بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە سنوری شارباژێڕ، چەمچەماڵ و پێنجوێن، سێ کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی داری دارستانە سروشتییەکان دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانیان لە سنوری بنکەکانی (تەکیە، ناڵپارێز، سیتەک و گاپیڵۆن) توانیویانە سێ سەرپێچیکار دەستگیر بکەن، کە هەستاون بە شێواندنی سروشت و بڕینەوەی دارەکان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک داری بڕدراوی تەمەن جیاوازدا و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکان کراوەتەوە و رەوانەی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.
پۆلیسی دارستان جەختیکردۆتەوە، پاراستنی دارستانەکان ئەرکی هەمووانە و بڕینەوەیان بە هەر پاساوێک بێت زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت کە قەرەبوکردنەوەی ئاسان نییە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری یاسوج رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ پێدانی بەڵێنی ناواقعی و چاپکردنی پارەی بێ پشتیوان، جەختیشی کردەوە کە بڕیاریانداوە رێگری لەو هەنگاوە بکەن تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی بڕینی بودجەی هەندێک لایەنیش.
پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا، بەراوردێکی لەنێوان دۆخی ئێستا و سەردەمی جەنگی عیراق-ئێران کرد و وتی، "دۆخی ئێستامان زۆر لە سەردەمی جەنگ ئاڵۆزتر و سەختترە، دوژمنان لە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە چاوەڕێی ئەوەن کەلێن لە ریزەکانی ناوخۆدا دروستبێت تا پلانەکانیان جێبەجێ بکەن".
پزیشکیان ئاشکرایکرد، لە حکومەتدا بڕیاریانداوە گەشەی بودجە بۆ نزیکەی 2% سنوردار بکەن و بودجەی زیادەیان راگرتووە، وتیشی: "رەنگە هەندێک کەس بەهۆی بڕینی بودجەکانیانەوە ناڕازی بن، بەڵام ناکرێت بۆ رازیکردنی خەڵک پارە چاپ بکەین و هەڵاوسان دروست بکەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان باسی لەوە کرد کە نابێت چاو لە دەستی بێگانە بن و وتی، "من جگە لە خودا و گەلی خۆم، هیوام بە هیچ هێزێکی دەرەکی نییە، کێ وتویەتی ئەگەر ئەوروپییەکان یارمەتیمان نەدەن لەناودەچین؟".
سەرۆک کۆماری ئێران ڕەخنەی لە شێوازی بەکارهێنان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ئێران رۆژانە نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل نەوت و گاز بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەهۆی زۆریی بەکارهێنانەوە ناچارن گازی کارگەکان بڕن.
بانکی ناوەندیی عیراق لە نوسراوێکی "بەپەلە"دا کە ئاراستەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، داوا دەکات ناوی حزبوڵای لوبنان و حوسییەکان لە لیستی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان دەربهێنرێن و دەڵێت "بە هەڵە بڵاوکراوەتەوە".
بەپێی نوسراوێک کە واژۆی د. عەمار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستانی لەسەرە، داواکراوە بڕگەکانی (18 و 19) لە لیستی بڕیاری ژمارە 61ی ساڵی 2025، کە لە ژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقائیعی عیراقیدا بڵاوکراوەتەوە، لاببرێن (کە تایبەتن بە حزبوڵا و حوسییەکان).
نوسراوەکەی بانکی ناوەندی هۆکاری پاشگەزبوونەوەکەی روونکردۆتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بڵاوکردنەوەی پارەی بلۆککراوی ئەو کیانانە بەبێ رەزامەندیی لیژنەکە و بە "هەڵە" لەنێو ئەولەویاتەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی وەقائیعی عیراقیدا، لە بڕگەکانی 18 و 19ی لیستی سزاکانی بڕیاری ژمارە 61دا، ناوی بزوتنەوەی ئەنساروڵا (حوسییەکان) و حزبوڵای لوبنانی وەک رێکخراوی تیرۆریستی دیاری کرابوون، بەڵام بەپێی ئەم نوسراوەی بانکی ناوەندی بێت، ئەو بڕیارە هەڵە بووە و جێبەجێ ناکرێت.
عیراق دەست بەسەر پارە و سامانی دەیان سەرکردە و ئەندامی داعش و قاعیدەدا دەگرێت و ناوی جۆلانی گۆڕی بە ئەحمەد شەرع و بزوتنەوەی ئەنساروڵا (حوسییەکان)ی یەمەن و حزبوڵای لوبنانیشی خستە لیستی تیرۆرەوە.
لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان لە عیراق، زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارە و سامانی ژمارەیەک سەرکردە و ئەندامی رێکخراوی داعش و قاعیدە، هاوکات ناوی سەرکردەیەکی دیاری گروپە چەکدارەکانی سوریای لە لیستەکەدا راستکردەوە.
رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی لە ژمارە (4848)دا چەندین بڕیاری لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستانی لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە، کە تایبەتن بە سڕکردنی سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی دەیان کەسایەتی و قەوارە.
سڕکردنی پارەی سەرکردەکانی داعش لە پارێزگاکان:
بەپێی بڕیاری ژمارە (60)، دەست بەسەر پارە و سامانی پێنج سەرکردەی دیاری داعشدا گیراوە کە پلەی باڵایان هەبووە، ئەوانیش بریتین لە:
رافد قادر عەبدولئیبراهیم (ئەلوەیسی): سەرکردە لە دەوروبەری خانەقین لە پارێزگای دیالە.
عەبدوڵا ئیبراهیم حوسێن (ئەبو مەهدی بازی): بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی شاری سامەڕا لە پارێزگای سەلاحەدین.
کەنعان ئیبراهیم عەلی (ئەبو عوبەیدە): بەرپرسی راگەیاندنی ویلایەتی باشوور.
مەوفەق ئیبراهیم عەجاج (خەلیل حەدیدی): ئەمیر لە قەزای حەمدانییە (قاطع)ی نەینەوا.
هەزال حەمید جاسم (ئەبو عەبدوڵا): سەرکردە لە داعش.
لیستی نوێی تیرۆر و دەستبەسەرداگرتنی سامانەکانیان:
لە بڕیارەکانی دیکەدا (56، 57، 58، 59)، لیژنەکە بڕیاریداوە بە سڕکردنی پارەی دەیان کەسی دیکە کە تۆمەتبارن بە ئەندامێتی لە داعش لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا و ناوچەکانی تر، لەوانە خێزانی (زێدان مەحمود زێدان خەڵەف حەمدانی) و گروپی (ئەحمەد فەتحی غەزال عوبێدی).
هەروەها بەپێی بڕیاری ژمارە (61)، لیستی سزاکان فراوانتر کراوە و (76) کەسایەتی و (24) قەوارە و رێکخراوی مالیزی خرانە لیستی رەشەوە کە پەیوەندییان بە رێکخراوی "جەماعەتی ئیسلامی" و "قاعیدە"وە هەیە.
راستکردنەوەی ناوی جۆلانی:
لە بڕیاری ژمارە (62)دا، گۆڕانکاری لە زانیارییەکانی لیستی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە تایبەت بە سەرۆکی "دەستەی تەحریری شام". بەپێی بڕیارەکە، ناوی (ئەبو محەمەد جۆلانی) راستکراوەتەوە بۆ ناوی راستەقینەی خۆی کە (ئەحمەد حوسێن شەرع)ە و هەڵگری رەگەزنامەی سورییە.
ئەم بڕیارانە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تیرۆر ژمارە (39)ی ساڵی 2015 و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرچوون و دەستبەجێ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، لایەنی ئەمریکی خاڵەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ چوار بەش دابەشکردووە و پێشنیاری کردووە بە جیا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، جەختیشی کردەوە کە مۆسکۆ بە هەر رێگەیەک بێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دۆنباسدا دەسەپێنێت.
پوتن لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو 27 خاڵەی لە پلانی ئاشتیدا هاتوون، لەلایەن ئەمریکاوە کراون بە چوار بەشەوە، بەڵام پێشنیازەکانی ئەمریکا خاڵگەلێکی تێدایە کە مۆسکۆ رەزامەندییان لەسەر نادات، ئاشکراشیکرد کە پێشنیازەکانی وەفدی ئەمریکی پشت بەو لێکتێگەیشتنانە دەبەستێت کە لە کاتی لووتکەی ئەلاسکادا لەگەڵ ترەمپ باس کراون.
ئەم لێدوانانەی پوتن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوای سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەری ئاشتیانە رانەگەیەندرا. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئۆکراینی لە فلۆریدا بە "بەرهەمدار" وەسفکردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئۆکراین و وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان نیشانداوە دوای دزەپێکردنی پێشنیازێکی ئاشتیی ئەمریکی کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە. بە بڕوای ئەوان، ئەم پلانە ملکەچکردنە بۆ داواکارییە سەرەکییەکانی مۆسکۆ، بەتایبەت مەرجی نەچوونە ناو ناتۆی کیێڤ و مانەوەی پێنج یەکی خاکی ئۆکراین لەژێر دەستی روسیا و سەپاندنی سنوردارکردن بەسەر سوپای ئۆکرایندا.
دوای دزەکردنی ئەو پلانە، هێزە ئەوروپییەکان هەوڵیانداوە پشتیوانی ئۆکراین بکەن لە دژی ئەوەی بە "رێککەوتنی سزادان" ناوی دەبەن، چونکە ترسیان هەیە ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ روسیا خۆش بکات وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکاندا بکات و بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی هەشت (G8).
داواکارییە سەرەکییەکانی روسیا بریتین لە؛ بەڵێندان بەوەی ئۆکراین هەرگیز نەبێتە ئەندامی ناتۆ، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دۆنباس، داننان بە دەسەڵاتی روسیا بەسەر ناوچەکانی کرێم، دۆنباس، زاپۆریژیا و خێرسۆن، هەروەها دابینکردنی پاراستن بۆ روسزمانەکان لە ئۆکراین.
لە بەرامبەردا، ئۆکراین ئەم مەرجانە بە خۆبەدەستەوەدان دەزانێت و پێیوایە دواجار وڵاتەکە رووبەڕووی داگیرکارییەکی نوێی روسیا دەکاتەوە، ئەگەرچی ئەمریکا پێشنیاری گرەنتی ئەمنیی 10 ساڵەی بۆ کیێڤ کردووە.
کۆمسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دژ بە قۆرخکاری بەرانبەر بە کۆمپانیای "مێتا"، کە پەیوەستە بە خستنەناوی تایبەتمەندییەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ ناو ئەپلیکەیشنی واتسئەپ.
رۆژنامەی فاینانشال تایمز بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەکە تەرکیز دەخاتە سەر چۆنیەتی جێگیرکردنی سیستمی (Meta AI) لەلایەن کۆمپانیاکەوە لەناو خزمەتگوزارییەکانیدا، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەیە ئەو هەنگاوە کاریگەری نەرێنی لەسەر کێبڕکێ لە بازاڕەکانی ئەوروپادا دروست بکات.
بەپێی راپۆرتەکە، پێدەچێت کۆمسیۆنی ئەوروپا لە رۆژانی داهاتوودا بە رەسمی لێکۆڵینەوەکە رابگەیەنێت، هەرچەندە هێشتا کاتەکەی جێگیر نییە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، نەیتوانیوە بە سەربەخۆیی راستیی راپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە، کۆمپانیای مێتاش ئامادە نەبووە لە دەرەوەی سەعاتی رەسمی کارکردندا هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات.
ئەم جوڵەیەی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە، کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا لە ئەمریکا رووبەڕووی چاودێری و وردبینییەکی توند بوونەتەوە لەلایەن دامەزراوەکانی ئەوروپاوە، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کێبڕکێ لە بازاڕدا لەناوببەن.
ئەو پێشمەرگە گەنجەی لە گرژییەکانی گوندی لاجانی سنوری قەزای خەبات بریندار بوو، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، کە بەپێی زانیارییەکان؛ فیشەکەکە گورچیلەی گرتبوو، گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئارمان سەنار دری، ناسراو بە (ئارمان هەرکی)، کە پێشمەرگەیەکی گەنج بوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر دڵی لەلێدان کەوت.
گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا، گرژی و ئاڵۆزی لە گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر دروستبوو، لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەشدا ژمارەیەک کەس بریندار بوون، کە ئارمان سەنار یەکێک بوو لەوان و برینەکەی سەخت بوو.
دوای روداوەکە، ناوبراو دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی، دوای چەند رۆژێک مانەوە لەژێر چاودێریدا، دواجار گیانی لەدەستدا.
کۆبونەوەی وەفدی باڵای ئەمنی عیراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کۆتاییهات، کەتێیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەرکرا.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە ناسراون و لە یاسا هەڵاتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە كۆبونەوەكەدا سودانی ئەنجامەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەسەند كردووە و هێرشەكە لە رێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە.
سەباح نوعمان ئەوەشی خستەڕوو، درۆنەكان لە بەری باشوری كێڵگەكە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی خورماتوو ئاڕاستەكراون، هەروەها تائێستا 11 جار هێرشكراوەتەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر.
ئاشکراشیکرد، ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە ناسراون و لە یاسا هەڵاتوون، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەرکراوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق راشیگەیاند، بۆ پاراستنی كێڵگەكە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، دەشڵێت؛ هێزی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین جێگیر دەكرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك بكرێتەسەر كێڵگەكە.
وتیشی، وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و حەشدی شەعبی راسپێردراون فەرماندەی بەتوانا لە ناوچەكە جێگیر بكەن، بەهێزكردنی هەماهەنگی هەواڵگری لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەكانی عیراق و هەرێم بۆ پاراستنی كێڵگەكە.
"وەزارەتی بەرگری و حكومەتی هەرێم كێڵگەی غازی كۆرمۆر بە سیستمی بەرگری ئاسمانی دەپارێزن، هەروەها توندكردنەوەی رێكارەكان بۆ بەكارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە درۆنێك تەنها بە رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت" سەباح نوعمان وا دەڵێت.
دەزگایی میدیایی کوردسات پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئامادەکار و پێشکەشکار و پارێزەر (چێنەر عەلی جۆڵا) دەکات.
دەقی پرسە نامەکە....
بەناوی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی دەزگای میدیایی کوردساتەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئامادەکار و پێشکەشکار و پارێزەر (چێنەر عەلی جۆڵا) دەکەین، بەهۆی کۆچی دوایی بەڕێزیانەوە لە خودای مەزن داوا دەکەین ئارامی و سەبوری بە خانەوادەکەی ببەخشێت، کۆچکردووش به بهههشتی بهرین شاد بكات. کاک چێنەر جیا لەوەی کارمەندێکی دەزگاکەمان و پێشکەشکارێک و پارێزەرێکی بەتوانا و لێهاتوو بوو هەمیشە رێنمایی دەکردین بۆ بەردەوامبوونی کوردسات لەسەر بەرپرسیارێتی یاسایی. دووبارە سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەین.
انا للە و انا الیە راجعون
دەزگای میدیایی کوردسات
ئەمشەو چێنەر عەلی جۆڵا پارێزەر و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دواییکرد.
چێنەر عەلی جۆڵا، لە 13ـی5ـی1975 لە سلێمانی لەدایکبووە، یاساناس و شارهزای بواری دهستور و مافی مرۆڤ بوو، کتێبێکی چاپکراوی هەیە بەناوی (پاکتاوی رەگەزی لەنێوان یاساو مافی مرۆڤدا)، لەگەڵ 2 نامیلکەی تردا.
هەروەها خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەو بابەت و نووسین و بڵاوکراوەیە بەزمانی کوردی، عەرەبی لەرۆژنامەو گۆڤارە جۆراوجۆرەکاندا لەبارەی (یاسا، دەستوور، مافی مرۆڤ، شیکاری سیاسی).
ئەمشەو 3ـی12ـی2025 بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دواییکرد.
سەرۆکی بەرازیل رایدەگەیەنێت: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە کەسییەکاندا بە تەواوی جیاوازە، وەک لەوەی لە تەلەڤزیۆن بۆ خەڵک دەردەکەوێت.
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەرۆکی بەرازیل رایگەیاند، بە شێوەیەکی ئاسایی ترەمپ لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بە زۆر نیگەران دەبینرێت، بەڵام لە راستیدا ئەو کەسێکی جیاوازە.
وتیشی، دوو ترەمپ هەیە یەکێکیان لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن، ئەوی دیکەیان لە راستیدا.
جێگەی ئاماژەیە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی رابردوودا، هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و بەرزایل پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، کە تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی گرژییەکانی نێوانیان کرد، کەپێشتر بەهۆی سەپاندنی باجی گومرگی لەلایەن ترەمپەوە بەسەر بەرهەمەکانی بەڕازیل و دانانی سنوردارکردن بۆ سەر لێپرسراوانی بەڕازیلی گرژی لە نێوانیان دروست ببوو، هەردووکیان رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە داهاتوویەکی نزیکدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسیا پێشکەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، ئەوەی لەدەستیان دەیکەن بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ئۆکراین، لە ئێستاشدا هەندێک پێشکەوتن بەدەستهاتووە.
وتیشی، پێویستە ئۆکراینەکان لە ژیانێکی شایستەدا بژین و گەرەنتی ئەمنییان بۆ داهاتوو دابینبکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ 3ی 12ی 2025، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم و مایكڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی حكومی و حزبی، ئەمریكا باڵەخانەی نوێی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێری پایتەختی هەرێم كردەوە كە گەورەترین كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیە لە جیهاندا.
لەبارەی کردنەوەی کوسوڵخانە نوێیەکە، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و رایگەیاند، کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان بە "رووداوێکی گرنگ" و نیشانەی بەهێزیی پەیوەندییەکانە.
وتیشی، دەرگای هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەروی ئەمریکادا، چ بۆ کاری ئەمنی بێت یان ئابووری، بازرگانی و کولتووری.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە وتارێكدا رایگەیاند، كردنەوەی ئەو ناوەندە دیپلۆماسییە، پەیامێكی سیاسیی روونە لەبارەی گرنگی هەرێمی كوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵەیە كە عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا هەیانە و پێكەوە دەیانبەستێتەوە.
مایكڵ ریگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، بەدوای هەلی نوێدا دەگەڕێن بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابورییەكان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی راستەقینەی ئەمریكا و عیراقییەكان.
کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا گەورەترین كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیە لە هەولێر كە تێچووەكەی زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلارە و رووبەرەكەی 206 هەزار مەترە و توانای لە خۆگرتنی هەزار كارمەندی هەیە.
بەردی بناغەی باڵەخانەی كونسوڵخانەكە لە ساڵی 2018 ەوە دانراوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەتوانراوە لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت.
ئەمریكا لەساڵی 2007 یەكەم نوسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە هەولێر كردەوە، پاشان لە ساڵی 2011 ئەو نوسینگەیە بە رەسمی گۆڕا بۆ كونسوڵخانەی ئەمریكا.
لە شاری سلێمانی و بە بەشداریی هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، سێیەمین خولی پێشانگای "صنع في العراق" دەستیپێکرد، کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی ئاراستەی بازاڕە لە هاوردەکردنەوە بۆ هەناردەکردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، سێیەمین خولی پێشانگای تایبەت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان بە چاودێری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی حکومەتی عیراق و بە سەرپەرشتی کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل کرایەوە.
بەپێی ئامارەکانی پێشانگاکە، پارێزگای سلێمانی خاوەنی زیاتر لە 30%ی کۆی پیشەسازیی عیراقە، هەر بۆیە کردنەوەی ئەم پێشانگایە لەم شارەدا گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بۆ ناساندنی براندە ناوخۆییەکان بە بازرگانان و هاووڵاتیان.
ئامانجەکان؛ لە خوێندکارەوە بۆ بازرگان:
پێشانگاکە کە تا رۆژی 6ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە:
رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
واژۆکردنی گرێبەستی بازرگانی لەنێوان خاوەن کارگەکان و بازرگانەکاندا.
دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و هاندانی هەناردەکردن.
ناساندنی تواناکانی کەرتی تایبەت بە کەرتی گشتی.
مێژوویەک لە گەشەکردن:
ئەمە سێیەمین جارە ئەم پێشانگایە ساز دەکرێت؛ خولی یەکەم لە ساڵی 2021 و خولی دووەم لە حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوون. چاوەڕوان دەکرێت لەم خولەدا ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکان و کۆمپانیاکان بەرهەمەکانیان نمایش بکەن کە توانای رکابەریی کاڵای بیانییان هەیە.
بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە ئومێدیان وایە، ئەم هەنگاوە ببێتە پردێک بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا عیراق و هەرێمی کوردستان ببنە یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵا هەناردەی دەرەوە دەکەن و متمانەی هاووڵاتی بۆ بەرهەمی ناوخۆ بگەڕێننەوە.
دزێکی "دەموچاو داپۆشراو" لە ڤێرجینیا دەستگیر دەکرێت؛ هەموو ویسکییەکانی خواردەوە و لە دەستشۆرەکە خەوی لێکەوت
بەرەبەیانی شەممە، کاتێک کارمەندێکی فرۆشگای مەیفرۆشی لە ڤێرجینیا دەرگای دوکانەکەی کردەوە، تووشی شۆک بوو؛ شوێنەکە وەک ئەوە وابوو جەنگی تێدا روویدابێت، بوتڵە شکاوەکان، شلەی رژاو بەسەر زەوییەکەدا و سەقفێکی رووخاو، بەڵام "تاوانبارەکە" لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا دۆزرایەوە.
دزەکە کە دەموچاوێکی داپۆشراوی هەبوو، مرۆڤ نەبوو، بەڵکو "راکۆن"ـێک بوو کە بەهۆی زۆری خواردنەوەی کحولەوە لەناو دەستشۆری فرۆشگاکەدا لە هۆش خۆی چوبوو
بەپێی راپۆرتەکان، راکۆنەکە لە سەقفی دوکانەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و راستەوخۆ پەلاماری رەفەی خوارەوەی داوە کە تایبەت بووە بە "سکۆچ و ویسکی". دوای شکاندنی شووشەکان و خواردنەوەی بڕێکی زۆر، سەرخۆش بووە و نەیتوانیوە هەڵبێت.
سامانسا مارتن، ئەفسەری کۆنتڕۆڵکردنی ئاژەڵان کە گەیشتە شوێنی رووداوەکە، بە پێکەنینەوە دەڵێت: "من خۆم حەزم لە راکۆنە، بوونەوەرێکی بچووک و کۆمیدین. دیارە ئەمەیان لە سەقفەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و دەستی کردووە بە تێکدان و خواردنەوەی هەموو شتێک."
ناوەندی پاراستنی ئاژەڵان لە ناوچەی هانۆڤەر ستایشی ئەفسەرەکەیان کرد بۆ مامەڵکردن لەگەڵ دۆخەکە و پشتڕاستیان کردەوە کە راکۆنەکە دوای خەوێکی باش، هۆشی خۆی هاتۆتەوە.
ناوەندەکە لە راگەیەندراوێکدا بە تەنزەوە نووسیویەتی: "دوای چەند سەعاتێک خەوتن و نەبوونی هیچ نیشانەیەکی برینداربوون (جگە لە سەرئێشەی دوای مەستی و بڕیارە هەڵەکانی ژیان)، بە سەلامەتی ئازاد کرا و گەڕێنرایەوە بۆ سروشت، هیوادارین تێگەیشتبێت کە شکاندن و چوونەژوورەوەی ماڵان چارەسەر نییە."
وێنەی دوکانەکە:

قوباد تاڵەبانی لە دیداری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بە پەیامێکی گرنگ دەزانێت و داوای هەماهەنگی زیاتر دەکات بۆ پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی کرد لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. تەوەرە سەرەکییەکان بریتی بوون لە کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکە، هەڕەشە ئەمنییەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێ.
لە دەستپێکدا، قوباد تاڵەبانی کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان بە "رووداوێکی گرنگ" و نیشانەی بەهێزیی پەیوەندییەکان وەسف کرد.
پەیامی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ وەفدە ئەمریکییەکە روون بوو: "دەرگای هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەروی ئەمریکادا، چ بۆ کاری ئەمنی بێت یان ئابووری، بازرگانی و کلتووری."
پرسی هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو. قوباد تاڵەبانی هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" و لێدان لە ژێرخانی ئابووری و وزە ناوبرد و وتی: "چەندبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە سەلمێنەری ئەو راستییەن کە دەبێت ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریکا.
سەبارەت بە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت، قوباد تاڵەبانی هێڵە گشتییەکانی خستەڕوو و جەختی کردەوە کە ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای "هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە".
وتیشی: "دەبێت حکومەتەکە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پرسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پرۆسەکە قۆناغی باشی بڕیوە و ئامانجەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی کە "دوور بێت لە هەر چەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی."