ئاژانسی فارس: بەگوێرەی رێککەوتنەکە تێپەڕاندنی گەروی هورمز تەنها 60 رۆژ بۆ کەشتییەکان بێبەرانبەرە
بڵند
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەشێک لە وردەکاریی نوێ لەسەر رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە گەروی هورمز ئاشکرا دەبێت و سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فارسی رایگەیاندووە، تەنها 60 رۆژ تێپەڕبونی کەشتییەکان بە گەروی هورمزدا بێبەرانبەرە.
ئاژانسی فارس بڵاویکردوەتەوە، کە لە دواساتەکانی دانوستانەکاندا دەقی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا توشی چەند گۆڕانکارییەک بووە، بە شێوازێکی رون جەخت لەسەر سەپاندنی سەروەریی هاوبەشی ئێران و عومان بەسەر گەروی هورمزدا دەکاتەوە.
بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان، وەک ئەوەی ئاژانسەکە بڵاویکردوەتەوە، داهاتوی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکانی دەریاوانی لە گەروی هورمزدا لەلایەن ئێران و عومانەوە دیاری دەکرێت.
ئاژانسی فارس دەڵێت؛ بەکارهێنانی دەستەواژەی خزمەتگوزارییە دەریاییەکان بەو مانایەیە، کە ئەمریکا وەرگرتنی باج و تێچوی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەرەسمی بۆ ئێران دەسەلمێنێت
هەروەها جەختکراوەتەوە، بە گوێرەی رێککەوتنەکە، تاران تەنها بۆ ماوەی 60 رۆژ رەزامەندی نیشانداوە کە کەشتییەکان بێ بەرانبەر بە گەروی هورمزدا تێپەڕبن، ئەمەش دەری دەخات، کە واشنتۆن پرەنسیپی پێدانی باج و تێچوەکەی قبوڵ کردووە و تەنها داشکاندنی بۆ ئەو 60 رۆژە بەدەستهێناوە.
ئاژانسی فارس ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئێران بەنیازی ئەوەیە دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە، لە رێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە سەلامەتی، دەریاوانی، ژینگە و دڵنیایی (بیمە)، داهاتی دارایی لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو گەروەدا بەدەستبهێنێت و بۆ پەرەپێدانی ئابوری وڵاتەکەی بەکاریبهێنێت.


