هەواڵەکانهەواڵەکان

ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران،  نەخشەیەکی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردوە، ئەگەر ئەو وڵاتە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران، 15 لە ناوەندە هەستیارەکانی ئیسرائیل بە مووشەکی ئێران تەخی زەوی دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسداران بە دانانی نەخشەیەک، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە بۆسەر ئێران، ئەو شوێنانە کە ستراتیژین، لە لایەن موشەکەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج.

ئەو شوێن و ناوەندانەی سوپای پاسداران بڵاوکیکردوەتەوە بریتین لە پاڵاوگەکانی سوتەمەنی، وێستگەکانی کارەبا و کێڵگە غاز و نەوتییەکان.

سوپای پاسداران ناوی شوێنەکانیشی بڵاوکردوەتەوە، کێڵگەی غازی کاریش، کێڵگەی غازی تەمار، پاڵاوگەی نەوتی حەیفا، پاڵاوگەی نەوتی ئەشدۆد، وێستگەی کارەبای هاگیت، کێڵگەی نەوتی هاڵتز، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئەشقەلۆن، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئیلات ئەو شوێنانەن کە سوپای پاسداران دەڵێت؛ بە موشەکەکانیان تەختی زەوی دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای شەڕی 12رۆژەی نێوانیان، بەردەوام ئیسرائیل و ئێران هەڕشە لە یەکتری دەکەن و پەیامی هەڕەشە ئامیز ئاراستەی یەکدی دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانی سلێمانی رایگەیاندوە، لە پێناو زیادکردنی رێژەی سەوزایی زیادکردنی نەمام، هەمەتی چاندنی هەزار نەمامیان لە پارکی هەواری شار دەستپێکردوە، کە لە جۆری سنۆبەر و داری زەیتون بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاندوە، بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و لە پێناو زیادکردنی رێژەی سەوزایی و بایەخدان هەڵمەتێکیان ئەنجامداوە و لە پارکی هەواری شار هەزار نەمامیان چاندوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ پرسی ژینگە پارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت .

جەختیشیانکردوەتەوە لەوەی  دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی رابگیرێت، چونکە  ئەو کارە ئەرکی هەموو لایەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، هێرشێکی توندی کردە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و رایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا شارەوانەکانیانن. هاوکات باسی لە دەستکەوتە ئابورییەکانی وڵاتەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە.

لە پاش ئەوەی کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".

سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشی کردە سەریو بە دوڕوو فێڵباز ناوی بردن، هاوکات ئاماژەی بە کاری حزبەکەی خۆیکرد و وتی؛ بەپێی ئامارەکانی چارەکی سێهەمی ساڵی 2025، رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە و ماوەی 29 مانگە رێژەکە لە یەک خانەدا (خوار 10%) ماوەتەوە. وتیشی، "ئێمە ئەنجامەکانی بەرنامە ئابورییەکەمان وەردەگرین. ئەم سەرکەوتنانەمان سەرەڕای ململانێ گەرمەکانی ناوچەکە و جەنگی بازرگانی بەدەستهێناوە."

ئەردۆغان بە توندی هێرشی کردە سەر جەهەپە و وتی: "لەکاتێکدا سەرۆکی جەهەپە و هاوڕێکانی تەنها درۆ و ململانێ بەرهەمدەهێنن، ئێمە رۆژانە 550 یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست دەکەین. لەکاتێکدا ئێمە وەک دەسەڵات و هاوپەیمانێتی خەریکی خزمەتکردنی وڵاتین، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەدوای حەز و ئارەزووەکانی خۆیدا دەگەڕێت."

وتیشی: "دوێنێ سەیرم کرد، دیسان لاسایی ئێمەیان کردۆتەوە. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیاندا ڤیدیۆیەکیان نمایش کردووە. بێگومان کاتێک یەک بەرهەم و خزمەتگوزارییان نییە، تەنها دۆسیەی گەندەڵییان بەدەستەوە دەمێنێت. ئەگەر لەسەر ئەمە بڕۆن، هیچ کێشەیەکیان لە دۆزینەوەی کەرەستە بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ نابێت. لە قوتوی بەقلاوەوە تا بورجی پارە، بەشی چەندین ساڵیان کەرەستە لایە."

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە جەهەپە هەوڵدەدات بە زۆر ئاکپارتی تێوەبگلێنێت لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا و وتی: "بەڕێز ئۆزێل با ئەوە لەبیر نەکات، ئێمە نە لایەنی شەڕی ناوخۆیی ناو پارتەکەیانین و نە لایەنی ئەم دۆسیەیەین کە پڕە لە تۆمەتی شەرمهێنەر."

ئەردۆغان بە تووندی وتی: "ئەم حیسابە بە فێڵبازیی سیاسی و شاردنەوەی تاوان داناخرێت. تۆمەتباری یەکەمی ئەم دۆسیەیە شارەوانەکەتان یان شارەوانەکانتانن. سکاڵاکار و دانپێدانەرانی ئەم دۆسیەیەش هەر پیاوی خۆتانن. ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەم دۆسیەیەدا نین و نەبووین."

لە کۆتاییدا وتی، "ئێمە لەگەڵ گەلەکەماندا دەبینین کە چۆن هەوڵی سیاسییکردن و شلکردنەوەی ئەم دۆسیەیە دەدەن. هێرشکردنە سەر ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە."

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامیەتی قەزای رانیە رایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی تا ئێستا بەشە نەوتیان وەرنەگرتووە، تەنها 15 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ وەرگرتنی پشکی خۆیان.

لە راگەیەنراوێکدا کە ئاماژەی بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی راپەڕین کردووە، قائیمقامیەتی رانیە هۆشداری دەداتە دانیشتوانی قەزاکە و ناحیەکانی، کە ئەگەر لەو ماوەیەدا نەوتەکەیان وەرنەگرن، مافی وەرگرتنیان نامێنێت.

قائیمقامیەتییەکە جەختی کردەوە، بە کۆتاییهاتنی ئەو 15 رۆژە، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنورەکەدا بە تەواوی کۆتایی دێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی باش (İYİ Parti)، وەڵامێکی توندی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی دایەوە سەبارەت بە سەردانیکردنی ئیمراڵی و رایگەیاند، "دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کرد."

سەرۆکی پارتی باش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، رەخنەی توندی لە هەڵوێستی باخچەلی گرت کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپەدا پرسیاری لە پەرلەمانتارانی کردبوو "ئایا رێگەم پێدەدەن بچم بۆ ئیمراڵی؟" و ئەوانیش بە چەپڵەڕێزان وەڵامیان دابووەوە.

دەرڤیشئۆغڵو وتی: "سەرەتا وتەبێژی ئیمراڵی دەرکەوت و داوای مافی هیوای کرد، بەڵام سەرینەگرت. وتیان با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، ئەوەش سەرینەگرت. هەموو فێڵێکیان کرد و دۆستە گیانی بە گیانییەکەی، نومان کورتوڵموشیشی هێنایە ناو باسەکەوە و ویستی پەرلەمان بەرێت (بۆ ئیمراڵی). بینی ئەوەش سەرناگرێت، چونکە گەلی تورک بەرگری دەکرد. گەلی تورک فریوی نەخوارد و کۆڵی نەدا. لە کۆتاییدا دەرکەوت و وتی ئەگەر پێویست بکات من و هاوڕێکانم دەچین. پرسیاریشی لە چەپڵەلێدەرەکانی کرد و وتی 'رێگەم پێدەدەن بچم؟' و ئەوانیش چەپڵەیان لێدا."

سەرۆکی پارتی باش بە تەنزەوە وتی: "پێویستە لێیان بپرسرێت، تا ئێستا چی کردووە کە داوای مۆڵەتی لێکردوون تا ئێستاش داوا بکات؟ دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کردووە. مخابن!"

دەرڤیشئۆغڵو جەختی کردەوە: "بەڕێز باخچەلی بۆ کوێی دەوێت با بچێت، دەیەوێت بۆ قەندیل یان ئیمراڵی، ئاراستەی گەل ناگۆڕێت."

رەخنە لە راوێژکارەکەی ئەردۆغان:

هاوکات دەرڤیشئۆغڵو هێرشی کردە سەر محەمەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆک کۆمار، لەسەر نوسینێکی سەبارەت بە یاسایەکی تایبەت کە دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعید دەرچووە و وتی:

"یەکێک لە ماستاوچییەکانی کۆشک کە پۆستی سەرۆکی راوێژکارانی هەیە، وادیارە ئیلهامی لە نومان کورتوڵموش وەرگرتووە و بۆ بەخشینی شەرعیەت بە "تیرۆریستان"، بابەتەکەی گەیاندۆتەوە سەر مستەفا کەمال ئەتاتورک. گەمژەیی، خراپەکاری و ناپاکی، هێندە هێڵی نزیکن لە یەکەوە کە لە خاڵێک بەدواوە جیاکردنەوەیان مەحاڵە."

وتیشی، "ئەم راوێژکارە پسپۆڕەی یاسای کار، دۆزینەوەی ئاماژە لە مستەفا کەمالەوە بۆ لێبوردنی پەکەکە، کارێکی زۆر داهێنەرانەیە. راستە، کۆمار سەرەڕای ئەوەی لە پشتیەوە خەنجەری لێدرا، لێبوردنی دەرکرد، بەڵام سەرۆکی یاخیبووەکانی نەکردە قسەکەر و حوکمەکەی بە گەردنیدا هەڵواسی. واتە کۆمار کاری پێویستی کرد."

باخچەلی چی وتبوو؟

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت سەردانەکە بکات، ئەوا 3 هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و لە چوون بۆ ئیمراڵی و لە رووبەڕووبوونەوە لەسەر مێزێک سڵناکەمەوە." 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، رایگەیاند، رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، بڕیاری سەردانیکردنی دوورگەی ئیمراڵی دەدات.

ئەم لێدوانە دوای قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دێت، کە رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت بچێت، ئەوا سێ هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و بە توانای خۆمان دەچینە ئیمراڵی".

"پارتەکان هەڵوێستیان روون بکەنەوە"

فەتی یڵدز ئەمڕۆ هەڵوێستەکەی باخچەلی زیاتر روونکردەوە و وتی: "رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاری چوون بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەدات. لە ماوەی چەند رۆژێکیشدا وەفدێک کە لە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکان پێکدێت، بۆ وەرگرتنی لێدوانەکانی دامەزرێنەری پەکەکە سەردانی دوورگەکە دەکات."

ناوبراو داوای لە پارتە سیاسییەکانی دیکە کرد و وتی: "ئەگەر پارتێکی سیاسی هەیە کە نایەوێت پەرلەمانتار بنێرێت بۆ وەفدەکە، دەبێت بە شێوەیەکی ئاشکرا و روون بە رای گشتی رابگەیەنێت."

یڵدز پرۆسەکەی بە "هەنگاوێکی سیاسیی دامەزرێنەرانە" وەسفکرد و رایگەیاند: "ئەقڵی دەوڵەت، کاردانەوە کاتییەکان و ستراتیژییە درێژخایەنەکان بە وردی لە یەکتر جیادەکاتەوە. نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر"، پرۆسەیەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و رادەستکردنی چەکەکانی بەبێ هیچ ئەمما و بەڵام و مەرجێک."

وتیشی، "ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بابەتی دانوستان و گفتوگۆ نین و پاراستن و گەشەپێدانیان ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتە."

وابڕیارە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی هەینی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر سەردانیکردنی دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەنان خاشقچی، هاوسەری جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی کوژراوی سعودی، رایگەیاند "هیچ دادپەروەرییەک" بۆ مەرگی هاوسەرەکەی بەدینەهاتووە، هاوکات دەڵێت، بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ "نائومێد بووە".

قسەکانی هاوسەری خاشقچی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە شازادە محەمەد بن سەلمان کرد و جەمال خاشقچی بە "کەسایەتییەکی یەکجار مشتومڕاوی" وەسف کرد.

خاشقچی، کە رەخنەگرێکی سەرسەختی شانشینی سعودیە بوو، لە ساڵی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئەستەنبوڵ لەلایەن بریکارە سعودیيەکانەوە کوژرا. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە محەمەد بن سەلمان فەرمانی گرتن یان کوشتنی داوە. شازادەی جێنشین رەتیکردەوە فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دابێت، بەڵام وەک فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ریاز دانی بە بەرپرسیارێتیدا ناوە.

"نائومێد بووم"


حەنان خاشقچی لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز رایگەیاند، بە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا "نائومێد بووە" و داوای قەرەبوو لە شازادەی جێنشین دەکات.

ناوبراو رووی قسەکانی لە ترەمپ کرد و وتی، ئامادەیە چاوی بە سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت بۆ ئەوەی لەبارەی نووسەرەکەی واشنتن پۆستەوە بۆی بدوێت، کە بە وتەی ئەو "پیاوێکی مەزن و پیشەیی بوو، هەروەها پیاوێکی ئازاش بوو".

"ژیانیان لێ تێکدام"

هاوسەری خاشقچی وتیشی، هاوسەرەکەی کەسێکی مشتومڕاوی و بێزراو  نەبووە، تەنانەت ئەگەر واشبووایە، "ئەوە پاساو نییە بۆ کردەوەی رفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی."

ئەو ئامادەیی خۆی نیشاندا چاوی بە شازادەی جێنشین بکەوێت و "داوای لێبکات تەرمی جەمال بگەڕێنێتەوە، تا بتوانم بە شێوەیەکی شایستە و باش بەخاکی بسپێرم"، هەروەها داوای قەرەبووی داراییشی کرد.

وتیشی: "ئەوان هاوسەرەکەمیان کوشت، ژیانیان لێ تێکدام. دەبێت قەرەبووم بکەنەوە."

ترەمپ بەرگری لە بن سەلمان دەکات:

کاتێک لە نوسینگەی هێلکەیی پرسیاری کوشتنەکەی لێکرا، ترەمپ وتی: "جا حەزت لێی بێت یان نا، شتەکان روودەدەن. بەڵام ئەو (بن سەلمان) هیچی لەبارەیەوە نەزانیوە، و دەتوانین لێرەدا وازی لێبهێنین."

ترەمپ تەنانەت ستایشی رابەرە سعودیيەکەی کرد بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە شانشینەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیاریکراو بخاتەڕوو.

لەلایەکی دیکەوە، گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەردەوامن لە سەرکوتکردنی توندی نەیاران لە رێگەی دەستگیرکردنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنوسان چالاکوانە سیاسییەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە،  بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئەیلول، رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد دەستپێکرد و وابڕیارە ئەمڕۆ ئەو پارەیە رادەستی بەغداد بکرێت، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوزیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ پارەی سلێمانی گەیشتە هەولێر.

وەزارەتی دارایی دوێنێ رایگەیاند، کە سبەینێ؛ واتە (ئەمڕۆ چوارشەممە) بڕی 120 ملیار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی مانگی ئەیلول، بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عیراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سعودیەى وەک "هاوپەیمانێکی سەرەکی" لە دەرەوەی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ناساند، ئەمەش وەک هەنگاوێک کە قووڵی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و ریاز دەردەخات.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ترەمپ و شازادەی جێنشینی سعودیە رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژییان واژۆ کرد.

بەپێی ئەم بڕیارە، سعودیە بووە بیستەمین وڵات کە بە رەسمی ئەم نازناوەی پێبەخشراوە. وڵاتانی دیکەی وەک ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەحرەین، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، میسر، ئیسرائیل، ژاپۆن، ئوردن، کینیا، کوێت، مەغریب، نیووزلەندا، پاکستان، فلیپین، قەتەر، کۆریای باشوور، تایلەند و تونس پێشتر ئەم نازناوەیان بەدەستهێناوە.

گرنگیی نازناوەکە و رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی:

ئەم پۆلێنکردنە وەک هەنگاوێکی هێمایی بەهێز سەیر دەکرێت کە تەوژمى بەهێزی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان واشنتن و ریاز پیشان دەدات، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی هاوبەش دژی هەڕەشەکانی ناوچەکە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنی نوێی بەرگریی کە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 و وەبەرهێنانی زۆری سعودیە لە ئەمریکا دەگرێتەوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1987ەوە بەپێی مادەی 22ی دەستووری ئەمریکا، دەستی بە بەخشینی ئەم نازناوە کردووە، بەڵام ئەمە گەرەنتی بەرگریی هاوبەش ناگرێتەوە وەک مادەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ، کە ئەندامەکانی پابەند دەکات بە بەرگریکردن لە یەکتر ئەگەر یەکێکیان رووبەڕووی هێرش ببێتەوە.

گرنگترین سوودەکانی ئەم نازناوە:

  • ئاسانکاری لە کڕینی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی بە خێرایی و بە مەرجی باشتر.

  • ئیمکانیەتی عەمبارکردنی چەکی یەدەگی ئەمریکی لەسەر خاکی وڵات (وەک کۆگاکانی جەنگ).

  • لەپێشینەدان لە بەدەستهێنانی کەرەستەی سەربازیی زیادە لە سوپای ئەمریکا (وەک فڕۆکە یان کەشتی).

  • رێگەدان بە کۆمپانیاکانی وڵاتەکە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر گرێبەستەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی لە دەرەوە.

  • تەمویلی باشتر بۆ کڕینی چەک، و قەرزی مادە و کەرەستە بۆ مەبەستی توێژینەوە و پەرەپێدانی هاوبەش.

  • بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری، و مەشق و راهێنانی سەربازیی هاوبەش.

رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی:

هەر لەم چوارچێوەیەدا، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژییان لە نێوان سعودیە و ئەمریکادا واژۆ کرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی سعودیە "واس"، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژی و پەیوەندییە مێژووییە قووڵەکانی نێوانیان دێت کە زیاتر لە 90 ساڵە هەردوو وڵاتی پێکەوە بەستووەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم رێککەوتنە "هەنگاوێکی سەرەکییە کە هاوبەشیی بەرگریی درێژخایەن بەهێز دەکات، و پابەندبوونی هەردوو لایەن بە پشتگیریکردنی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا نیشان دەدات."

رێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سعودیە و ئەمریکا دوو هاوبەشی ئەمنین کە توانای کاری هاوبەشیان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەجۆرێک کە هەماهەنگیی بەرگریی درێژخایەن قووڵتر دەکات، و توانای رێگریکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی، لەگەڵ پەرەپێدان و تەواوکاریی تواناکانی بەرگری لە نێوان هەردوو لایەن دەچەسپێنێت."

هەروەها رێککەوتنەکە "چوارچێوەیەکی پتەو بۆ هاوبەشیی بەرگریی بەردەوام و بەردەوام دەستنیشان دەکات، کە یارمەتی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات دەدات."

پۆلێنکردنی هاوپەیمانێکی سەرەکی لە دەرەوەی ناتۆ، وەک هاوبەشییەکی ستراتیژیی زۆر پێشکەوتوو لە چەک، مەشق و راهێنان و هاوکاریدا دادەنرێت، بەڵام "هاوپەیمانێتی بەرگری" نییە. بەڵام "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش" واتە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتێک کە رێککەوتنەکەی واژۆ کردبێت، وەک هێرشێک بۆ سەر خودی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت، و ئەمریکا بە یاسایی پابەند دەکات بە دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، بە بیانوی بونی حەماس بۆردومانی  کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە عەین ئەلحیلوە لە باشووری لوبنان کرد و بە گوێرەی زانیاریەی سەرەتاییەکان زیاتر لە  10 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

درەنگانێکی ئەمشەو سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێگەیەکیان بۆردومان کردوە لە باشوری لوبنان کە چەکدارانی حەماس  تێیدا مەشق و راهێنانیان کردوە و وەک شوێنێک بۆ چالاکی دژی ئیسرائیل بەکاریان هێناوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ ئەو شوێنەی کە بۆردومانیان کردوە لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە بە مەبەستی پلاندانان و ئەنجامدانی هێرش دژی سەربازانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل بەکارهێنراوە.

بە گوێرەی زانیاریەی سەرەتاییەکان لە هێرشەکەدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و  چوارکەسی دیکەش بریندار بوون، سوپای ئیسرائیل دەڵێت؛ پێش هێرشکردنەوە ئامادەکارییان کردوە بۆ ئەوەی زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەگەیەندرێت.

 ئەوەشیخستوەتەروو، چەکدارانی حەماس لە ئێستادا لە لوبنان چالاکی ئەنجامدەدەن، هەموو هەوڵێکیش دەخەنە گەڕ و لە هەرشوێنێک بن لەلایەن سوپاکەیانەوە دەکرێنە ئامانج و ئۆپراسیۆنەکانیان دژ بە حەماس بەردەوام دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پیشوازی لە  شازادەی جێنشینی سعودیە کرد و  رایگەیاند؛  سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکا کردوە و هیوادارم بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار و جەختیشیکردەوە کە شازادە هاوڕێیەکی نزیکی ئەوە و لە کۆشکی سپیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێکرا، مەبەستی سەردانەکەی شازادە بۆ کۆشکی سپی ئەنجامدانی چەند رێککەوتنێکی ئابوورییە و یەکێک لەو رێکەوتنانەش بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی F-35.

دۆناڵد ترەمپ لە بارەت کۆبونەوەکەی لەگەڵ شازادەی سعودییە رایگەیاند؛ دیدارێکی نایابی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجامداوە و پێشی وایە مافی سعودیە باشترین فڕۆکەی جەنگی هەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لەگەڵ سعودییە دەگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی فڕۆکەی جەنگی F-35یان پێ بفرۆشن و هیواشی خواست، کە سعودیە تا ئێستا بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکادا کردوە، زیاتر فراوانی بکات و  بیگەیەنێتەوە یەک ترلیۆن دۆلار.

ترەمپ جەختیکردەوە لەوەی سعودیە هاوپەیمانێکی راستەقینەیە و هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان و پەیوەندیەکانیشیان لە باشترین ئاستدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاویکردوەتەوە، لە ئەنکەرە کۆبونەوە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عیراق و وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ئەنجامدرا و گفتوگۆ کرا لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتنی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی بۆرییەکانی تورکیاوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە؛ کەشی کۆبونەوەکە ئەرێنی بووە و گفتوگۆی فراوان لەبارەی رەشنوسی پێشنیازکراوی رێککەوتنەکە و رێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری لە پرۆژە جیاوازەکانی کەرتی وزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا کراوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ) و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور و بەڕێوەبەرانی گشتی بەشەکانی توێژینەوە و پلاندانان و بەدواداچوون و وردبینی ناوخۆیی و یاسایی و ئابووری لە بارەگای وەزارەت ئامادەبوون.

ئەوەشیانخستوەتەڕوو؛ لە کۆبونەوەکەدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی گرنگ بۆ داڕشتنەوەی رێکەوتنێکی نوێ کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، بە جۆرێک بەردەوامیی پرۆسەی گواستنەوە و گەیشتن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان مسۆگەر بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و نيكۆلۆ فۆنتانا، باڵيۆزى ئيتاڵيا و محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق کۆبووەوە و تاوتوێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رەوشی عیراق کرا

لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە لە هەولێر بەڕێوەچوون، تاوتوێی رەوشی عیراق لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرا.

جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی عیراق وەسف کرد و هیوای خواست بەپێی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاست داواکارییەکانی هاوڵاتییانی عیراقدابێت و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان تیایدا پارێزراوبێت.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت بەپێی دەستور و رایگەیاند چارەسەرکردنی کێشەکان دەرگا دەکاتەوە بەرەو عیراقێکی سەقامگیرتر و هەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.

سەبارەت بە چۆنییەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکان لە حکومەتی داهاتووی عیراقدا، جێگری سەرۆکوەزیران بە پێویستی زانی لایەنە کوردستانییەکان لەڕێی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە لەسەر بەرنامە و پلانی هاوبەش رێکبکەون و بە یەکڕیزییەوە لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان بکەونە دانووستانەوە بۆ ئەوەی باشتر بتوانن داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاسپۆرتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ بۆ نۆرەگرتن و پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، ئەگەر لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە(حجز الكتروني ) نۆرەبگرن ئەوا تەنها بڕی 91 هەزار دیناری تێدەچێت، ئەگەر وانەبێت دەبێت 100 هەزار دیناری زیادەی روسمات بدەن، جگە لە91 هەزار دیناری تێچوی پاسپۆرتەکە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بۆ هاووڵاتییان واباشترە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە نۆرەبگرن، بۆ ئەوەی تێچوی کەمتر بکەوێت لەسەریان و تەنها 91 هەزار دینار بدەن، نەک 191 هەزار دینار.

داوا لەو هاوڵاتیانەش دەکات کە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە نۆرەیان گرتوە، بە گوێرەی کاتی دیاری کراوی خۆیان کە بە نامەی ئەلیکترۆنی بۆیان دیاریکراوە سەردانیان بکەن. 

پاسپۆرتی سلێمانی دەشڵێت؛ سەعات و رێکەوتی نۆرەکەیان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە لە چ کات و رێکەوتێکدا بوو، ئەوا لەو کاتەدا سەردانیان بکەن ، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا مامەڵەکانیان بۆ رایی بکەن.

هەروەها هاووڵاتییانیش ئاگاداردەکاتەوە بۆ رایکردنی کارەکانیان، تەنها کار بە کارتی نیشتیمانی دەکرێت و پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی کاریان پێناکرێت، لەم لینکەشەوە  www.epp.iqهاووڵاتییان دەتوانن نۆرەی ئەلیکترۆنی بۆخۆیان دابنێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عیراق، بڵاویکردوەتەوە دوو تیرۆرستی داعشـ.ـیـ.ـان لە سلێمانی بە هاوکاری و  هەوڵی وردی هەواڵگری و هەماهەنگیی ئاست بەرز لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سلێمانی  دەستگیر کردوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان بۆسەر مۆڵگەکانی داعـ.ــش، لە پارێزگای کەرکوک (وادی ئەلخاسە) و (وادی زاغیتون) لە هەمان پارێزگا و  لە چیای حەمرین لە پارێزگای دیالە دەستپێکردوە.

دەزگاکە دەشڵێت؛ ئۆپەراسیۆنەکان بونەتە هۆی  لەناوبردنی ژمارەیەک حەشارگە و کۆشکی پاشماوەی باندە تیرۆریسـ.ـتیـ.ـیەکانی داعـ.ــش و تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراو و بڕێک کەرەستەی تەقەمەنیش.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...112113114115116...983