میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردوەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەهێز و توندەی روی لە وڵاتەکە کردووە، لە ماوەی تەنها 24 سەعاتی رابردوو، 109 کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەم  بەرزبونەوە بێ پێشینەی پلەکانی گەرما رەوشی نائاسایی لە چەند شارێکی وڵاتەکە دروست کردوە.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، بەرزبونەوەی لەرادەبەدەری  پلەکانی گەرما هۆکاری سەرەکی زیادبوونی کتوپڕی رێژەی گیانلەدەستدان بووە لە 24 سەعاتی رابردودا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دامەزراوە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشیدان بۆ روبەڕوبوونەوەی دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی ئەم شەپۆلە گەرمایە.

ئاماژەبەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی لێپرسراوانی فەرەنسا بەردەوامن لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرماکە، بەڵامهۆشداری توندیان ئاڕاستەی هاووڵاتیان کردووە.

 بەتایبەتی داوا لە بەساڵاچوان، منداڵان و ئەو کەسانە دەکەن، کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و زیاتر لەبەردەم مەترسییەکەدان، رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و لەو کاتانەی پلەکانی گەرما دەچنە بەرزترین، لەماڵ بمێننەوە  و نەچنە دەرەوە.