ئیسرائیل دەستی کردوەتەوە بەهێرشکردنە سەر لوبنان
بڵند
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، جارێکیتر ئیسرائیل بە چڕی دەستیکردوەتەوە بەهێرشکردنە سەر باشوری لوبنان و بەهۆی هێرشەکانیشەوە، جگە لە برینداربوون لانیکەم 18 کەسیش کوژراون، سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاند.
میدیاکانی لوبنان ئاماژەیان بەکردوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە تۆپخانەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر شاری نەباتیە و ناوچەکانی دەوروبەری لە باشوری لوبنان بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەوە رێککەوتون شەڕ کۆتایی بێت لە تەواوی بەرەکان بە لوبنانیشەوە.
بە گویرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، 18 کەس کوژراون و 33 کەسی تریش بریندارن، بە هەمانشێوە سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاندوە.
ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبنان زیاتر بووە و دوێنێ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ تاکە سەرۆکی دەوڵەتە لە جیهاندا کە هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لەم کاتەدا نیشان دەدات و ئەگەر ئەو دەسەڵاتی هەبوایە لە ئیسرائیلدا وازی لەهێرشکردنە سەر لوبنان دەهێنا.
تەنها دوای چەند سەعاتیک لە قسەکانی جەی دی ڤانس، ئیتامار بن گیڤەر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل وەڵامی قسەکانی ڤانسدا وتی: هەرکەسێک پشتگیریمان بکات سوودمەند دەبێت، هەرکەسێک پشتمان لێبکات زیانی پێدەگات.
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانیش، پێشتر جەختیکردبووەوە تا ئاسایشێ ئیسرائیل پاروێزراو بێت، سوپای وڵاتەکەی لە لوبنان ناکشێتەوە.



