سێنتکۆم: گەمارۆی سەر بەندەر و کەناراوەکانی ئێران هەڵگیرا
محەمەد رزگار
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، بەپێی فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێزەکانیان کۆتاییان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هێناوە و جموجۆڵی کەشتیوانی ئاسایی بووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەمڕۆوە هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانەیان هەڵگرتووە کە دێنە ناو بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئەمریکا هیچ رێگرییەک ناکەن لەبەردەم تێپەڕبوونی ئەو کەشتیانەی رودەکەنە بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە دەردەچن لە هەردوو کەنداو و دەریای عوماندا.
سێنتکۆم راشیگەیاند، سەرجەم هەوڵ و ڕێکارە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی ڕاگیراون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کورتەیەک لە رەوشی داهاتووی هێزەکانی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە، کەشتییە جەنگییە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە، بەمەبەستی چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەرجەم خاڵ و بڕگەکانی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن و پێشێل ناکرێن.


