هەواڵەکانهەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێکی جۆری "نیسان سەنی" لە چیای ماکۆک لە سنووری قەزای حاجیاوا سووتا، بەو هۆیەشەوە کەسێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بە تەواوی سووتاوە و تا ئێستا ناسنامەی نەزانراوە.

عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بۆ کوردسات نیوزی راگەیاند: تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکە و گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە دەستپێکردووە.

نوێدەکرێتەوە..

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی لە بەغداد کۆئەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی گەشەپێدان و وزە و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

حەیدەر عەبودیی، وتەبێژی حکومەتی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: ئەمڕۆ لە کۆشکی حکومەت لە بەغداد پێشوازی لە نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان و شاندە وەزارییەکەی یاوەری دەکرێت

عەبودیی وتیشی: هەردوو سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی ئەنجام دەدەن و بە دوایدا کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکانی پەڕاوەکانی هاوکاری لە نێوان هەردوو وڵاتی برادا بەڕێوەدەچێت، بۆ تاوتوێکردنی ڕێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاراستەکانی هاوکاری لە بواری گەشەپێدان و وزەدا، سەرەڕای تاوتوێکردنی پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییە جێی بایەخی هەردوولا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەراورد بە دوێنێ  ئەمڕۆ و سبەینێش پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە، گەرمیان بە 44 پلە گەرمترین  و حاجی ئۆمەرانیش بە 30 پلەی سیلیزی  ساردترین ناوچەی هەرێم دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی 48 سەعاتی داهاتوی بڵاوکردەوە بە گوێرەی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما  نزمدەبنەوە و زۆربەی ناوچەکانیش  لە سەرو 40 پلەی سیلیزیەوە دەبن.

کەشناسی دەڵێت؛ ئەمڕۆ بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ  یەک بۆ دوو پلە  نزمدەبنەوە  و لە بارەی کەشی سبەینێشەوە، ئاماژەی بەوەکردوە نیزک دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیەیە؛

هەولێر: 40 پلەی سیلیزی

پیرمام: 39 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:41 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی

دهۆک: 39 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 40 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:40 پلەی سیلیزی

گەرمیان:45 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:30 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عیراق، دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری شاردرابوو لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتدا راگەیاند، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تێوەگلاوان بەردەوامن.

زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی بڕی 27 ملیار دیناری عیراقی راگەیاند، ئەمەش لەسەر پاشخانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ ئەرکەکانی پاڵاوتن و لایەنە تێوەگلاوەکانی تر لەگەڵیدا.

دادوەرەکە روونی کردەوە کە ئەم ئۆپراسیۆنە لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بووە بۆ دەستبەسرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەو پڕۆژانەدا دروستبوون کە لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی تری دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون.

جەختیشی کردەوە کە بڕە پارە دەستبەسەرداگیراوەکە لەلای ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بە دۆسیەکەوە شاردرابووەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ گەیشتن بە سەرجەم تێوەگلاوان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆبوونەوەی حکومەت نەتیاهۆ و کابینەی بچووککراوەی ئەمنی ئیسرائیل (کابینەی جەنگ) بە شێوەیەکی لەناکاوی گوازراوەتەوە بۆ پەناگەیەکی قایمکراو و شوێنێکی ئارامی ژێر زەوی، ئەوەش لەسەر رێنمایی توند و فەرمانی راستەوخۆی بەرپرسانی ئەمنی.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی جەختی کردەوە: ئەم رێکارە لەسەر پاشخانی هەڵکشانی ئاڵۆزییە سەربازی و ئەمنییەکان لەگەڵ ئێران گیراوەتە بەر.

کۆبوونەوەکە گوازراوەتەوە بۆ دامەزراوەیەکی ئاڵۆز و قایمکراوی ژێر زەوی (سەنتەری بەڕێوەبردنی نیشتمانی)، کە هەمان ئەو شوێنەیە پێشتر بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە هەستیارەکان دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی (شەمشێرە ئاسنینییەکان) لە غەززە پشتی پێ بەسترا بوو.

ئەم پێشهاتە ئەمنییە بەپەلەیە پێش سەردانە دیاریکراوەکەی بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن دێت بۆ دیداری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی دەریاوانی، لە رێگەی کردنەوەی هێڵی کەشتیرانیی بەردەوام کە عیراق بە چوار لەو وڵاتانەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوەیەک لە نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکە بە رۆژنامەی رەسمی راگەیاند: وەزارەت پلانی تەواوی داناوە بۆ کارپێکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریاوانی هەرێمی، کە پشت دەبەستێت بە ئاسۆێەکی هاوچەرخ لە بەلەم کە خاوەندارێتییان دەکات و ژمارەیان 40 دانەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (تەکسیی رووباریدا)، یان ئەوانەی بەمدوایانە وەریگرتوون کە 15 بەلەمن، ئەمەش بەشدار دەبێت لە دابینکردنی هۆکاری گواستنەوەی ئارام و هاوچەرخ بۆ گەشتیاران، لەگەڵ پشتیوانیکردنی جووڵەی گەشتیاریی دەریاوانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.

روونیشی کردەوە: بەشە هەرە گەورەکەی ئەم هۆکارە دەریاوانییانە تەرخان دەکرێن بۆ ئەرکدارکردنی گەشتی گەشتیاری و بازرگانی بۆ هەردوو وڵاتی کوەیت و ئیمارات و سعودیە، لەگەڵ ئێران، دوای تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە کارپێکردنی ئەم هێڵانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ دەستەبەرکردنی دەستپێکردنی گەشتەکان بەپێی بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتیی دەریاوانی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لانیکەم بۆ ئێستا پلانەکانی بۆ فراوانکردنی بەرچاوی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەڵپەساردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە،  ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای ئەوە هاتوە، کە راوێژکاران و لێپرسراوانی باڵای ئیدارەکەی هۆشدارییان داوە لەوەی پەرەسەندنی زیاتری جەنگەکە، دەبێتە هۆی دابەزین و کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار لە کۆگاکانی موشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تەقەمەنییە بەربەستکارەکانی دیکەی پێنتاگۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا، مەترسیی تێپەڕینی موشەکەکان و نەمان لە کۆگاکانی بەرگریی ئاسمانی، تەنیا یەکێکە لەو هۆکارە زۆرانەی کە دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانی کردووەتە ریسکێکی ئێجگار گەورە.

جگە لەوەش، ترەمپ و یاریدەدەرە باڵاکانی نیگەرانن لە ئەگەری ئاڵۆزترکردنی ناوچەکە بەهۆی شەڕێکی بەرفراوانەوە، لەدەستدانی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی کەنداو کە زۆر لێکراون و بەرکەوتەی هێرشی ئێرانیین، لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریی جیهانی، ئاڵۆزیی بازاڕی وزە و کێشەی پەنابەران.

ئەم وەرچەرخانە تازەیەی هەڵوێستەکانی ترەمپ بەرانبەر ئێران، دوای کۆبوونەوەیەکی رۆژی هەینی هاتوە، لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی و ئەندامانی کابینەکەی.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەکردوە،   تەرکیزی سەرەکی خراوەتە سەر کەمبوونەوەی بەردەوامی سیستەمەکانی پاتریۆت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی هەینی رابردوو موشەکێکی بالیستیکی لە نێوان بارانی موشەک و درۆنەکانی ئێراندا توانی لە بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا دەربچێت و ئامانجەکەی بپێکێت، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کوژران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانوستانەکانی لە گەڵ عومان  سەبارەت بە کەشتیرانی لە هورمز بە "بەسوود" وەسف کرد.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێران و عومان رۆژانی هەینی و شەممە لە تاران لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە چەند گەڕێکی دانوستاندنیان ئەنجامداوە، و گفتوگۆکانیش بەسوود بون.

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەردوولا راوێژ و بۆچوونیان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە بنەما هاوبەشەکان و میکانیزمە جێبەجێکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هاتووچۆی دەریاوانیی ئارام لە گەروی هورمز، بە لەبەرچاوگرتنی مافی سەروەریی هەردوو وڵاتی کەناراوەکە.

بەقائی وتیشی: ئەم دانوستاندنانە "بەسوود" بوون و "پێشکەوتن" بەدەستهاتووە، هەروەها روونی کردەوە کە وەفدی عومانی ئێوارەی شەممە تارانی جێهێشتووە، بەڵام راوێژکارییە تەکنیکی و سیاسییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای گەروی هورمز، بەقائی رایگەیاند کە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر رەوشی هاتووچۆی پەڕینەوە لە گەروەکەدا نەهاتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس (AP) بڵاویکردەوە، دوای 13 رۆژ لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، واشنتۆن هێرشەکانی راگرت و لە ئێستادا  رێڕەوی دیپلۆماسی لەنێوان تاران و واشنتۆن کارایە و هەردوولا خوازیاری ئاگربەستن.

ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی هەرێمییەوە، کە بەشدارە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن زانیارییەکانی بڵاوکردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەکردوە، وەستانی هێرشەکانی ئەمریکا و هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لە ناوچەکە ئاماژەیەکی ئەرێنییە و هاوکارێکی باشی بەردەوامبوونی هەوڵەکانە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لەئێستادا  هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی ئارەزووی ئەوە دەکەن بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی، ئەم هەنگاوەش وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسدرانی ئێران رایگەیاند، ئامارەکانی واشنتۆن سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێزەکانیان  دورە لە راستییەوە و ئاماژەی بەوەکردوە ژماەی کوژراوەکانیان 200 کەسی تێپەراندوە.

سەردار حسێن محبی، وتەبێژەکەی سوپای پاسدارانی  بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندوە، ئەمریکا راستییەکان دەشارێتەوە و لە دوای شکاندنی ئاگربەستەوە لە ئاکامی هێرشکردنە سەر هەشت بنکە و ناوەندی جێگیربوونی هێزەکانی ژمارەی کوژراوانی ئەمریکی 200 کەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی بریندارەکانیش زۆر لەوە زیاترە.

وتەبێژەکەی سوپای پاسداران جەختیشی کردەوە، دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی رێگە بە فەرماندەکانیان نەدەن راستییەکانیان لێ بشارنەوە.

هاوکات داوای لە حکومەتی ئەمریکا کرد کە رێگە بە رۆژنامەنوسان بدات سەردانی شوێنی هێرشەکان بکەن  تاوەکو خۆیان قەبارەی  راستەقینەی زیانە گیانییەکان هەڵسەنگێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی عیراق ئاستێكی پێوانەی تۆماركرد و گەیشتە 16%ی كۆی داهاتی وڵات، لەو رێژەیەش داهاتی نانەوتی هەرێم 5.5%ی پێكدەهێنێت.

روانگە ئیكۆ عیراق بۆ كاروباری ئابووری لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا داهاتی نانەوتی عیراق لە دوو مانگی رابردوو گەیشتووەتە 16%ی كۆی داهاتی وڵات و ئاستێكی پێوانەیی تۆماركردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ساڵانێكی زۆر داهاتی نانەوتی عیراق تەنها 5%ی كۆی داهاتی عیراقی پێكهێناوە، تاكو لە چوارەمین كابینەی حكومەتی عیراقدا بەرزبووەتەوە بۆ 10% و دواتریش لە شەشەمین كابینەی حكومەتدا قۆناغ بە قۆناغ رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

ئیكۆ عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتە نانەوتییەكان هەریەك لە رسوماتی بەرهەمهێنان و باجی كاڵا و رسوماتی هەناردە و هاوردەكردن دەگرێتەوە، دەشڵێت، ئەو داهاتە نانەوتییەی مانگانە هەرێمی كوردستان رادەستی عیراقی دەكات، 5.5%ی داهاتی نانەوتی عیراق پێكدەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرچناری تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە لەبەردەم ئامێرێکی راکێشانی پارە (ATM) بەفێڵ بڕێک پارەی موچەی لە خانەنشینێک سەندبوو.

ئاماژەی بەوەکراوە، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای  ئەوە هات، کە هاووڵاتییەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونیان دەستپێکرد.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت دوای بە دواداجونەکانیان،  توانرا تۆمەتبار بە ناوی (ک، ظ، م - لەدایکبوی 1973) بدۆزرێتەوە و دەستبەسەر بکرێت و لە ئێستاشدا بەپێی مادەی (456) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار سەردانیکار لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو دوێنێ هاتوونەتە ناو خاکی عیراقەوە، ئەوەش بەپێی نوێترین ئامار کە سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئاسایش بڵاوی کردووەتەوە.

فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عیراق، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: تێکڕای ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو دوێنێ هاتووينەتە ناو خاکی عیراقەوە، گەیشتووەتە (1،273،758) کەس.

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئاسایش روونی کردەوە کە پرۆسەی هاتنەژوورەوەی سەردانیکاران بە شێوەیەکی رێکخراو بەردەوامە.

ساڵانە لە مانگەکانی موحەڕەم و سەفەردا، عیراق ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران سەردانی دەکەن کە بە مەبەستی بەشداریپێکردن لە مەراسیمەکانی ماتەمینی و سەردانیکردنی مەزارگە پیرۆزەکان، لە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن و چلەی ماتەمینییەکەیدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاووڵاتیان و گەشتیاران ئاگاداردەکرێنەوە، بەنداوی سەروچاوە شوێنێکی گشتییە و نابێت هیچ کەسێک ببێتە هۆی بێزارکردنی کەسانی تر، بۆ ئەو مەبەستەش خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتی شارەوانیی سەروچاوە، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، بەنداوی سەروچاوە شوێنێکی گشتییە و مافی هەرهاوڵاتیەکە کەبۆ کات بەسەربردن و خۆ فێنک کردنەوە سەردانی ئەم شوێنە بکات، بەو مەرجەی کەسانی دەوروبەری بێزار نەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لەپێناو پاراستنی گیانی خۆتان ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە کەبەهەموو شێوەیەک خواردنەوەی ماددەکحولیەکان لەدەوروبەری بەنداوی سەروچاوە قەدەغەیە .

شارەوانی سەروچاوە، داواش لە هاووڵاتیان دەکات، لەئەگەری بینینی هەر دیمەنێکی خواردنەوەی مادەکحولییەکان لایەنی ئەمنی لێ ئاگاداربکەنەوە تا رێکاری پێویست لە دژیان بگیرێتەبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆ شەممەیدا، دەستی بە رێکارەکانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا و هەموارکردنەوەی یاسایی گرنگ کرد و دواتریش دانیشتنەکەی بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵگرت.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە دانیشتنەکەدا بەڕێوەچوونی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی 2012، 2013 و 2014 بەئەنجام گەیەندرا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، پەرلەمان هاوکات کۆتایی بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پێشنیازەیاسایەک هێنا، لەوانە:

هەموارکردنی یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (ژمارە 28ی ساڵی 2012).

هەموارکردنی دووەمی یاسای سندوقی قەرزی ئاسانکاریی کشتوکاڵی (ژمارە 28ی ساڵی 2009).

هەموارکردنی یەکەمی یاسای دادنووسان (ژمارە 33ی ساڵی 1998).

هەموارکردنی یەکەمی یاسای کار (ژمارە 37ی ساڵی 2015).

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دا کۆبوونەوەکانی بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەڵبگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەی هەواڵیی وای‌نێتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لێپرسراوانی ئیسرائیل پێشبینییان دەکرد هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شەوی هەینیدا دەستپێبکات، کە پێشتر دوناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیا ئیسرائیلییەکە، پاشەکشەی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجامدانی هێرشەکە لە دوا ساتەکاندا بۆ بەخشینی دەرفەتێکی دیکە بووە بە تاران.

 ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی قەتەر و عومان لە پشت پەردەوە فشارێکی زۆریان خستە سەر ئێران تاوەکو نەرمی لە هەڵوێستەکانیدا بنوێنێت و رێگری لە هاوێشتنی ئەو هەنگاوە سەربازییە نزیکەی مسۆگەرەی ئەمریکا بگرن.

 لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسراوانی ئیسرائیلی پێیان وایە لەبەریەک هەڵوەشانەوەی تێگەیشتنەکانی نێوان تاران و واشنتۆن وا دەکات ئاسۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی ناچاری نزیک بێتەوە لە سفر، بەجۆرێک کە ئەم دەرفەتە نوێیەی  سەرۆکی ئەمریکا تەنها مۆڵەتێکی کاتی دەبێت بۆ ئێران تا کاتی پێ بڕوات و هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسەنگاندنە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیلدا ناکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...113114115116117...1223