وەفدی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەسەر خاڵە گرنگە هونەرییەكانی تایبەت بە پرسیۆ ئەسیكۆدا لەگەڵ حكومەتی عیراق رێككەوتن.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دوای ئەوەی وەفدێكی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی سیستمی ئەسیكۆدا و جێبەجێكردنیی لە هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادیان كرد، بۆ ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ناوەند كۆبوونەوە.

پاش تەواوبوونی كۆبوونەوە، چەند سەرچاوەیەكی نێو ئەو كۆبوونەوەیە بە پەیامنێری كوردسات نیوزیان راگەیاند، لەگەڵ ناوەند لەبارەی خاڵە گرنگە هونەرییەكانی سیستمی ئەسیكۆدا رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد كراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی ئابوریی عیراق، وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت، خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە بخرێنە ڕوو، بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە بدرێت.

وێڕای جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە خاڵە سنورییەكانی عیراق، تا ئێستا ئەو سیستمە لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكراوە، ئەوەش خاڵێكی ناكۆكی نێوان هەردوو حكومەت بووە.