ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" رایگەیاند، لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاڤا و بە ھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ھەڵمەتێکی ئەمنییان دژی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش لە ریفی خۆرئاوای پارێزگای "دێرەزوور" ئەنجامداوە، لە ھەڵمەتەکە دەیان تیرۆریستی داعش لە ناوچەی "ئەلبوحەمید" دەستگیرکراون و دەستیشگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی ئەو تیرۆریستانە.
ئەو ھەڵمەتەی "ھەسەدە" ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی رووداوەکانی تیرۆرکردن لەلایەن تیرۆریستانەوە کە ئەندامانی ھەسەدە و ھاووڵاتیان و کارمەندانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکەنە ئامانج.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، ھەر کەسێک ویستی گەشتی دەرەوەی وڵات بکات پێویستە ٢٤ سەعات پێش گەشتەکەی پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدات و شوێنی رەسمی وەرگرتنی سامپڵ بۆ پشکنین تەنھا بنکەی تەندروستی زانکۆ و بنکەی تەندروستی مەلا فەندی دەبێت. جەختیشی کردەوە، جگە لەو دوو شوێنە ھیچ شوێنێکی تر بە حکومی و تایبەتەوە ھەژمار ناکرێت. تەندروستی ھەولێر راشیگەیاند، شوێنی وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنین لە سەنتەری داتا و زانیاری دەبێت لەناو بنکەی تەندروستی نازدار بامەڕنی.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ١٦٤ ھەزار و ٣٠٠ دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ١٠٠ دۆزی بە ھاوڵاتیان دراوە، کە دەکاتە ٢.٢%ی ھاوڵاتیان و ناو تۆمارکردنیش بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بە شێوەی ئەلکترۆنی دەبێت.
وتیشی، ئامادەکاریان کردووە بۆ دروستکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی، بۆ ئەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمەکەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.