هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆکی رەوتی حیکمە لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵاکاران لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پشتیوانیی بکەن.

عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.

وتیشی، سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە پێویستی بە پاڵپشتییەکی نیشتمانیی بەرفراوان هەیە و پێویستیشە لایەنگیریی سیاسیی پشتگوێبخرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە پشتگیری لە رێڕەوی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانی بکەن، تاکو کولتووری دەستپاکی و لێپرسینەوە بچەسپێنن، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای یاسا بنیادنرابێت و ماف و سامانی هاووڵاتیان تێیدا پارێزراو بێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیرانی دارایی عیراق و هەرێم لە بارەی داهاتی نانەوتی و سیستەمی ئەسیكۆدا لە كۆبوونەوەدان.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئاوات جەناب نوری  وەزیری دارایی هەرێم و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەفدی یاوەری لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە بەغداد لە كۆبوونەوەدان.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ تاوتوێی داهاتی نانەوتی و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لەدەروازە سنوریەكان دەكەن.

وتیشی، ئەگەر بێتو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەسەر بڕی داهاتی نانەوتی بگەنە رێككەوتن ئەوە ئەگەری زۆرە لەم هەفتەیەدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانەبكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە سێشەممە ئەمریکا و ئێران لە قەتەر کۆببنەوە و تاوتوێی ناکۆکییەکانیان لەسەر گەروی هورمز بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا و ئێران دوای ئیمزاکردنی رەشنووسی رێککەوتنێک و راگەیاندنی ئاگربەست بۆ60 رۆژ، تەنها 11 رۆژ بەسەر ئاگربەستدا تێپەڕی و هەردوولا هێرشیانکردەوەسەر یەکدی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگەکە و تەواوکردنی کارە ناتەواوەکەیانی کرد.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، نەبوونی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بوو بۆسەر یەکدی.

هاوکاتی گرژییەکان، لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، بڕیارە سێشەممە وەفدی هەردوولا لە پایتەختی قەتەڕ کۆببنەوە و لەبارەی ئەو خاڵانەی رێککەوتنەکە کە لێکتێنەگەیشتن و ناکاکۆییان لەسەر، گفتوگۆ بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ بەشێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەربەست دەکرێت و کاری هێڵکاری بۆ ئەنجام دەدرێت، هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت؛ لە پردی دەباشان بەرەو ئاڕاستەی مزگەوتی نائیلە خاتوون کارەکان ئەنجام دەدرێت.

هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتییان و شۆفێران دەکاتەوە، سبەینێ رۆژی دووشەممە لە سەعات07:30ـی بەیانی کاری هێڵکاری لە شەقامی بازنەیی مەلیک محمود ئەنجام دەدرێت، دەستپێک لە پردی دەباشان بەرەو ئاڕاستەی مزگەوتی نائیلە خاتوون کارەکان ئەنجام دەدرێت و لەکاتی  هێڵکاریکردنەکە شەقامەکە بەربەست دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێران دەتوانن شەقامە خزمەتگوزارییەکەی تەنیشتی شەقامە سەرەکییەکە بەکاربهێنن بۆ هاتووچۆکردنیان، کاری هێڵکارییەکە هەمان رۆژ تەواو دەکرێت و پاشان شەقامەکە بەرووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

هاتوچۆی سلێمانی، داوای لێبوردن لەهاوڵاتییان و شۆفێرانی دەکات ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی ببنە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و هەموو کات لە خزمەتی ئێوەدا دەبن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی سەرەهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەسەر چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو گفتوگۆیە تەکنیکییانەی کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچن، بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران؛ ئەمەش نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر ئایندەی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن رایگەیاندبوو، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە، کە خۆی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، سزاکان، و میکانیزمی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی تاراندا دەبینێتەوە.

پێشتریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە، گفتوگۆیە تەکنیکییەکان تیشک دەخەنە سەر لایەنە وردەکانی رێککەوتنەکە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیوای خواستبوو تاران پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا جیاوازی و ناکۆکی لە لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن و تاراندا دەرکەوتووە سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، لەوانەش، میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو پارە ئازادکراوانەی ئێران، گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و پرسی ئایندەی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز، کە پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی راگرتنی گفتوگۆکان بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ، لە کۆشکی سەلام لە شاری بەغداد، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، کۆمەڵێک دۆسیە و پرسی پەیوەندیدار بە کاروباری ناوخۆیی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە ئامانجی پشتگیریکردن لە لێکتێگەیشتنەکان کە یەکڕیزیی وڵات بەهێزتر دەکات و مافی سەرجەم هاوڵاتیان دەپارێزێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگیی قۆستنەوەی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانە کرد کە پێشتر بەدی هاتوون، لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆی بەرپرسانە بە شێوازێک کە متمانەی قۆناغەکە زیاتر بکات و ژینگەیەکی لەبار بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بڕەخسێنێت؛ تا ئەو لێکتێگەیشتنانە وەربگێڕدرێنە سەر هەنگاوی کرداری کە هاوکاربن لە چارەسەری دۆسیەکان و پاڵپشتیکردنی پلانەکانی سەقامگیری و گەشەپێدان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موقتەدا سەدر پشتگیریی ئۆپراسیۆنەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و دەڵێت؛ بەردەوام بە لە راوەدونانی گەندەڵكاران لە هەر پێگەیەك بن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمیانی شیعە، پەیامێكی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە و تێیدا پشتگیریی بۆ رێوشوێنە حكومییەكان بە مەبەستی راوەدونان و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوانی دۆسێكانی گەندەڵی راگەیاندووە.

سەدر لە پەیامەكەیدا جەختی لەپێویستی بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەكان كردووەتەوە، بۆ لەناوبردنی سەرجەم گەندەڵكاران بە بێ گوێدانە پێگەی سیاسی یان پۆستی حكومی.

پەیامەكە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون لە رێوشوێنە یاساییەكانیش لە دژی تۆمەتبارانی گەندەڵی كردووەتەوە، بە شێوەیەك هێز بداتە هەوڵەكانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و لێپرسینەوە لەوانەی بەرپرسیارن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەستپێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی لەبارەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد راگەیاند، دوای ئەوەی دۆسیەکە لە زانکۆی سلێمانییەوە گەیشتە وەزارەت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمرۆ یەکشەممە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد) گەیشتووەتە دەست وەزارەت، کە پێشتر لەلایەن زانکۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی کارەکانی راپەڕێندرابوو.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکراشیکرد، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێکارە یاساییەکان لەلایەن تیمی بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی و بەرپرسانی پەیوەندیداری نێو وەزارەت دەستیان پێکردووە.

جەختیش کراوەتەوە کە ئەم دۆسیەیە بە تەواوی لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەناو قووڵایی خاکی لوبناندا.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا کە کەناڵی 15ـی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "فەرماندە و سەربازانی سوپا بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن لە چالاکییە سەربازییەکانیان لە لوبنان بە ئامانجی لەناوبردنی مەترسییەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ دانیشتووانی باکور".

 کاتز ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانی باکوری ئیسرائیل تەنیا بە داماڵینی چەکی حزبوڵا بەدی دێت.

هاوکات، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەریەکە لە ئێران و حزبوڵای بە "پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان" تۆمەتبار کرد، ئەم لێدوانانەی کاتس لە کاتێکدا دێن کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و لایەنی ئەمریکی بەردەوامن بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و دۆزینەوەی رێکخستنی نوێی ئەمنی لە باشوری لوبنان.

ئەم گرژییە راگەیاندنە لە کاتێکدایە، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا جەخت لەسەر چەسپاندنی ئاگربەست، میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان دەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، دەستپێکردنی رێوشوێنە توندەکانی رادەگەیەنێت سەبارەت بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنە دادوەرییانەی کە دژی ژمارەیەک تۆمەتبار بە سەرپێچی و دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی دەرکراون.

دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەستکەوتە بەرهەمی یەکخستنی هەوڵە هاوبەش و تەواوکارییەکانی نێوان هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانانە لەگەڵ هەوڵەکانی دەستەکەدا، کە راستەوخۆ بوونە هۆی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە، دوای ئەوەی کە بوونە ئەنجامی پرۆسەیەکی بەدواداچوون، وردبینی و چاودێریی بەردەوام و دڵسۆزانە لەلایەن لایەنە ئاماژەپێکراوەکانەوە.

دەستەی دەستپاکی پێداگری دەکاتەوە لەسەر ئەوەی سەرجەم رێوشوێنە گرتنەبەرکراوەکانی بە وردی لە ژێر چەتری یاسا و بەپێی بڕگەکانی یاسا بەڕێوەدەچن، و ئاماژە بەوە دەکات کە: هێز و ورەی خۆی لە پشتگیریی رەوای گەل، سەروەریی یاسا، و ئەو پاڵپشتییە بێ سنوور و پشتیوانییە بەردەوامەی لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێشکەشی دەکرێت، وەردەگرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی وزەی سعودیە، ئەمڕۆ یەکشەممە، تێکشکانی فڕۆکەیەکی کۆپتەری سەر بە کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعودی لە ناوچەی رەئس تەنورە راگەیاند.

سەرچاوەکە لە لێدوانەکەیدا پشتڕاستی کردەوە کە ڕروداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەرجەم ئەو کەسانەی لە ناو فڕۆکەکەدا بوون، کە ژمارەیان 14 سەرنشین بووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەواوی قوربانییەکان هاووڵاتی سعودین.

سەبارەت بە هۆکار و بارودۆخی روداوەکە، سەرچاوەکە رونی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەی خێرا کردووە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوە و تێکشکانی کۆپتەرەکە، هاوکات جەختی لە بەشداریپێکردنی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی روداوەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بوونی رێککەوتنێکی سەرەتایی پشتڕاستکردەوە بۆ گرتنەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە خزمەتگوزارییەکانی دەستەبەری تەندروستی.

موسەوی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم ئەنجامدرا و تێیدا تەواوی بەربەستەکان و هەندێک وردەکاری تاوتێکران کە دەبنە هۆی ئاسانکاری لە پەیوەندی و پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نێوان وەزارەتی تەندروستی فیدراڵ و وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا.

وتیشی: یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە باسی لێوەکرا، دۆسیەی دەرمان و دەستەبەری تەندروستی بوو، لەگەڵ گرتنەبەری پێشەکییە پێویستەکان بۆ گرتنەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ پارێزگاکانی تری عیراق.

وەزیری تەندروستی فیدراڵ ئاشکرای کرد کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا دەگیرێنەوە، پاشانیش هەردوو پارێزگای بەسرە و زیقار، هاوکات رێککەوتنێکی سەرەتاییش لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم کراوە بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بە مەبەستی گرتنەوەی دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان بەم خزمەتگوزارییە.

موسەوی ئاماژەی بەوەش کرد کە یاساکە لە بڕگەکانی دووەم و شەشەمدا پاڵپشتی ئەم ئاڕاستەیە دەکات و هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە کە رێگر بێت لە گرتنەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چەندین وڵات و رێكخراوی عەرەبی بە توندی ئیدانەی هێرشە موشەكی و درۆنییەكانی ئێرانیان كرد كە بنكە سەربازییەكانی ناو خاكی كوەیت و بەحرەینیان كردە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، ئەم هێرشە دەستدرێژیكارییانە پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەر سەروەریی هەردوو وڵات و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشیان دووپاتكردەوە. 

لای خۆیەوە، سعودیە هێرشەكەی رەتكردەوەو و بە سەرپێچیی رونی یاسا نێودەوڵەتییەكان و تێكدانی هەوڵە ئاشتیخوازییەكانی ناوچەكەی وەسف كرد، هاوكات ئیدانەی هێرشەكانی سەر ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز كرد.

لەسەر ئاستی دامەزراوەییش، جاسم محەمەد ئەلبەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، هێرشەكانی بە تیرۆریستی و ناپاك ناوبرد كە راستەوخۆ هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیان دەكەن و هەوڵە هەرێمییەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە لەباردەبەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و کۆی ئەو قەرز و پێشینانەی خستووەتەڕوو کە لەساڵانی رابردوودا دراوەتە هاووڵاتییان و بازرگانان.

 

دەقی راگەیەندراوەکە

 

لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ) ، بە داتا و زانیاری کۆی ئەو قەرز و پێشینانە خراوەتەڕوو کە لەساڵانی ڕابردوودا دراوەتە هاووڵاتییان و بازرگانان.

بەشی یەکەم: قەرز و پێشینەکان لای هاووڵاتییان.

سه‌باره‌ت به‌ قه‌رز و پێشینه‌كانی(خانووبه‌ره‌ ، نیشته‌جێبوون، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی ،گه‌شتوگوزار ) كه‌ له‌ رێگای بانكه‌كانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكه‌ پسپۆڕییه‌كان دراوه‌ بە فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٨ وه‌ تا ساڵی ٢٠١٤ ، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام بوو لەسەر پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە.

بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٤ بە هۆکاری قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەوە ئەم خزمەتگوزارییانە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاگیران.

تێبینی : هەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سوودمەندانی قەرز و پێشینەکان لە ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥.

١- بریاری لێخۆشبوونی‌ ته‌واو بۆ سوودی دواكه‌وتنی ( 100% ) ی بڕی راستەقینەی قه‌رز.

٢- درێژکردنەوە و لێخۆشبوون بە ڕێژەى (15%) لە قەرزی پێشینەى(خانووبەرە، کشتوکاڵى، پیشەسازى، نیشتەجێکردن، گەشتوگوزار) بەپێی ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران و ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ساڵانی پێشووتردا بۆ چەند جارێک .

٣- لێخۆشبوونی پێشینەى خانووبەرە بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆرستانى داعش.

٤- بەخشینی سوودی پێشینەی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران.

٥- بڕی پارەی قەرزی گەڕاوە لە هەموو پێشینەکان لە ساڵی ٢٠١٩ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دەکاتە (٥٣٩ ملیار و ٥١١ ملیۆن ٤٨٩ هەزار دینار).

٦- قەرزی ماوە لای هاووڵاتییان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دەکاتە نزیکەی ١ ترلیۆن و ٩١٨ ملیار و ٨٨ ملیۆن دینار.

بەشی دووەم: قەرزی ئاسانکاری

دەربارەی گەڕانەوەی قەرزی ئاسانکاریی قەبارەی قەرزەکە بە سوود و سزای دواکەوتن تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ١ ترلیۆن و ٣٦٧ ملیار و ٦٢٥ ملیۆن دینارە، لە ئێستادا بە مەبەستی سوککردنی باریی دارایی سوودمەندان، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاوە بۆ چارەسەری ئەو پرسە و گەڕانەوەی ئەو قەرزە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران  لە پەیامێکیدا رایگەیاند، لە خوێنی شەهیدانی ستەملێکراوی جەنگی سەپێندراوی ئیسرائیل و ئەمریکا خۆش نابن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت تاوانباران، کە مەبەستی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆیە، لەسەر کردەوە تاوانکارییەکانیان بگیرێن لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و دادگایی بکرێن.

رابەری باڵای ئێران لە پەیامەکەیدا دەڵێت؛  دەبێت دۆسیەی یاسایی لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بکرێتەوە دژی ئەوەی ئەمریکا  و ئیسرئیل بەرانبەر بە ئێران ئەنجامیان داوە، لە کۆرپەکوژی و تاوانە جەنگییە بێوێنەکانی میناب و لامێردەوە تا دەگاتە هێرشکردنە سەر ناوەندە پزیشکی و خزمەتگوزارییەکان.

موجتەبا خامنەیی داواش دەکات، بە توندی و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ روبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و کار بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نیشتمانیی تەندروستی گشتی لە فەڕەنسا رایگەیاند کە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە وڵاتەکەدا بە رێژەی نزیکەی هەزار حاڵەت لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە، وە هۆشداری دا کە رەنگە ئاماری کۆتایی زۆر لەمەش زیاتر بێت.

لە بەیاننامەیەکی ئاژانسی تەندروستی گشتی فەڕەنسادا هاتووە: لە 24ی حوزەیرانەوە، نزیکەی هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە تۆمارکراوە بەراورد بەو حاڵەتانەی لە مانگەکانی رابردوودا سەرژمێری کرابوون جەختیش کراوەتەوە کە ئەم ئامارانە سەرەتایین و کۆتایی نین.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە ئەو ناوچانەی کە هۆشداریی پلە سوریان تێدا راگەیەندرا بوو، زیاتر کاریگەریی ئەم شەپۆلەیان بەسەرەوە بووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوەیە کە 85٪ی کۆی گشتی حاڵەتەکان پێکدەهێنن.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە ناو ماڵەکاندا تۆمارکراوە، بە جۆرێک بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی "ئیل دو فرانس" کە پاریسی پایتەخت و دەوروبەری لەخۆدەگرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە: ئەم بەرزبوونەوەیە بیرخستنەوەیەکی گرنگە بۆ پێویستیی بەپەلە بە گرتنەبەری رێکاری هاوپشتی بەرانبەر بەو کەسانەی کە دابڕاون یان بەدەست تەنیاییەکی سەختەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاستی شارنشینییان بەرزە.

شایەنی باسە، ئەو شەپۆلە گەرما توندەی کە بۆ چەند رۆژێک فەڕەنسای خنکاندبوو و پلەکانی گەرما تێیدا لە زۆرێک لە ناوچەکان گەیشتبووە سەرووی 40 پلەی سەدی، لە رۆژی یەکشەممەوە دەستی بە کشانەوە و شکان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...142143144145146...1223