شارەزایان هۆکاری شێوازی رۆیشتنی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، بە جوڵاندنی تەنها یەک باڵی ئاشکرا دەکەن، کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئالاسکا بەدی کرا.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا، هەردوو سەرکردە پێکەوە بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆیشتن، لەکاتێکدا پوتین تەنها باڵی چەپی بەپێی هەنگاوەکانی دەجوڵاند و باڵی راستی نزیکەی بە تەواوی لە تەنیشتیەوە جێگیر بوو.

رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم شێوازە ڕۆیشتنە سەیرە ساڵانێکە پرسیاری زۆری دروستکردووە و زۆر کەس هەوڵیانداوە نهێنییەکەی بدۆزنەوە.

توێژەران پێیان وایە نهێنی رۆیشتنە تایبەتەکەی پوتین، کە بە "رۆیشتنی دەمانچەهەڵگر" (gunslinger's gait) ناسراوە، رەنگە پەیوەندی بەو راهێنانانەوە هەبێت کە لە کاتی کارکردنیدا لە دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەت (KGB) وەریگرتووە.

شیکەرەوانانی پورتوگالی، ئیتاڵی و هۆڵەندی لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی (BMJ) بڵاوکراوەتەوە، نووسیویانە: "بەپێی کتێبێکی راهێنانی KGB، ئەفسەران فێردەکران کە چەکەکانیان بە دەستی راستیان و نزیک لە سنگیان بگرن و بە لایەکدا بڕۆن، کە عادەتەن لای چەپ بووە. ئەمەش وای لێدەکردن بتوانن لە کاتی روبەروبوونەوەی دوژمندا بە خێرایی چەکەکانیان دەربهێنن".

توێژەران شێوازی رۆیشتنی چەندین بەرپرسی باڵای روسیایان شیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە زۆربەیان هەمان شێوازی رۆیشتنیان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە پێشینەی کارکردنیان لە KGB یان سوپادا هەبووە. پوتین پێش ئەوەی خانەنشین بێت و بچێتە بواری سیاسەتەوە، بۆ ماوەی 16ساڵ لە دەزگای KGB کاری کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، چاودێران ئاماژەیان بە جیاوازی باڵای نێوان هەردوو سەرکردەکە کرد. ترەمپ کە باڵای191سم ەو، بە شێوەیەکی بەرچاو لە پوتین باڵابەرزتر دەرکەوت کە باڵای 170 سم ە. هەروەها "دەیلی مەیل" ئاماژەی بەوەشکردووە کە پوتین پێڵاوی پاژنەبەرزی لەپێدا بووە.

کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتین رۆژی هەینی ڕابردوو، 15ی ئابی 2025، لە بنکەی سەربازیی "ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا بەڕێوەچوو، بەڵام هەردوو لا نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین کە ماوەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.