گرۆسی: کاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دەست بە هەنگاوی کرداری بکرێت
سەوسەن سەید
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە سەبارەت بە پرسی ئێران بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەست بە کارکردن بکرێت.
گرۆسی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەست بە کارکردن بکرێت لەگەڵ ئێران، و لەگەڵ تیمەکانی ئەمریکا و ئێران دابنیشین بۆ گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی و کرداری.
سەبارەت بە رۆڵی ئاژانسەکە لە قۆناغی داهاتوودا، گرۆسی گوتی: ئێمە بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکەین کە بڕیارە لە سویسرا لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەبچێت، و رونیشیکردەوە کە: چەندین بژاردەی جیاواز لەبەردەستدا هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێراندا.
سەبارەت بە گرنگی کات و لایەنی ئابوری، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە هۆشداری دا و رایگەیاند: ئەگەر تا کۆتایی مانگی حوزەیران گەروی هورمز نەکرێتەوە، ئەوا ئابوری جیهان دەچێتە ناو هێڵی سوورەوە.


