی پتەو کە پەیوەستبێت بە دوورخستنەوەی چەک لە سیاسەت، کە دەبێتە ڕیگەی بونیادنانی عیراقێکی بەهێز، کە جیاهان ریزی بگرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندوە؛ بە بریارى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زیاتر لە (چوارسەد و 42 هەزار) دۆلار ئەمەریکی بۆ (42) دەرچووى بەرنامەی تواناسازی خەرجدەکرێت و لە سبەینێشەوە دەتوانن سەردانی وەزارەت بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەی شایستەى داراییەکانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ پاڵپشت بە نوسروای سەرۆکایەتى ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕی چوار سەدو چل و دوو هەزار و پێنج سەدو و چواردە دۆلاری ئەمەریکی بۆ (42) بەرنامەی تواناسازی خەرجدەکرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ دەرچوانى تواناسازى ئەوانەى ناویان لە لیستى هاوپێچ هاتوە پێویستە لە رێکەوتى (2025/12/1) بە دواوە سەردانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى/ بەڕێوەبەرایەتى تواناسازى، بکەن بەمەبەستى وەرگرتنى چەکى پارەى شایستەى دارایى بەپێى لینکى هاوپێچ کە بریتیە لە ناوى سودمەندان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند رێنمایەکیشی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە سودمەند دەبن لە بڕیارەکە بەمشێوەیە؛
-دەرچووى تواناسازى پێویستە پاسۆرت (ئەسڵى و کۆپى) لەگەڵ خۆى بهێنێت. ئەگەر بریکارەکەى ئامادەبوو ئەوا پێویستە پاسیۆرت (ئەسڵى و کۆپى) کاندید و بریکارنامەکەى (ئەصڵى و کۆپى) لەگەڵ خۆى بهێنێت.
- رۆژى دوشەممە رێکەوتى (2025/12/1) سەردانى دیوانى وەزارەت/ بەڕێوەبەرایەتى تواناسازى بکەن.
- ناوەکان لە زنجیرەى (1) بە ناوى (احمد خالد عبدالهادى) دەستپێدەکات و لە زنجیرەى (42) بەناوى (دێرین محمود رشید) کۆتایى دێت.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی عەربەت بڵاویکردوەتەوە لە لیژنەی موەلیداتی سنووری بەرێوەبەرایەتیەکەیان ئاگاداری سەرجەم خاوەن موەلیدەکان دەکەن، کار بە موەلیدەکان بکەن، تا کاتی ئاسای بونەوەی کارەبای پڕۆژەی روناکی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردوە، کارکردنی موەلیدەکان لە کاتژمێر چواری عەسرەوە بۆ 12ـی شەو دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی عەربەت داوا لە خاوەن موەلیدەکانیش دەکات، سەبەینێ یەکشەممە، سەعات نۆی بەیانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەبکەن، بە مەبەستی چۆنێتی کارکردنی موەلیدەکانیان.
درەنگانێکی شەوی چوارشەممە، بە موشەک کێگەی کۆرمۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راگیرا و تا ئێستا دەست بە بەرهەمهێنانی غاز نەکراوەتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی لەسەرتاسەری هەرێم گرفتی بۆ دروست بووە و تا ئێستا ئەو گرفتە چارەسەر نەکراوە.
بەریتانیا رۆژ لە دوای رۆژ، رێکارەکانی بەرانبەر بە پەنابەران توند تر دەکات، بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئیدی پەنابەران لەو وڵاتە ناتوانن بە تاکسی سەردانی نەخۆشخانە بکەن و لە ساڵی ئایندەوە بەکارهێنانی تاکسیان بۆ ئەو مەبەستە لێ قەدەغە دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە شەبانە مەحموودی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە پەناخوازان بەکارهێنانی تاکسییان بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی لێ قەدەغە دەکرێت.
بەپێی یاسا نوێیەکانی بەریتانیا، بەکارهێنانی تاکسی لەلایەن پەنابەرانەوە بۆ سەردانیکردنی پزیشک قەدەغە دەکرێت، بۆ حاڵەتە دەگمەنەکانی وەک کەمئەندامی جەستەیی، دووگیانی یان نەخۆشییەکی سەخت و حاڵەتە هاوشێوەکانیشی بۆ داواکردنی تاکسی، پێویستیان بە رەزامەندی حکومەت دەبێت.
ئەم بڕیارەی بەریتانیا، لە کاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە دۆسیەیەکی 38 خاڵیی بڵاوکردۆتەوە کە ئامانج لێی قورسترکردنی مانەوەی هەمیشەیی پەنابەران و ئاسانکردنەوەی دەرکردنی ئەو کەسانەیە کە مافی پەناباریان نییە.
هاوکات هەوڵی حکومەتیشە بۆ کەمکردنەوەی ئەو تێچوونانەی کە پەیوەندییان بە سیستەمی پەنابەرییەوە هەیە و
سەبارەت بەم هەنگاوە، حکومەت دەڵێت دەیەوێت "خەرجی ئابووری" کەمبکاتەوە و ساڵانە گواستنەوەی پەناخوازان بەتەکسی زیانی نزیکەی 15.8 ملیۆن پاوەندی بەوڵاتەکە دەگەیەنێت.
میدیاکانی تورکیا بڵاویکردوەتەوە، هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکی، سەردانی تاران دەکات و ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکات و چەندین تەوەری نێونیان هەردوو وڵاتەک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندوە، بڕیارە سبەینێ هاکان فیدان سەردانی تاران بکات و چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بە هەردوو وڵاتەکە تاوتوێ بکرێن، فیدان لەگەڵ عەباس عەراقچی هاوتا ئێرانییەکەی و بەرپرسانی باڵای دیکە لە تاران کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت فیدان جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبونەوەکەیدا هاکان فیدان جەخت لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان بکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی 30 ملیار دۆلار لە مامەڵەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتەکەدا.
سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەش یەکێکی دیکە دەبێت لەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بەتایبەتی پرسی سوریا و غەززە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە داخراو هەژمار بکرێت، کۆباش ئیدانەی راگەیاندنی داخستنی ئاسمانی ڤەنزوێلای کردوە و رایگەیاندوە؛ ئەمریکا دەیەوێت "حکومەتی شەرعی ڤەنزوێلا بڕوخێنێت".
ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەنداری دەکات بڵاویکردوەتەوە؛ "بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و فڕۆکەوانان، هەموو ئەوانەی بازرگانیی مادە هۆشبەرن و بازرگانانی مرۆڤن، ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە تەواوی بە داخراو بزانن".
ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرای سەرۆکی ڤەنزیۆلا بەرەوهەڵکشان دەچێت و وەک یەکەم کاردانەوەش کوبا ئیدانەی ئەو پەیامەی ترەمپی کردوە، جەختی لەوە کردەوەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت "حکومەتی شەرعی ڤەنزوێلا بڕوخێنێت".
ماوەیەکە ئیدارەکەی ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر ڤەنزوێلا چڕکردووەتەوە بە جێگیرکردنی هێزێکی زۆر لە ناوچەی کاریبی، لەنێویاندا گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیهان، لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 20 کەشتی بە بیانیوی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 80 کەس گیانیان لەدەستداوە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئیدانەی توندوتیژییەکانی گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، لە خۆپیشاندانێکدا بۆ داواکردنی هەلی کار، هاووڵاتییەک کوژراوە و هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر رۆژنامەنوسان.
تۆڕەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی لاجان لەبەردەم کۆمپانیای "لاناز" گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان دەکرد، بەڵام گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و بەهۆیەوە کەسێکی سڤیل گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پێشێلکاری دژی میدیاکان کراوە و ئاماژە بەوەدراوەبە جلی سەربازییەوە کەرەستە رۆژنامەوانییەکانی کەناڵەکان شکێنراون.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا لە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەکات لێکۆڵینەوەی جددی لە روداوەکە بکەن، رێز لە مافی خۆپیشاندان بگرن و رێگە بدەن رۆژنامەنوسان بە ئازادی کاری خۆیان بکەن.
بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە گردبوونەوەی دانیشتووانی گوندی (لاجان) لەسەر رێگەی هەولێر – گوێر، گەنجێک گیانی لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند: دانیشتووانی گوندەکە دژ بە جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی پێش هەڵبژاردن پێیان درابوو، بەتایبەت بەڵێنی دامەزراندنی گەنجەکانیان، خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.
بە وتەی شایەتحاڵەکان بۆ پەیامنێری کوردسات نیوز، لە کاتی گردبوونەوەکەدا تەقە کراوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات شایەتحاڵێکی دیکە ئاماژەی بەوە دا کە هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، هەفتەی رابردووش دانیشتووانی گوندی لاجان بە هەمان مەبەست گردبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دامەزراندنیان دەکرد.
دیمەنی راستەوخۆی گرژییەکان:
وەزارەتی دارایی و ئابووریی خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پرۆسەکە لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی دێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سبەی یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول دەکرێت و رۆژی سێشەممە 2ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت.
وەزارەتی دارایی تێبینییەکی گرنگی بۆ موچەخۆران خستۆتەڕوو و داوایان لێ دەکات سبەی لە دوای سەعات 1:00ی پاشنیوەڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنەکە بۆ دوای نیوەڕۆ، وەزارەتەکە روونیکردۆتەوە کە وەرگرتنی پارەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی رەسمیدا، هەروەها گواستنەوەی پارەکە بۆ بانکەکانی دیکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاتی پێویستە.
زانکۆی راپەڕین دەستکەوتێکی دیکەی خستە سەر خەرمانی زانستیی خۆی و لە نوێترین ریزبەندیی "تایمز"ی بەریتانی بۆ ساڵی 2026، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت.
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگ، دەزگای تایمزی بەریتانی (Times Higher Education) کۆتا وەشانی ریزبەندیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی (Arab University Rankings) بڵاوکردەوە. بەپێی ئەنجامەکان، زانکۆی راپەڕین لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە ریزبەندیی 126 بۆ 150 دایە، بەمەش دەچێتە خانەی گروپی چوارەمەوە.
ئەمە یەکەمجارە زانکۆکە بەشداریی ئەم ریزبەندییە دەکات و راستەوخۆ دەچێتە پێشەنگی زانکۆ حکومییەکانی کوردستان؛ ساڵی 2024 وەک هەنگاوی یەکەم دۆسیەی پێشکەش کردبوو و پلەی (Reporter)ی پێدرابوو، بەڵام ئەمساڵ پێشکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد.
پێشتر و هەر لەمساڵدا، زانکۆی راپەڕین لە ریزبەندیی (Impact Ranking)ی هەمان دەزگای بەریتانی، توانیبووی پلەی یەکەمی هەرێمی کوردستان و شەشەمی عیراق مسۆگەر بکات، هەروەها لە ریزبەندیی زانستەکاندا پلەی دووەمی هەرێم و سێیەمی عیراقی بەدەستهێنابوو.
سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین وێڕای پیرۆزبایی لە توێژەران، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران، رایگەیاندووە: "ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی ماندووبوون و دڵسۆزیی تەواوی ستافی ئەکادیمی و لیژنەی رانکی زانکۆکەیە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی لە هەرێمی کوردستان".

وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند، تەمویلی موچەی مانگی ئەیلول گەیشت و خرایە سەر هەژمارەکەیان لە بانکی ناوەندی.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ شەممە، بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم گەیشتووە.
وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و بڕیارە بەپێی خشتەیەک دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و پڕبوونی رەفەی مارکێتەکان بە شیرینی، زۆر کەس ئەوەیان لەبیردەچێت کە ئەم وەرزە خۆی جێگرەوەی تەندروستی و سروشتیی تێدایە، پسپۆڕانیش رێنمایی دەدەن کە دەبێت چوار جۆر میوە ببنە بەشێک لە خۆراکی رۆژانەمان.
رۆب هۆبسۆن، پسپۆڕی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات، لەبری کڕینی شیرینی و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەکر و چەوری و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکری خوێن، پێویستە سێو، هەرمێ و تووەکان لە ماڵەکاندا هەبن.
ئەمانە گرنگترین میوە زستانییەکانن کە هۆبسۆن پێشنیاریان دەکات:
توی رەش:
دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و مادەی ئەنسۆسیانین کە بۆ تەندروستی دڵ، بۆرییەکانی خوێن و مێشک بەسودە، لە هەمان کاتدا رێژەی شەکر تێیدا کەمە. ئەم میوەیە دژە ئۆکسانی بەهێز و ڤیتامین C و Kـی تێدایە. دەتوانرێت بەیانیان لەگەڵ ماست یان شۆفان بخورێت.
هەرمێ:
سەرچاوەیەکی نایابی ریشاڵە بەتایبەت ئەگەر بە توێکڵەوە بخورێت، یارمەتی هەرس دەدات و کێشەی قەبزی چارەسەر دەکات کە زۆرجار بەهۆی سەرماوە دروست دەبێت. هەروەها ڤیتامین C، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B و مادەی پۆلیفینۆڵی تێدایە کە بۆ بۆرییەکانی خوێن باشە.
سێو:
بە یەکێک لە بنەماکانی خۆراکی زستان دادەنرێت بەهۆی بوونی ریشاڵی تواوە (پێکتین) کە بۆ تەندروستی ریخۆڵە و دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ بەسودە. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2019 دەریخستووە خواردنی دوو سێو لە رۆژێکدا کۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت.
توی سوور:
ئەم میوەیە بەناوبانگە بە توانای پاراستن لە هەوکردنی میزەڵدان، چونکە مادەی تێدایە رێگری دەکات لەوەی بەکتریای ئیکۆلای بە دیوارەکانی میزەڵدانەوە بنووسێت. توێژینەوەیەکی ساڵی 2024 دەریخستووە خواردنەوەی شەربەتەکەی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی میزەڵدان بەڕێژەی 54% کەم دەکاتەوە، هەروەها سیستمی بەرگری لەش لە زستاندا بەهێز دەکات.
سەركردەیەكی پەكەكە دەڵێت: گەریلا پێویستی بە یاسای لێبوردنی گشتی نییە و پێویستە توركیا بیر لە یاسایەك بۆ ئازادیی بكاتەوە.
بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە قۆناغێكی نوێدا بەردەوام دەبێت لە خەبات، چونكە ئەو پارتە دەستبەرداری خەباتی چەكداریی بووە و ستراتیژی سیاسەتی دیموكراتیی گرتووەتەبەر.
وتیشی، سەركردە و گەریلاكانی پەكەكە تاوانیان نەكردوە كە توركیا لێبوردنیان بۆ دەربكات، بەڵكو پێویستە لە باڵاترین ئاستدا یاسایەكیان بۆ ئازادی بۆ دەربكرێت، چونكە ئەوانەی دەگەڕێنەوە تەنها دەست بە خەباتی سیاسی و دیموكراتی دەكەن.
بەسێ هۆزات جەختیشیكردەوە، ئەگەر توركیا پرسی كورد بە شێوەیەكی دیموكراتی چارەسەر نەكات، جارێكی تر روبەڕوی مەترسیی گەورە دەبێتەوە، رەخنەی لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)ش گرت كە ئامادە نەبوو بەشداریی دیداری كۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان بكات.
دوای کوشتنی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی؛ ئیدارەی ترەمپ بڕیارەکانی مافی پەنابەرێتی راگرت
چەند رۆژێک دوای رووداوی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی و برینداربوونی یەکێکی دیکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا سەرجەم بڕیارەکانی پەیوەست بە مافی پەنابەرێتی و پێدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی رابگرێت.
لە رووداوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە روویدا، سارە بیکسترۆم، تەمەن 20 ساڵ گیانی لەدەستدا و ئەندرو وۆڵف، تەمەن 24 ساڵ بە سەختی بریندار بوو، کە هەردووکیان سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی وێست ڤێرجینیا بوون و لە چوارچێوەی ئەرکەکانی پاراستنی ئاسایش لە شارەکە جێگیر کرابوون.
لێکۆڵەران بەدوای پاڵنەری رووداوەکەدا دەگەڕێن و تۆمەتبارەکە ناوی رەحمانوڵڵا لاکانوال-ە (29 ساڵ)، هاووڵاتییەکی ئەفغانییە و پێشتر لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کاری کردووە. ئێستا رووبەرووی تۆمەتی "کوشتنی پلە یەک" و هەوڵی کوشتن بۆتەوە. جانین پیرۆ، داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاندووە "تۆمەتی زیاتریشی دەخرێتەپاڵ".
دۆناڵد ترەمپ هێرشەکەی بە "کاری تیرۆریستی" ناوبرد و رەخنەی توندی لە ئیدارەی بایدن گرت کە رێگەی بە هاتنەژوورەوەی ئەفغانییەکان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکان، لاکانوال لە ساڵی 2021 لە سەردەمی بایدن گەیشتۆتە ئەمریکا، بەڵام لەمساڵدا و لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا مافی پەنابەرێتی پێدراوە.
جۆزێف ئێدلۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رەگەزنامە و کۆچ لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، بڕیارەکانی پەنابەرێتی رادەگیرێن تا دڵنیادەبنەوە لە پشکنینی وردی هەر بیانییەک. هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی ڤیزایان بە هەموو هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانی راگرتووە.
گروپە داکۆکیکارەکان نیگەرانن لەم بڕیارانە؛ شۆن ڤاندیڤەر، سەرۆکی گروپی #AfghanEvac دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ تاوانێکی تاکەکەسی کردۆتە بیانوو بۆ سزادانی تەواوی کۆمەڵگەیەک و ئەو سەربازە دێرینانەی شانیبەشانی هێزەکانی ئەمریکا خەباتیان کردووە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا رایگەیاند، زۆرینەی رەهای ئەو بڕیار و مەرسومانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی جۆ بایدن دەرچوون، بەو پاساوەی بایدن خۆی ئیمزای نەکردوون و بە ئامێری "ئۆتۆپێن" (ئامێری ئیمزاکردنی ئەلیکترۆنی) لەلایەن کەسانی ترەوە واژۆ کراون.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەر بەڵگەنامەیەک بە ئۆتۆپێن لەلایەن جۆ بایدنی خەواڵووەوە ئیمزا کرابێت، کە دەکاتە نزیکەی 92%ی کۆی بڕیارەکان، لەمڕۆوە کۆتایی پێ دێت و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نامێنێت".
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بایدن (82 ساڵ) لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا بەهۆی "تێکچوونی دۆخی دەروونی و تەمەنەوە" کۆنترۆڵی بەسەر ئیدارەکەیەوە نەبووە و کارمەندەکانی بە نایاسایی ئامێرەکەیان بەکارهێناوە.
ترەمپ هەڕەشەی ئەوەش دەکات: "جۆ بایدن ئاگاداری پرۆسەی ئیمزاکردنەکە نەبووە، ئەگەر بڵێت ئاگادار بووم، ئەوا بە تۆمەتی سوێندخواردنی درۆ دادگایی دەکرێت".
ململانێکانی ترەمپ لەگەڵ بایدن گەیشتۆتە ئاستێکی شەخسی؛ بەپێی زانیارییەکان ترەمپ لەم دواییانەدا لە نزیک باخچەی گوڵەکان لە کۆشکی سپی شوێنێکی بەناوی "رێڕەوی ناودارانی سەرۆکایەتی" دروستکردووە، بەڵام وێنەی جۆ بایدنی لێکردۆتەوە و لە شوێنەکەیدا وێنەی ئامێری "ئۆتۆپێن"ـەکەی داناوە.
تەنانەت لە سەردانەکەی ئەم مانگەیدا بۆ ئەمریکا، ترەمپ وێنەی ئامێرەکەی پیشانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوە وەک گاڵتەپێکردنێک بە سەرۆکی پێشوو.
بەشێکی سەرەکی لە توڕەیی ترەمپ پەیوەندی بەو بڕیارانەوە هەیە کە بایدن پێش رۆیشتنی دەریکردوون، بەتایبەت بڕیاری "لێبوردنی پێشوەختە" بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەندام بوون لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 6ی جێنیوەری (هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس).
ترەمپ دەڵێت: "ئەو لێبوردنانەی بایدنی خەواڵوو دەری کردوون بۆ ئەو گروپە سیاسییە چەتەیە، بە بەتاڵ و پوچەڵ دەزانم، چونکە بایدن نە ئیمزای کردوون و نە دەشزانێت چی تێدایە".
سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ، شارەزایانی یاسایی دەڵێن قسەکانی سەرۆک بنەمای دەستورییان نییە. یاسای ئەمریکا مەرجی دانەناوە سەرۆک دەبێت بە قەڵەم و بە دەستی خۆی ئیمزا بکات، تەنانەت یاداشتێکی ساڵی 2005ی نووسینگەی راوێژکاری یاسایی دەڵێت: "پێویست ناکات سەرۆک بە جەستە ئیمزا بکات بۆ ئەوەی بڕیارێک ببێتە یاسا، دەکرێت فەرمان بە ژێردەستەیەکی بکات ئیمزاکەی لەسەر دابنێت".
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە جۆ بایدن ئاشکرای کردووە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و وەرگرتنی چارەسەری تیشکی وایکردووە کەمێک لە دەرکەوتنەکانی دووربکەوێتەوە.
لە بەرامبەردا، تەمەنی ترەمپیش (79 ساڵ) و دۆخی تەندروستی بووەتە جێی پرسیار. هەفتەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەسەر "ماندوێتی و نیشانەکانی پیربوون" لەسەر ترەمپ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکاندا خەوی لێدەکەوێت و دەرکەوتنەکانی کەمکردۆتەوە.
ترەمپ بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و خانمە رۆژنامەنوسەکەی بە "ناشرین" وەسف کرد و وتی "پشکنینە جەستەیی و هزرییەکانم زۆر باش بوون".