بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی راگەیاند و رێنمایی تایبەت دەداتە ئەو شۆفێرانەی لە تانجەرۆوە دێن، هاوکات رێگە بە بارهەڵگرەکان دەدرێت شەقامەکە بەکاربهێنن.
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا شەقامەکە بە هەردوو ئاراستە لە رێگەی کەرکوکەوە بۆ قەرەداغ و تانجەرۆ و بە پێچەوانەشەوە بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە.
وتەبێژی هاتووچۆ روونکردنەوەیەکی گرنگی بۆ ئەو شۆفێرانە بڵاوکردەوە کە لە ئاراستەی تانجەرۆوە دێن؛ بەو پێیەی هێشتا کارکردن لە "پردی تاسڵوجە" تەواو نەبووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە لە کۆتایی شەقامی 100 مەترییەکەدا دەبێت بچنە سەر شەقامی کەرکوک-سلێمانی و دواتر ئاراستەی دەرچوون لە سلێمانی وەربگرن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەمەودوا شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەتوانن شەقامی 100 مەتری بەکاربهێنن لەو ئاڕاستانەی دیاری کراوە، ئەم هەنگاوەش فشار و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی راپەڕین و شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کەم دەکاتەوە.
هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بە "وریاییەوە" شەقامەکە بەکاربهێنن، چونکە هێشتا تیمەکان بە شەو و رۆژ سەرقاڵی کارکردنن تێیدا و پرۆژەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی دکتۆر رێواز فایەق دەکات و دەڵێت، هەواڵی کۆچی دوایی باوکی لە ناخەوە نیگەرانی کردووە.
لە پەیامەکەدا خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەوە کردووە، بە بیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی فایەق حسێن، "زۆر غەمبار" بووە، بۆ ئەو کۆستەش پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی دکتۆر رێواز و تەواوی خێزان و کەسوکارەکەی دەکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "هاوبەشی خەم و پەژارەیانم، داواکارم لە خوای گەورە کۆچکردوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت و ئەوە دوایین ناخۆشی بێت."
دەمپارتی وردەکاریی دیدارە چوار سەعاتییەکەی ئیمڕاڵی بڵاوکردەوە
وەفدی ئیمڕاڵی سەر بە دەم پارتی، ناوەڕۆکی دیدارەکەی ڕۆژی ڕابردووی خۆیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ناوبراو هۆشداریداوە لە هەوڵەکان بۆ تێکدانی قۆناغی چارەسەری و داوای دەرکردنی "یاسای ئاشتی" کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی، دیدارەکە لە ڕۆژی 2ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ئیمڕاڵی ئەنجامدراوە و نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا کراوە.
هۆشداری لە "میکانیزمی کودەتا"
لەبارەی دژایەتیکردنی قۆناغی ئێستا، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەوڵی سابۆتاژ" هەیە و ئەمەی بە "میکانیزمی کودەتا" ناوبردووە. ئۆجەلان وتوویەتی: "ئەمە تەنها کودەتایەکی کلاسیکی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی مەترسیدار و ناسک دژی هەر هەنگاوێک کە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە دەنرێت."
پێشنیاری "یاسای ئاشتی"
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەدا چارەسەری دۆخەکەی بە دەرکردنی یاسایەک بەستووەتەوە و وتوویەتی: "لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی ئاشتی کە پشت بە یاسایەکی تایبەت و گشتگیر ببەستێت، توندوتیژی سیاسی و دەستێوەردانی نا-دیموکراتی لە ڕۆژەڤی تورکیا نامێنێت. دەتوانین ناوی ئەمە بنێین 'یاسای پەڕینەوە بۆ سەدەی ئاشتی'."
بەشداریکردنی کورد لە کۆماردا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە کە ئەم قۆناغە بریتییە لە "بەشداریکردنی کورد لە کۆماردا لە ڕێگەی یاساوە و بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتیک بە بەرفراوانترین یەکێتیی کۆمەڵایەتی."
لە کۆتاییدا ئۆجەلان پەیامی ئەوەی داوە کە خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و هەڵوێستێکی پێداگرە بۆ سەرخستنی ئەو قۆناغەی کە لە ئارادایە و داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە بە شێوەیەکی یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ کێشە سیاسییەکاندا بکەن.
بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی پێشێلکارییەکان و دەڵێت، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بەزاندنی رێککەوتنی ئاگربەست و تەنانەت ئەو ئاوارانەش دەکاتە ئامانج کە لە دەرەوەی "هێڵی زەرد" جێگیر بوون.
حەماس داوا لە وڵاتانی نێوەندگیر و لایەنە گرەنتیکەرەکان دەکات، بە جددی بێنە سەر هێڵ بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییانە و ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت کە واژوو کراوە.
لە کاتێکدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی "بەرەوپێشچوون" دەکات، کۆشکی کرملین ساردتر دەڕوانێتە دۆخەکە؛ کۆبوونەوەی پێنچ سەعاتی وەفدی ئەمریکا لەگەڵ پوتن بەبێ رێککەوتنی کۆتایی تەواو بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی روسیا بەر لە دانیشتنەکە هەڕەشەی لە ئەوروپا کرد.
رۆژی 2ـی کانونى یەکەم، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، گەیشتنە مۆسکۆ. ئامانجەکە روون بوو: دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
چاوەڕوانییەکی سێ سەعاتی:
بەپێی پلانەکە دەبوو کۆبوونەوەکە سەعات 5ـی ئێوارە دەستپێبکات، بەڵام ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا نزیکەی سێ سەعات وەفدەکەی لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە، چونکە بەشداریی لە کۆڕبەندێکی وەبەرهێنان دەکرد و لەوێوە پەیامی توندی ئاراستەی ئەوروپا و کیێڤ دەکرد.
کاتێک دواجار کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد، پێنچ سەعاتی خایاند. یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری پوتن کە بەشداربوو، دانیشتنەکەی بە "بەسوود و بنیاتنەر" وەسفکرد، بەڵام ئاوی کرد بە ئاگری گەشبینییەکاندا و وتی: "تا ئێستا هیچ رێگەیەک بۆ سازش و رێککەوتن نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە هەندێک لە پێشنیازەکانی ئەمریکا تاڕادەیەک جێی قبوڵن."
ناکۆکییەکە لەسەر چییە؟
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی (فۆکس نیوز)ـی راگەیاندووە کە "هەندێک پێشکەوتن" بەدیهاتووە بۆ ئەوەی بزانن ئۆکراینییەکان دەتوانن لەگەڵ چی هەڵبکەن. بەڵام پوتن پێشوەختە مەرجەکانی قورس کردووە؛ ئەو داوای کشانەوەی هێزەکانی ئۆکراین دەکات لەو ناوچانەی کە روسیا داگیری نەکردوون، مەرجێک کە بۆ کیێڤ قبوڵنەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پلانەی وەفدی ئەمریکا (ویتکۆف و کوشنەر) کاری لەسەر دەکەن، رەشنووسێکی 28 خاڵییە کە مانگی رابردوو ئاشکرا کرا، تێیدا داوا لە ئۆکراین دەکات سنورێک بۆ قەبارەی سوپاکەی دابنێت و دەستبەرداری ئەندامبوون بێت لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
نیگەرانییەکانی زێلێنسکی و هەڵوێستی ئەوروپا:
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بە وریايیەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. ئەو رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆکان بە باشی بڕۆن، بەڵام نیگەرانە لەوەی مۆسکۆ دانوستانەکان تەنیا بۆ لاوازکردنی سزاکان بەکاربهێنێت نەک بۆ ئاشتییەکی راستەقینە.
زێلێنسکی وتی: "ئەوان دەیانەوێت راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە راپۆرتمان بدەنێ، هەموو شتێک لەسەر ئەوە دەوەستێت".
لەم نێوەندەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ کیێڤ دووپاتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی "هیچ پلانێک بەبێ بوونی ئەوروپییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ سەرکەوتوو نابێت".
شەشەمین دیدار لە ئاستی باڵا:
سەردانەکەی ویتکۆف بۆ مۆسکۆ یەکەمجار نییە، ئەمە شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستی باڵایەتی لەگەڵ پوتن لەمساڵدا. ئێستا واشنتۆن و کیێڤ چاوەڕوانن ببینن ئایا پوتن دوایین وەشانی چوارچێوەی رێککەوتنەکە پەسەند دەکات یان نا، هەرچەندە شارەزایان ئاستی چاوەڕوانییەکانیان نزم کردووەتەوە.
بڕیارێکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەی بەرزاییەکانی جۆلانی وروژاندەوە؛ لەکاتێکدا دیمەشق جەخت دەکاتەوە سازش لەسەر خاکەکەی ناکات، تەل ئەبیب بە راشکاوی دەڵێت "نە ئێستا و نە هیچ کاتێک" ناگەڕێنەوە بۆ سنورەکانی پێش نیو سەدە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە بەرزاییەکانی جۆلان بکشێتەوە و داگیرکارییەکەی بە "نایاسایی" وەسف کردووە.
لە بەیاننامەکەدا سوریا ئاماژەی بەوە کردووە، زیادبوونی ژمارەی ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە بڕیارەکە داوە لە 97 وڵاتەوە لە ساڵی رابردوودا بۆ 123 وڵات لەمساڵدا، پەیامێکی رونی پشتیوانییە بۆ سوریا و پێداگرییە لەسەر ئەوەی جۆلان خاکێکی داگیرکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا خاڵێکی گرنگی روونکردەوەتەوە و دەڵێت: "چوونە ناو گفتوگۆی جددی سەبارەت بە پرسە تەکنیکییەکان و ئەوانەی پەیوەستن بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەو مانایە نییە کە ئێمە دەستبەرداری ئەوە بووبین جۆلان خاکێکی سورییە."
لە بەرامبەردا، دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندی بڕیارەکەی رەتکردەوە و جۆلانی بە "هێڵێکی بەرگریی زیندوو" وەسفکرد بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل.
دانۆن نەتەوە یەکگرتووەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی "لە واقیع دابڕاون"، چونکە داوای کشانەوە دەکەن لەکاتێکدا بە وتەی ئەو "میحوەری ئێران" و گروپە چەکدارەکان لە سوریا هەڕەشەن.
نوێنەرەکەی ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی (X) دوا قسەی خۆی کرد و نووسیویەتی: "ئیسرائیل نە دەگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی 1967 و نە دەستبەرداری جۆلان دەبێت؛ نە ئێستا و نە هیچ کاتێکی دیکە."
دۆسیەی سودان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە؛ دۆناڵد ترەمپ بەڵێن دەدات "بە شەخسی" کۆتایی بە خوێنڕشتن لەو وڵاتە بهێنێت و وەزیرەکەشی دەڵێت، جگە لە ترەمپ هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت ئەو گرێیە بکاتەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "بە شەخسی" سەرپەرشتی دۆسیەی کۆتاییهێنان بە جەنگی سودان دەکات. روبیۆ بە راشکاوی وتی: "ترەمپ تاکە سەرکردەی جیهانە کە توانای ئەوەی هەبێت کۆتایی بە قەیرانی سودان بهێنێت".
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا، ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پلاتفۆرمی (X) نووسیویەتی، دۆخی سودان پێویستی بە پاڵپشتی و پاڵنەرێکی جیهانی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
مانگی رابردوو ترەمپ ئاشکرای کردبوو کە کار لەگەڵ ئیمارات، سعودیە و میسر و هاوبەشەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات بۆ راگرتنی ئەو جەنگە.
لە کۆنفرانسێکدا لە ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە هاوکارییان بکات بۆ وەستاندنی ناکۆکییەکان. ترەمپ بە شانازییەوە وتبووی "پێشتر 8 جەنگم کۆتایی پێهێناوە و ئەمجارەش بەدوای رۆڵێکی یەکلاکەرەوەدا دەگەڕێم".
ترەمپ دۆخی ئێستای سودانی بە "توندوتیژترین شوێن" و گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا وەسفکردبوو، جەختیشی کردەوە کە سەرکردە نێودەوڵەتییەکان داوایان لێکردووە نفووزی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ وەستاندنی ئەو دۆخە.
مەسەد بولس، گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی، دووپاتی دەکاتەوە کە ترەمپ ئاشتی سودانی کردووەتە ئەولەویەتی کارەکانی.
مەیدانی جەنگ؛ ئاگربەستی یەک لایەنە و رەتکردنەوەی پلان
لەسەر ئاستی مەیدانی، مانگی رابردوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا (دعم السریع) ئاگربەستێکی مرۆیی یەک لایەنەیان بۆ ماوەی 3 مانگ راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سودان پێشنیازێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە.
محەمەد حەمدان دەقلو، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە تۆمارێکی دەنگیدا وتی: "پابەند دەبین بە ئاسانکاری بۆ گەیشتنی تیمە تەندروستی و فریاگوزارییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سودانییەکان". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە بەدەر لە "ئیخوان و بزوتنەوەی ئیسلامی"، رازین بە بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسی سوداندا.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سودان نێوەندگیری "وڵاتانی چوارقۆڵی" رەتکردەوە بۆ چارەسەری قەیرانەکە کە لە نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە.
بورهان ئەو پلانەی بە "خراپترین پێشنیاز" وەسفکرد، چونکە بە وتەی ئەو "بوونی هێزە چەکدارەکان دەسڕێتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکان دەکات، لە بەرامبەردا میلیشیا یاخیبووەکان لە ناوچەکانی خۆیان دەهێڵێتەوە".
وەک کاردانەوەیەک بۆ روداوەکەی واشنتۆن، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا پرۆسەی پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی (گرین کارت) و رەگەزنامە بە هاووڵاتیانی 19 وڵات رابگرێت، کە ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی خزمەتگوزارییەکانی کۆچ و رەگەزنامەی ئەمریکا، کە دوێنێ سێشەممە (2ـی کانونی یەکەم) دەرچووە، راگرتنەکە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پێشتر لە مانگی حوزەیراندا ترەمپ قەدەغەی هاتنە ناوەوەی بۆ دەرکردبوون و بە وڵاتانی "جیهانی سێهەم" ناوی بردوون. لەو لیستەدا جگە لە ئێران؛ وڵاتانی سودان، ئەریتریا، هایتی، سۆماڵ و چەند وڵاتێکی دیکە هەن کە بەشێکیان بە وڵاتانی هەژار و ناسەقامگیر دادەنرێن
ئەم بڕیارە توندەی کۆشکی سپی راستەوخۆ پەیوەندی بە روداوەکەی هەفتەی رابردووی واشنتۆنەوە هەیە، کاتێک پەنابەرێکی ئەفغانی کە پێشتر هاوکاری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بووە، تەقەی لە دوو سەربازی پاسەوانی نیشتمانی کرد.
ترەمپ روداوەکەی بە "هەڕەشەی گەورە بۆ ئاسایشی نیشتمانی" وەسف کرد و بەڵێنیدا هەر بیانییەک کە "سەر بەم وڵاتە نییە" دەربکات. هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە پێداچوونەوە بۆ دۆسیەی ئەو کەسانەش بکرێت کە خەڵکی ئەو 19 وڵاتەن (بە تایبەت ئێران و ئەفغانستان) و لە ئێستادا خاوەنی گرین کارتن.
کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاندووە، داوای لە ترەمپ کردووە لیستی وڵاتە قەدەغەکراوەکان فراوانتر بکات و لانیکەم 10 وڵاتی دیکەی بۆ زیاد بکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ توندتربوونی سیاسەتی کۆچبەری لە خولی نوێی سەرۆکایەتی ترەمپدا.
داواکاری گشتیی ئەمریکا بە رەسمی تۆمەتی کوشتنی ئاراستەی رەحمانوڵڵا لاکانوال کردووە. رەحمانوڵڵا کە ساڵی 2021 لە ئەفغانستانەوە چووەتە ئەمریکا، لە کاتی دادگاییەکەدا کە بە ئۆنلاین لە نەخۆشخانەوە بەشدار بوو، رەتیکردەوە دان بە تاوانەکەیدا بنێت.
لەو روداوەدا، سەربازێکی پاسەوانی نیشتمانی بەناوی "سارا باکسترۆم" (20 ساڵ) گیانی لەدەستدا و "ئەندرۆ وۆڵف" (24 ساڵ) بە سەختی بریندار بوو. بەپێی سکاڵاکە، تەقەکەرەکە لە کاتی تەقەکردنەکەدا هاواری "الله اکبر"ی کردووە.
پاپا لیۆ چواردەهەم کە یەکەم پاپای ئەمریکایە، داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە، لەبری هێزی سەربازی، دیالۆگ یان فشاری ئابووری بەکاربهێنێت بۆ لابردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لەسەر دەسەڵات.
ئەمڕۆ سێشەممە، پاپای ڤاتیکان کۆتایی بە گەشەتەکەی بۆ تورکیا و تورکیا و لوبنان هێنا و داوای ئاشتی لە هەموو لایەک کرد و وتی داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەم دەستبەرداری چەک و توندوتیژی بن و پەنا بۆ مێزی دیالۆگ ببەن.
پاپا پەیامیکی ئاراستەی تەرمپ کرد و رایگەیاند ئەگەر واشنتۆن بیەوێت گۆڕانکاری لە ڤەنزوێلادا بکات، ئەوا دەبێت رێگەی دیکە تاقیبکاتەوە و بەکارهێنانی هێز تەنها ناسەقامگیری زیاتر دروست دەکات.
پاپا لوبنانیشی لەبیرنەکرد و رایگەیاند، پێشنیازی ئەوە دەکات کە حزبوڵای لوبنان دەستبەرداری چەک بن و بەشداری گفتوگۆ بکەن.
ئەم لێدوانانەی پاپا لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەدوای بژاردەکاندا دەگەڕێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مادۆرای سەرۆکی ڤەنزیۆلا و تۆمەتباری دەکات بە رۆڵی لە ناردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەمریکا، گەرچی بەردەوام مادۆرا ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە، بەڵام پێشبینییەکان ئەوەدەخەنەڕوو هێرشکردن بۆ سەر ئەو وڵاتە لە سەعاتی سفردایە.
ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوروپا ئەجێندای ئاشتیان نییە و ئەگەر بەدوای شەڕەوەن، ئەوا ئەوان ئێستا ئامادەی ئەوشەڕەن، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەوروپا هەوڵی تێکدانی هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی دەدەن.
ئەمرۆ سێشەممە، سەرۆکی روسیا لە دوای کۆنفرانسێکی ئابووری لە مۆسکۆ قسەی بۆ رۆژنامەنوسەکان کرد و رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا "ئەجێندای ئاشتیانەیان نییە" و لە شەڕی ئۆکرایندا داواکارییەک پێشکەش دەکەن کە لەلایەن روسیاوە قبوڵکراو نییە.
ناوبرا پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئەوروپا کردوە و وتویەتی؛ ئەگەر ئەوان بەدوای شەڕەوەن، ئەوا روسیا لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ ئەو شەڕە.
پوتن ئەوەشی خستوەتەڕوو، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی تێکدەدەن و نایانەوێت سەربگرێت.
سەرۆکی رووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد، لە ئێستادا شاری پۆکرۆڤسک بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە و هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی روسیاشی بە نائاسایی ناوبرد، هۆشداریشی دا کە مۆسکۆ لە بەرانبەردا هێرشەکانی بۆ سەر بەندەر و کەشتییەکانی ئۆکراین فراوانتر دەکات و دەتوانن بەتەواوەتی لە دەریا دایانببڕن.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی شەقامی (100 مەتری) لە شاری سلێمانی کرایەوە و ئاماژەیان بەوەشکردوە کاتی رەسمی کردنەوەکە مانگی داهاتوو بوە، بەڵآم بەهۆی داواکری هاووڵاتییان و و بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ئەو بڕیارەیان داوە و اواش لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنمای و خێرایی شەقامەکە بن.
شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ شەقامەکە لە ئاڕاستەی کەرکوک بەرەو رێگای قەرەداغ بەشێوەی راستەوخۆیە یە و و سایدی ڕۆشتوو لە رێگای قەرەداغ بۆ تاسڵوجەوە، بەهۆی تەواو نەبوونی پردی تاسڵوجەوە دەخرێتەوە سەر ڕێگای سلێمانی- کەرکوک.
شارەوانی دەشڵێت؛ هەرچەندە کاتی کردنەوەی تەواوی شەقامەکە بە رەسمی دەکەوێتە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، بەڵام بەهۆی داواکاری زۆری هاووڵاتییان و بەمەبەستی کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک و قەرەباڵغی شەقامەکە بەتایبەت بۆ بارهەڵگرەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەم بڕیارەی دا.
شارەوانی جەختیشدەکاتەوە لەوەی کارکردن و جێبەجێکردنی بڕگەکانی تری پڕۆژەکە بەسەرپەرشتیی فەرمانگەی شەقامی 100م و لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامی دەبێت تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم بڕگەکان و کردنەوەی بەرەسمی.
سەرۆکایەتی شارەوانی داواش لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات بۆ دوربون لە روداوەی نەخوازراو پابەندی رێنماییەکان و خێرای شەقامەکە بن.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نین، غازی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێت و پێویستە بخرێتە خزمەتی هاووڵاییانی هەرێمەوە،هەروەها ئیدانەی هێرشەکەی کۆرمۆیان کرد و باسکردن لە ئاسایشی هەرێم و عیراقیش بەشێکی دیکی گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.
ئەمرۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە کۆبونەوەوەکەدا، باس لە روداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا و هەردوولا روداوەکەیان بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێمی کوردستان و عیراق وەسف کرد و ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەوەی، کە لەگەڵ ئەوەدانن غازی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابوری کوردستانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناغەدا کە عیراق و هەرێم بەرەو گەشەپێدانی ئابووری هەنگاودەنێن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە عیراق زیاتر بووە.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ژاپۆن و عیراق و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی پێویست زانی و جەختیشی کردەوە کە ژاپۆن دەتوانێت رۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتر ببینێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و عیراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەردوولا هیوایان خواست حکومەتی داهاتووی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت و بە جۆرێک بێت کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عیراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر و پارێزراوتربێت
قائیمقامیەتی قەزای رانیە، رایگەیاندوە، ئەو هاووڵاتییانەی لە سیستەمی ئەلکترۆنی خۆراک بلۆک کراون، بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانی، بلۆککردنی گەشتیاری و گەڕاونەتەوە کوردستان دەتوانن سەردانی بەشی خۆراک بکەن بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە، قائیمقامیەتی قەزای رانیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی (کارتی نیشتمانی، بلۆککردنی گەشتیاری و گەڕاونەتەوە کوردستان) لە سیستەمی ئەلکترۆنی خۆراک بلۆک کراون، سەردانی بەشی خۆراک بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاووڵاتییانەی دەکەونەوە سنورەکەیانەوە و ژمارەی فۆڕمەکانیان (287 و 292)ە، سەردانی بەشی خۆراکی رانیە بکەن بەمەبەستی ایکردنی مامەڵەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
هەروەها داوا لەو هاووڵاتیانەش دەکرێت کە پێویستە ئەم پێداویستیانەیان پێبێت؛
-ئەو موبایلەی سیستەمەکەی پێ ئەنجام دراوە.
-کارتی نیشتمانی ئەو هاوڵاتیەی مامەڵەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
-کارتی زانیاری سەرۆکی خێزان.
-فۆڕمی خۆراک.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی گرژییەکانی گوندی لاجان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە ئامادەین کار لەگەڵ خۆپیشاندەران و لایەنی دەسەڵات بکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە".
دەقی پەیامەکە...
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قووڵی نیگەرانە لەو گرژیانەی کە لەم دواییانەدا لە گوندی لاجان لە هەولێر روویانداوە. داوا لە حکومەت دەکەین کە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدات. نیگەرانییەکانی ئەو خەڵکەش مافی رەوای خۆیانە و دەنگەکەیان دەبێت ببیسترێت.
پەیامی هەرکییەکان و هەموو ئەوکەسانەی کە لەناو ئەو رووداوەدان گەیشت و داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین پابەندی یاسابن.
گرژییەکان دەبێت بوەستن. ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەین بۆ هاوکاری و گەڕاندنەوەی ئارامی و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاونیشتمانیان. ئەمە ساتێکی هەستیارە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و دەبێت کورد بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە بەتایبەتی ئێستا کە کاتی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداد.
ئێمە ئامادەین کە کار لەگەڵ خۆپیشاندەران و لایەنی دەسەڵات بکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە. وە دەبێت ناوچەکان لە هێزی سەربازی دابماڵرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پشتڕاستیکردەوە کە نزیکەی 20 هەزار گوللـە و تەقەمەنییان لێ دزراوە، کە لە ناو بارهەڵگرێکی تایبەتدا بووە و ویستویەتی بیگوازێتەوە بۆ ناوەندێکی سەربازی، روداوەکە کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی لێ کەوتوەتەوە و بە شکستێکی گەورەی ئەمنی بۆ وڵاتەکە دادەنرێت، میدیاکان دەڵێن؛ وڵاتێک نەتوانێت چەکەکانی لە سنوری ی خۆیدا بپارێزیت چۆن دەتوانێت ئامادەکاری بکات بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا؟
بە گوێرەی زانیارییەکان، شۆفیری بارهەڵگرەکە لە نزیک شارۆچکەی بێرگ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا پشویداوە، لەوکاتەدا دزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەی بارهەڵگرەکە و چەند سندوقێک تەقەمەنی سەربازییان بردووە.
روداوەکە رایگشتی ئەڵمانیای جوڵاندوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەستیان کردوە بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانن، کە دزیەکە ئامانجدار بوە یاخود هەڕەمەکەی بووە.
لە سەرەتایی لێکۆڵینەوەکاندا، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە پشتڕاستی کردوەتەوە، کە بەڵێندەران رێسا ئەمنییەکانیان پشتگوێ خستووە لە کاتی گواستنەوەی چەکەکاندا.
لە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییدا بۆ روداوەکە دەرکەوتووە کە نزیکەی 10هەزار گولـلەی دەمانچەی نۆ ملم و چەندین دەمانچە و ژمارەیەکیش نارنجۆکی دوکەڵی دزراون لە بارهەڵگرەکەدا، کە بەرپرسان بە پێشێلکارییەکی ئەمنی جددی ناویانبردوە.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ خۆئامادەکردن بۆ جەنگی روسیا و چەندین هەنگاویشی بۆ ئەو مەبەستە ناوە، روداوەکە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی رووبەڕووی ئابڕوچونێکی ئەمنیی جددی کردوەتەوە، میدیاکان نوسیویانە؛ وڵاتێک ناتوانێت کەرەستەکانی خۆی لە سنوریی وڵاتکەی خۆیدا بپارێزێت چۆن دەتوانێت روبەڕوی روسیا ببێتەوە.