دەسەڵاتدارانی هیندستان دەستگیرکردنی ژنێکی راگەیاند کە تۆمەتبارە بە قاچاخیکردنی بە ئەندامەکانی پڵنگ لە سەرانسەری جیهاندا و داواکراو بووە لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە.
دەستگیرکراوەکە ناوی یانگچن لاچۆنگپا و تۆمەتبارە بەوەی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە دروستکردنی رێڕەوی بە قاچاخبردنی پارچەکانی جەستەی پڵنگ بۆ دەرەوەی هیندستان.
دەسەڵاتدارانی هیندستان پشتراستیان کردوەتەوە، لاچۆنگپا لە لیستی داواکراوانی ئینتەرپۆلدا بوو و رۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنێکی دادگادا داواکارییەکەی بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت رەتکراوەتەوە
دەستگیرکردنی ئەو ژنە، کاردانەوەی لەناو هیندستاندا دروستکردوە و رێکخراوەکانی بواری ئاژەڵە کێوییەکانی هیندستان دەستگیرکردنەکەیان بە هەنگاوێکی گەورە و لە پێشینە وێناکردوە بۆ دژایەتیکردنی ئەو وڵاتە دژی راوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان.
پێشتر بازرگانی پیاو دەستگیرکراوە، کە کاری بازرگانیکردن بووە بە ئەندامی ئاژەڵە کێویەکانەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ژنێک بە تۆمەتی بازرگانی نایاسایی بە پارچەی ئاژەڵان دەستگیر بکرێت.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی نیشتمانی ئیمارات رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەدوای چارەسەرەوەیە بۆ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆرینی دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە بەرژەوەندی ئیدارەکەی ترەمپدا نییە، بەڵکو ئامانی بەرەنگربونەوەی تیرۆرە.
باراک لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شەڕی 12 رۆژەی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاندوە 93 جار هەوڵی گۆڕینی دەسەڵات یان کودەتا لەلایەن ئەمریکاوە دراوە و هەموویان شکستیان هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە پرسێکە بۆ ئیسرائیل نەک ئەمریکا و جێهێشتنی ئەم بابەتە بۆ ناوچەکە مانای خۆی هەیە، بەڵام ئەو پێیوایە چیرۆکی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی نەهاتوە.
لەبەرەی هەنگاوەکانی ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی 12ڕۆژەش، بە "مێژوویی و سەرسوڕهێنەر" وەسفی کردوە، جەختیکردوەتەوە لەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی "گۆڕینی ڕژێم" نەبووە.
تۆم باراک دەشڵێت؛ ترەمپ پێشوازی لە دانوستانەکانی "راستەقینە" لەگەڵ ئێران دەکات بەو مەرجەی تاران گوێ لە نیگەرانییەکانی واشنتۆن بگرێت سەبارەت بە دەوڵەمەندکردن و دەستبەرداربون لە پشتیوانیکردنی گروپەکانی بە وەکالەت.
باراک جەختیشیکردوەتەوە، تاران ناتوانێت سەرۆکی ئەمریکا رابکێشێت بۆ دانوستانێکی درێژخایەن و بێ ئەنجام، ترەمپ زۆر لەوە زیرەکتر و هۆشیارترە، کە رێگە بە تاران بدات بە کەڵک وەرگرتن لە تاکتیکی دواخستن یان دروستکردنی گفتوگۆی ساختە بۆ درێژەدا بە سووڕی توندوتیژی بە وەکالەت.
بە وتەی ناوبراو، حکومەتی ئەمریکا بەدوای چارەسەری خێرای قەیرانی ناوچەکەدا دەگەڕێت، بەڵام ئەم رێگایە تەنیا کاتێک دێتە دی، کە تاران دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بێت بۆ گروپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا و بچێتە ناو وتووێژی جددی و پابەند بێت پێیەوە.
بیل گەیتسی بازرگان و ملیاردێر هۆشداری دەداتە حکومەتەکانی جیهان کە بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ گیان لەدەستدانی منداڵان بەهۆی کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن و 800 هەزار منداڵ و داواش لە وڵاتان دەکات تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ روبەروبونەوەی ئەو کارەساتە.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی بیل و مێلیندا گەیتس، کە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە، لە ساڵی 2024دا بە نزیکەی 4.6 ملیۆن منداڵ پێش تەمەنی پێنج ساڵی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت رێژەکە بەرز ببێتەوە و ژمارەکە بگاتە 4.8 ملیۆن منداڵ.
گەیتس لە راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەکەدا رایگەیاندوە؛ دەیان ساڵە جیهان پێشکەوتنی بەردەوامی بەدەستهێناوە لە رزگارکردنی ژیانی منداڵان، بەڵام ئێستا لەگەڵ گەشەکردنی ئاستەنگەکان، ئەو پێشکەوتنە دەستیکردووە بە پێچەوانەبوونەوە.
ئەمریکا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیکرد بە بڕینی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لە بەرانبەردا ئەم کەمکردنەوە بۆ بەخشەرەکانی دیکەی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا درێژکرایەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە کۆی گشتی یارمەتییەکانی گەشەپێدانی جیهانی بۆ تەندروستی لەم ساڵدا بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە نزیکەی لەسەدا 27 کەمیکردووە، ملیاردێرە ئەمریکییەکە، پێشبینیش دەکات ئەگەر ئەو بودجەیە بەردەوام بێت لە دابەزین، ئەوا لە نێوان 12 بۆ 16 ملیۆن منداڵی دیکە تا ساڵی 2045 گیان لەدەست دەدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەمساڵ گەیتس هۆشداری دابوو کە، کەمکردنەوە و برینی ئەو پارانەی بۆ هاوکاریە مرۆییەکان تەرخان دەکرێت دەبێتە هۆی مردنی زیاتری منداڵان.
ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە داواش لە حکومەت و تاکەکان دەکات، هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن و سەرنجیان لەسەر چارەسەری داهێنەرانە و سەلمێنراوی وەک کوتان و وەبەرهێنان لە چاودێری تەندروستی بۆ باشترکردنی تەندروستی منداڵان بێت.
سبەینێ كۆنفرانسی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بە بەشداریی چەندین كەسایەتی جیهانی لە ئیستەنبوڵ لەلایەن دەم پارتی بەڕێوەدەچێت و بڕیار وایە گرنگیی ئاشتی و پێویستیی چارەسەری دیموكراتی بۆ گرفتەكان تاوتوێ بکرێت.
ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بڵاویكردەوە، ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی هەبوونی ئاستەنگی سیاسی ناتوانێت ئامادەی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بێت كە لەلایەن دەم پارتییەوە بڕیارە رۆژی شەممە لە هۆڵی جەم كاراجا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، لەبری ئەوە لەڕێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە بە شێوەی ئۆنلاین بەشدار دەبێت و وەك یەكەم قسەكەری كۆنفرانسەكە دەردەكەوێت و تیشك دەخاتە سەر گرنگیی ئاشتی و پێویستیی چارەسەری دیموكراتی بۆ گرفتەكان.
كۆنفرانسەكە مۆركێكی جیهانیی هەیە و ئامانج لێی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتانی ترە لە بواری ئاشتی و چارەسەركردنی ململانێكاندا، لەم چوارچێوەیەشدا، چەندین كەسایەتیی سیاسی و ئەكادیمی لە بەریتانیا و ئێرلەندا و بەلجیكا و كازاخستان و باشووری ئەفریقا ئامادە دەبن.
ئەمڕۆ هەینی خاتوو (دلبەر مەجید بەگ دەرگەڵەیی) دووای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
خاتو دلبەر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوو دایک و برایەکی و خوشکێکی بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی ئەوسای عیراق شەهید دەبن، بەو هۆیەوە چەندین شیعر و پەخشانی نەتەوەیی دەنووسێت و دەست دەکات بە چنینی کڵاوی پیاوانە و بە پیتی ئینگلیزی لێی دەنووسێت کوردستان یان نەمان.
لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردووە سێ دانە لەم کڵاوانە بەدیاری دەدات بە خوالێخۆشبوو (مام جەلال تاڵەبانی)، یەکێک لەو کڵاوانە مام جەلال بەدیاری دەیدات بە شاعری گەورەی عەرەب (جەواهیری).
ساڵی 2011لە بەدوواداچونێکی میدیایی خوالێخۆشبوو مام جەلال ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو کڵاوە و دووانی تری لە دلبەر خان وەرگرتوە و ئەویش بەدیاری داویەتی بە جەواهیری. هەر ئەوساڵە واتا ساڵی 2011 مام جەلال دیاری تایبەتی خۆی وەک رێز لێنان بۆ ئەو خانمە نارد و بەسەری کردەوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، شێخ نەعیم قاسم ئەمڕۆ هەینی دووپاتی کردەوە کە رازینابن بە چەکدانان و ئەو پێشنیازەیان قبوڵ نییە، جەختیشیکردەوە لەوەی لەگەڵ حکومەتی لوبناندان بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێبازە دیپلۆماسییەی کە هەڵیبژاردووە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاندوە، حکومەتی لوبنان دەبێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لە پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی و ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر وڵاتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە رابگرێت.
دەشڵێت؛ ناردنی نوێنەری مەدەنی بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست ئیمتیازێکە بۆ ئیسرائیل و جیی قبوڵ نییە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە چەک و ستراتیجی بەرگری و ناکۆکی لوبنانیەکانەوە نییە و لەبارەی پرسی چەکدانانی حزبوڵاشەوە، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی ئەمریکا و حکومەتی ئێستای لوبنان، ئەوان چەکدانانێن و پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی لوبنان کرد و هۆشداریدا لەوەی هەموان پێکەوە نوقوم دەبن.
سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس فەرمانیان پێکراوە، کە مۆبایل بەلایەنی کەمەوە 70 مەتر لە شوێنی کۆبوونەوەکە دووربخەنەوە و هەر ئامێرێکی پزیشکی یان ئەلیکترۆنی بە سەعاتیشەوە قەدەغەیە، پێشیان وتراوە نابێت لە شوێنی کۆبوونەوەکاندا مۆدێمی ئینتەرنێت، شاشە و موبایلی ئایفۆن هەبێت.
دوای کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی، حەماس نیگەرانە و ترسی هەیە لە نیازی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییە باڵاکانی ئەو گرووپە لە دەرەوەی فەلەستین و لە کاتی کۆبونەوەکاندا.
بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەکە بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ـیان راگەیاندووە، نیگەرانی هەیە لەوەی سەرکردە باڵاکانی حەماس بکرێنە ئامانج لە دوای کوژرانی هەیسەم تەباتبایی، کەسایەتییەکی باڵای حزبوڵای لوبنان.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا "پەیامی دڵنیاکەرەوە" بۆ ناوبژیوانان لە تورکیا، قەتەر و میسر کە ئۆپەراسیۆنی دەوحەی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو دووبارە نابێتەوە،بەڵام سەرکردایەتی حەماس "متمانەیان بە ئیسرائیل نییە".
بە گوێرەی زانیارییەکان، حەماس زانیاری دەستکەوتوە، کە رەنگە سەرکردەکانی لەلایەن ئیسرائلەوە بکرێنە ئامانج.، بە تایبەتی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ئیسرائیل لە دەوحە، رێوشوێنە ئەمنییەکانی چڕتر کردووەتەوە و پێی وایە “ئیسرائیل رێگەی جۆراوجۆر بە تایبەت تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت بۆ بەدواداچوون بۆ سەرکردەکان و دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان”.
رۆژنامەی "الشرق الاوسط"کۆپییەکی لەو رێنماییانە دەستکەوتوە، کە بەسەر سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسدا دابەشکراون بۆ زیادکردنی ئاسایشی کەسی لە دەرەوەی فەلەستین. ئەو رێنماییانە پێدەچێت لەلایەن پسپۆڕانی ئەمنیەوە داڕێژرابێت، جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم کۆبوونەوە جێگیرەکان لە یەک شوێن و گۆڕینی کات و شوێنی کۆبونەوەکان دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رەتیدەکاتەوە کە ئاگاداربووبێت لە بڕیاری ناساندی گروپی "ئەنساروڵڵا" و "حیزبوڵڵا"ی لوبنانی وەک گروپی تیرۆرستی و سڕکردنی سەروەت و سامانەکانیان رەتدەکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک بڕیاری لەم جۆرە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناکرێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار....
سەرۆکایەتیی کۆمار ئاگاداربوون یان پەسەندکردنی بڕیاری ناساندنی گرووپی "ئەنساروڵڵا" و "حیزبوڵڵا"ی لوبنانی وەک گرووپی تیرۆریستی و سڕکردنی سەروەت و سامانەکانیان ڕەتدەکاتەوە، چونکە بڕیاری لەم شێوەیە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناکرێت.
تەنها ئەو یاسایانەی کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داون لەگەڵ مەرسوومە کۆمارییەکان، بەمەبەستی وردبینی و پەسەندکردن و بڵاوکردنەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی دەکرێن، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان و بڕیارەکانی لیژنەی سپیکردنەوەی پارە و ئەو ڕێنماییانەی لە هەر لایەنێکەوە دەردەچن، بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار نانێردرێن.
جێگای ئاماژەیە، سەرۆکایەتیی کۆمار ئاگاداری بڕیاری ناساندنی "ئەنساروڵڵا" و "حیزبوڵڵا" وەک گرووپی تیرۆریستی و سڕکردنی پارەکانیان نەبووە و نەیبینیوە، تەنها لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەبێت، بۆیە بە پێویست زانرا ڕوونبکرێتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆمار
٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
دوای تێپەربونی ساڵێک بەسەر روخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەددا و هەڵاتنی بۆ روسیا، ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ناوەڕۆکی راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، بەشار ئەسەد خۆی لەگەڵ ژیانی پەنابەریدا راهێناوە، بە پێچەوانەوە ماهیری برای ژیانی پەنابەری قبوڵ نییە و لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی هێزدایە لە سوریا و بیرۆکەی لەدەستدانی دەسەڵاتی قبوڵ نەکردووە .
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردوەتەوە، لەسەر بنەمای بەڵگە و ئاڵوگۆڕی نامەی دەنگی و چاوپێکەوتن لەگەڵ 48 کەس کە زانیاری راستەوخۆیان لەسەر ئەو بابەتە هەبووە، دەرکەوتووە کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوی سوریا خۆی گونجاندوە لەگەڵ ژیان کردن لەدەرەوەی وڵات .
ئاژانسەکە لەزاری چوار کەسی نزیک لەو بنەماڵەیە دەڵێت؛ ماهیری برای بەشار ئەسەد بیرۆکەی لەدەستدانی دەسەڵاتی قبوڵ نەکردووە و دوو لە کەسە نزیکەکانی ئەسەد، ژەنەراڵ کەمال حەسەن و رامی مەخلوف ئامۆزا ملیاردێرەکەی بەشار، هەوڵی پێکهێنانی میلیشیا لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا و لوبنان دەدەن، کە لە ئەندامانی عەلەوی پێکهاتوون و بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسە لە هەوڵێکدا بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزییان، پارەی زیاتر لە 50 هەزار چەکدار دابین دەکەن.
ئەو چوار کەسە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ماهر ئەسەد کە هاوکات لە مۆسکۆ نیشتەجێیە و تا ئێستاش فەرماندەیەکی دڵخوازی هەزاران سەربازی پێشوە، بەڵام تا ئێستا هیچ فەرمانێکی دەرنەکردوە بۆیان.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە؛ دوای دەربەدەربوونیان لە مۆسکۆ، ئەسەد و براکەی هەوڵدەدەن سوریایەکی دابەشکراو ببینن، بەدوای کۆنترۆڵکردنی ناوچە زۆرینە عەلەوییەکانەوەن و بۆ ئەو مەبەستەش ملیۆنان دۆلاریان بۆ بنیاتنانی گروپە چەکدارە دڵسۆزەکانیان خەرج دەکەن.
رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەمالەی ئەسەدەوە پشتراستی کردوەتەوە، ئەو خۆپیشاندانانەی لە ناوچەکانی عەلەوی دەکرێن و رەتیدەکەنەوە بچنە ناو حکومەتی ئێستای سوریاوە، دەستی ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەدی لەپشتەوەیە و ئەو یاریزانی سەرەکییە لە هەوڵەکان بۆ هاندان و خۆپیشاندن دژی حکومەتی ئێستای سوریا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو تراکتۆرێک وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.
روداوەکە لە نزیک گوندی "مەلا سڵێمان" رویداوە و بەپێی زانیارییەکانی هاتوچۆ، قوربانییەکە لەدایکبووی ساڵی 2009یە.
هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی وەرگەڕانی تراکتۆرەکە دەستیپێکردووە.
کۆمپانیاکان پەنا بۆ شێوازی داهێنەرانە دەبەن بۆ پاداشتکردنی کارمەندە نایابەکانیان، لەوانەش کۆمپانیای "ThreatLocker" کە تایبەتە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر سیکیوریتی) لە ئۆرلاندۆ و خاوەنی نزیکەی 700 کارمەندە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و گەشتی ناوازە پێشکەش بە کارمەندەکانی دەکات.
کۆمپانیاکە کە نوسینگەی لە دەبڵن، دوبەی و ئوسترالیا هەیە، مانگانە سەدان ناوی بۆ دەچێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کارمەندانەی لە ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکا زۆرترین "هاوکاری" هاوپیشەکانیان کردووە. لە کۆتایی ساڵدا دەنگەکان کۆدەکرێنەوە بۆ دیاریکردنی دوو براوەی خەڵاتە گەورەکە.
زۆرجار کۆمپانیاکە مۆدێلی کارەبایی دەبەخشێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا ئۆتۆمبێلی "پۆرش پانامێرا"ی بەخشیوە کە نرخەکەی 125 هەزار دۆلار بووە. هەرچەندە مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکەی ئەمساڵی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە نرخی یەکێکیان دەگاتە 173 هەزار دۆلار.
دانی جێنکنس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم خەڵاتە لە ساڵی 2021 دەستیپێکردووە و سەرەتا وەک پاداشتێک بۆ "باشترین ئەدا" بووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی رکابەریی توند، بۆیە پێوەرەکەیان گۆڕیوە بۆ "هاوکاری و کاری بە کۆمەڵ"، چونکە سەرکەوتن لە کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا بەندە بە کاری پێکەوەیی و وەڵامدانەوەی خێرای کڕیاران کە تێکڕا 23 چرکەی پێدەچێت.
پێش راگەیاندنی براوەی ئۆتۆمبێلەکان، کۆمپانیاکە رێز لە 14 بۆ 16 کارمەندی تر دەگرێت و گەشتێکی کۆتایی هەفتەیان بۆ رێکدەخات کە تێچووەکەی بە تەواوی لە ئەستۆی کۆمپانیایە. لە ساڵانی رابردوودا گەشتەکان بریتی بوون لە گەشتی دەریایی بۆ دورگەکانی بەهاما یان سەردانی بۆستن و نیویۆرک، جگە لەوەش هەر کارمەندێک بڕی 2500 دۆلاری وەک خەرجی گەشتەکە پێدەدرێت.
جێنکنس دەڵێت، بەهۆی گەشەسەندنی زیرەکی دەستکردەوە، کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنی گەشەی کردووە و داواکاری لەسەر کارمەندی لێهاتوو زیادیکردووە. کۆمپانیاکە مانگانە 40 بۆ 50 کەس دادەمەزرێنێت و هیچ کارمەندێکی دەرنەکردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە سیستمی خەڵات و گەشتەکان سەرکەوتوو بووە لە هێشتنەوەی کارمەندە بەتواناکان و تا ئێستا هیچ یەکێک لە براوەی ئۆتۆمبێلەکان کۆمپانیاکەی جێنەهێشتووە.
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق رەتیدەکاتەوە ئاگاداری بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی "ئەنساروڵڵا" و "حزبوڵڵا"ی لوبنانی بێت یان پەسەندی کردبێت و دەڵێت، ئەو جۆرە بڕیارانە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار ناکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری عیراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان نەبووە لەسەر بڕیاری بە تیرۆریست ناساندن و سڕکردنی پارە و سامانی ئەو دوو حزبە و لەلایەن ئەوانەوە پەسەند نەکراوە.
سەرۆکایەتی کۆمار روونیکردووەتەوە: "بڕیاری لەو شێوەیە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار ناکرێن، بەڵکو تەنها ئەو یاسایانە بۆ وردبینی و پەسەندکردن دەنێردرێن کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگدانیان لەسەر دەکرێت، لەگەڵ مەرسومە کۆمارییەکان".
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان و لیژنەی سپیکردنەوەی پارە و رێنماییەکانی هیچ لایەنێک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار نانێردرێن.
سەرۆکایەتی کۆمار جەختی کردووەتەوە، ئەوان هیچ ئاگادارییەکیان لەسەر ئەو بابەتە نەبووە و تەنها لە رێگەی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە" هەواڵی بە تیرۆریست ناساندنی ئەنساروڵڵا و حزبوڵڵا و سڕکردنی پارەکانیانیان بیستووە، بۆیە بە پێویستیان زانیوە روونکردنەوە بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، مەودای بینینیش لەنێوان 8 بۆ 10 کم دەبێت.
دەربارەی کەشی سبەینێ ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرماش یەک بۆ دو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم جۆرە دەبێت:
هەولێر: 22 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 21 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رەخنە لە دۆخی گشتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، لەم سەردەمەدا "کەس پارێزراو نییە" و مرۆڤ بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت تۆمەتی سیخوڕی دەخرێتە پاڵ.
وەزیری رۆشنبیری لە نوسینێکدا ئاماژەی بە فەرموودەیەک کردووە و نوسیویەتی: "مرۆڤ هەیە بە رۆژ باوەڕدارە، کەچی شەو بە بێ باوەڕی دەخەوێت، یان بە پێچەوانەوە"، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم دەقە رێک بۆ دۆخی ئێستای وڵات گونجاوە.
حەمەی حەمە سەعید بە شێوازێکی رەخنەئامێز دەڵێت: "وەیسی قەرەنی یان غەوسی بەغدا بیت، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت کراویت بە سیخوڕی حەوت دەوڵەت، نەک هەر ئەوە، دەبێت بە دەمی خۆت هەقایەتی تاوانباریت بە گوێی دنیادا بدەیت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری رۆشنبیری دۆخەکە بە "سەردەمێکی تاڵ و بێ ئەمان" وەسف دەکات و دەڵێت: "کەس پارێزراو نییە".
ئیدارەی مەدەنی و دەسەڵاتی سروشت و باخچەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، کوشتنی سەدان تیمساح لە کێڵگەی "پێتسائێل" لە ناوچەی دۆڵی ئوردن (غۆر) لە مانگی ئابی رابردوودا، بەهۆی ترس بووە لەوەی شوێنەکە بۆ "هێرشێکی تێکدەرانە" بەکاربهێنرێت و تیمساحەکان لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا بڵاوبکرێنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەڵێن، کێڵگەکە کە ساڵانێکە بەدەست سەرپێچیی مەرجەکانی سەلامەتی و خراپیی ژێرخانەوە دەناڵێنێت و چەندین جار تیمساحەکان لێیەوە هەڵاتوون، مەترسیی ئەوەی لەسەر بووە لەلایەن "لایەنە نەیارەکانەوە" دزەی تێبکرێت و ئاژەڵەکان بەڕەڵا بکەن بە ئامانجی ئەنجامدانی هێرشێک کە هاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج.
لایەنە رەسمییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیارەکە بۆ کۆتاییهێنان بووە بە "مەینەتیی ئەو ئاژەڵانە" کە لە بارودۆخێکی سەخت و خراپدا دەژیان، جەختیشیان کردووەتەوە کە کوشتنە بە کۆمەڵەکە بۆ "رێگریکردن بووە لە مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر سەلامەتیی گشتی" و رێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخی تیمسیحەکان.
هاوکات دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە، هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە پرۆسەی کوشتنەکە یان بڕیاری داخستنی کێڵگەکە ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی رەخنەی توند لەلایەن رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەت سەدان هەزار شیکلی بۆ بەهێزکردنی سیاجی کێڵگەکە خەرجکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لەناوبردنیان "سەلامەتترین بژاردە" بووە، دوای ئەوەی گواستنەوەی تیمسیحەکان بۆ شوێنێکی تر مەحاڵ بووە.
دوای ئەوەی بە مەراسیمێکی رەسمی و شێوازێکی دۆستانە لە فڕۆکەخانەی نیودەلهی لەلایەن نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هندستانەوە پێشوازی لێکرا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ چڕەکانی کرد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ هەینی، لە کۆشکی "حەیدەر ئاباد" لە نیودەلهی، 23هەمین لوتکەی هندستان-روسیا بەڕێوەچوو. تەرکیزی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش بریتی بوو لە قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئابورییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرگری، وزە و ئاسانکاری بۆ هاتنی کرێکاری کارامەی روسی و هندی بۆ وڵاتانی یەکتر.
هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا نیودەلهی هەوڵی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی کڕینی چەکی داوە، بەڵام هێشتا روسیا بە گەورەترین دابینکەری چەکی هندستان دەمێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هندستان فشاری کردووە بۆ وەرگرتنی دوو سیستمی موشەکیی S-400 ی تر، کە بەهۆی جەنگی ئۆکراین و کێشەی زنجیرەی دابینکردنەوە گەیشتنیان دواکەوتووە. پێشتر هندستان سێ سیستمی لەو جۆرەی بە بەهای 5.4 ملیار دۆلار وەرگرتووە و پلاندارێژەرانی سەربازیی ئەو وڵاتەش دەڵێن سیستمەکە لە کاتی گرژییەکان لەگەڵ پاکستان کاریگەریی خۆی سەلماندووە.
هەروەها گفتوگۆ لەسەر نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری Su-30MKI و کڕینی فڕۆکەی جەنگی "ستێڵس"ی جۆری Su-57 کراوە.
مۆسکۆ و نیودەلهی پلانیان هەیە قەبارەی بازرگانی نێوانیان تا ساڵی 2030 بگەیەننە 100 ملیار دۆلار. روسیا دەیەوێت کاڵای زیاتری هندستان هاوردە بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگی بازرگانی ڕابگرێت، چونکە لە ئێستادا بەهۆی کڕینی بڕێکی زۆر لە نەوتی داشکێندراوی روسیا لەلایەن هندستانەوە، تەرازوەکە بەلای مۆسکۆدا شکاوەتەوە.
سەردانەکەی پوتن لە کاتێکدایە، واشنتۆن رەخنەی توندی لە هندستان هەیە بەهۆی کڕینی نەوتی روسیا و پێیوایە ئەو پارەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی "مەکینەی جەنگیی مۆسکۆ". هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ماوەی رابردوودا باجی لەسەر کاڵاکانی هندستان زیادکردبوو، کە نیودەلهی ئێستا هەوڵی کەمکردنەوەی دەدات.
لای خۆیەوە هندستان بەرگری لە کڕینی وزەی روسیا دەکات و دەڵێت بۆ دابینکردنی پێداویستی 1.4 ملیار هاووڵاتی وڵاتەکەی، پێویستی بەو وزەیە هەیە.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، پوتن سەردانی مەزارگەی "مەهاتما گاندی" کرد و رێزی لەو سەرکردە مێژووییەی هندستان گرت. شایانی باسە شاندێکی باڵای روسی یاوەری پوتن دەکەن کە پێکهاتوون لە وەزیری بەرگری و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و غاز و پیشەسازی سەربازی.