مرهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری لە حکومەتی سوریا، رایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
ئەبو قەسرە لە لێدوانێکدا کە لە دیمەشقی پایتەختەوە بڵاوی کردەوە، وتی: "کەمێک لەمەوبەر لە دیمەشقی پایتەخت چاوم بە بەڕێز مەزڵووم کۆبانێ کەوت و رێککەوتین لەسەر راگرتنی تەواوەتیی تەقە لە سەرجەم میحوەر و خاڵە سەربازییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا."
وەزیری بەرگری جەختیشی کردەوە کە "جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەستبەجێ دەست پێدەکات."
ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە وەفدێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەزڵووم کۆبانێ، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، لە دیمەشقن.
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات لە روونکردنەوەیەکدا وردەکارییەکانی پسوڵەی نوێی کارەبا و شێوازی هەژمارکردنی داشکاندنەکانی بۆ هاوبەشانی کارەبا خستەڕوو، و دڵنیایی دەدات کە هیچ بڕە پارەیەکی زیادە بۆ هاووڵاتیان هەژمار ناکرێت.
ئاکۆ حەمەرەشید، بەرپرسی فرۆشتنی وزە لە کارەبای رۆژهەڵات، رایگەیاند کە لە پسوڵە نوێیەکەدا دوو جۆر قەرز هەیە: "قەرزی کۆن" و "قەرزی نوێ".
"قەرزی کۆن" بریتییە لەو قەرزانەی کە هاووڵاتیان لە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی روناکی (پێوەری زیرەک) لەسەریان کەڵەکە بووە و تا ئێستا پارەکەیان نەداوە.
بەڵام "قەرزی نوێ" ئەو بڕە پارەیەیە کە مانگانە لە پڕۆژەی روناکیدا بۆ هاوبەشان تۆمار دەکرێت و لەگەڵ پارەی کارەبای بەکارهاتووی هەمان مانگ کۆدەکرێتەوە و لە خانەی "پارەی داواکراو"دا نیشان دەدرێت، کە پێویستە هاووڵاتی بیدات.
سەبارەت بە داشکاندنەکان، بەرپرسەکەی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە داشکاندنەکان بۆ ماوەی سێ مانگ بە بڕی جیاواز بەردەوام دەبن و هیچ هاوبەشێک مافی داشکاندنی نافەوتێت.
رونیکردەوە: "هەموو هاوبەشێک لە 30 ڕۆژی یەکەمی پڕۆژەی روناکیدا 50٪ی داشکاندنی بۆ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر پسوولەی هاووڵاتییەک بۆ ماوەی45 ڕۆژ بێت و18رۆژی بکەوێتە ناو پڕۆژەی روناکییەوە، ئەوا بۆ ئەو18رۆژە داشکاندنی50٪ وەردەگرێت. بۆ پسوولەی مانگی داهاتوو،12 ڕۆژەکەی تری ماوەی 30 رۆژەکە بە هەمان شێوە 50٪ی داشکاندنی بۆ دەکرێت، و بەشەکەی دیکەی بە ڕێژەی 25٪ داشکاندنی بۆ دەکرێت."
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، دڵنیایی دراوەتە هاووڵاتیان کە "هیچ هاوبەشێکی کارەبا یەکەی زیادەی بۆ هەژمار ناکرێت و هیچ پارەی زیادەی بۆ نایەتەوە،" و ئاماژە بەوەشکراوە کە لە پسوولە نوێیەکەدا زۆربەی هاوبەشان400یەکەی یەکەمیان بە 72 دینار بۆ هەژمار ناکرێت، چونکە بەشێک لە کارەبای بەکارهاتوویان هێشتا بە نرخی کۆن ئەژمار دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بکوژی ئەو ژنەی کە مانگی رابردوو تەرمەکەی لە گەڕەکی قڕگە دۆزرایەوە، لەگەڵ هاوکارێکیدا دەستگیرکران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئاسایشی سلێمانی، دوای ئەوەی لە رێکەوتی 2025/9/27 تەرمی ئافرەتێک لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی دۆزرایەوە، هێزەکانیان دەستبەجێ دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد کرد.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، توانرا تۆمەتباران دەستنیشان بکرێن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بکوژ و هاوکارەکەی دەستگیرکران.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.
لە بانگەوازێکدا، ئەنجوومەنی پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی حزبەکەی دەکات کە لە رۆژی هەڵبژاردندا بە شێوەیەکی فراوان بەشداری بکەن و دەنگ بە لیستی ژمارە ٢٢٢ بدەن.
لە پەیامێکدا کە ئاراستەی "کەس و کاری شەهیدان، کەمئەندامانی سەنگەر، پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی، رێکخستنە دێرینەکان و سەرجەم لایەنگرانی یەکێتی" کراوە، ئەنجوومەنەکە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025ی بە "رۆژی بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان" و "وەڵامدانەوەی ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەکان" وەسف کردووە.
دەقی پەیامەکە:
بۆ کەس و کاری شەهیدە سەربەرزەکان _کەم ئەندامانی سەنگەر _پێشمەرگە قارەمانەکان _زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و رێکخستنە دێرینەکان هەوادار و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
رۆژی ٢٠٢٥/١١/١١رۆژی بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدەکانمانە رۆژی وەلامدانەوەی ماندوبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانە رۆژی چەسپاندنی قانونە رۆژی بەدەست هێنانی مافی هەموو لایەکە
داوا کارم هیمەت بکەن و هەموو پێکەوە بە تێکڕا بچین بۆ سەر سندوقی دەنگدان بۆ بەدەست هێنانی ئاواتی میللەتەکەمان چونکە سەرکەوتنی کورد و یەکێتی لەو هەلبژاردنە کۆتای هێنانە بە دەسەلاتی نادادی کۆتای هێنانە بە بیرو باوەری خۆسپێنی
هەموو کات ئەوەمان ووتوە و دەیڵێنەوە بەدیلی یەکێتی تەنها و تەنها یەکێتیە
ئەنجومەنی پیشتیوانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان
وەفدێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەیشتە دیمەشقی پایتەخت و وابڕیارە بە ئامادەیی تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و حکومەتی سوریا کۆببنەوە.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریادا ئیمزا کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، وەفدەکە پێکهاتووە لە:
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی دیاری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە).
رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ئینتیقالی و مەزڵووم کۆبانێ ئیمزاکراوە، چەندین خاڵی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و داننان بە مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی کورد.
کۆکا کۆلا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1886 لەلایەن پزیشکی دەرمانساز، د. جۆن سیس پێمبێرتۆنەوە لە جۆرجیا بەرهەمهێنرا، کە لە بنەڕەتدا وەک چارەسەرێکی پزیشکی بەکارهاتووە.
د. پێمبێرتۆن لە پاش برینداربوونی لە جەنگی ناوخۆی جۆرجیادا لە ماوەی ساڵانی 1880کاندا و ئالوودەبوونی بە ماددەی "مۆرفین" کە وەک ئازارشکێنێک بەکاری دەهێنا، بەدوای دۆزینەوەی ئازارشکێنێکی جێگرەوەدا وێڵبوو.
پزیشکەکە چەندین ماددەی یەک لەدوای یەکی لە تاقیگەدا تاقیکردەوە. دواجار پاش دەیان تاقیکردنەوە، گیراوەیەکی نوێی خستەڕوو کە بە "کۆکاکۆلا" ناسرا؛ گیراوەکە تێکەڵەیەک بوو لە پوختەی گەڵای "کۆکایین" و تۆوی درەختی "کۆلا". بڕی کەم کۆکایین لە پێکهاتەی گیراوەکەدا هەبوو، کە وەک ئازارشکێنێک کاری دەکرد. هاوکات تۆوی رووەکی کۆلا، بەهۆی ئەوەی ماددەی کافایینی لەخۆگرتبوو، وەک وریاکەرەوەیەک لە گیراوەکەدا بەکاردەهات.
"کۆکاکۆلا" لە دەرمانخانەیەکی شاری ئەتلەنتا دەفرۆشرا؛ گیراوەکە گازی تێدەکرا و لە شێوەی سۆدەدا بە نرخی 5 سەنت بۆ هەر پەرداخێک دەفرۆشرا. لەو ساتەوەختەدا، بەکارهێنان سەرەکیی کۆکاکۆلا بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بووە، بە دیاریکراوی بۆ چارەسەری ژانەسەر، بێهێزی و تێکچوونە دەمارییەکان.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەکارهێنانی ئەم گیراوەیە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و خەڵکی زیاتر وەک خواردنەوەیەکی چێژبەخش تەماشایان دەکرد، لەبری بەکارهێنانی وەک چارەسەرێکی پزیشکی، تاوەکو لە سەرەتای ساڵانی 1900ـەکاندا کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کۆکاکۆلا پێکهاتەی "کۆکایین"ـی لە گیراوەکەدا لابرد و لە شێوەی خواردنەوەیەکی چێژبەخشدا تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەفرۆشرێت.
مەترسییە تەندروستییەکانی کۆکاکۆلا
ماڵپەڕی “WebMD” دەڵێت، خواردنەوە گازییەکان، لەنێویشیاندا کۆکاکۆلا، هۆکارن بۆ تووشبوون بە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو، لاوازبوونی گورچیلەکان و جگەر، شێرپەنجە و چەندین گرفتی تەندروستیی دیکە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم، ئەندامی دەستەی باڵای زانایان لە میسر و سەرۆکی پێشووتری زانکۆی ئەزهەر، کۆچی دوایی کرد.
هەواڵی کۆچی دواییەکەی لە پەیجی رەسمی دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکرایەوە و تێیدا نووسرابوو: "بە دڵێکی پڕ لە ئیمان و رازیبوون بە قەدەری خودا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و خۆشەویستان و قوتابییانی خوالێخۆشبوو، ئیمامی شەریف دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم دەکەین."
دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم بە یەکێک لە دیارترین زانایانی ئەزهەر لە دەیەکانی رابردوودا دادەنرێت و خاوەنی چەندین بەرهەم و کاری زانستی و بانگخوازییە. ناوبراو پۆستی سەرۆکی زانکۆی ئەزهەری وەرگرتووە و لە چەندین دەستە و ڕێکخراوی زانستی و ئایینی لە ناوخۆ و دەرەوەی میسر بەشداریی کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوسەرەکەی لە گەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانی.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، شەوی رابردوو هێزەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی روداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کارێزە وشک. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لەگەڵ تیمەکانی بەڵگەی تاوان، پشکنین و هێڵکارییان بۆ شوێنی تاوانەکە کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان و بە فەرمانی دادوەر، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچوو و توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنەوە دەستگیر بکرێت."
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هۆکاری روداوەکەش بۆ "کێشەی خێزانی" دەگەڕێتەوە.
پۆلیس ناسنامەی تۆمەتبارەکەی بە (س، ف، ح) و لەدایکبووی ساڵی 1996 راگەیاندووە. لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "یەکێتی حزبی شەهیدانە و خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانیش لە هەموو کەس زیاتر مافیان بەسەر یەکێتییەوە هەیە".
قوباد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان لە هەولێر، سەرسام بووم بەو هەموو دڵسۆزی و پەرۆشییەیان بۆ سەرخستنی یەکێتی. پێکەوە گفتوگۆمان کرد لەبارەی کاریگەریی و رۆڵی یەکلاکەرەوەی یەکێتی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشداوە، "جەختمان کردەوە کە بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵی تەواو بدەین تا زۆرترین دەنگ بۆ یەکێتی کۆبکەینەوە و پێگەی یەکێتی زۆر لە ئێستا بەهێزتر بکەین".
توێژینەوەیەکی نوێ کە هاوکاتە لەگەڵ دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، ئاشکرای دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی هەردوو ئیدارەی سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن و سەرۆکی ئێستا دۆناڵد ترەمپ، یارمەتی سەربازیی بە بەهای لانیکەم21.7 ملیار دۆلار پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە، ئەمەش تەنها لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە دوو ساڵ لەمەوبەر.
توێژینەوەیەکی دیکە کە هەمان پڕۆژەی "تێچووی شەڕ" لە کۆلێژی واتسن بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی لە زانکۆی براون بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا نزیکەی 10ملیار دۆلاری دیکەی لە هاوکاری ئەمنی و ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خەرج کردووە.
هەرچەندە زۆربەی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکان پشت بە سەرچاوەی کراوە دەبەستن، بەڵام ئەم توێژینەوانە بە وردترین هەژمارکردن دادەنرێن بۆ یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هەروەها خەمڵاندنی تێچووی دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
تا ئێستا نوسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی رەسمی لەسەر قەبارەی یارمەتییە سەربازییە پێشکەشکراوەکان بە ئیسرائیل لەدوای ئۆکتۆبەری 2023ەوە نەداوە، لە کاتێکدا کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە تەنها سەرپەرشتی بەشێک لەو یارمەتییانە دەکات.
یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، واشنتۆن دەستبەجێ دەستیکرد بە ناردنی یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل، کە بریتی بوو لە ناردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی بۆ ناوچەکە، و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی شەڕ بۆ ئیسرائیل.
ئیسرائیل داوای موشەکی بەرگریی "گنبد ئاسنین" و تەقەمەنی لە ئەمریکا کرد. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، رایگەیاند کە واشنتۆن "پشتگیری تەواو"ی ئیسرائیل دەکات، هاوشان لەگەڵ ناردنی سەکۆی مووشەکی ئاراستەکراو و فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف-35.
گرنگترین وێستگەکانی یارمەتییەکان:
12ی ئۆکتۆبەر: ئیدارەی بایدن دەستیکرد بە ئامادەکردنی پاکێجێکی یارمەتی بە بەهای نزیکەی 2 ملیار دۆلار وەک بودجەیەکی زیادە بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل.
17ی ئۆکتۆبەر: پێنج کاروانی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی گەیشتنە ئیسرائیل.
تشرینی دووەم: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پلانێکی کۆمارییەکانی پەسەند کرد کە 14.5 ملیار دۆلاری وەک یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل تەرخان کردبوو.
کانوونی یەکەمی 2023: واشنتۆن15.000 بۆمب و 57.000گولـلە تۆپی عەیار 155 ملمی بۆ ئیسرائیل دابین کرد، کە زۆربەیان لە رێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی جۆری سی-17 گواسترانەوە. هەروەها، ئەمریکا زیاتر لە 5،000 بۆمبی نائاراستەکراوی جۆری ئێم کەی 82، زیاتر لە 5.400 بۆمبی ئێم کەی 84، و نزیکەی 1.000 بۆمبی جی بی یو-39ی قەبارە بچووکی نارد.
8ی کانوونی یەکەم: بایدن دەسەڵاتی باری نائاسایی بەکارهێنا بۆ بازدان بەسەر پێداچوونەوەی کۆنگرێسدا بۆ فرۆشتنی نزیکەی 14.000گولـلە تانک بە بەهای106.5 ملیۆن دۆلار بۆ گەیاندنی دەستبەجێ بە ئیسرائیل.
29ی کانوونی یەکەم: حکومەتی ئەمریکا جارێکی دیکە دەسەڵاتی باری نائاسایی بەکارهێنایەوە بۆ فرۆشتنی گولـلە تۆپ و چەکی پەیوەندیدار بە بەهای 147.5ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل، بەمەبەستی پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکی ئیسرائیل.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەراگەیەندراوێکدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە هێزەکانیان هێرشیان کردبێتە سەر خاڵەکانی پشکنینی حکومەتی دیمەشق لە حەلەب. هەسەدە رایگەیاند، "ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقصود رودەدات، دەرەنجامی راستەوخۆی گەمارۆی خنکێنەر و هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشقە" و هۆکاری پێکدادانەکان بۆ "هەوڵی چەکدارانی حکومەت بۆ چوونەژوورەوە بە تانک و زرێپۆش" گەڕاندەوە.
لە تاگەیەندراوێکدا، کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە، هەسەدە بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە بە هیچ شێوەیەک راست نین، چونکە هێزەکانی ئێمە لەدوای کشانەوەیان بەپێی لێکتێگەیشتنی 1ی نیسان، هیچ بوونێکیان لە ناوچەکەدا نییە."
هەسەدە رایگەیاندووە کە روداوەکان دەرئەنجامی زنجیرەیەک دەستدرێژیی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە دژی هاووڵاتییانی سڤیل، کە بریتی بوون لە:
سەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەر.
بڕینی هاوکاری و پێداویستییە پزیشکییەکان.
رفاندنی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە.
بەردەوامبوون لەسەر هەراسانکردنی خەڵک لە خاڵەکانی پشکنین.
لەم دواییانەشدا، دروستکردنی ساتر و بەربەستی خۆڵی لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" دەکات لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە و دەڵێت: "ئەو چەکدارانە هەوڵی چوونەژوورەوە دەدەن بە تانک و زرێپۆش و گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بە گولـلەهاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە بووەتە هۆی قوربانیدان لەنێو هاووڵاتییانی سڤیل و زیانێکی گەورەی بە موڵک و ماڵیان گەیاندووە."
هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم کردەوانە بوونەتە هۆی هاندانی خەڵک و پاڵنانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە، کە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ئارامیی ناوچەکە جێبەجێ دەکەن."
لە کۆتاییدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات حکومەتی دیمەشقی بە "بەرپرسیاری تەواو و راستەوخۆ" داناوە لە بەردەوامیی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان و ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە. هەروەها داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان کردووە کە "بەپەلە بجوڵێن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ نادادپەروەرانەیە و راگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکان دژی خەڵکی سڤیل."
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە سوریا، رایگەیاند کە پێکدادان لە نێوان سوپای سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب رویداوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، سوپای سوریا هەموو رێگا سەرەکییەکانی کە دەچنەوە سەر ئەو دوو گەڕەکە داخستووە
پەیامنێری کوردسات نیوز، ئاماژەی بەوەداوە کە داخستنی رێگاکان وەک کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بەو شتەی بە "پێشێلکارییەکانی هەسەدە" ناویان بردووە.
هاوکات لە نوێترین راگەیەندراویدا وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: جوڵەی هێزەکانمان لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی وڵات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە لە هێرشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە". راشیگەیاند. "پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئادار و ئۆپەراسیۆن ناکەین."
قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراق "چارەنووسسازە". ناوبراو جەختی کردەوە کە یەکێتی بەهێزترین و کاریگەرترین لایەنە لە بەغداد و داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بۆ چارەسەری کێشەکان، متمانەیان بە یەکێتی هەبێت.
لە پەیامەکەیدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، قوباد تاڵەبانی پرسیارێکی ئاراستەی دەنگدەران کردووە و دەڵێت: "کام لایەن ئەوەندەی یەکێتی لە بەغدا بەهێز و کاریگەرە کە بتوانێت شەڕی دابینکردنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکات؟"
ناوبراو ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی یەکێتی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا کردووە و نووسیویەتی: "بە درێژایی ساڵانی رابردوو کام لایەن جگە لە یەکێتی توانیوویەتی بە تایبەت لە کاتی کێشە و قەیرانەکاندا، گرێکوێرەکان بکاتەوە و چارەسەری کێشەکانی بکات؟" لەسەر ئەم بنەمایە، داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەغدا بە یەکێتی بسپێرن."
قوباد تاڵەبانی ئاشکرای کردووە کە لە یەکەم هەنگاوی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەولێری پایتەخت، لەگەڵ بەرپرسان و کادرانی یەکێتی لە بازنەی یەکی شۆڕش و بازنەی دووی برایەتی کۆبووەتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لێکردوون کە "هەموو توانای خۆیان بخەنەگەڕ و بۆ دانیشتوانی هەولێری پایتەخت رون بکەنەوە کە بۆچی دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە لیستی ٢٢٢ی یەکێتی بدەن."
لە پەیامێکیدا بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند کە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لەوانەی پێشوو و چارەنووسسازە، چونکە بڕیارە گرنگ و قورسەکان لە بەغداد دەدرێن. داوای لە هاووڵاتییان کرد بە جددی بەشداری بکەن و دەنگ بە لایەنێک بدەن کە لە عیراق خاوەن هێز و کاریگەرییە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوودا توانیویەتی 93٪ی دەنگەکانی زیاد بکات، ئەمەش نیشانەی متمانەی خەڵکە بە سیاسەت و رێبازەکەیان. جەختی کردەوە: "بڕۆن دەنگ بەو لایەنە بدەن کە ئیشی پێدەکرێت لە بەغداد، چونکە یەکێتی لە بەغداد قسەی دەخوات."
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: کە لە کوردستان خەڵک روو لە یەکێتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر رۆڵی کارای حیزبەکەیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا. داوای لە دەنگدەران کرد کە دەنگی خۆیان "نەسوتێنن" و بە لایەنێکی دیکەی "بێ کاریگەری" نەدەن.
سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، عیراق دەستپێشخەری كردووە بۆ داخستنی كەمپی هۆل و ئەو قەیرانەی لە كەمپەكە هەیە جیهانییە و پێویستە كۆمەڵگەی مەدەنی هەنگاوی بۆ بنێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە وتارێكدا كە لە پێگەی سی ئێن ئێنی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، هەفتەی رابردوو عیراق كۆنگرەیەكی لە بارەی كەمپی هۆل لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی گشتی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك ئەنجامداوە و كۆنگرەكە بانگەوازێكە بۆ ئەوەی هەموو لایەك بەرپرسیارێتی هاوبەش بگرنەئەستۆ لەبارەی قەیرانە مرۆیی و ئەمنییەكان كە جیهان پشتگوێی خستوون.
دەشڵێت، كەمپی هۆل لە رۆژهەڵات و باكوری سوریا بووەتە ژینگەیەكی ترسناك كە 10 هەزار توندڕەوی 60 وڵات لەگەڵ خێزانەكانیان تێیدا كۆبونەتەوە، بەڵام كۆمەڵگەی مەدەنی شكستی هێناوە لە چارەسەركردنی لێكەوتەكانی جەنگ و تیرۆر و ئاوارەبوون.
سەرۆك كۆمار راشیگەیاند، عیراق دەستەوەستان نەوەستاوە و قورسترین هەنگاوی ناوە و تائێستا چوار هەزار و 915 خێزان كە دەكاتە 18 هەزار و 830ی عیراقی لە كەمپەكە گەڕاندوەتەوە لەپێناو داخستنی كەمپەكە.
وتیشی، قەیرانی كەمپی هۆل لە ئەستۆی عیراق و سوریا نییە و بەشێوەیەكی هەڵە لەلایەن جیهانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و ئەو منداڵانەشی لە كەمپەكە گەورە دەبن بەركەوتەی توندڕەویی دەبن.
سەرۆك كۆمار جەختی لەوەكردەوە، بەستنی كۆنگرەكە هەنگاوێكە بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی تیرۆر.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل "شانۆگەرییەکی سیاسییە" و نوێنەرایەتی ئیرادەی سورییەکان ناکات.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ6ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە، رایگەیاند کە بەدواداچوونیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا کردووە و بە "شانۆگەرییەکی سیاسی" ناوی دەبات کە "شایستەی مێژووی دێرینی سوریا و قوربانیدانی رۆڵەکانی نییە."
ئەنجومەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەڵبژاردنانە نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی گەلی سوریا ناکات و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی وڵاتی نەگرتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم هەڵبژاردنە روکەشیانە بوونەتە هۆی "قووڵکردنەوەی دابەشبوون لەناو کۆمەڵگای سوریادا، لەبری ئەوەی هەنگاوێک بن بەرەو یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاشتەوایی گشتگیر."
هەسەدە دووپاتی کردەوە کە سورییەکان "چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی راستەقینەن کە گوزارشت لە ئیرادەیان بکات و نوێنەرایەتی هەموویان بکات،" و بە مافێکی نیشتمانیی دەزانن کە "ناتوانرێت سازشی لەسەر بکرێت یان دەستبەرداری بن." هەروەها هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بە "کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی یەکگرتوو" دادەنێت کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاووڵاتیبوون و یەکسانی بۆ هەموو سورییەکان دامەزرابێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن شەرعیەتی نابێت، مەگەر بە بەشداری و نوێنەرایەتیی هەموو سورییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، و بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت کە پاکی و شەفافیەتی مسۆگەربکرێت." ئامانج لەمەش کۆتاییهێنانە بە دابەشبوون و چەسپاندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە سوریادا.