ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس: ئەمریکا و ئێران ئارەزوی ئاگربەست دەکەن
بڵند
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس (AP) بڵاویکردەوە، دوای 13 رۆژ لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، واشنتۆن هێرشەکانی راگرت و لە ئێستادا رێڕەوی دیپلۆماسی لەنێوان تاران و واشنتۆن کارایە و هەردوولا خوازیاری ئاگربەستن.
ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی هەرێمییەوە، کە بەشدارە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن زانیارییەکانی بڵاوکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەکردوە، وەستانی هێرشەکانی ئەمریکا و هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لە ناوچەکە ئاماژەیەکی ئەرێنییە و هاوکارێکی باشی بەردەوامبوونی هەوڵەکانە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لەئێستادا هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی ئارەزووی ئەوە دەکەن بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی، ئەم هەنگاوەش وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.



