لە روبەروبونەوەیەکی چەکداریدا، لە نێوان پۆلیسی کەرکوک و ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەر، پۆلیسێک و دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریش کوژران.
کاروان محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی بیرئەسپان نزیک ناحیەی پردێ، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس روو بەڕووی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر بوونەوە و دوانیان کوژراون، لە بەرانبەردا پۆلیسێکیش گیانی لەدەستداوە و پۆلیسێكی تریش بریندارە.
بە گوێرەی زانیاریەکان، دوای بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان، لە گوندی بیرئەسپان، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی بازرگانەکان دەدرت و دوای ئەوەی داوایان لێدەکرێت خۆیانبدەن بەدەستەوە، یەکیان خۆی دەدات بەدەستەوە و دوانەکەی تر تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردوە.
لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەکەدا، کارمەندیكی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێت و کارمەندێکی تر بریندار دەبێت، دوو بازرگانەکەی تریش دەکوژرێن.
پەیامنێری کوردستان نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیاریەکان، ئەو بازرگانانە لە دەرەوەی کەرکوکەوە مادەی هۆشبەریان هێناوە و لە ناو کەرکوک و پارێزگاکانی تر ساغیان کردوەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، چونی مەزڵوم کۆبانێ بۆ دیمەشق دواخراوە و ئاماژەیان بەوەکردوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانیان روینەداوە و هۆکاری دواخستنەکە تەکنییەکییە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بڕیاربوو ئەمڕۆ 29ی کانونی یەكەم، مەزڵوم کۆبانێ ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەگەڵ وەفدی یاوەری دانوستانکاری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەردانی دیمەشق بکەن، بەڵام بە هۆکاری تەکنیکی سەردانەکە دواخراو.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە داهاتوودا کاتێکی تر دیاری دەکرێت بۆ سەردانیکردنی مەزڵوم کۆبانێ بۆ دیمەشق، کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری رێکبکەون.
هەسەدە دوپاتیکردوەتەوە، دواخستنەکە پەیوەندیدارە بە رێکخستنە لۆجستی و تەکنیکییەکانی سەردانەکە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق و ئامانجی گفتوگۆکان روینەداوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، لە روبەڕوبونەوەی پۆلیس و ژمارەیەک گومانلێکراوی سەر بە رێکخراوی داعش لە ناوچەی یالۆڤا لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە، حەوت ئەفسەری پۆلیس تورکیا بریندارن.
ئەمڕۆ دوو شەممە، کەناڵی دەوڵەتی تورکیا، تی ئاڕ تی بڵاویکردەوە، لە ناوچەی یالۆڤا لە باکووری رۆژئاوای تورکیا لە کاتی شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ کەسانێک، کە گومانی ئەوەیان لێکراوە داعشبن ، حەوت ئەفسەری پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکان، پۆلیسی شاری یالۆڤا ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە وخانویەکیان کردووەتە ئامانج، کە گومانیان هەبوە ئەندامانی داعشی تێدا بوو بێت، لەکاتی هەڵکوتانە سەر خانوەکە، روبەڕوبونەوەی چەکداری دروست بوە و حەوت پۆلیس بریندار بوون.
میدیاکانی تورکیا، تا ئێستا لەبارەی رەوشی تەندروستی پۆلیسە بریندارەکانەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردوەتەوە، هەروەها ئاماژەیان بە ژمارەی چەکدارەکان و چارەنوسی ئەوانیش نەکردوە.
جارێکیتر عەلەوییەکانی سوریا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و داوای مافی چارەی خۆنوسین و جیابونەوە لە سوریا دەکەن، لە خۆپیشاندانەکاندا، گرژی دروست بوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سوریا و تەقەیان لەیەکتری کرد، بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوابەدوای "دەسەڵاتی باڵای مەعنەوی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان" و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوییەکان، بۆ خۆپیشاندان لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا، سەدان خۆپیشاندەر لە شارەکانی لازقییە و تەرتوس لەژێر دروشمی "چارەی خۆنوسین" رژانە سەر شەقامەکان و گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارەعەلەویەکان.
میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردوەتەوە، لە خۆپیشاندانی عەلەوییەکاندا، لە تەرتوس و لازقییە، هێزەکانی حومەتی سوریا و چەکدارە عەلەوییەکان روبەڕووی یەکتری بونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا، جەگە لە برینداربون، ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون ولە بەرانبەریشدا یەکێک لە سەربازەکانی حکومەتی سوریاش کوژراوە و تا ئێستا کوژرانی سێ کەس و برینداربونی زیاتر لە 50 کەس پشتراستکراوەتەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندوە، ژمارەیەک سەربازیان برینداربوون "دوای ئەوەی لە لازقیە و جەبلە لەلایەن پاشماوەکانی رژێمی ئەسەدەوە هێرشیان کراوەتە سەر".
گەرچی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت کۆنتڕۆڵی رەوشەکیان کردوە، بەڵام بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، خۆپیشاندان و روبەڕوبوەنەوە بەردەوامی هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو حاجییانەی ساڵی 2025 کە بە فڕۆکە چوون و بە پاس گەڕانەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
کاروان ستونی، وتەبێژی رەسمیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە 3 هەزار و 443 حاجیی هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە، چونکە ساڵی پار بەهۆی راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە ناچار بوون بە پاس بگەڕێنەوە.
وتیشی: "بڕیارە دوای پشووی سەری ساڵ نوسراوی رەسمی بگات، بەڵام داوای لیستی ناوی حاجییەکانیان لێ کردووین".
سەبارەت بە بڕی پارەکە، وتەبێژەکە ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە تەنیا 80 هەزار دینارە، چونکە بەغداد خۆی گرێبەستەکان دەکات و هیچ نوێنەرێکی هەرێم لە لیژنەی خەمڵاندندا نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی پارەکە، بە میکانیزمێکی گونجاو و ئاسان دەیدەنەوە بەو حاجییانەی کە مافی قەرەبوویان هەیە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامیەتی دەربەندیخان هۆشداری توند دەدەنە هاووڵاتیان و داوایان لێ دەکەن لەم چەند رۆژەدا گەشتەکانیان رابگرن و لە بەنداوی دێوانەش دووربکەونەوە چونکە سەرڕێژ بووە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیان کردووە، بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی بەفر و باران، سەردانە کۆمەڵایەتییەکان و گەشتە شاخەوانییەکان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان رابگرن، چونکە مەترسیی کۆبوونەوەی بەفر و داڕمانیان لێ دەکرێت.
لای خۆیەوە، سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە بەنداوی دێوانە سەرڕێژ بووە و داوا لەو کەسانە دەکەن کە پڕۆژە یان کاری ئاژەڵدارییان لە خوارووی بەنداوەکە هەیە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن.
قایمقام هۆشداریشی داوەتە شۆفێران کە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، رێگە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن و لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی 10ی بڵاوکردەوە و داوا دەکات سبەینێ فەرمانبەران دوای نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتەکە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت و رۆژی چوارشەممە 31ـی مانگ کۆتایی دێت.
وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق دەکەوێتە سبەینێ و گواستنەوەی بۆ بانکەکان کاتی دەوێت، داوا لە موچەخۆران دەکەن "لەدوای سەعات 1ی نیوەڕۆ" سەردانی بانکەکان بکەن.
دوای بانگەوازی مەرجەعی باڵای عەلەوییەکان بۆ "مافی چارەی خۆنووسین"، سەدان کەس لە شارەکانی کەناراوەکانی سوریا خۆپیشاندانیان کرد و گرژی لە نێوان لایەنگرانی غەزال و حکومەت دروست بوو.
دوای ئەوەی شێخ غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی و مەرجەعی باڵای عەلەوییەکان داوای خۆپیشاندانی کرد، سەدان کەس لە لازقیە و تەرتوس رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "مافی چارەی خۆنووسین"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادکردنی زیندانییەکانیان کرد.
لە شاری لازقیە گرژی لە نێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری غەزال و لایەنگرانی حکومەتی سوریا دروست بوو، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاوەیان پێکرا و بەربەستێکی مرۆییان لە نێوان هەردوو لادا دروست کرد بۆ رێگری لە پێکدادان.
لە بەرامبەردا، کەسایەتی و پیاوماقوڵانی ناوچەی قەدموس لە تەرتوس رەتیدەکەنەوە بچنە ژێر باری هیچ داواکارییەک بۆ دابەشکردنی سوریا یان جیابوونەوەی فیدراڵی.
ئەم خۆپیشاندانانە دوای تەقینەوەکەی مزگەوتی حومس دێت کە 8 کوژراوی لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لە ناوچەکانی کەناراوی سوریا زیاد کردووە.
حەمید مەحبوبی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سوور رایگەیاند، کەس بەهۆی بەفرو باران بارینەوە بێ سەروشوێنن و بەهۆی سەختی کەشوهەواوە گەیشتن پێیان ئەستەمە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی بەفر و بارانەوە 14 کەس لە سنوری سەردەشت گیریان خواردوە و بەهۆی سەختی کەشوهەواوە تا ئێستا نەتوانراوە بگەنە لایان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی گیریانخواردوە لە نێوان شاخەکانی "مەلیموس" و "بەلفات"دان لە سنوری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەعات 6:30 بەرەبەیانەوە هێزەکانی ئۆپراسیۆنی فریاگوزاری لە هەوڵدان بگەنەلایان، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکە و خراپی کەشوهەواوە گەیشتن پێیان سەختە.
ئەمە لە کاتێکدایە شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ تەواوی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتوەتەوە و دوێنێش بەهۆی هەرەسهێنانی بەفرەوە لە سنوری سەردەشت چوار هاووڵاتی بون بەژێر بەفرەوە و دوانیان گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار لە پارەی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێم خراوەتە سەر هەژماری بانکییان.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانونی یەکەمی 2025، بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و موچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.
ئەمە لە پاش ئەوەدێت، پێشتر کوردسات نیوز بڵاویکردەوە کە لە بەغداوە ئیمزا لەسەر ناردنی موچە کرا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پێنجەمجار لەمساڵدا سەردانی ئەمریکا دەکات و لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکیش جەنگی غەززە و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ناتانیاهۆ بە فڕۆکەی "باڵی سەهیۆن" و لەرێگەی ئاسمانێکی پارێزراوەوە بگاتە فلۆریدا، بۆ ئەوەی لە مەترسیی بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دوور بێت.
بەپێی میدیاکان، ناتانیاهۆ دەیەوێت بزانێت پلانی ترەمپ بۆ چەککردنی غەززە چییە، چونکە ئیسرائیل ئەوەی کردووەتە مەرجی چوونە قۆناغی دووەمی ئاگربەست، هاوکات خێزانێکی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ خۆی دەبات تا فشار لە ترەمپ بکەن.
سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ داوای رێککەوتنێک دەکات کە تێیدا پیتاندن سفر بێتەوە و فشارە ئابوورییەکان توندتر بکرێن، هەروەها دەیەوێت ئەمریکا پاڵپشتیی لێدانی بەرنامەی موشەکیی ئێران بکات، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندووە پێشتر ئەو بەرنامەیەی "لەناوبردووە".
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم داواکارییانەی ناتانیاهۆ لەگەڵ سیاسەتی "یەکەمجار ئەمریکا"ی ترەمپ یەکناگرێتەوە، چونکە بنکە جەماوەرییەکەی ترەمپ دژی جەنگی نوێن، بەڵام هاوکات بەخشەرە گەورەکانی کەمپەینەکەی لایەنگری ئیسرائیلن.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ئاماری 24 سەعاتی رابردووی بارانبارینی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و زۆرترین رێژە لە یاخسەمەر تۆمارکراوە.
بەپێی ئامارەکان، لە سەعات 9ی بەیانیی دوێنێ تا 9ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (28ی کانونی یەکەمی 2025)، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی گرتووەتەوە.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی، زۆرترین بڕی باران لە یاخسەمەر باریوە کە 132 ملم بووە، دوای ئەو لە سەرکەپکان 115 ملم و لە پێنجوێن 113.5 ملم باریوە. لە سەنتەری شاری سلێمانیش 38.6 ملم تۆمارکراوە.
لە پارێزگای هەولێر، لە مێرگەسور 124 ملم باران باریوە کە زۆرترینە لەسەر ئاستی پارێزگاکە، لە شەقڵاوە 100 ملم و لە سەنتەری هەولێر 70.8 ملم باریوە.
لە پارێزگای دهۆک، دینارتە بە 120.5 ملم پێشەنگە، لە بجیل 83.8 ملم و لە سەنتەری دهۆک 28.8 ملم باریوە.
هەرچی پارێزگای هەڵەبجەیە، زۆرترین بڕ لە تەوێڵە بووە کە 15.5 ملمە و لە سەنتەری هەڵەبجە 6 ملم باریوە. لە کەرکوکیش زۆرترین بڕ لە تەکیەی جەباری بووە بە 50 ملم.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تەواوی رێکارەکانی خەرجکردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کۆتاییهاتووە و تەیف سامی رەزامەندیی لەسەر داوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد ئاشکرای کرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق رەزامەندیی لەسەر نوسراوی خەرجکردنی پارەی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێم دەربڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نوسراوەکە رەوانەی بەشی خەرجی کراوە و لە ئێستادا تەنیا ئیمزای بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەشە ماوە بۆ ئەوەی پارەکە رەوانەی هەرێم بکرێت.
ئاشکرابوونی هەواڵی لێدانی تونێلێکی نهێنی بە درێژایی 5 کیلۆمەتر لەژێر بازاڕی گەورەی تاران، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە چۆن لە شوێنێکی قەرەباڵغی وادا کەس بەو هەموو خۆڵەی نەزانیوە؟
ماڵپەڕی فەرارۆ بڵاویکردەوە، لەژێر سێ سەرای بازاڕی گەورەی تاران کە رۆژانە 10 هەزار کەس تێیدا هاتوچۆ دەکەن و هەزار دوکانی تێدایە، تونێلێکی 5 هەزار مەتری بەشێوەیەکی نایاسایی لێدراوە.
راپۆرتەکە بەسەرهاتەکە دەچوێنێت بە فیلمی (Shawshank Redemption) و دەپرسێت: "ئایا ئامێری ئەم کەسانە تەنیا چەکوش بووە؟ ئایا کارێکی لەم شێوەیە لە دڵی شارێکی قەرەباڵغدا بە بێدەنگی دەکرێت؟".
بەپێی راپۆرتەکە، لێدانی ئەم تونێلە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئابووری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و گرنگتر لە هەموویان گیانی خەڵک دروستکردووە، بە تایبەت کە رەنگە کاریگەریی لەسەر درزبردنی دیوارەکان و پایەکانی دەوروبەری هەبووبێت.
هاوکات وەفدی هاوبەشی شارەوانی و داواکاری گشتیی تاران دوای سەردانکردنی بازاڕەکە رایانگەیاند، لەژێر سێ بازاری سەرەکی (ئازادی، نادری و زیبا) تونێل لێدراوە و پایەکانی باڵەخانەکان بۆش کراون بۆ دروستکردنی دوکان و کۆگای نایاسایی.
سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تارانیش ئاشکرای کرد، تونێل و هەڵکۆڵینەکان بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کراون و سەقفی تونێلەکان خوار بوونەتەوە و ستوونەکان درزیان بردووە، لەکاتێکدا رۆژانە 5 بۆ 6 هەزار کەس لەو شوێنە هاتوچۆ دەکەن.