هەواڵەکانهەواڵەکان

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کۆتایی بە پرۆسەی چاوخشاندنەوە بە تانەکاندا هێناوە و سەرجەمیانی یەکلایی کردۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەستەی دادوەری تەواوی ئەو تانانەی یەکلایی کردۆتەوە کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تۆمار کرابوون.

دوای ئەم هەنگاوەش، چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا ئەنجامە کۆتاییەکان رەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بکرێن، تاوەکو بە رەسمی پەسەند بکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە مامەڵە داراییەکان هێنا و بڕیاریدا بە راگرتنی زۆربەی خەرجییەکان لە دامودەزگاکانی حکومەت، جگە لە موچە و چەند خەرجییەکی پێویست.

بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 18ی ساڵی 2025 کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە و ئیمزای وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیاردراوە لە رۆژی 7-12-2025ـەوە سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) رابگیرێت و چیتر داواکاری خەرجی لە وەزارەتەکانەوە وەرناگیرێت تاوەکو ساڵی نوێی 2026.

وەزارەتی دارایی لە بڕیارەکەیدا تەنها چەند دەرگایەکی بە کراوەیی هێشتۆتەوە و راگرتنی خەرجییەکان ئەمانە ناگرێتەوە:

  1. موچە.

  2. پێشینەی خەرجکراوی مانگانە.

  3. کرێی مانگانەی پاککردنەوە و خواردن.

    بەپێی رێنماییەکە، خەرجیی تەمویلکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان راگیراوە. هەروەها ئەو خەرجییانەی کە لەسەر رێژەی گەڕاوەی بەشە داهاتی وەزارەتەکان خەرج دەکران (جگە لە موچە و هاندان)، ئەوانیش رادەگیرێن.

    وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نووسراوانەی رەزامەندی خەرجییان هەیە و بە هەر هۆکارێک خەرج نەکراون، دەچنە سەر بودجەی ساڵی 2026. ئامانجی ئەم بڕیارەش پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و داخستنی هەژماری کۆتایی ساڵی 2025ـە، کە دەبێت تاوەکو 31-12-2025 سەرجەم ژمێرەی بانکەکان دابخرێن و پاکتاو بکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەموارکردنەوەی رێنماییەکانی، لەمەودوا بۆ هەر وانەیەک بڕی 4 هەزار دینار بۆ مامۆستای وانەبێژ خەرج دەکرێت.

بەپێی نووسراوێک کە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابوریی لەسەرە و بڵاوکراوەتەوە، رێنمایی دارایی ژمارە 17ـی ساڵی 2025 تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنمایی ساڵانی رابردوو بڵاوکراوەتەوە.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، کرێی وانەبێژی بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەن بە هەردوو شێوەی (هەمیشەیی و گرێبەست)، بۆ هەر وانەیەک بڕی 4 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.

وەزارەتی دارایی مەرجی وەرگرتنی ئەو پارەیەی بەستۆتەوە بەوەی، دەبێت مامۆستاکە بەشەوانەی خۆی بەپێی سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و باخچەی منداڵان تەواو بکات، ئینجا پارەی وانەی زیادەی بۆ هەژمار دەکرێت.

بەپێی نووسراوەکە، ئەم رێنماییە نوێیە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی رابردوو ئاسمانی روسیا بێدەنگ نەبوو، سیستمی بەرگریی وڵاتەکە روبەڕووی هێرشێکی چڕی ئۆکراین بووەوە و وەزارەتی بەرگریش دەڵێت، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە.

وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی شەوی رابردوودا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان 77 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکشکاندووە کە ویستوویانە چەندین ناوچەی جیاواز بکەنە ئامانج.

بەپێی راگەیەندراوەکەی مۆسکۆ، پشکی شێری هێرشەکان بەر شاری "ساراتۆڤ" کەوتووە و لەوێ 42 درۆن تێکشکێندراون. ئاگرەکە ناوچەکانی دیکەشی گرتۆتەوە، بەشێوەیەک لە رۆستۆڤ 12 درۆن، لە دورگەی کریمیا 10، لە ڤۆڵگۆگراد 9 و لە بێلگۆرۆدیش 2 درۆن خراونەتە خوارەوە. تەنانەت درۆنەکان گەیشتونەتە ئاسمانی چیچان و ئەستراخانیش و لەوێش دوو درۆن کراونەتە ئامانج.

هاوکات لەگەڵ شەڕی ئاسمان، لەسەر زەویش پێدادانەکان بەردەوامن. ئاژانسی سپۆتنیکی روسی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی سوپای روسیا لە هەرێمی "سومی" گورزیان لە سێ یەکەی سەربازیی ئۆکراین وەشاندووە و بنکەکانیان لە ناوچەکانی ئەندریڤکا و سادکی خاپور کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، لەمەودوا لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کامێراکانی چاودێری کار دەکەن و هەردوو سایدی شەقامەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن.

لە ئاگادارییەکدا هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، لە سەعات 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025، کامێراکانی یەکتربڕی ئارام لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کەوتوونەتە کار.

بەپێی رێنماییەکانی هاتوچۆ، کامێراکان لە هەردوو سایدی هاتن و رۆیشتن کار دەکەن و خێرایی رێگەپێدراویش لەو شەقامەدا 60 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا، هەر شۆفێرێک ئەو خێراییە تێپەڕێنێت کامێراکان تۆماری دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تووندی وەڵامی بەیاننامەی وڵاتانی کەنداو دەداتەوە و دەڵێت: "ئەو دورگانە پارچەیەکن لە جەستەی ئێران و ئامۆژگاری دراوسێکانمان دەکەین ئیرادەمان تاقی نەکەنەوە".

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا، قالیباف لە وتارێکدا باسی لە مانۆڕە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و کێشەی سێ دورگەکە (تومبی گەورە، تومبی بچوک و ئەبوموسا) کرد.

قالیباف بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وەڵامی بەیاننامەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی دایەوە کە خاوەندارێتی ئەو سێ دورگەیەیان بۆ ئیمارات گەڕاندبووەوە و وتی: "بە تووندی ئیدانەی ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە دەکەین، ئەو سێ دورگەیە پارچەیەکن لە جەستەی ئێران و نابێت هیچ لایەنێک ئیرادەی گەلی ئێران بۆ پاراستنی خاکەکەی تاقی بکاتەوە".

داواشی لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پارەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو سێ دورگەیە تەرخان بکات.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی مانۆڕە دەریاییەکەی سوپای پاسدارانی کرد لە کەنداو و گەرووی هورمز و رایگەیاند، موشەکەکانیان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە.

قالیباف وتی: "تەقاندنی موشەکی ورد بە مەودایەک کە لە درێژایی کەنداو زیاترە، جێگەی دڵخۆشییە و پەیامی هێزی ئێران دەگەیەنێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاهەنگێکی شەوانە لە یانەیەکی هیندستان بە کارەسات کۆتایی هات و 25 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆربەی قوربانییەکان لەبری ئەوەی رێگەی رزگاربوون بدۆزنەوە، بەرەو چێشتخانەی یانەکە رایانکردبوو، بەڵام لەوێ گیریان خوارد و خنکان.

روداوەکە سەعات 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یانەی (Birch By Romeo Lane) لە گوندی ئارپۆرا لە ویلایەتی گۆوای هیندستان رویدا. بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، نزیکەی 100 کەس لە ئاهەنگێکی سەماکردندا بەشدار بوون کە بە "شەوی بۆلیوود" ناسێندرابوو، کاتێک لەناکاو ئاگر لە گۆڕەپانی سەماکردنەکەوە دروست بوو.

بەپێی زانیارییەکان، یانەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "یانەیەکی دوورگەیی"ـە، بەڵام لە راستیدا تەنها رێڕەوێکی زۆر تەسک و باریکی هەبووە بۆ هاتن و چوون. دیزاینی ناوەوەی یانەکە بە گەڵای دارخورما و کەرەستەی دارین رازێنرابووەوە، کە ئەمەش وایکردووە ئاگرەکە وەک پۆش و ئاگر تەشەنە بکات.

فاتیمە شێخ، یەکێک لە گەشتیارە رزگاربووەکان دەڵێت: "لەناکاو ئاڵۆزی دروست بوو، بینیمان هەموو شوێنەکە گڕی گرتووە. بەشێک لە گەشتیاران و کارمەندەکان بۆ ئەوەی لە ئاگرەکە رزگاریان بێت، بەرەو نهۆمی خوارەوە و چێشتخانەکە رایانکرد، بەڵام هەموویان لەوێ گیریان خوارد و بەهۆی دوکەڵەوە خنکان".

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان، هەڵکەوتەی شوێنی یانەکە بووە. بەهۆی تەسک و تروسکی کۆڵانەکانەوە، ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە بگەنە بەردەم یانەکە و ناچار بوون لە دووری 400 مەترەوە بوەستن، ئەمەش پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی دواخست.

دواتر تیمەکان تەرمی 25 کەسیان دۆزیەوە کە بەشێکیان گەشتیار و بەشێکیان کارمەندی یانەکە بوون، 6 کەسی دیکەش بریندارن.

رۆشان رێدکار، بەرپرسێکی ناوچەکە ئاشکرای کردووە، یانەکە بە نایاسایی دروستکراوە و مۆڵەتی نەبووە. پێشتر بڕیاری روخاندنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان خاوەنەکانی و رێکارەکانەوە، بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان خەمباریی خۆی بۆ روداوەکە دەربڕی و سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی گۆواش فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەی ورد لەم کارەساتە بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە دانێل کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراقیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات.

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عیراقیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا عیراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابوریی عیراق.

جێگری سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوانیان بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەمۆزەخانەی زاموا لەشاری سلێمانی پێشوازی لەژمارەیەک لەهاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان کرد.

لەو دیدارەدا وێڕای بەخێرهێنانیان بۆ شاری شاران، گفتوگۆکرا لەسەر هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورد لەمبارەیەوە خاتوو شاناز هیوای خواست ئەم ئاشتیەی ئێستا بەرقەراربوە درێژە بکێشێت.

دواتر وەفدەکە چەند بەشێکی مۆزەخانەی زاموایان بەسەرکردەوە و لەگەنجینەی دەوڵەمەندیی ئەدەبی و سیاسی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدیان رووانی.

وەفدەکەی باکوری کوردستان پێکهاتبوون لە ئایتن کایا هاوسەرۆکی شارەوانی بیرسوس، سیفیم بیسیسی هاوسەرۆکی شارەوانی سیلفان، سەفیە ئاکداغ هاوسەرۆکی شارەوانی دیاربەکر و غلبین شاهین هاوسەرۆکی شارەوانی نسیبین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بۆ حەجی 2026 وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە حەرەمی شاری مەککە قەدەغە دەکات.

کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بە پێی بریارێکی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە وەرزی حەجی 2026 بە هەموو شێوەیەک وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە هەردوو مزگەوتی محمد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە مەدینە و حەرەمی لە شاری مەککەی پیرۆز قەدەغە دەکرێت.

وتیشی، ئەو هەنگاوەی سعودیە لە پيناو خزمەتکردنی حاجیان و هەبوونی کەشێکی ئیمانی و دوورکەوتنەوەی حاجیانە لە وێنەگرتن و سەرقاڵبوون بە مۆبایل و شتی دیکەوە.

کاروان ستونی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانیش هەموو حاجیان لەو هەنگاوە ئاگادار دەکەنەوە لەکاتی چوونیان بۆ پروسەی حەج و پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن و هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ ئەوەی حاجیان دووچاری هیچ کێشە و گرفتێک نەبنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی راگەیاندنی کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەولێر دەداتەوە و ئاشکرایدەکات: هەندێک پلاتفۆرم گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە و کەتیبەکانی سەید شوهەدا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەپشت روداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەی قەزای خەباتەوەن لە هەولێرن کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەنجومەنی راگەیاندنی کەتیبەکانی سەید شوهەدا رایگەیاند، هەندێک پلاتفۆرم گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەپشت روداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەی شاری خەباتەوەن لە هەولێر، کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا ئێمە هاوسۆزی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان لە هەردوولا دەردەبڕین- چونکە خوێنی هەموو عیراقییەک لای ئێمە پیرۆزە و ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە ئیدانە دەکەین، هاوکات بەنیازین سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکەین کە ئەو تۆمەتانەیان خستووەتەپاڵمان و داوا لە هاوبەشەکانیشمان دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و مافە سەرەکییەکانیان بۆ دەستەبەر بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئاسایشی هەولێر لەچەند رۆژی رابردوودا لە رێگەی دانپێدانێکی بە زۆردا لێپرسراوی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی و کەتیبەکانی سەیدلشوهەدای تۆمەتبار کرد سەبارەت بە گرژییەکانی خەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات رۆژی 11ـی ئەم مانگە دەست بە نمایشی فیلمی باج دەکرێت، فیلمەکە لە چیرۆکی تاوانێکی راستەقینە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا وەرگیراوە.

ئەم فیلمە باس لە کێشەکانی خێزانێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەکات و لە چیرۆکێکی راستیەوە وەرگیراوە، کە چەندین روداوی نەخوازرا لێکەوتوەتەوە و بەرۆکی ئەو خێزانە دەگرێت.

فیلمەکە لە دەرهێنانی دەرهێنەر دیاکۆ بایزە و چەند ئەکتەرێکی دیار و بە ئەزموون رۆڵی تیادا دەگێڕن.

هاوکات فیلمەکە بەرهەمی دامەزراوەی کەریمی عەلەکەیە و رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە سیتی سینەما دەست بە نمایش دەکات. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی تەقەکردندا لە پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشور چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلێک، بەهۆیەوە 11 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 14 هاووڵاتی تریش بریندارن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، تا ئێستا هۆکاری تەقەکردنەکە دیار نییە  و کەسیش لەسەر روداوەکە دەستگیر نەکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، پۆلیسی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلێک لە شاری پریتۆریای پایتەخت و بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە نێویشیاندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ هەیە.

وتەبێژی پۆلسی بە میدیاکانی راگەیاندوە، لە روداوەکەدا 25 کەس تەقەیان لێکراوە و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا تاوانبارەکان دەستگیر نەکراون.

وتوشیەتی؛ ئەمە روداوێکی زۆر سەختە و دوای چوار سەعات لە روداوەکە پۆلیسان لێ ئاگادار کردوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیان سێ چەکدار بەبێ جیاوازی دەستڕێژی گولـلەیان کردوە.

ئەم هێرشە نوێترین هێرشە لە زنجیرەیەک تەقەکردنە بەکۆمەڵەکان لەو وڵاتە پڕ تاوانکارییەی کە 63 ملیۆن کەسی تێدایە.

شاری پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشورە، بەدەست تاوان و گەندەڵیەوە دەناڵێنێت و بەردەوام هێرشی چەکداری تێدا ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی بەشداریکردنی بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئیلهام ئەحمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، دەیویست راستەوخۆ لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداری بکات، بەڵام دیارە تورکیا هێشتا نەگەشتوە بە قبوڵکردنی ئەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا دەبێت و پێویستە لە سوریای نوێدا مافی هەمووان پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ شەممە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وتارێکی بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش کرد.

ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، هەموان دەزانن  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە،  تورکیا و سوریا دەستیان هەیە لە دارشتنەوەی نەخشەی نوێ رۆژهەڵاتدا، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا دەبێت.

جەختیشیکردەوە، دەبێت هەمووان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کاریگەری لەسەر سوریاش هەبووە و بوەتە هۆی وەستاندی شەڕ و ئازادکردنی ئۆجەلان چارەسەری پرسی کورد خێراتر دەکات.

ئیلهام ئەحمەد باسی لە ئاستەنگییەکان کرد و وتی؛ دەیویست لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبێت، بەڵام دیارە هێشتا تورکیا و ئەوەی قبوڵ نییە و سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئاسەتنگ  ماوە  و پیویستە لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، هیواشی خواست جارێکیتر خۆی بچێتە تورکیا و روبەڕوو گفتوگۆ بکەن.

داواشیکرد تەواوی پرس و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، سنورەکان لە نێوان سوریا و تورکیادا کراوەبن، چونکە  ئارامی سوریا ئارامی تورکیاشە.

وتیشی؛  لە سەردەمی رژێمی پێشوتری سوریادا، ئەوان وەک کورد و  تورک و پێکهاتەکانی دیکەش لە مافەکانیان بێبەش بوون، لە ئێستادا دەرفەتێکی نوێ هەیە، دەتوانن سوریایەکی نوێی دیموکرات ئاوەدان بکەنەوە، کە مافی هەمووان بپارێزێت لە چوارچێوەی یاسادا  و ئاماژەی بەوەکرد  سوریای نوێ بە بێ مافی نەتەوەکان سەرکەوتوو نابێت.

لێپرسراوەکەی ئیدارەی خۆسەر دوپاتیکردەوە، ئەوان لە هەوڵی دابەشکردنی وڵاتدا نین، نە لە سوریا و نە لە تورکیاش، ئەوان دەیانەوێت ژیانێکی هاوبەشی پێکەوەییان هەبێت، کە مافی تەواوی نەتەوەکان پارێزراوبێت.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایەکی کەشوهەوا رایگەیاند، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین، کە هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدایە هەرێم دەگرێتەوە، داواش دەکات لە رۆژانی دوو شەممە و سێشەممە بکرێتە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن.

ئەمڕۆ شەممە، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی چری باران بارین لەم هەفتەیەدا، هەوری سۆپەر سێڵ لە ئاسمان دەبینرێت و ئەو شەپۆلی بارانبارینە هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدایە.

ئەو شارەزای کەشناسییە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات، رۆژانی دوو شەممە و سێشەممە، کە بەگوێرەی پێشبینییەکان چەقی شەپۆلەکەیە لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو بۆ ئەوەی هەمووان سەلامەت بن .

داواش لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت،  لەو دوو رۆژەدا نەچنە شوێنە بەرزەکان بەهۆی بونی هەورەبروسکەی زۆر ، تاوەکو حاڵەتی نەخوازراو رونەدات، دەشڵێت؛ بۆ ئەوەی زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان نەکەوێت پێویستە ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەسەڵاتدارانی هیندستان دەستگیرکردنی ژنێکی راگەیاند کە تۆمەتبارە بە قاچاخیکردنی بە ئەندامەکانی پڵنگ لە سەرانسەری جیهاندا و داواکراو بووە لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە.

دەستگیرکراوەکە ناوی یانگچن لاچۆنگپا و تۆمەتبارە بەوەی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە دروستکردنی رێڕەوی بە قاچاخبردنی پارچەکانی جەستەی پڵنگ بۆ دەرەوەی هیندستان.

دەسەڵاتدارانی هیندستان پشتراستیان کردوەتەوە، لاچۆنگپا لە لیستی داواکراوانی ئینتەرپۆلدا بوو و رۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنێکی دادگادا داواکارییەکەی بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت رەتکراوەتەوە

دەستگیرکردنی ئەو ژنە، کاردانەوەی لەناو هیندستاندا دروستکردوە و  رێکخراوەکانی بواری ئاژەڵە کێوییەکانی هیندستان دەستگیرکردنەکەیان بە هەنگاوێکی گەورە و لە پێشینە وێناکردوە بۆ دژایەتیکردنی ئەو وڵاتە دژی راوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان.

پێشتر بازرگانی پیاو دەستگیرکراوە، کە کاری بازرگانیکردن بووە بە ئەندامی ئاژەڵە کێویەکانەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ژنێک  بە تۆمەتی بازرگانی نایاسایی بە پارچەی ئاژەڵان دەستگیر بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...182183184185186...1070